We have 76 guests and no members online

ئه‌م كاولستانه‌ی ئيَمه‌ زۆر جێگای غه‌م و خه‌فه‌ته‌ :

1_ هه‌موو جيهان چاوی پيسيان بڕيوه‌ته‌ خێرو بێره‌ خێرلێنه‌ديوه‌كه‌مان ، هه‌ر شوێنێكی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ڵبكۆڵی نه‌وت يان شتێكی لێ ده‌بينيه‌وه‌ كه‌ ببێته‌ ده‌ستمايه‌كی باش ، لێره‌ نه‌وت بۆ توركياو له‌ عێراق به‌گشتی بۆ جيهان ده‌ڕوات ، نه‌وتی عێراق بۆ ئه‌مريكا ده‌ڕوات ، سه‌يركه‌ن له‌وێ به‌رميلی نه‌وت به‌ 80 دۆلاره‌ به‌ڵام لێره‌ به‌ 250 دۆلاره‌ !!، ئاخر توخوا ئه‌وه‌ كه‌ی ڕاسته‌ !؟، بۆيه‌ ڕيش سپيێكی دڵ پڕ له‌ ئاهو كه‌سه‌ر زۆر به‌غه‌مباريه‌وه‌ ده‌يوت "ئه‌تو وه‌ره‌ له‌سه‌ر نه‌وت بخه‌وی و به‌رميليشی به‌ 250 دۆلار بيت هه‌ی ........ی له‌و حوكومه‌ته‌ "، كه‌ وتم خاڵۆ سه‌برت هه‌بێت وتی سه‌بر تڕێنيان كردين .

2_ سه‌يری ئه‌م هه‌موو رێژه‌ی هه‌ژارييه‌ بكه‌ن له‌م كاولستانه‌ !، به‌ڵام سه‌يركه‌ن ڕۆژ به‌ڕۆژ هه‌ژار هه‌ژارترو زه‌نگين زه‌نگينتر ده‌بێ ، كه‌ ئه‌مه‌ زه‌نگێكێی زۆر مه‌ترسيی داری دونيای مادديه‌ت و لێك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگايه‌، ئاخر ئه‌دی ئه‌وه‌ سه‌ير نيه‌ به م سه‌رمايه‌ ماڵ هه‌بێت نه‌وتی بۆ سۆپا شڕۆله‌كه‌ی نه‌بێت و زه‌نگينی واش هه‌بێت چێشتخانه‌كه‌شی ماڵه‌وه‌ی سپڵيتی لێبێت‌ ؟!.

3_ چه‌نده‌ سه‌يره‌ له‌م كاولستانه‌ ئێمه‌دا ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شی بايكۆت كردنی ده‌وام بكات ڕيزبه‌ندی وه‌زاره‌ته‌كانی بۆ تێك ده‌درێت و موچه‌ی ده‌درێتێ ، ئه‌وانه‌ی خۆشيان بێ ده‌نگ بكه‌ن ئه‌وا ده‌بنه‌ به‌ردی بن گۆم ، ياسای دارستان "القوي يأكل الضعيف"، وه‌ك ئه‌وه‌ وايه‌ لێره‌ به‌هه‌مان شێوه‌ی وڵاتی "فه‌نته‌ڵۆس "پێوه‌ره‌كان پێچه‌وانه‌ بكه‌ينه‌وه‌و بڵيين "ئاو بێنه‌و ته‌يمموو‌م بكه".

4_ به‌يه‌ك مانگ نه‌ناردنی پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ توشی ئه‌م به‌زمه‌ساته‌ بووين ، ئه‌ی باشه‌ بۆچی داوای سه‌ربه‌خۆيی ده‌كه‌ين ؟!، به‌چی داوای ده‌كه‌ین !، ئه‌وجا ئه‌وه‌ی سه‌يربێت به‌رپرسانی به‌غدا ده‌يانوت ئێمه‌ پاره‌ی مانگی يه‌كمان هه‌موو ناردوه‌ ، ئێره‌ش ده‌يانوت نه‌هاتوه‌ ، مه‌لا مه‌شهور وته‌نی "ئه‌ی كێ شه‌كری شكاندوه‌"؟!، تو بڵێی له‌ ڕێگا بزر نه‌بوبێ ؟!، ئه‌دی باشه‌ تو بڵێی موچه‌ی ئه‌وانيش دوا كه‌وتبێ ؟!، يان ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌يان پاشه‌كه‌وت كردوه‌ ئه‌گه‌ر موچه‌ له‌ زاكيره‌ی مرۆڤايه‌تی بسڕينه‌وه‌ ئه‌وان نه‌ك هه‌ر پێويستيان پێی نيه‌ به‌ڵكو هه‌ر بيريشيان ناكه‌وێته‌وه‌ ؟!.

5_ من له‌وه‌ سه‌ر ده‌رناكه‌م ئه‌م پشوه‌ی يه‌كشه‌مه‌ بۆچيه‌ ؟!، مادام يه‌ك مانگ و زياتريش بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارته‌كان هه‌يه‌ پشووی بۆ چيه‌ ؟!، ئه‌وجا ئه‌وه‌ سه‌يره‌ "KNN"ده‌يوت ئه‌م كارتانه‌ش ده‌نگی مردووانی تێدايه‌ ؟!، ئه‌و جا بۆچی ئه‌م كاته‌ خراپه‌ بۆ پشوو ؟!، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی TV يه‌كان سه‌ريان له‌م خه‌ڵكه‌ شێواند ، هه‌ندێك وتيان پشوه‌ دوای هه‌ونه‌بوو ، دواتر وتيان هه‌وه‌، سعات 12 ی شه‌و يه‌كێكی تر وتی هه‌ونيه‌ ، جا باشه‌ كاكه‌ له‌مه‌ودا ئه‌گه‌ر"يوم الشك "داهات تا پارشێوان داده‌نيشين بزانين مانگ ده‌بينرێت يان نا ؟!.

6_ به‌حيساب به‌ڕيوه‌به‌رو به‌رپرسه‌كان خزمه‌تكاری خه‌ڵكن !، ئه‌رێ ئه‌ی هاواااااااااار قه‌ت بوه‌ خزمه‌تكار مافی گه‌وره‌ی خۆی بخوات و دزی و خيانه‌تی لێبكات ، غه‌می هه‌ره‌ گه‌وره‌ش له‌ چ ياسايه‌ك داهاتوه‌ خزمه‌تكار موچه‌كه‌ی سه‌د ئه‌وه‌نده‌ی گه‌وره‌ی خۆی بێت ؟!.

7_ له‌م كاولستانه‌ی من شه‌رم زۆر كه‌م ماوه‌ ، سياسه‌ت به‌ته‌واوی ئه‌م مه‌فهومه‌ی وه‌رگرتوه‌ كه‌ ده‌ڵێن واتا "درۆ"، تۆ سه‌ير بكه‌ هێشتا حوكومه‌ت پێك نه‌هاتوه‌ ، ێ باشه‌ كاكه‌ ئێوه‌ بانگه‌شه‌ی ديموكراسی ده‌كه‌ن ، هه‌ی مليۆنان جار حه‌ياو عه‌مری ئه‌م ديمۆكراسيه‌ نه‌مێتێت كه‌ تۆ قه‌بوڵی ئه‌وه‌ نه‌كه‌ی له‌ دووه‌مه‌وه‌ ببی به‌سێيه‌م و باوه‌ڕت به‌ گۆڕانكاری پله‌ی هێزه‌كان نه‌بێت ؟!، ئه‌وه‌ی يه‌كجار جێگای غه‌م بێت ئه‌وه‌يه‌ به‌رپرسێك ده‌يگوت "چی بۆ حزبه‌كه‌ی ئێمه‌ باش بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌مان قه‌بوڵه‌ "، واتا ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵك باشه‌ نا ئه‌وه‌ی بۆ حزبه‌كه‌تان !، "خه‌ڵكيشتان به‌ هه‌رامه‌ی "، ئێ باشه‌ كاكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره‌ ئه‌وه‌تان قابيل نه‌بوو ؟، يان بڵێن "تمنی منقطع "بوو ؟!، ئه‌بێ جارێكی تر دوعا بكه‌ين بڵێن ياخوايه‌ ئه‌مجاره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌س له‌ حه‌جمی خۆی كه‌متر نه‌هێنێ نه‌وه‌ك تووشی ئه‌م به‌زم و ڕه‌زمه‌ ببينه‌وه‌ .

8_ يابان ده‌يه‌مين وڵاته‌ له‌ ڕووی زۆری دانيشتوانه‌وه‌ كه‌ ده‌گاته‌ 127.700.000 سه‌دو بيست و حه‌وت مليۆن و حه‌وت سه‌د هه‌زار كه‌س ، واتا زياتر له‌ 25 جار ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه‌ن ، كه‌چی له‌ دوو هه‌فته‌ دا هه‌ڵبژاردن ته‌واو بوو حوكومه‌تيش پێك هات ، لای ئێمه‌ش به‌رژوه‌ندی وڵات و وڵاتيان زه‌ڕبی سفر كراوه‌، خاڵۆ گرنگ ئه‌وه‌يه‌ من نه‌بمه‌ سێيه‌می وڵات و شكۆو پله‌م نه‌شكێت ئيدی چی ده‌قه‌ومێ پێك دێ ياخود پێك نايێ ئه‌وه‌ كێشه‌ی من نيه‌ ؟!، ئه‌وه‌ ديمۆكراسيه‌ يان ديمۆكتاتۆريه ؟!.

9_ باشه‌ ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌ له‌سه‌ر خه‌رجی خۆيان ڕوويان له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ كردوه‌ بۆ خوێندنی باڵا ، ئه‌گه‌ر به‌هه‌مووی 3000 كه‌س ڕۆيشتبن تا ته‌واو بونيان هه‌ر يه‌كێك 10.000 ده‌ هه‌زار دۆلار خه‌رجی بێت واتا يه‌ك ده‌فته‌ر ئه‌وا ده‌كاته‌ 30.000.000 سی مليۆن دۆلار واتا 3000 سێ هه‌زار ده‌فته‌ر دۆلار ، باشه‌ هۆۆۆۆۆ وه‌زيری خوێندنی باڵا توخودا تاوان نيه‌ ئه‌م هه‌موو پاره‌يه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ ؟!، باشه‌ كاكه‌ بۆ لێره‌ خوێندنی باڵا به‌پاره‌ ناكه‌نه‌وه‌ ؟!، ئه‌م پاره‌يه‌ بۆ كاولستان بێت باشتر نيه‌ ؟!.

10_ هه‌روه‌ك له‌ خاڵی 7 دا باس كراوه‌ لێره‌ شه‌رم نه‌ماوه‌ ، وه‌ڵاهی من له‌ شوێنی وه‌زيری دارايی بوامه‌ زۆر له‌مێژ بوو ده‌ستم له‌كار كێشابوه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر وه‌زيری كاره‌با ده‌بووم ، له‌ژيانم سه‌يری ده‌رگای وه‌زاره‌تی كاره‌باشم نه‌ده‌كرد ، ئه‌وه‌جا ئه‌وه‌ی جێگای به‌زم و پێكه‌نين و له‌هه‌مان كاتيش گريان و غه‌م بێت ئه‌وه‌يه‌ كه‌ له‌ 2006 به‌رپرسێك وتبووی وه‌ڵاهی ئه‌گه‌ر تا 2010 كاره‌با چاك نه‌بوو ئه‌وه‌ حه‌ق وايه‌ ئه‌م حوكومه‌ته‌ به‌رد باران بكرێت ،هههههههه تۆ بڵێی ئێستا ئه‌م به‌رپرسه‌ چی بڵێت ؟، يان به‌خۆی كاره‌بای هه‌يه‌و وای زانيوه‌ كه‌ به‌ڵێ ئيدی شتێك له‌ كاولستان دا نيه‌ به‌ناوی كێشه‌ی كاره‌با ؟!، له‌ شوێنی وه‌زيری كاروكاروباری كۆمه‌ڵايه‌تی بوامه‌ مادام بێ كاری بنی نه‌هاتوه‌ هه‌ر زوو وازم ده‌هێنا ، ئه‌گه‌ر وه‌زيری پلان دانان بومايه‌ قناعه‌تم به‌ سه‌رۆكی حوكوت ده‌هێنا كه‌ وا بكات ته‌نها نيوه‌ی ميزانيه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان ته‌رخان بكرابايه‌ بۆ دروستكردنی خانوو، ئه‌وا هه‌رچی كرێچی هه‌بوو ده‌مكرده‌ خاوه‌نی شوقه‌ی سه‌كه‌نی ، به‌ڵام كه‌ گه‌نجێك له‌به‌ر نه‌بوونی شوێنی نيشته‌جێبوونی ژن نه‌هێنێ شه‌رمه‌ كه‌ من وه‌زيری پلان دانان و نيشته‌جێ و ئه‌م دێيه‌ وێران و ناوه‌ گه‌ورانه‌ بم ، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ زۆر له‌جياتی ئه‌و شه‌رم دايگرتم وه‌زيری ته‌ندروستی بوو ، وه‌ڵاهی له‌ ژێر ده‌سته‌ڵاتی وه‌زاره‌تی من ئه‌م هه‌موو كه‌سه‌ ڕووناكی چاويان له‌ده‌ست بدابايه‌ نه‌ك وه‌زاره‌ت به‌ڵكو كوردستانيشم به‌ جێده‌هێشت !.

11_ گه‌وره‌ترين سته‌م و نيشانه‌ی نا دادپه‌روه‌ری و كاولستانی ئه‌م كاولستانه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ خزمه‌تكاره‌كانی ئێمه‌ هه‌ر يه‌كێك 5 تا 6 ڤێللايان له‌سه‌ر گرد و ته‌پۆلكه‌كان دروست كردوه‌و لا‌وه‌كانی ئێمه‌ش له‌ترسی كرێی خانوو ژن نا‌هێنن !، ئه‌وجا ئه‌وه‌ش غه‌می گه‌وره‌يه‌ زۆر به‌ گه‌وره‌يی له‌سه‌ری ده‌نوسن "هذا من فضل ربي "تكايه‌ بيكه‌ن به‌ "هذا من دم شعبي ".

12_ مه‌زنترين شه‌رمه‌زاری بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌يه‌ كوڕه‌كانيان كاتێ ده‌چنه‌ ناو كه‌ژاوه‌ی زێڕين ئه‌وا له‌ خۆشترين وڵاتانی دونيا مانگی هه‌نگوينی به‌سه‌ر ده‌به‌ن ، به‌ڵام لاوه‌ هه‌ژاره‌كانی ئێمه‌ كاتێ ده‌چنه‌ ناو "كه‌ژاوه‌ی ته‌نه‌كه‌ "ئه‌وا مانگی خه‌م و خه‌فه‌تيان به‌ فرۆشتنی زێرو گه‌وهه‌ری بوكه‌خان بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی ژنهێنانيان به‌سه‌ر ده‌به‌ن .

 خوايه‌ گيان ئه‌م سته‌مانه‌ ئيدی قه‌بوڵ مه‌فه‌رموو .

لاحول ولا قوة الا بالله العلي العظيم .

تا به‌شی سێيه‌م خواتان له‌گه‌ڵ 

Go to top