بەدوای ڕوداوەکانی ئەمدواییانەی عێراقدا، پاش قوڵبوونەوەی ئەو شەڕە مەزهەبیەی لە ئاکامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا بە گشتی و لە عێراق و سوریەدا بەتایبەتی پەرەی سەندوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی ڕای گەیاند کە کوردستان نابێتە مەیدانی ئەو شەڕە مەزهەبیە و لەو نێو ئاگرە دەچێتە دەر.بۆ ئەو مەبەستەش بە گوێرەی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان ڕێگای پەرەسەندنی خۆی هەڵدەبژێرێ ومافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆی دەگرێتە دەست.

ئەوە رێگایەکی راستە.واتە لەباری سیاسیەوە درووستە.هەر بۆیەشە ئەو سیاسەتە چ لە نێو هێزە سیاسیەکان و چ لە نێو کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی کوردستاندا لەگەڵ پشتیوانی و ئیجماعی میللی بەرەو ڕوویە.

ئێستا بزانین چۆن دەتوانین میللەتەکان و کوردستان لەو نێو ئاگرە بەرینە دەر؟ ئەزموونەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەمان فێردەکەن کە بۆ دەرباز بوون لەو ئاگرە وێرای پچڕاندنی قەفەس و کۆت و بەندە سیاسیەکان، دەبێ دیسکۆرسی سوننەتی، ڕوانگەی سوننەتی خۆمان و میللەتەکەشمان بگۆڕین.دەنا دیسان دەکەوینەوە نێو ئەو دۆزەخە.

مەبەست لە ڕوانگەو دیسکۆرسی سوننەتی چیە؟ ڕوانگەی سوننەتی بەو بیروبۆچوون و سەلیقە و سیاسەت و ڕوانینانە دەوترێت کە تا سەردەمی ڕێنسانس و ڕۆشەنگەری، یانی لە ماوەی نێوان یۆنان و ڕۆمی قەدیمدا، تا ڕێنسانس بەسەر کۆمەڵداا زاڵ بوون.دوای ئەو دەورانە بەرە بەرە ڕوانگەی مرۆڤ بۆ ژیان و بۆ جێگا و مەوقعیەتی خۆی و بۆ کۆمەلگای ئینسانی ئاڵوگۆڕی بەسەردادێ و پێ دەنێتە مۆدێرنیتە.

لە پێشدا دەبێ بزانین کە لە نێوان مۆدێرنیزم و مۆدێرنیتەدا فەرقێکی زۆر هەیە.مۆدێرنیزم قوتابخانەیەکی هونەریە.پۆستمۆدێرنیزمیش دژکردەوەیەک بوو کە بەرانبەر قوتابخانەی مۆدێرنیزم لە هونەر و ئەدەب و تاڕادەیەک لە فەلسەفەشدا سەری هەڵدا.بۆیە نابێ یەو زاراوانەمان لە گەڵ مۆدێرنیزاسیۆن لێمان تێکبچێ.

مۆدێرنیتە زۆرتر بە مانای نوێ بوونەوە و مۆدێرن بوون دێت.لە مۆدێرنیتەدا بیرکردنەوەی ئینسانەکان ئاڵوگۆری بنەڕەتی بەسەردا دێ.مرۆڤەکان عەقڵگەرا دەبن.بیرو زەین و لێکدانەوە و مەنتق و عە‌قڵ دەکەنە پێوانەی ڕەفتاڕ و کردار.لەجیاتی ئەوەی کە تەکیە بکەنە سەر ئیمان، عورفیگەرا دەبن.لەوەش زیاتر مرۆڤەکان ئینسان گەرا دەبن .واتە مرۆڤ دەبێتە بابەت و مەوزووعی ئەسڵی هەموو باس و لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان.ئەوە جەوهەری مۆدێرنیتەیە.

مەبەست لە مۆدێڕنیزاسیۆنیش بریتیە لەو ئاڵوگۆرە مادیەی کە بەسەر کۆمەڵگا ئینسانیەکاندا و شێوەی ژیان و گوزەرانی ئینسانەکاندا دێت.واتە بنیاتنان و پەرەسەندنی ئابووری .ئەو کارانەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا ڕوودەدەن، درووستکردنی ئەو هەموو بیناو ساختمان و جادەیە، بەواتایەکی دیکە ئەو پڕۆژە ئاوەدانیە گەورەی کە ئێستا لە شارەکانی باشوری کوردستاندا بەرێوەیە، دەکرێ بە مۆدێرنیزاسیۆن لە قەڵەم بدرێت.دەبینین کە شێوەی پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، سیماو ڕووخساری شارەکان و دامودەزگا و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان لە باری فیزیکیەوە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە و دێت.بەڵام بیروزەینی خەڵک هەر ئەوەیە کە بووە و ئاڵوگۆڕی جدی تێدا پێک نەهاتووە.ئەوە لەسەر تاسەری ناوچەکەشدا، لەعێرا ق و ئێران و سوریەو میسر،بە کورتی لە هەموو ڕۆژهەڵاتیی نێوەراستدا هەر ڕاستە.

ئەو شەڕی مەزهەبیەی لە نێوان پەیڕەوانی مەزهە بەجۆراوجۆرەکانی ئیسلامدا دەبینرێ، هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان لە ئێران و سەرهەڵدانی تالیبان و ئیخوان موسلیمین، داعش و ئەو هەموو خوێنرێژیەی لەو ناوچەدا وەڕێیان خستوە، باشترین نموونەی ئەو راستیەیە.

لە ئورروپادا مۆدێرنیتەو مۆدێرنیزاسیۆن لە پرۆسەیەکی دوورو درێژدا دەست لەنێودەست و پێکەوە سەریان هەڵداوە و پەرەیان گرتوەو چوونەتەپێش.هەردووکیان کاریگەریان لەسەر یەکتر داناوە، لێک فێربوون، یەکتریان تەکمیل کردوە و بوونەتە تەواوکەری یەکتر.

کەچی ئەوە لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوودا، یا بەواتایەکی دیکە لە وڵاتانی دواکەوتووی وەک ناوچەکەی ئێمەدا نیە.بۆیە زۆرتر ئێمە خەڵکی ئەو وڵاتانە لە پێشدا مۆدێڕنیزاسیۆن وەپێش دەدەین و بایەخی زۆرتر بە ئاوەدانی و ئاڵوگۆڕی فیزیکی و ڕووکەشی دەدەین.کەچی ئەزموونی خودی رۆژهەڵاتی نێوراست ئەوەدەردەخا ئەگەر تەنیا هەر کار لەسەر پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی مادی بکەین، ئەوە بەتەنیا ناتوانێ بمان گەیەنێتە مەقسەد.مەقسەدی ئێمە گەیاندنی کوردستانە بە ئاستی هەرەبەرزی پەرەسەندن و پێشکەوتن.

ئەوەش بە باشترین شێوە لە دیموکراسیەکانی هاوچەرخدا جێبەجێ بووە.کەواتە مۆدێلی ئێمە نە قوم نە تالیبان، نە سعودیە، نە حکومەتی سەدری ئیسلام ( لەڕووی عیلمیەوە ئەوە ناتوانێ جارێکی دیکە دووبارە بێتەوە)، نە داعش و نە بەغدا و دیمەشقی ئەمڕۆن.مۆدیلی ئێمە وەک باسم کرد دێموکراسیە.

ئەو مۆدێلەی لە ئووروپا هەیە.ناشڵێم بێ کەمووکوڕیە.بەڵام لەوەتەی بەشەریەت لەسەر زەویە و گەشە دەکات، لە هیچ کوێ نەیتوانیوە سیستەمیکی لەوە باشتر لە پەرەسەندن و پێشکەوتن بۆخۆی ڕێکبخا.هەر بۆیەشە ە دێموکراسی لە بەرنامەی سیاسی هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستاندا جێگایەکی گرنگی هەیە.چ لە ئێرانی سەردەمی شادا و چ لە وڵاتانی دیکەی ناوچەدا لەو چەند دەیەی دواییدا دیتوومانە کە تەکیەکردنی زۆرتر لەسەر ئاڵووگۆڕی مادیی، بەتەنیا و یەک لایەنە، دەبێتە کارەسات.ئاخر کۆماری ئیسلامی بۆخۆی لە منداڵدانی مۆدێرنیزاسیۆنی حەمەڕەزاشادا پەیدا بووە.

نابێ پێ یەکمان لە نێو مودێرنیتە و مۆدێڕنیزاسیۆن دابێ و پێ یەکەی دیکەشمان لە نیو سوننەت دابێ.تا بە هەردوو باڵ بەرەوپێشەوە واتە مۆدێرنیتە نەفڕین، لەو ئاگرە ناچینەدەر.پچڕاندنی زەنجیرەکانی ژێرچەپۆکی سیاسی زۆر پێویستەو ئیقدامێکی گەورەی سیاسیە و بە جێشە.بەڵام شانبەشانی ئەوە پچراندنی زەنجیرەکانی بیرکردنەوەی سوننەتیش زۆر لەوە پێویسترن.کورد مەسەلەی کورتخایەن و درێژخایەنی یەکە.قاسملووی بیرمەند دەڵێ ئەگەر خودموختاری نێوەرۆکەکەی نە بێتە رەفاه و سەعادەت و بەختەوەری بۆ خەڵکی کوردستان بێ بایەخە.خۆ عەرەبەکان دەیان دەوڵەتیان هەن، نەوت و سەروەت و سامانێکی زۆریشیان هەیە.لەوەش زیاتر ئیفتخاراتی دەورانی زێرینی ئیسلامیشیان لە کارنامەدایە.کەچی ئەوەتا وەزعەکەیان دەبینین.بە ناشکوری ناڵێم تازە لەو هەزارەی سێ یەمەدا ئەبوبەکر بەغدادی و مالیکی و بەشار ئەسەد بەرهەم دێنن.یانی تۆزێک لە پێش ئەفریقاوەن کە دەکەوێتە لای هەرەخوارەوەی پەیژەی گەشەکردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی.

ماکیاولیزم لە ئەدەبیاتی سیاسی ئێمەی کوردا زۆر باش لێکنەدراوەتەوە.ماکیاولیزم قەت ئەوەنیە کە بەتەواوی ئەخلاوق لە سیاسەتدا وەدەربنێین.جەوهەری ماکیاولیزم ئەوەیە کە دەڵێ بۆ ئیدارەکردنی کۆمەڵگا ئینسانیەکان، پێویستیمان بە مۆدێلێکە کە لە گەڵ مۆدیلی عیساو مەسیح فەرقی هەیە.ماکیاولدەڵێ ناکرێ بە تاعالیمی ئینجل و مەسیح کۆمەڵ ئیدارەبکەی.ئامانجی سیاسەت و دەوڵەتداری بریتیە لە ئیدارەکردنی کۆمەڵ و دروستکردنی ژیان بە گوێرەی ناسینی تەبیعەتی مرۆڤ و بە پێی ئیمکانات.بۆیە دەوترێت سیاسەت هونەری مومکینە.

ئەزموونی وڵاتانی عەرەبی جوان دەری دەخات کە ئەو گەلانەی بەتەنیا تەکیە دەکەنە سەر مۆدێرنیزاسێۆن و ئاڵوگۆڕی مادی و فیزیکی، سەرەنجام ماشێنی چوونەپێشیان لەقوڕی پاشخان و کولتوور و سیاسەت و ڕوانگە سوننەتیەکانیان دا دەچەقێ و لە هەندێک حاڵدا ناچاردەبن ئیمتیازیش بدەنە کۆنەپەرستی.تەماشای کۆمەڵگای ئێران کەن.تەماشای خەڵکی موسڵ تازە بەتازە دەبێت بە چەپڵە رێزانەوە پێشوازی لە داعش بکەن و بەیعەت لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی تازەی موسوڵمانان بکەن.خەریکە قەڕنێک بەسەر درووستبوونی عێراق دا رادەبرێ.

بۆیە کورد دەبێت ئازایەتی ئەوەی هەبێت بەرەو مۆدێرنیتە بڕوا.دەبێ ئاڵوگۆری تازە و جدی و بنەڕەتی و ئەساسی بەسەر بیرکردنەوە و روانگەو سیاسەت و فەرهەنگی خۆماندا بێنین.

بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت لەخەڵکی دیکە فێربین.لەو میللەتانە فێربین کە پێش ئێمە ئەو قۆناخانەیان بریوون و بەوڕێگایەدا رۆیشتوون.دەبێت ئاڵوگۆڕی گەورەی فکری و فەلسەفی لە سیاسەت و روانگەو بۆچوونەکانماندا درووستکەین.کۆمەڵگای کوردستان لە بواری ژێرخانی ئابووری و فەرهەنگی و خووێندەواریەوە بەو پلەیە لە گەشەسەندوویی گەیوە کە بکەوێتە سەر مەداری مۆدێرنیتە.بەشی هەرەزۆری توانای کۆمەڵگای کوردی، بە تایبەتی لاوان و ژنان و چینە زەحمەتکێش و مام ناوەندیەکانی نێوکۆمەڵگای کوردستان خەریکە پێیان ناوەتە نێو مۆدێرنیتە.ئاخر دەزانن ئەوە تاقە ڕێگای چوونەدەر لەو ئاگرەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ کورد دەبێ و دەیەوێ خۆی لێ ڕزگار بکات.

Ibrahim Salehrad

08.07.14

Oslo