We have 77 guests and no members online

1_بودجه‌ی ٢٠١٣ی كاولستان ١٧ تريليۆن دينار بوو ، به‌وه‌ی تريلۆن ١٢ سفری له‌پێشه‌ ، به‌ حاسيبه‌كه‌تان لێكی بده‌نه‌وه‌ ، ١٠٠ دۆلار به‌ ١٢٣٠٠٠ ديناره‌ ده‌ی يه‌ك ده‌فته‌ر دۆلار ده‌كاته‌ ١٢٣٠٠٠٠٠ دوازده‌ مليۆن و سێ سه‌د هه‌زار دينار ، كه‌واته‌ ١٧ تريليۆن دابه‌ش ١٢٣٠٠٠٠٠ دوازده‌ مليۆن و سێ سه‌د هه‌زار دينار بكه‌ن ده‌كاته‌ ١٣٨٢١١٣ يه‌ك مليۆن و سێسه‌دو هه‌شتاو دوو هه‌زارو سه‌دو يازده‌ ده‌فته‌ر دۆلار !!!، باقيه‌كه‌ی ئاخری هه‌مووی لابه‌ره‌ چی ده‌مێنێته‌وه‌؟، ١٣٠٠٠٠٠ يه‌ك مليۆن و سێ سه‌د هه‌زار ده‌فته‌ر دۆلار !!، ئاخر توخودا سێ پارێزگا ئه‌وه‌نده‌ی بودجه‌ بێت به‌ چ مافێك هه‌ژارو كرێچی له‌م كاولستانه‌دا هه‌بێت ؟!.

2_ توبڵێی ئه‌م هه‌موو بودجه‌يه‌ بۆ چيه‌و كێ ده‌بيات ؟!، باشه‌ ئه‌م ياسايه‌تان پێ چۆنه‌ كه‌ له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان دا هه‌ر ده‌نگێك له‌سه‌ر حوكومه‌ت به‌ 1.346.000 يه‌ك مليۆن و سێ سه‌دو چل و شه‌ش هه‌زار دينار ڕابوه‌ستێت ؟!، ئاخر توخوا ئه‌مه‌ ياسايه‌ يان به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ی ئه‌م وڵاته‌يه‌ ؟!.

له‌ لڤينی ژماره‌ ٢٤٨ ی ٢٠_ ١٠_٢٠١٣ دا نوسراوه‌ :

ئه‌و حزبانه‌ی نه‌گه‌يشتنه‌ په‌رله‌مان واتا كورسيان نه‌هێنا ، ساڵانه‌ ٢٨ مليار و ٥٥٦ مليۆن دينار وه‌رده‌گرن !! ، ئه‌مه‌ش واتا هه‌ر ده‌نگێكی ئه‌م به‌ڕێزانه‌ له‌سه‌ر حوكومه‌ت به‌ 1.346.000 دينار ڕاوه‌ستاوه‌ ، ئاخر ته‌وخوا ئه‌وه‌ ڕاسته‌ !، ێ باشه‌ كاكه‌ ئێوه‌ نه‌گه‌يشتنه‌ په‌رله‌مان بۆ حوكومه‌ت ئه‌م هه‌موو پاره‌تان بداتێ له‌پێناو چی ، له‌وه‌ش سه‌يرتر نووسيتيان "ئه‌م گوژمه‌يه‌ ده‌كاته‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی بودجه‌ی هه‌رسێ لايه‌نی ئۆپۆزسيۆن"؟!.

سه‌يری ژماره‌ی ده‌نگه‌كانيان بكه‌ن :

حزبی شيوعی به‌ ١٢٣٩٢ ده‌نگ ٥٨٠ مليۆن دينار ده‌بات .

سۆشيال ديموكرات به‌ ١٢٥٠١ ده‌نگ ٣٥٠ مليۆن دينار .

زه‌حمه‌تكێشان به‌‌ هاوپه‌يمانی چه‌ند حزبێك ئه‌وجا ٨٦٨١ ده‌نگيان هێنا و ٤٠٠ مليۆن دينار ده‌به‌ن .

له‌وانه‌ هه‌مووی سه‌يرتر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ پارتی پارێزگارانی كوردستان به‌ ٨٣٦ ده‌نگ ٤٥ مليۆن دينار ده‌بات ، ێ باشه‌ كاكه‌ وه‌ڵا منيش به‌ئه‌ندازه‌ی حزبێك براده‌رم پێ كۆده‌بێنه‌وه‌و به‌ژداريش ده‌كه‌م به‌خودای زياتريش له‌و حزبه‌ ده‌هێنم ئه‌و جا به‌چ مافێك ئه‌و پاره‌يه‌ وه‌ربگرم ، توبڵێی هه‌ردوو حزبه‌كه‌ی ده‌سته‌ڵات چه‌ند ببه‌ن؟!، كاكه‌ ئه‌ی هاواااار ڕه‌حمێكتان به‌ سامانی ئه‌م گه‌له‌ قوڕبه‌سه‌ره‌ بێته‌وه‌ ، براده‌رێكم له‌ ئه‌وروپا ده‌ژيا ده‌يگوت له‌وێ ئه‌وه‌ نيه‌ حزبێكی گه‌وره‌ به‌هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی له‌سه‌ر حوكومه‌ت بژيێت ، به‌ڵكو‌ هی وا هه‌يه‌ گه‌وره‌ترين حزبه‌و كه‌چی ٣٠٠٠ ئه‌ندامی نيه‌ ، واتا جه‌ماوه‌رين نه‌وه‌ك ڕيكخستنی .

3_ له‌هه‌مان ژماره‌ی لڤين دا هاتوه‌ رشيد تاهيری بريكاری وه‌زاره‌تی دارايی سێ پارێزگاكه‌ به‌ ٥ نوسراوی ڕه‌سمی جيا له‌ ٢٩_٦_٢٠٠٨ دا ١٦٤٧ مه‌تر زه‌وی وه‌رده‌گرێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌م زه‌ويه‌ ١٦ شوقه‌ی سێ قاتی له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ١٠٠ مه‌تری تێدا دروست بكرێت جێگای ٢٠٠٠ گه‌نجی بێ ماڵ و حاڵی تێدا ده‌بێته‌وه‌ !، توخودا كامه‌يان باشتره‌ ؟!، تو سه‌يری ئه‌م به‌زمه‌ !، گه‌نجي واشمان هه‌يه‌ هيوايه‌تی ئه‌وه‌ ئه‌خوازێ سه‌ری مانگ دانه‌يه‌ت نه‌وه‌ك خاوه‌نی خانوه‌كه‌ی بێت و داوای كرێی خانوه‌كه‌ی بكات ، ئه‌وه‌ی سه‌ير بێت له‌كاتی نوسينی ئه‌م خاڵه‌دا له‌ NRT خۆپشياندانێكی پيشان ده‌دا بۆ دابه‌ش كردنی زه‌وی له‌ كه‌لار و مامۆستايه‌ك ده‌يوت ٢٠ ساڵم خوێند حه‌قی خۆمه‌ زه‌وی وه‌ربگرم ، نه‌ك نامانده‌نێ به‌ڵكو ئه‌وه‌ دوو ڕۆژه‌ هه‌رچی به‌رپرسی شار هه‌يه‌ ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی ئه‌وه‌ش نين له‌ ژووره‌كانيان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ !.

4_ له‌م كاولستانه‌ی ئێمه‌دا زۆر سه‌يره‌ كاتێ يه‌كێك ده‌بێته‌ به‌ڕێوه‌به‌ر يان به‌رپرس ئيدی ئه‌وه‌ سه‌ره‌تا خۆی و ده‌وروو به‌ری تێريش نابن ئه‌وجا ئه‌گه‌ر تۆزێك خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن ، له‌وه‌ش سه‌ير تر ئه‌وه‌يه‌ كاتێ ده‌گه‌نه‌ كورسی ئيدی چۆن بنێشتيان پێوه‌ نوسابێت ته‌واو له‌ كورسيه‌كه‌ نابنه‌وه‌ ، وه‌ڵاهی بێ موباله‌غه‌ يه‌كێك ده‌ناسم له‌ دوای ڕاپه‌رينه‌وه‌ به‌ڕيوه‌به‌ره‌ !، ئه‌رێ كاكه‌ كه‌سی تر شايه‌نی ئه‌و كورسيه‌ی به‌ڕيزيان نيه‌ ؟!.

5_ له‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ سه‌يرتر ئه‌وه‌يه‌ قه‌ت نه‌مانبينی تاقه‌ كه‌سێك له‌م كاولستانه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی دادگايی بكرێت !، ئه‌مه‌ دوو گريمانه‌ی بۆ هه‌يه‌ ، يه‌كه‌ميان: ئه‌وانه‌ مرۆڤ نين به‌ڵكو فريشته‌ن خوداوه‌ندی مه‌زن به‌ ڕه‌حمه‌ته‌وه‌ بۆمانی ناردوون و هه‌ڵه‌ و دزی ناكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌م و مه‌حاڵه‌ ، دووه‌ميش ئه‌وانه‌ گه‌نده‌ڵی و دزی ده‌كه‌ن به‌ڵام بۆ نه‌تۆرانی دڵه‌ ڕه‌شه‌كانيان دادگايی ناكرێن نه‌وه‌ك جه‌نابيان بتۆرێن و بچنه‌ ڕيزی حزبه‌كه‌ی ئه‌و به‌ر، كاكه‌ وه‌ڵاهی به‌وه‌ش شوكرين هه‌ر به‌رزتر نه‌كرێن ، به‌خوا من بينيومه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی لايان دا به‌ڵام له‌جياتی دادگايی به‌رزتر كرا !!!، وه‌ڵا بابه‌ خۆش حوكومه‌ت و خۆش ياسا !.

6_ يه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌ قسه‌ گه‌وره‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی كردبوو ، داوای كردبوو كه‌ دان به‌خۆيان دابگرن و پشتيوانی له‌ كوردستان بكه‌ن ، پێشمه‌رگه‌يه‌ك وتبووی موچه‌مان وه‌رنه‌گرتوه‌ ئه‌ويش وتبووی به‌خوای منيش وه‌رمنه‌گرتوه‌ ، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌كه‌ وه‌ڵامێكی پێدابوو سوێند به‌خوای ئه‌گه‌ر من له‌ شوێنی ئه‌و به‌رپرسه‌ بوام ده‌بووم به‌ قه‌تره‌ ئاوێك و به‌ زه‌وی دا ده‌چومه‌ خواره‌وه‌ ، پێشمه‌رگه‌كه‌ وتبووی "ئاخر جه‌ناب ئه‌و پێلاوه‌ی تۆ به‌ موچه‌ی دوو مانگی من ناكڕدرێت "، ئااااااای حه‌يا بۆكوێ چوويت ، زانايه‌كی عه‌ره‌بی وتبووی "ضمير ته‌نها له‌ ڕێزمانی عه‌ره‌بی دا ماوه‌ "ئه‌ها كاتێك ڕسته‌يه‌ك ئيعراب ده‌كه‌ی ده‌ڵێی "ضمير متصل مبنى في محل رفع فاعل "مه‌به‌ستی له‌وه‌يه‌ ، له‌ ده‌نگ و باسه‌كانيش بيستم كه‌ پێشمه‌رگه‌يه‌ك ئه‌لقه‌ی ده‌ستی خۆی فرۆشتبوو له‌به‌ر پێويستی !، توبڵێی به‌رپرسه‌ دزه‌كان ويژدانی خۆيان كه‌ی فرۆشتبێ ؟!.

7_ ده‌ڵێن له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن دا كه‌ ماوه‌ی درۆكردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی گه‌ل بوو ، به‌رپرسێك كه‌ خۆی كانديد كردبوو، چوو بوو بۆ ماڵی كۆنه‌ براده‌رێكی مناڵی خۆی كه‌ ماوه‌يه‌كی زۆريش له‌گه‌ڕه‌ك دا درواسێ بوون ، سه‌ردانيان ده‌كات چونكه‌ نه‌وه‌و كوڕی زۆر هه‌بوون و ده‌نگيان زۆر بوو ، دوای ئه‌وه‌ی جه‌نابيان داده‌نيشێت كوڕه‌كانی به‌خێرهاتنی ده‌كه‌ن و ئه‌ويش ده‌ست‌ ده‌كات به‌ قسه‌ كردن و دواتر ده‌پرسێت "ئه‌وه‌ جه‌نابی باوكتان ديارنيه‌ وه‌ڵا زۆر غه‌ريبيم كردوه‌ ئه‌وه‌ 3 مانگه‌ نه‌مبينيوه‌ "؟!، كوڕه‌كانی ده‌ڵێن وه‌ڵا جه‌ناب ئه‌وه‌ 2 ساڵه‌ بابمان چۆته‌ به‌ر ڕه‌حمه‌تی خوا !!!!، ئه‌وه‌جا به‌ يه‌ك كيلۆ ئاره‌قه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، وه‌ڵا بابه‌ خۆش كانديد .

8_ يه‌كيك له‌برياره‌ باشه‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت : به‌ئيمزاى خۆى به‌نوسراوى ره‌سمى برياريدا موجه‌ى وه‌زير و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌ده‌ره‌جه‌ى وه‌زير موجه‌ وه‌رده‌گرن ته‌نها 50%ى موجه‌كانيان بۆ خه‌رج بكرێت، ئه‌مه‌ زۆر زۆر باشه‌ ، به‌ڵام ئه‌وان له‌ ميزانه‌يی وه‌زاره‌ته‌كان قه‌ره‌بووی ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ست و بازووی لێ هه‌ڵده‌كه‌ن كه‌ زۆر جاری وا هه‌يه‌ له‌شتی زۆر سه‌ير سه‌رف ده‌كرێت ، بۆيه‌ حه‌ق وايه‌ چاودێری ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌يه‌ بكه‌ن و چاودێريه‌كی ته‌واو و پاك له‌سه‌ر كاره‌كان و سامانيه‌كانيان دابنێن ، باشه‌ من له‌وه‌ سه‌ر ده‌رناكه‌م بۆ ئه‌وان كاتێ ده‌بنه‌ وه‌زير يان كه‌سانی تر كاتێ ده‌بنه‌ به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌ر ئيدی به‌ ماوه‌يه‌كی كه‌م گێچی گوزه‌ران و زه‌نگين بوونيان له‌ شێوه‌ی ڕێبه‌ركويكه‌وه‌ ده‌بێته‌ فاست لينك ؟!.

9_ ڕۆژێك به‌ڕێزێك نوسيبووی كاتێك له‌ په‌رله‌مانی به‌غدا ده‌نگو باسی ئه‌وه‌ هه‌بوو گوايه‌ به‌نيازن خانه‌نشينی په‌رله‌منتاران نه‌مێنێت و موچه‌يان كه‌م ببێته‌وه‌ كه‌سێك كه‌ حزبه‌كه‌ی به‌نياز بوه‌ كاندنی بكات ته‌له‌فۆنی بۆ په‌رله‌مانتارێكی حزبه‌كه‌ی كردبوو وتبووی "ئه‌رێ ئه‌وه‌ ئه‌و ده‌نگۆيه‌ ڕاسته‌ ؟، كاكه‌ ان شاء الله وانيه‌ تا منيش ده‌بم به‌ په‌رله‌مانتار"وه‌ی به‌بانانه‌وه‌ ته‌واومان كرد ، كوڕ هێشتا نه‌بۆته‌ نوێنه‌ری گه‌ل خه‌می موچه‌ی خۆيه‌تی .

10_ فه‌رهاد پيربال ئه‌م سه‌يرو سه‌مه‌ره‌ی زۆر جوان له‌ شيعرێك دا به‌رجه‌سته‌ كردوه‌ ، سه‌يری ياسای بێ مانا و نا دادپه‌روه‌ری هه‌ندێك له‌ مرۆڤه‌كان بكه‌ن :

پيربال وای شيعراندبوو "په‌رله‌مانتار له‌ مانگێك دا 10 جار ده‌ستی خۆی به‌رز ده‌كاته‌وه‌ كه‌چی 7 مليۆن وه‌رده‌گرێت ، پۆليسی هاتوچۆ له‌ مانگێك 500 جار ده‌ست هه‌ڵده‌بڕێت به‌ڵام 700 يان 800 هه‌زار وه‌رده‌گرێت "، ئه‌مه‌ سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی ئه‌وان ژووره‌كانيان هه‌موو سپليت ڕيژ كراوه‌و كاكی پۆليسی ماندوو نه‌ناسيش هاوينان له‌به‌ر گه‌رماو زستانانيش له‌به‌ر سه‌رماو سۆڵه‌ .

لاحول ولا قوة الا بالله العلي العظيم

خوايه‌ گيان ئيدی ئه‌م سته‌مانه‌ قه‌بوڵ مه‌فه‌رموو .

Go to top