We have 63 guests and no members online

وەکو عاشقێکی بەردەوامی ئەدەبی رووسی، هەتا ئەدەبی رووسیم لەبەردەستدا بێت، شتی تر ناخوێنمەوە، ، ئەو جێژە گەورەیەی لەم ئەدەبەدا دەیبنم، لەهیچ ئەدەبێکی تردا نایبینم.

لەناو ئەدەبی رووسیدا، ئێمە کۆمەڵێک ناومان لەیادە" دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی، چیخۆف"، هەموو کارو بەرهەمەکانی ئەم کەڵە نووسەرانەمان خوێندۆتەوەو لەسەرمان نووسیوە. لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئێمە یەکێک لە نووسەرە پڕ بایەخ و گەورەکانی رووسی باش ناناسین، ئەویش " ئیڤان تۆرجنێف". کەئەمیش لەڕووی پایەی ئەدەبییەوە، هیچی لە " تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسکی " کەمتر نییە.

Iwan Sergejewitsch Turgenew لە 9 نۆڤێمبەری 1818 دا لەدایکبووەو لە 3 سێپتەمبەری 1883 دا لە پاریس کۆچی دواییکردووە. تۆرجنێڤ لە بنەماڵەیەکی ئەرستۆکراتی رووسی لەدایکبووە. بە یەکێک لە پێشەواکانی ئەدەبی " ریالیزم، واقعی" رووسی دێتە ژماردن. ئەو لە بواری " شیعر و چیرۆک، ڕۆمان" دا، بەرهەمگەلێکی زۆری هەیە. یەکەمین کۆمەڵە شیعری لە ساڵی 1838 بڵاودەکەتەوەو ساڵی 1844 یەکەمین نۆڤلێتی بەناوی " ئەندرێ کۆلۆسۆڤ" بڵاو کردۆتەوە.

تۆرجنێڤ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی رووسیا ژیاوە بەتایبەتی " ئەڵمانیا و فەرەنسا"، کاریگەری فکر و ئەدەبی ئوروپی بەتایبەتی " فەرەنسی و ئەڵمانی" بەسەریەوە دیاربووە، لەپێش هەمووشیانەوە " گۆتە، بۆدلێر" لە ڕووی فەلسەفیشەوە زۆر هۆگری هزری " شۆپنهاوەر" بووە.

ساڵی 1862 ڕۆمانی " باوکان و کوڕەکان" دەنووسێت، کەبەیەکێک لە رۆمانە مەزنەکانی سەدەی نۆزدە دێتە ژماردن. نۆڤلێتی " یەکەمین عەشق" لە ساڵی 1860 دا نووسیویەتی، ئەمەش بە یەکێک لە نۆڤلێتە جوانەکانی ئەم کەڵە نووسەرە دێتە ژماردن.

یەکەمین عەشق/

هەمیشە یەکەمین عەشق وەکو سێبەرێک وایە، هەتا کۆتایی ژیانی ئەو کەسە لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. ئەو خۆشی و ناخۆشیەی کە مرۆڤ لەیەکەمین عەشقیدا دەیبینێت، لە هیچ شتێکی تردا نایبینێت. تۆرجنێڤیش، زۆر ئوستازانە توانیویەتی وەسفی ئەم حاڵەتە سەیروسەمەرەی مرۆڤمان بۆ بکات.

شەوێک کۆمەڵێک برادەر کۆدەبنەوە، پاش بەسەربردنی شەوێکی خۆش، گەمەیەکی سەیر دەکەن، دەبێت هەرکەسەو باس لە یەکەمین عەشقی خۆی بۆ برادەرانی تری بکات. " ڤلادیمیر پترۆڤیچ"، بە پێچەوانەی برادەرانی تریەوە، خاوەنی چیرۆکێکی سەیری یەکەمین عەشقە.

لەزاری ڤلادیمیرەوە، نووسەر ووردە ووردە تەزووی نۆڤلێتەکەی دەکاتەوە، واتە بە شێوەی "فلاشباگ" گێڕەوەر نۆڤلێتەکە دەگێڕێتەوە. ڤلادیمیر لەتەمەنی شانزە ساڵیدا تووشی داوی عەشقی " زینائیدا ئەلیکساندرۆڤا" ی کچە دراوسێیان دەبێت. دایکی هەمیشە بە " کچە سەرکێشەکە" وەسفی دەکات و ڕقی لە خۆیی و خێزانەکەیان دەبێت.

لەڕاستیشدا زینائیدا کچێکی سەرکێشە، لە یەک کاتتدا کۆمەڵێک مەعشوقی لە خۆی کۆکردۆتەوەو پێیان ڕادەبوێرێت. ( گراف، مالۆفسکی نەجیبزادە، دکتۆر لۆشین، مایدانفی شاعیر، مولازمی خانەنشین نێرمانسکی، مولازم بلۆزۆرف. ) هەموو ئەمانەو ڤلادیمیریش، عاشقی زینائیدان. هەریەکەیان دەیەوێت دڵی زینائیدا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و لە دەستی ئەوانی تری بدزێت.

ڤلادیمیر بەمشێوەیە وەسفی مەعشوقەکەی دەکات: ( من تاکە عاشقی ئەو نەبووم، بەڵكو هەموو ئەو گەنجانەی هاتۆچۆی ئەو ماڵەیان دەکرد عاشقی ئەو بوون، ئەو هەموانی دەست بەستراو لەبەر پێی خۆیدا دەهێشتەوە. حەزی لێبوو ئومێدەواری و ترسی ئەوان بوروژێنێ و بە ئارەزووی خۆی پێیان ڕابوێری . ئەمەیشی ناو دەنا "پێکداکێشانی خەڵكی" تەنانەت ئەوان بیریان لە بەرەڤانیش نەدەکردەوە و بەحەزەوە پەێڕەویان لێدەکرد. لاپەڕە48)

بەڵام زینائیدا حەز لەم پیاوانە ناکات و بەڵکە دڵی دەداتە دەستی باوکی ڤلادیمیر، پاش ماوەیەک دایکی بەم مەسەلەیە دەزانێت و ماڵیان دەگوازنەوە بۆ مۆسکۆ، بەڵام باوکی هەر بە نهێنی پەیوەندی بە زیانئیدا دەمێنتتەوەو ڕۆژێکیان ڤلادیمیریش بە چاوی خۆی ژوانی باوکی و مەعشوقەکەی دەبینێت. بەڵام پاش شەش مانگ باوکی دەمرێت و لە کۆتایدا زینائیدا شوو بە کوڕێکی ئەرستۆکراتی دەکات و لە کاتی منداڵبوونی، کۆچی دواییدەکات. بەمشێوەیەش کۆتایی بە چیرۆکەکە دەهێنرێت.

عەشق لە نێوان ئازار و خۆشیدا/

تۆرجنێڤ زۆر بە لێهاتوویەوە توانیویەتی وەسفی حاڵەتی عەشقمان بۆ بکات، بەتایبەتی یەکەمین عەشق. تاوەکو ئێستا هیچ دەقێکی ئەدەبی وام بەرچاو نەکەوتووە، کەبەو شێوە جوانە وەسفی حالەتی یەکەمین عەشق و ئەڤینداری بکات.

( ئاگری دڵم دەیسووتاندم . . لەلایەکیترەوە نەمدەویست بزانم ئەمە چ ئاگرێکە ئاوها من دەسووتێنێ، ئەم سووتانە بۆ من چێژبەخش بوو، ڕادەستی ئەم کاریگەرییە بووم، خۆم دەخەڵەتاند، یادەوەری ڕابردووم بیری خۆم نەدەهێنایەوە، نەمدەویست بیر لە داهاتوو بکەمەوە. . لاپەڕە99)

لێرەدا نووسەر باس لەو حاڵەتە تایبەتییە دەکات کە عەشق دەیخوڵقێنێت، لەلایەکەوە جێژبەخشە، لە لایەکی تریشەوە ئازاربەخشە. سەیر لەوەدایە هەمووکاتێک مەعشوق هەست بەو ئازارەش دەکات کە ڕۆژانە دەیسووتێنێت، بەڵام لەم کارەشی بەردەوام دەبێت و ناتوانێت دەستبەرداری مەعشوقەکەی بێت.

( زینائیدا ئەلیکساندرۆڤا باوەڕ بکە، هەر کارێک بکەیت، بەهەر ئەندازەیەک ئازاری من بدەیت، تا کۆتایی ژیان تۆم خۆشدەوێت و ئەڤینداری تۆ دەبم . لاپەڕە104)

 

پرسی ئازادی /

هەروەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، کە تۆرجنێڤ زۆر لە ژێرکارگەری هزری فەیلەسووفی ئەڵمانی " شۆپنهاوەر" دابووە. لەم نۆڤلێتەدا لە دیالۆگێکی کورتی نێوان ڤلادیمیر و باوکی، باس لە پرسی ئازادی دەکەن.

(_ئازادی؟ ئایا دەزانی کە چ شتێک دەتوانێ ئازادی بداتە مرۆڤ؟

_چ شتێک؟

_ویست. ویستی خۆت، هێزێک دەداتە تۆ کە لە ئازادی باشترە. فێری ویستن بە، پاشان ئازاد دەبیت و فەرمانڕەوایی دەکەیت. ل44 )

واتە ئازادی بوون لە ویست و ئیرادەی مرۆڤەکاندا دەبینێتەوە، ئەمەش لەهەمان هزری فەیلەسووفی ئەڵمانی " نیتچە" ەوە نزیکە، ئاخر ئەویش هەموو کاتێک داوای " دەسەڵاتی ئیرادەی مرۆڤ"ی دەکرد. واتە ئیرادەی مرۆڤ ببێتە تاکە دەسەڵات و بڕیاردەری مرۆڤ.

پێش کۆتایی/

مەرج نییە نووسەر لەڕێگای نووسینی کتێبێکی قەبارە گەورەوە بتوانێت، پەیامێکی گەورە بگەیەنێت، بەڵکە دەتوانێت لە ڕێگەی نۆڤلێتێکی کورتەوە، گەورەترین پەیامی خۆی بگەیەنێت، باشترین نموونەش، ئەم نۆڤلێتە جوان و کورتەی تۆرجنێڤە.

لە خوێندنەوەی ئەم نۆڤلێتەدا، چیرۆکەکانی عەشق و ئێرەیی و ئازادی و ناخۆشیەکانی ژیانمان بۆ دەردەکەوێت، لەهەمانکاتیشدا بەو پەڕی ڕاستگۆیانەوە، تۆرجنێڤ توانیویەتی وێنەیەکی کۆمەڵگەی رووسیمان پێ پیشان بدات.

هەربۆیە لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشیەکی گەرم لەبرا و هاورێی هێژامان، کاک جەبار سابیر بکەین، کە ئەرکی وەرگێرانی ئەم دەقە جوانە ئەدەبییەی کێشاوە، بە دڵنیاییەوە ئەمەش یەکێکە لە کارە جوانەکانی ئەم وەرگێرە بەڕێزە.

 

سەرچاوە:

ئیڤان تۆرگنێڤ. یەکەمین عەشق. وەرگێڕانی. جەبار سابیر. لە چاپکراوەکانی یانەی قەڵەم. چاپی یەکەم، 2014، سلێمانی.

 

Go to top