We have 120 guests and no members online

بە درێژایی مێژوویی دەسەڵاتداری لە ئێراندا رێژیمە یەك لە دوای یەكەكان، بە مێتۆدگەلێكی جۆراوجۆر، سەرەڕای سیاسەتی ئاسمیلە كردنی كولتوور و شووناسی نەتەوەیی، بە بەردەوامی و بە پیلانی ج...ۆراوجۆر هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكانی كوردستانیان داوە و یەكێك لەو ناوچانەش پارێزگای ورمێ بووە.لە گۆڕینی نێوی پارێزگای ورمێ بۆ ئازەربایجانی رۆژئاوا و هەروەها، ڕاگواستنی سەدان كوردی ئەو پارێزگایە بۆ ناوچەكانی خوراسان و دەوروبەری لە سەردەمی شەڕی نێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی و هێنانی زیاتر لە 15 هزار بنەماڵەی تورك بۆ ئەو پارێزگایە لە سەردەمی شاە سمایلی سەفەوی و تەنانەت گۆڕینی نێوی بەشێك لە گوند و دەڤەرە كوردییەكان بۆ سەر زمانی توركی و هتد، بەشێكن لە هەوڵ و پیلانگێڕییەكانی دەسەڵاتدارانی حاكم بە سەر ئێراندا.ساڵانێكە رێژیمی كۆماری ئیسڵامی لە هەولێ دابەشكردنی ئەو پارێزگایەدایە و هەرجارەو بە بیانوی جۆراوجۆر و ئەمجارەش لە زمانی عوسمان ئەحمەدی نوێنەری شاری مەهاباد، لە چەند رۆژی ڕابردوودا لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئەو وڵاتەدا، جارێكی دیكە پێشنیاری دروستكردنی پارێزگایەكی نوێ بە نێوی مۆكریان یان كوردستانی باكوور ورووژێندراو و كاردانەوە و دژكردەوەی جۆاروجۆری بە دوای خۆیدا هێنا.


بێگومان دابەشكردنی پارێزگای ورمێ‌ لەلایەن پیلاندارێژەرانی ئەو بیرۆكەیەوە، كۆمەڵێك ئامانجی سیاسیی لەپشتە كە جێگای سەرنج و تێڕامانە.وەك دیارە ئامانجی سەرەكیی رێژیم لەو پروسەیەدا گۆڕینی دیمۆگرافی ئەو هەرێمە لە لایەك و لە لایەكی دیكەوە دروستكردنی ناكۆكییە لە نێوان پێكهاتەكانی ئەو هەرێمە بەتایبەتی گەلی كورد و ئازەری كە بۆ ماوەی ساڵانێكی زۆرە بە ئاشتی و برایەتی پێكەوە دەژین و سەرەڕای ئەوەی كە كورد زۆرینەی پێكهاتەی ئەو پارێزگایە پێكدێنن، بەڵام دەرفەتی بەشداریكردن لە بەڕێوەبردنی دام و دەزگاكان و بڕیاراتی ئەو هەرێمەیان پێ نەدراوە.گەلی كورد و ئازەری وێڕای ئەوەی كە لە هەرچەشنە مافێكی سیاسی لە چوارچێوەی كۆماری ئیسڵامیدا بێبەش كراون، بەڵام رێژیم هەمیشە هەوڵی داوە كە بە پەراوێز خستنی كوردەكان و بەشداری پێكردنی زیاتری ئازەرییەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو هەرێمە لە چوارچێوەی یاساكانی رێژیمدا و هەروەها داڵدەدانی تاقم و گرووپ و كەسانی بیرتەسك و توندئاژۆ، تۆوی دوبەرەكی و ناكۆكی لە نێوان پێكهاتەكانی ئەو هەرێمەدا بچێنێت و بەو شێوەیە لە ویست و مافە سیاسی و خواستە ڕەواكانی خۆیان دووریان بخاتەوە.هەڵكەوتی جوگرافیایی پارێزگای ورمێ وەك هەرێمێكی جێی بایەخ و خاوەن سامان و سەرچاوەیەكی سامانی ژێرزەویی دەوڵەمەند و پردی پێوەنديی ئابووری و سیاسیی نێوان وڵاتانی ئاسیا و رۆژئاوایە، بوونی نەتەوە و ئایین و كولتووری فڕەچەشن، هەروەها وێڕای سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و ئاژاوەنانەوە لەلایەن رێژیمە یەك لەدوای یەكەكانەوە، توانیویەتی ببێتە خاوەن كۆمەڵگایەكی فرەكولتوور و تۆلۆڕانسی كۆمەڵایەتی و لە هەمووی گرینگتر سەرهەڵدانی تەڤگەری ڕزگاریخوازیی كورد لەو هەرێمەدا بە هەستكردن بە بەرپرسیارەتییەوە توانیویەتی كولتووری ئاشتی و پێكەوەژیان و هاوسەنگیی كۆمەڵایەتی بكاتە رێڕەوی ژیانی سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو ناوچەیە كە هەر جۆرە هەوڵێكی رێژیم بۆ تێكدانی تەبایی و پێكەوەژیانی ئەو پێكهاتانە، بۆتە بڵقی سەر ئاو.

هەر بەپێی یاسای بنەڕەتیی رێژیم، گەلانی بندەستی ئێران و یەك لەوانەش گەلی كورد لە هەرچەشنە مافێكی سیاسی و كوڵتووری بێبەش كراون.گەر مەبەست لە دامەزراندنی پارێزگایەكی نوێ بە ناوەندێتی مەهاباد، ڕزگار بوون و دووركەوتنەوە لە هەڵاواردنی ئایینی و نەتەوەیی و ئابووری بێت، ئاخۆ ناوچەكانی دیكەی كوردستان كە دەكەونە دەرەوەی ئەو پارێزگا نۆێیە چارەنووسیان چیی لێ بێت؟ بۆ وێنە پارێزگای سنە كە سەرجەم پێكهاتەكەی كوردن بەڵام لە رووی خزمەتگوزارییەوە لە ریزی دواكەوتووترین پارێزگاكانی ئێراندایە و لە سەرەتایترین مافە سیاسی و كوڵتوورییەكانی خۆیان بێبەشن و تەنانەت پۆستی پارێزگاریشیان بۆ كورد بە ڕەوا نەزانیوە و بە وتەی كاربەدەستانی رێژیم كەسی شیاو لەو پارێزگایەدا نەبووە.هەر بۆیە كەسێكی غەیرە كوردیان لەو پۆستەدا داناوە.نوێنەری مەهاباد و ئەو كوردانەی كە لایەنگری ئەو بیرۆكەیەن، پێویستە ئەو راستییە بزانن كە ڕوانگەی ئەمنییەتیی رێژیم بەرامبەر بە كوردستان روانگەیەكی نەگۆڕە و یاسای بنەڕەتیی ئەو رێژیمە، هیچ دەرفەتێكی خۆبەڕێوەبەری و بەشداریكردن لە بڕیاراتی ئەو هەرێمە بۆ خەڵكی كوردستان بە ڕەوا نازانێت.
لە وەها دوخێكدا، پێویستە سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایە بەگشتی و بەتایبەت گەلی كورد و نۆێنەرانی كورد بە جێگای ورووژاندنی باسگەلێك كە دەرەنجامەكەی دەبێتە هۆی هەرچی خێراتر بەدیهاتنی پیلانەكانی رێژیم و هیچ خزمەتێك بە دۆزی ڕەوای گەلی كورد ناكات و لە هەمانكاتدا زەرەرمەندی سەرەكیش كوردەكانی ئەو پارێزگایە دەبن، هەر بۆیە دەبێ هەوڵ بدەن بە ئیرادەیەكی گشتگیر و یەكگرتووانە، كار بۆ نەهێشتنی هەر جۆرە هەڵاواردنێك و گۆڕینی ساختار و یاسا بنەرەتییەكانی ئەو وڵاتە بدەن و دەرفەتی گونجاو بۆ بەشداریكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی وڵات لە بڕیار و بەرێوەبڕدنی وڵاتدا دروست بكەن و پێداگری لە سەر ویست و مافە سیاسییەكانیان بكەن.هەروەها بە پاراستن و بەهێزكردنی ئاشتەوایەتی و پێكەوە ژیانی سەرجەم پێكهاتەكانی پارێزگای ورمێ، پیلانە دژەمرۆوییەكانی رێژیم بكەن بە خەونی وەدینەهاتووی رێژیم.ادامه ...

 

Go to top