We have 59 guests and no members online

جەلال چوارتایی

 

 

 

زیاتر لە دوو ساڵە چەتەکانی داعش بە هاوکاری چەندین دەوڵەتی وەک تورکیا و سعودیە و قەتەر پەلامارێکی دڕندانەیان بردۆتە سەر ڕۆژاوای کوردستان ، تەواوی هێرشەکانیان لەلایەن گەلی ڕۆژاوای کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل"ی‌.پ.گ." و یەکینەکانی پاراستنی ژن"ی.پ.ژ."وە تێکشکێنراون .

بە درێژایی ئەم دوو ساڵە ، یەکینەکانی پاراستنی گەل"یەپەگە" بانگەوازی لە هەموو لایەنە کوردیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکرد کە هاوکاری ڕۆژاوای کوردستان بکەن لەبەرئەوەی ئەم شەڕە تەنها پەیوەست نییە بە ڕۆژاوای کوردستانەوە، بەڵکو شەڕێکە و بەسەر هەموو نەتەوەی کورددا سەپاوە .

لەگەڵ هەر بانگەوازیەکی یەکینەکانی پاراستنی گەلدا، گوێبیستی هەندێک گوتەی بێ سەرەوبەرە دەبووین لەلایەن ئەو پارتە کلاسیکیانەی کە ئۆروگایان کردۆتە دوا مەنزڵگایان یاخود لە هوتێلە پێنج ئەستێرەیەکانی باشووری کوردستاندا پاڵیان لێداوەتەوە .هەندێ لەو گوتانە بریتی بوون لە( یەکینەکانی پاراستنی گەل بە تەنها ناتوانن ڕۆژاوای کوردستان بپارێزن بۆیە بانگەوازیمان بۆ دەکەن ، ئاخر پەیەدە ڕێگە نادات تاکو بچین و ڕۆژاوای کوردستان بپارێزین ، دەبێت مەجلیسی گەل داهات و دەسەڵاتی ڕۆژاوامان لەگەڵدا دابەش بکات ئینجا دەچین ڕۆژاوا دەپارێزین ، ئێمە تەمەنمان 60-70 ساڵە و خاوەن مێژوویەکی دێرینین ، میلەت بە تەواوی لەگەڵ ئێمەدایە و هەر ئێمەش دەتوانین هەموو دەسکەوتەکانی کوردان بپارێزین ، ئێمە ئامادە نین لەژێر ئاڵای یەکینەکانی پاراستنی گەلدا ڕۆژاوا بپارێزین و ....هتد ) .هەڵبەت ئەمە بەشێکی زۆر کەمە لە گوتە بێ بنەماکانی ئۆردوگانشین و هوتێلنشینەکان .منیش لەسەر بانگەوازی یەکینەکانی پاراستنی گەل هیچ شتێک ناڵێم لەبەرئەوەی لە کاتی خۆیدا ڕونکردنەوە لەو بارەیەوە دراوە .بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

http://www.emrro.com/lebexeberank.htm

بەڵام کات هاتو چوو، مەترسیەکانی داعش ڕووی لە باشووری کوردستانیش کرد ، ئەو کات نە دەنگی هوتێل نشینان بیسترا و نە ڕەنگیشیان بەدی کرا ، ئیتر نازانم ئەم حیزبانە بە ئۆردوگانشینەکانیشەوە چ کاتێک هێزەکانیان دەخەنە کار ، تۆ بڵێی ئەو هێزەیان بۆ ڕۆژی تەنگانە دانابێت وەک ئەو کابرایەی کە خەنجەرەکەی لە بەر پشتێنیدا دانابوو !!!

هێرش کرایە سەر باشووری کوردستان ، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی زۆر کەمدا و بەبێ ئەوەی هیچ بەرگریەک بکرێت هێندەی ڕووبەری دەیان وڵاتی وەک بەحرەین لە خاکی باشووری کوردستان کەوتە ژێر دەستی چەتەکانی داعش .لەو داگیرکاریەدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون ، بە سەدان کەس زیندە بەچاڵ کران و بە هەزاران ژن و منداڵیش کرانە کۆیلە و وەک کاڵا لە بازاڕەکانی موسڵدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا .

ئەوانەی لەو سەرگەردانیەدا بە هانای خەڵکە لێقەوماوەکەوە چوون بریتی بوون لەو شۆڕشگێڕانەی پەکەکە و پژاک و یەپەگە و یەپەژە کە ساڵەهای ساڵە بوونەتە شوێنی جنێوبارانی هوتێل نشین و ئۆردوگانشینان .

ئەوەی ئەو خەڵکە ئاوارەیەی پاراست و هێرشی چەتەکانی داعشی ڕاگرت بریتی بوون لەو شۆڕشگێڕانەی ڕۆژاوای کوردستان کە بە گوتەی هوتێلنشینان ڕۆژاوای کوردستانیان بۆ ناپارێزرێت .

ئەوەی لە مەیدانی باشووری کوردستانیشدا دەنگ و ڕەنگی نەبوو بریتیبوون لەو هوتێل نشینانەی کە بە گوتەی خۆیان پەیەدە ڕێگەی پێ نەدەدان تاکو شەڕی داعش بکەن .ئەی خۆ لە باشووری کوردستاندا هیچ کەسێک ڕێگەی لێ نەگرتن، چما خێر بوو نە دەنگتان بیسترا و نە ڕەنگتان بینرا ؟

ئەی ئەو ئۆردوگانشینانەی کە ساڵەهای ساڵە پاراستنی ئەزمونی باشووری کوردستانیان کردۆتە بیانو بۆ پاڵدانەوەیان لە ئۆردوگاکان و فەرامۆشکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕەحمەتی پەتی سێدارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆچ دەنگیان نەبوو ؟ ئایا ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش نەدەکەوتە چوارچێوەی پاراستنی ئەزمونی باشوورەوە ؟

عوزری لە قەباعەت خراپتر:-

هەڵبەت ئۆردوگانشینان ئەزمونی باشیان هەیە لە درۆکردن و چەواشەکاریدا ، ئەم جارەشیان کورتیان نەهێنا لە درۆ هۆنینەوەدا ، هەموو درۆکردنەکەشیان ئەوە بوو کە ئەوان ئامادەبوون بچن ئەزمونە ساواکەی باشووری کوردستان بپارێزن بەڵام ڕێگەیان پێ نەدراوە و گەڕێندراونەتەوە ئۆردوگاکان کەچی ڕێگە لە پەکەکە و پژاک نەگیراوە !!! لە ڕستیدا ئەم بیانو هێنانەوەیەیان "عوزرێکی زۆر لە قەباعەت خراپترە" .هەرچەندە هیچ لایەنێک ئەم درۆیەی ئۆردوگانشینانی پشت ڕاست نەکردەوە .بەڵام یەک ڕاستی هەیە و نابێت هیچ کەسێک خۆی لێ لابدات، ئەویش ئەوەیە کە پاراستنی گەل و وڵات پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن لە هیچ لایەنێک نییە ، ئەگەر بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن بێت ئیتر دەبێت ئیرادە و سەربەخۆیی ئەو لایەنە لە چ جێگەیەکدا بێت ! ؟

خۆ ئەگەر ئەم گوتەیەی ئۆردوگانشینان ڕاست بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆیلەبوونی ئەو لایەنە ئۆردوگانشینانە و نەبوونی بڕیاری سەربەخۆ تیایاندا کە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت نەتوانن هەتا پەنجە بۆ دەمیشیان بەرن .

هەرچەندە ئەم گوتەیەی ئۆردوگانشینان تەنها بیانو هێنانەوەیە بۆ چەواشەکردنی ئەو گێلە پیاوانەی کە لە ئۆردوگاکاندا فریو دراون ، بەڵام ئەگەر ڕاست بوویایە ئەوا بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕایەوە تاکو ئۆردوگانشینان وەک ژمارەیەک لە کەسە تەوەزەل و دەم پیسەکان بپارێزرێن بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان ناسنامەکانی شۆڕشگێڕێتی و جاشایەتی بە بەری خەڵکیدا بدروون .

خۆ دەرخستن دوای ڕووداوەکان:-

من لەو باوەڕەدام ئەگەر لە دەوروبەری مەخمور هێزی گەریلای پەکەکە ڕووبەڕووی چەتەکانی داعش نەبوویایەوە ئەوا شاری هەولێرش داگیر دەکرا و ئاوارەیی و زیندەبەچاڵیش زۆر زیاتر دەبوو ، لە هەمان کاتدا ئەگەر هێرشی فڕۆکە جەنگێکانی ئەمریکا نەبوویایە ئەوا هیچ بە دووری نازانم کە چەتەکانی داعش لانی کەم تا شاری دهۆکیش پێشڕەوییان دەکرد .بەڵام بەرپەرچدانەوەی گەریلاکانی پەکەکە بوویە هۆی ئەوەی کە چەتەکانی داعش لە مەخمور و گوێریش دەربکرێن ، لە هەمان کاتدا هێرشی فڕۆکە جەنگێکانی ئەمریکاش بوویە هۆی ئەوەی کە چەتەکانی داعش لە چەندین ناوچە پاشەکشە بکەن وەک لە ناوچەی تلکێف و دەوروبەری .

بەڵام سەرسوڕمان ئەوەیە کە پێش ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دەست پێ بکات، بەرپرسانێک هەبوون لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە دەردەکەوتن و ڕایان دەگەیاند (چەکی دەستی پێشمەرگە بەراورد ناکرێت بە چەکی دەستی داعش) ، خۆ ئەگەر مەبەست تەنها چەک بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە چەکی دەستی کوردانی ڕۆژاواوی کوردستان و گەریلاکانی پەکەکەش هیچ کاتێک بەراورد ناکرێت بە چەکی دەستی هێزەکانی باشوور .ئەی چۆنە کوردانی ڕۆژاوای کوردستان ساڵانیان دەربازکرد لە خۆپاراستن و تێکشکاندنی چەتەکانی داعش بەو ئیمکانیاتە کەمەوە بەڵام ئێوەیەک بەم هەموو چەک و تفاقەوە نەتانتوانی تەنها ڕۆژێک بەرگری بکەن و هۆکارەکەشیتان گێڕایەوە بۆ کەمی چەک ؟

بەڵام دوای هێرشی فڕۆکە جەنگێکانی ئەمریکا و پاشەکشەی چەتەکانی داعش هەر خودی ئەو بەرپرسانە چەندین وێنەی نایابی خۆیان بڵاوکردەوە کە گوایا لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا شوێنیان گرتووە .ئەم وێنانەی خوارەوە ڕاستی ڕووداوەکان دەردەخات :-

1-  ئەم وێنەیە هی کاک هوشیار زێبارییە کە لەسەر فەڕشی کاشان مشتی گرتووە .من خودی خۆم هیچ کاتێک باوەڕ ناکەم بەرەی شەڕ بەو شێوەیە بێت کە لەسەر فەڕشی کاشانەوە بەرپەرچی دوژمن بدرێتەوە .

 

2-  ئەم وێنەیەی خوارەوەش هی شۆڕشگێڕێکی ڕۆژاوای کوردستانە کە سەنگەری لە چەتەکانی داعش گرتووە .وێنەکە و سەنگەرەکە هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە ئەم شەرڤانە زۆر بە پەرۆشەوە لە هەوڵی پاراستنی گەل و بە دەستهێنانی ئازادیدایە .

 

3-  ئەم وێنەیەی دیکەش هی چەند دایکێکی هەرێمی کۆبانێیە کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریکردندان و هەرێمەکانی خۆیان دەپارێزن تاکو نەبنە کۆیلەی دەستی چەتە دڕندەکانی داعش .

 

تێبینییەکی زۆر کورت :-

ماوەیەک بەر لە هێرشەکانی سەر باشووری کوردستان، کۆمەڵێک گوتەی سەرسوڕهێنەر کەوتنە ناو بازاڕەوە وەک ( لەمەو دوا هەڵوێستمان دەبێت ، دەوڵەتی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین ، مادەی 140 جێبەجێ کرا ، دەبێت بە زوترین کات ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت ) .هەڵبەت هەر ئەو کات من هیچ بڕوایەکم بەو گوتانە نەبوو و دەشمزانی تەنها بۆ فریودانی گێلە کەسەکان و بازاڕگەرمی سیاسیە ، چونکە زۆر باش لە پێش چاومدا بوو کە دەسەڵاتدارانی باشوور نەک هەر نەیانتوانیبو خۆیان لە کۆیلەیەتی تورکیا و ئێران ڕزگار بکەن بەڵکو ئەو دوو داگیرکەرەیان کردبوویە بڕیاردەری کۆتایش ، لە هەمان کاتدا ئیدارە شپرزەکەی باشووریشم لە بەر چاواندا بوو کە خاوەنی هێزێکی یەکگرتو نین و گەندەڵی و مشەخۆریش بە هەموو جومگەکاندا ڕۆچووبوو ، ئیتر دەسەڵاتێک کە ئەوە حاڵی بێت ئەوا هیچ کاتێک ناتوانێت ئەو گوتانە جێبەجێ بکات .

سەرسوڕمان ئەوە بوو کە ئۆردوگانشینان هێندە خۆش باوەڕبوون بەم گوتانە کە هەر بەرپرسەیان و تورەکەیەکی هەڵدروبوو تاکو بۆی پڕ بکرێت ، لێ مخابن نەک هەر تورەکەکەیان پڕ نەبوو بەڵکو هێندەی نەمابوو کە بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعشەوە ئەو کەمە جیڕەیەشیان نەمێنێت کە خۆیانی پێ دەژێنن .کورد دەڵێت ( شەڕکەر وازی هێناوە و ناوبژیوان بۆ دار دەگەڕێت ) ئەم گوتەیە کوتومت لەسەر ئۆردوگانشینان و بە تایبەت لەسەر بەرپرسانی حیزبی دیموکرات جێبەجێ دەبوو ، چونکە ئەوانەی باسیان لە دەوڵەتی کوردی دەکرد نەیان دەزانی چۆن لەو فەرمایشتەیان پاشگەز ببنەوە کەچی بەرپرسانی حیزبی دیموکرات هەر یەکە و لە ئاوازێک دەیخوێند .

 

 

 

 

 

 

دوو لێدوان سەرنجی منی زۆر ڕاکێشا ، لێدوانێکیان هی تاڵەبانی و ئەوی دیکەشیان هی بارزانی بوو .هەرچی گوتەکەی تاڵەبانییە لە دوای سەردانیکردنێک بۆ تورکیا هات ، کاتێک پرسیاری دەوڵەتی کوردیان لێکرد تەنها بە دوو وشە وەڵامی دانەوە و گوتی "خەونێکی خۆش " .ئەو کات زۆر کەس بابەتیان لەسە ئەم گوتەیە نوسی و تەنانەت زۆر کەس تاڵەبانیان وەک کەسێکی دژە دەوڵەتی کوردی پێناسە کرد ، بەڵام من هیچ لێدوانێکم لەو بارەیەوە نەدا، نەک لەبەرئەوەی لێدوانەکەی تاڵەبانیم لەلا پەسەند بێت بەڵکو لەو ڕوانگەیەوە هیچم نەوت توانای بەڕێوەبەرانی باشووری کورستانم باش لەبەر چاو بوو .دەمزانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە تەنها ناوێکی زلە دەنا وەک ناوەڕۆک هێجگار پوچەڵ بوو، یان باشتر بڵێم بەڕێوەبەرایەتیەک بوو کە هاوشێوەی ئەو دەهۆڵە وابوو کە لە دوورەوە هەست بە خۆشی دەنگی دەکرا .چونکە هەم بەڕێوەبەرایەتیەک نەبوو کە توانای میلەت پاراستن و تەنانەت خۆ پاراستنیش هەبێت ، هەم بەڕێوەبەرایەتیەک بوو کە تەواو هەڵوەشاو و میلیشیا بازاڕی و گرێدراو بە داگیرکەرانەوە بوو .ئەم دوو دیاردەیەش هیچ کاتێک نابێتە ئەو زەمینە سازیە کە دەوڵەتی کوردی تێدا دابمەزرێت (لەو باوەڕەدام تاڵەبانیش باش هەستی بەو دوو دیاردەیە کردبوو) .

مەبەستی ئەم بابەتە پەیوەست نییە بە دەوڵەتی کوردی و گوتەکەی تاڵەبانیەوە ، بەڵکو مەبەست لەم بابەتە ئەو گوتە هەمەڕەنگەی بارزانییە کە زۆر کەس تورەکەیان بۆ هەڵبەست و تورەکەکەشیان بە بەتاڵی مایەوە ، ئەو گوتەیەش ئەوە بوو کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر موسڵ و داگیریان کرد ، دەستبەجێ بارزانی گوتی "مادەی 140 جێبەجێ کرا" .

کاتێک بارزانی ئەم گوتەیەی درکاند، دڵی زۆر کەسی خۆش کرد بەڵام من خەمبار .ئەوانەی بەم گوتەیە دڵخۆش بوون کەسانێک بوون کە بە چاو بیردەکەنەوە و هەمیشە گوێیان بۆ بیستنی گوتەی هەمەڕەگ ڕاگرتووە، ئیتر بەبێ ئەوەی بۆ بچوکترین پێشهات مێشکیان بخەنە کار ، زۆربەی ئەوانەی شاگەشکە ببوون بەم گوتەیە ئەو ئەفرادانەی حیزبی دیموکرات بوون کە نزیکەی 30 ساڵە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان فەرامۆش کردووە و بوونەتە موچەخۆری بارزانی و خۆیشیان نازانن بە چیەوە خەریکن .

خەمباری من لەوەوە دەهات کە دەمبینی کەسانێک فریوی ئەم گوتەیەیان خوردووە کە سەردەمانێک چارەنووسی بەشێک لە میلەتی کوردیان لەژێر دەستدا بوو ، چونکە من بە بیستنی ئەو گوتەیەی بارزانی، سوڵتان هاشم و نزار خەزرەجیم بیر کەوتەوە کە ئەم دوو کەسە لە دوای عەلی کیمیایی و سەدام حسێنەوە دەهاتن لە زیندە بە چاڵکردنی کوردان و ئەنفالی بەد ناودا .کاتێک هەوڵی بە دادگایی گەیاندنی هەردوو تاوانبار سوڵتان هاشم و نزار خەزرەجی درا، سەرانی باشووری کوردستان بوونە پارێزەریان و لە هەموو سزادانێک پاراستیانن ، بیانوەکەشیان ئەوە بوو کە گوایە سوڵتان هاشم و نزار خەزرەجی پەیوەندیان بە سەرانی باشووری کوردستانەوە هەبووە .هەڵبەت ئەو گوتەیەشیان ڕاستبوو کە پەیوەندی هەبوو بەڵام نەک پەیوەندیەک کە ئەو دوو تاوانبارە هاوکاری کورد بووبێتن بەڵکو پەیوەندییەک کە سەرانی کورد گرێدراوی ئەو دوو تاوانبارە بوون و گەورەترین زەمینەشیان ساز کردبوو بۆ جینۆسایدکردنی نەتەوەی کورد .

بە بیستنی گوتەکەی بارزانی کاتێک گوتی "مادەی 140 جێبەجێ کرا" یەکسەر خەیاڵم بۆ ئەوە چوو کە جێبەجێکردنەکە بەو شێوەیە دەبێت کە بەعسیەکان نەخشەیان بۆ کێشاوە ، ئەو نەخشەیەش هەمان حوکمە زاتیەکەی سەدام حسێنە کە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکی دەگرتەوە .یەکسەر خەیاڵم بۆ ئەوە چوو کە نیازی بارزانی لەم گوتەیە وازهێنان و فرۆشتنی ناوچە داگیرکراو و دابڕاوەکانی کوردستانە .

کات هات و چوو ئەم ڕاستیە سەلما .ئەویش ڕادەستکردنی هەموو ناوچە دابڕاوەکانی هەردوو پارێزگای نەینەوا و هەولێر بوو بە چەتەکانی داعش .دەنا ئەگەر ڕادەستکردنی ئەو ناوچانە نەبێت ئەی دەبێت چ ناوێک لەوە بنرێت کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی زۆر کەمدا هەر لە شەنگالەوە تا تلکێف ، هەر لە زومارەوە تا مەخموور بە دەیان شار و شارۆچکە و سەدان و بگرە هەزاران گوندەوە بۆ کۆمەڵە چەتەیەک چۆڵ بکرێت بەبێ ئەوەی بچوکترین بەرگری لە هیچ جێگەیەک بکرێت و تەنانەت بەبێ ئەوەی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق تەنها گولەیەکیشیان بە ڕووی چەتەکانی داعشدا تەقاندبێت ، تۆ بڵێی تەقەنەکردن بە ڕووی چەتەکانی داعشدا سەرچاوەی لەو حیکمەتەی بارزانیەوە وەرگرتبێت کە دەیگوت "باوی چەک نەماوە" !! ؟؟ .داگیرکردنی هەموو ڕۆژاوای ڕووباری دیجلە هەر لە زومارەوە تا شەنگال (کە ڕووبەرەکەی لە ڕووبەری پارێزگای دهۆک زیاترە) تەنها 19 پێشمەرگە شەهید دەبن کە هەر نۆزدەکەش پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کاردستان بوون و لە ناوچەی زومار گەمارۆ درابوون .

سەرسوڕمان ئەوەیە کە لەم کاتەدا هەموو هەڵوێست وەرگرتنەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئەوەیە کە چەکی قورسیان بە دەست دەگات !!! ئاخر ئێوە بەو هەموو چەکەی لە بەر دەستتاندا بوو نەتانتوانی تەنها سەعاتێک بەرگری بکەن و تەنانەت یەک گولەشتان بەڕووی چەتەکانی داعشدا نەتەقاند ئیتر دەبێت چ سودێک لە چەکی دیکە وەربگرن کە هەم تەقەی پێ نەکەن و هەم ئەوەش ورەی هێزەکەتان بێت ؟ ئاخر ئەگەر تۆ تەقە نەکەیت، ئیتر چەکت بۆ چییە ؟ خۆ بەم حاڵەی ئێستاتانەوە، ئەگەر چەکی دنیاشتان هەبێت هەر گورگان خوارد دەبن !!!

کەپکی حەمەد ئاغا و کڵاوقاسم، دوو گرد یان باشتر بڵێم دوو شاخی وشکەڵانی و بێ ئاوەدانین و دەکەونە پارێزگای هەولێر .پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بە ساڵان دژ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئەو دوو شاخە شەڕی بەرپا کرد و بە هەزاران کەسیشی تێدا بە کوشتدا ، بەڵام ڕووبەرێکی بەرفەرەوان لە باشووری کوردستان بە خاک و دانیشتوانەکەیەوە ڕادەستی دوژمن دەکات بەبێ ئەوەی تەنها یەک گولەی تێدا بتەقێنێت ، دەبێت ئەمە چ حیکمەتێکی تێدا بێت ئەگەر جێبەجێ کردنی مادەی 140 نەبێت بە ڕووە پێچەوانەکەیدا ؟ ئاخر سەرنجی ئەوە دراوە ئەو ناوچانەی ڕادەستی چەتەکانی داعش کراوە لە هەرسێ وڵاتی "قەتەر و بەحرەین و جیبۆتی بەسەر یەکەوە" گەورەترە ؟ ئایا گرنگی ئەو هەموو ناوچانە لە گرنگی کەپکی حەمەد ئاغا و کڵاوقاسم کەمتر بوو کە ئاوها بەبێ تەقە ڕادەستی دوژمنتان کرد و لەسەر ئەو دوو چیایەش هەزاران کەستان کوشت و هەزارانی دیکەشتان بە کوشتدا ؟ ئەرێ دەبێت دار و بەردی چیا وشکەڵانیەکانی کەپکی حەمەد ئاغا و کڵاوقاسم لە خوێنی زیاتر لە یەک ملیۆن کوردی ناوچەکانی (شەنگال و سنون و کەسک و ڕەبیعە و زومار و عەینزالە و تلکێف و بەعشیقە و بەهزانی و بەرتەڵە و حەمدانیە و خازر و وانک و مەخمور و گوێر و مەلاقەرە و هەزاران گوندی دەوروبەریان ) بە بەهاتر و خۆشەویستتر بێت کە ئاوها ئەو هەموو خەڵکەتان بە مەرگ سپارد و لەسەر دار و بەردەکانی کەپکی حەمەد ئاغا و کڵاوقاسمیش هەزاران کوردتان قەتڵوعام کرد ؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە و هەزاران تاوانی دژە مرۆڤانە کە لەو ناوچانەدا ڕوویداوە بۆ بەرپرسانی سەرەکی ئەو ڕووداوانە بەجێ دەهێڵم .

 

 

 

 

 

 

هێرشی چەتەکانی داعش هەر بە ڕۆژاوای کوردستان کۆتایی نەهات ، بەڵکو ناوچە عەرەبیە سونەنشین و بەشێک لە باشووری کوردستانیشی گرتەوە .ئەگەر بمانەوێت مەبەست لەم هێرشەی داعش و ئەو دەستانەی لە پشتیەوەیەتی بزانین ئەوا دەبێت هەم ڕووداوە کورتماوەکانی پێش هێرشەکە و هەم کاتی دەستپێکردنی هێرشەکەش تاکو ئیمڕۆ هەڵسەنگێنین .

1-  خەندەک کۆڵینی بارزانی لە نێوان باشوور و ڕۆژاوادا کە بە خەندەکی خیانەت ناسراوە ، لە هەمان کاتدا هیچ تەدابیر وەرنەگرتنێک لە نێوان دوو پارێزگای نەینەوا و دهۆکدا کە سنوورێکی بەرفرەوانی هاوبەشیان هەیە .

2-  تەقاندنەوەی چەندین بارەگای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خورماتوو و خانەقین و کەرکوک و ڕوونەدانی هیچ ڕووداوێکی هاوشێوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی‌ .

3-  لە کاتی داگیرکردنی شاری موسڵدا هێزەکانی داعش ڕایانگەیاند کە کاریان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە تەنها ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی گرتەوە ، دەنا وەکو دی مەزنترین هێرشیان کردە سەر هێزەکانی یەکێتی لە جەلەولا و سڵێمان بەگ و قەرەتەپە و ڕەشاد و سەعدیە .

4-  بەر لە هێرشەکانی داعش ، زیاتر لە 6000 زیندانیکراو کە زۆربەیان تیرۆریست و بەرپرسەکانی القاعیدە بوون لە زیندانەکانی بەغدا و باشووری عێراقەوە گوێزرانەوە بۆ زیندانی بادوش و سێ زیندانی دیکە لە نێو شاری موسڵ .

5-  ئەگەرچی لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی داعشدا زۆربەی شاری موسڵ داگیرکرا ، بەڵام کاربەدەستانی عێراق هیچ هەوڵێکیان نەدا بۆ خاڵی کردنی بانکەکانی شاری موسڵ کە نزیکەی 2 ملیارد دۆلاری تێدا بوو .

6-  بەر لە هێرشەکانی داعش ، ژمارەیەکی بێ شومار چەکی گران و سوک لە شاری موسڵدا کەڵەکە کران ، بەڵام هەموو ئەو چەکانە بەبێ ئەوەی تەنها یەک تەقەیان پێ بکرێت ڕادەستی هێزەکانی داعش کران .

7-  کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک لە قونسڵیەکەیاندا مانەوە و بە تەواوی پاسەوانەکانی قونسڵیەکەشیان ڕاگەیاند کە چیدیکە پێویستیان بە پاسەوان نییە و ژیانیان ئارامە .

8-  لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەبێ هیچ بەرگریکردنێک زۆربەی ناوچە عەرەبیە سونەنشینەکانی دیکە ڕادەستی داعش کران ، کە بەر لە هاتنی داعش خۆپیشاندانێکی هێمنانە لەو ناوچانەدا بەڕێوە دەبرا و یەک ساڵیش درێژەی کێشابوو .

9-  مەرجەعی شیعەکان و تەواوی کەسایەتیە ئاینیەکانی دیکەی شیعە فتوای جیهادیان دەرکرد دژ بە داعش .

10-       تەواوی حیزبە شیعەکانی دیکە کە بەر لە هێرشەکانی داعش دژ بە نوری مالکی لێدوانیان دەدا ، بەڵام بە دەستپێکردنی هێرشەکان سەرجەمیان چوونە پاڵ مالکی و تەنانەت بانگەوازی کرا کە سوپا هەڵوەشاوەکەی مەهدییش دابمەزرێتەوە .

بە سەرنجدان لەم خاڵانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دەستێکی زۆر شارەزا لە پشت هێزەکانی داعشەوە هەیە و بارزانیش لە نێو ئەو گەمە ژەهراویەدا جێگە دەگرێت ، کە بە باوەڕی من ئەو دەستە شارەزایەش تەنها و تەنها کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، ئەگەرچی نکۆڵی لە هاوکاریەکانی دەوڵەتی تورکیش ناکرێت بۆ داعش و تەنانەت لەو پیلانەشدا .

لە سێ ساڵی ڕابردوودا ، سەرەتا خۆپیشاندانێکی زۆر سەردەمیانە وڵاتی سوریای گرتەوە ، پاشان ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان گۆڕدرا بۆ شەڕێکی زۆر نابەجێ و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی ، ئەوەی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیشی گۆڕی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان بە گشتی و جەبهەت النوسرە بە تایبەتی بوون .ئەم شەڕە نابەجێیە بوویە هۆی ئەوەی کە هەم سوپاکەی ئەسەد پاک ببێتەوە لەو جۆرە کەسانەی کە دژ بە ئەسەد بوون و هەم بوویە هۆی ئەوەی کە لە ڕێگەی ئەو شەڕەوە خۆپیشاندانەکانیش سەرکوت بکرێت و هەم بوویە هۆی ئەوەی کە تەواوی عەلەوی و تەنانەت دورزی و مەسیحیەکانیش خۆیان بدەنە پاڵ ئەسەد .

عێراقیش ڕەوشێکی هاوشێوەی سوریای هەیە و تەنانەت سوریا بۆتە باشترین ئەزمونیش بۆ مالکی و ئێران کە بە بیانووی شەڕ لە دژی تیرۆریستان ، هەم سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ئەنبار و تەنانەت سونەکانیش بکەن و هەم سوپاکەشیان پاک بکەنەوە لەو تێکەڵیە میلیشیاییەی ڕابردوو و هەم ماڵی شیعەشی پێ یەک بخەنەوە .

بە گرتنی ناوچە سونەنشینەکان ، تەواوی سەربازە سونەکان لە سوپادا خۆیاندا بەدەستەوە ، لە بەرامبەردا بە فەتوای سەید عەلی سیستانی ژمارەیەکی بێ شوماری شیعەکان چوونە ناو سوپاوە و جێگەی سەربازە سونەکانیان پڕ کردەوە بە زیادەوە .لە هەمان کاتدا تەواوی حیزبە شیعەکانیش چوونە پاڵ حیزبەکەی نوری مالکی و پێدەچێت لە داهاتوودا نوری مالکی هیچ پێویستییەکی بە سونەی عەرەب و تەنانەت کوردیش نەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نوێ .

ئاشکرایە کە هێزێکی وەک داعش هیچ کاتێک نەی دەتوانی تەنها شارێکی وەک موسڵیش کۆنترۆڵ بکات چ جای ئەوەی بگات بە هەموو ناوچە سونەنشینەکانی عەرەب ، لەبەرئەوە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکە (تا گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی کە کۆنترۆڵکردنی هەموو عێراقە لەلایەن مالکی و شیعەکانەوە) دەبوو هەندێک لە هێزەکانی داعش زیاد بکەن لە ڕێگەی ڕادەستکردنی زیندانیە تیرۆریستەکان و پڕچەک کردن و خستنە دەستی هەندێک پارە و داهاتیش .

ئەوەی پەیوەستیشە بە تورکیاوە زیاتر شێواندنی ناوچەکەیە ، چونکە لە مێژە دروشمێکی زۆر گڵاو کەوتۆتە سەر زاری تورکەکان کە دەڵێن (ئەوەی دوژمنی دراوسێکانم بێت دۆستمانە) ، لەبەرئەوە هیچ سڵ ناکەنەوە لەوەی کە چ کارەساتێک ڕوودەدات لە عێراق و سوریا و تەنانەت تەواوی ناوچەکەشدا .هەر بۆیەش لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا هیچ درێغیان نەکردووە لە هاوکاریکردنی داعش و هێزە ئیسلامیە تیرۆریستەکانی دیکە لە هەموو ڕوویەکەوە ، هێشتنەوەی کارمەندانی قونسوڵیەکەشیان تەنها بۆ شوێن بزرکردنی ڕووداوە نەخوازراوەکان و شاردنەوەی پەیوەندیەکانیانە بە داعش و هێزە ئیسلامیەکانی دیکەوە .

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجدانە ، بریتییە لەو گەمە ترسناکەی کە بارزانی دەستی داوەتێ ، کە ئەم گەمە ترسناکە هیچ لە گەمەی ساڵی 1975 و جاڕدانی ئاشبەتاڵ کەمتر نییە ، چونکە دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ داعشدا نابێت هێندە بە ئاسانی چاوی لێ بکرێت ، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ڕابردووشدا هەمان گەمەی ترسناکی کرد لە ڕێگەی قاچاخچێتی کردن بە جولەکەکانی عێراقەوە ، کە ئەنجامی ئەو قاچاخچێتی کردنە ئەوە بوو کە لە لایەن کۆمەڵگای جولەکەوە هەموو کوردیان بە مافیا پێناسە دەکرد و لە لایەن جیهانی عەرەبیشەوە نازناوی نۆکەر و هاوکارانی ئیسرائیل بەسەر کورداندا دابڕا .

هیچ گومانم لەوە نییە کە هێرشی داعشەکان شانۆگەریەکی زۆر بێ سودە و ئەنجامەکەی بە تێکشکاندنی داعش و سەرکوتکردنی سونەکان کۆتایی دێت ، بەڵام دەستێکەڵاوی بارزانی لەگەڵ داعش‌دا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەم سونە ئۆباڵی سەرکوتکردنەکەیان بخەنە ئەسۆی کوردان و هەم شیعەکانیش وەک هاوکارێکی تیرۆریستان لە کوردان بڕوانن .

پێ دەچێت بارزانی بیری لە ئاشبەتاڵێکی دیکە کردبێتەوە و بڵێت چۆن لە ئاشبەتاڵی 1975دا ئێمە خۆمان دەرباز کرد و خاکەساریەکەش بۆ کوردان مایەوە بەهۆی ئەنفال و کیمیابارانەوە ، ئەوا ئەم جارەش خۆمان دەرباز دەکەین و کەرەج و تاران دەگۆڕینەوە بە ئەستەمبوڵ ئەنقەرە و چیش بەسەر کورداندا دێت "خەرمان بەرەکەت" .

لێرەدا ئەوەی ئەرکی گەورەی دەکەوێتە سەر شان بریتییە لە هێزەکانی دیکە ، بە تایبەت پەکەکە و پەیەدە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پژاک و بزوتنەوەی گۆڕان کە نەهێڵن کوردان بکەونە زەلکاوی بارزانیەوە و ببن بە بەشێک لەو شەڕە کۆنەپەرستانەیەی نێوان شیعە و سونە .

 

 

 

 

 

 

من هیچ کاتێک گومانم لەو لێدوانانە نییە کە بە بەڵگەوە دەوترێت ، ئیتر ئەو کەسەی کە لێدوانەکە دەدات گرنگ نییە شۆڕشگڕ بێت یاخود خیانەتکار ، بۆ نموونە عیسا پژمان کوردێکی خیانەتکار و بەرپرسی دەزگای ساوک بووە و ئێستاش لە ژیاندا ماوە ، ئەم کەسایەتیە لە کتێبێکدا بە ناوی "خۆم شۆڕشم هەڵگیرساند و خۆشم تێکمدا" زۆر بە وردی باس لە گرێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق دەکات بە ڕژێمی شاوە و بە تایبەتیش دەزگا هەواڵگریەکەی بە ناوی "ساواک" .

کاتێک من لە نوسراوێکدا باسی ئەو پەیوەندیانەم کرد و وەک نموونەیەکیش باسی عیسا پژمانم هێنایە ناو بابەتەکەوە ، کەچی بە داخەوە لەلایەن بەرپرسانی حیزبی دیموکراتەوە هێندە لێدوانی بازاڕیانەم ئاڕاستە کرا کە باوەڕ نەکەم ئەو جۆرە لێدوانانە لەبەردەم سینەماکانی سلێمانیشدا بەکار هێنرابێت ، هەموو بیانوەکەشیان ئەوە بوو کە نابێت بڕوا بە نوسینەکانی عیسا پژمان بکرێت لەبەرئەوەی کۆنە ساوکی بووە .ئیتر بەبێ ئەوەی ئەو بەرپرسە بەڕێزانە ئاماژەیەک بەوە بکەن کە هەموو پەیوەندیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق وداگیرکەری ئێران لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگریەکەی شا "ساواک"وە بووە کە عیسا پژمان سەرۆکایەتی دەکرد .

سێ ساڵ بەر لە ئێستاش موحسینی ڕەزایی "یەک لە بەرپرسەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران" لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ئاگاداری هەموو ئەو جموجوڵانەن کە لە کەمپەکانی کۆیە و زڕگوێز ڕوو دەدات و تەنانەت ئاگادارن کە ژەمی خواردنەکانیش چ شتێک دەخورێت لە کەمپەکان و بە تایبەتیش لە ئۆردوگای کۆیە .

کەچی کاتێک من لە نوسراوێکی دیکەدا باسی گوتەکانی موحسینی ڕەزایم کرد بە هەمان شێوەی ڕابردوو کەوتمە بەر ڕەخنەی توندی بەرپرسەکانی حیزبی دیموکرات بە بیانووی ئەوەی کە گوتەی مۆرەیەکی کۆماری ئیسلامیم بە نموونە هێناوەتەوە و مۆرەکانی کۆماری ئیسلامیش جێگەی باوەڕ نین .

بەڵام ئێستا لە زاری بەرپرسی یەکەمی حیزبی دیموکرات "کاک مستەفای هیجری"یەوە ڕاستیەکان وەک خۆی باس دەکرێت ، ئیتر نازانم ئایا ئەم جارەیان بەرپرسانی حیزبی دیموکرات چ بیانوویەک دێننەوە بۆ جنێوبارانم ، چونکە باوەڕ ناکەم بتوانن نکۆڵی لە گوتەکانی بەرپرسی یەکەمی حیزبەکەیان بکەن کە دەڵێت (بەرپرسەکانی حیزبی دیموکرات بەبێ هیچ گرفتێک و لە ڕێگەی ئازادەوە سەردانی ئێران دەکەنەوە) بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

https://www.youtube.com/watch?v=ssJW3HABGd4

هەڵبەت بەلای کاک مستەفاوە گرنگ نییە ئەگەر بەرپرسەکانی حیزبی دیموکرات بە شاراوەیی سەردانی ئێران بکەنەوە بەڵام تەنها نابێت لە ڕێگەی ئازادەوە سەردان بکەنەوە کە بۆ ئەم داواکاریەشی عوزرێکی لە قەباعەت خراپتری هێناوەتەوە کە گوایا کۆماری ئیسلامی سود لەو ئازاد سەردانیکردنانە وەردەگرێت و وەک چەکی دیموکراتی بە وڵاتانی دەفرۆشێتەوە .ئیتر بەبێ ئەوەی کاک مستەفا ددان بە ڕاستیەکاندا بنێت کە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی حیزبی دیموکرات کراوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە ، چونکە من وەک خودی خۆم لەو باوەڕەدام کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوورەوە کۆنترۆڵی تەواوەتی ئۆردوگانشینانی کردووە .لێرەشدا من ئاماژە بە سێ نموونە دەکەم بۆ سەلماندنی گوتەکانم :-

1-  لە کەس شاراوە نییە کە سەدان دڵسۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆر کران لە باشووری کوردستاندا و بەشێک لە تیرۆرکراوەکانیش لە نێو خودی بارەگای حیزبەکانیان و تەنانەت ئۆردوگاکانیشدا تیرۆر کران ، بەڵام ئەو بەرپرسانەی ئێستای دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان بە نوێژی نیوەڕۆ لە کوچە و کۆڵانی شارەکانی باشووری کوردستاندا زۆر بە ئازادی دێن و دەچن و خەریکی ئاڵو وێڵی ناو بازاڕەکانن بەبێ ئەوەی هیچ مەترسیەکی کۆماری ئیسلامیان لەسەر بێت ، لە کاتێکدا لە هیچ کەسێک شارەوە نییە کە مۆرە و دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا زۆر زیاتر و چالاکترن بە بەراوردکردن بە ساڵانی نەوەدەکان .

2-  لە ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی ئەوە بووین کە چەندین گەریلای پژاک شەهیدبوون لە باکووری کوردستاندا و چەندین کادری دیکەشیان لە نێوخۆی ئێراندا ئیعدام کران (وەک مامۆستا فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێکانی) ، کەچی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگەی نەدا هەتا تەرمی شەهیدەکانیش بگەڕێنەوە زێدی خۆیان کە بە دەستی دەوڵەتێکی دیکەش"تورکیا" شەهید کرابوون و تەنانەت تاکو ئێستا تەرمی ئیعدامکراوەکانیشی ڕادەستی خانەوادەکانیان نەکردۆتەوە لەبەرئەوەی کە پژاکی بوون .بەڵام سەرسوڕمان ئەوەیە کە نەک تەنها کادری حیزبی دیموکرات بەڵکو بەرپرسەکانیشیان بە ئازادی سەردانی ئێران دەکەنەوە و کەسیش پێیان ناڵێت لە پشت چاوتانەوە دوو برۆ هەیە .

3-  لە ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی چەندین شەڕ و تێکهەڵچوون بووین لە نێوان گەریلاکانی پژاک و کۆماری ئیسلامیدا ، کەچی ڕێک لە کاتی شەڕەکاندا حیزبە ئۆردوگانشینەکان زۆر بێ شەرمانە دەبوونە زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی و هەڵدەستان بە مەحکومکردنی پژاک و تەنانەت ئەگەر پاسدارێک بکوژرایە ئەوا لەلایەن ئۆردوگانشینەکانەوە وەک پۆلیسی هاتوچۆ و بێ تاوان باس دەکرا و لە بەرامبەریشدا شەهیدەکانی پژاکیان وەک موادفرۆش و مرۆڤکوژ پێناسە دەکرد .

بە سەرنجدان لەم سێ خاڵەی سەرەوە زۆر ڕاستی دەردەکەوێت (کە کاک مستەفاش نەیتوانیووە خۆی لەو ڕاستیانە لابدات) ، ئەو ڕاستیانەش بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی حیزبی دیموکرات و کڕینی بەرپرسەکانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە .دەنا دەبێت چ گێلە کەسانێک بڕوا بەو گوتانەی ئۆردوگانشینان بکات کە هەمیشە پژاکیان وەک عاملی کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکرد و خۆشیان وەک شۆڕشگێڕ ، لە کاتێکدا کە ڕێگە نادرێت تەرمی شەهیدانی پژاک بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بەڵام بەرپرسە ئۆردوگانشینەکان بە زیندویش لە گەشتی ئازادانەدان بۆ ئێران !!!

دەبێت چ کەسانێک هەبێت و سەرنج نەداتە ئەوەی کە بۆچی لە باشووردا پێشمەرگەهایەکی ئەو حیزبانە تیرۆر دەکران کە هێشتا چەند حەفتەیەک بەسەر پێشمەرگەبوونیدا دەرباز نەببوو بەڵام ئەم بەرپرسانەی ئێستایان کە سەرتاپای ژیانیان بەرپرسیارێتی بووە کەچی هێندەش ئازادانە دێن و دەچن و تەنانەت سەردانی ئێرانیش دەکەنەوە !!!

هەڵبەت ئەو لێدوانانەی ئۆردوگانشینان لەسەر پژاک نامۆ نییە ، چونکە لە ڕابردووشدا زۆر گوتەی هاوشێوەمان لە کەسانی وەک کەمال بورقای دەبیست کە دەربارەی پەکەکە دەیکرد و هەمیشە پەکەکەی وەک دروستکراوی دەوڵەتی تورک پێناسە دەکرد ، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا پەکەکە بوویە جێگە بڕوای گەل و کەمال بورقایش گەڕایەوە باوەشی دەوڵەتی تورک و لە یەکەم لێدوانیشیدا گوتی (من هیچ کاتێک دژ بە دەوڵەتی تورک نەبووم و هەمیشەش لە خزمەتی تورکیادا بووم) .

هێشتا کاتمان لە پێشە تاکو بزانین کە دواڕۆژی ئەو ئۆردوگانشینانە بە کوێ دەگات کە فرمێسکیان بۆ پاسدارە کوژراوەکانی کۆماری ئیسلامی دەڕشت و شەهیدەکانی پژاکیشیان وەک مرۆڤ کوژ و موادفرۆش ناو دەبرد و بە پژاکیشیان دەوت دروستکراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، چونکە لە هەموو حاڵەتێکدا دواڕۆژیان لە دواڕۆژی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق پرشنگدارتر نابێت کە لە 31ی ئابدا دەستە شاراوەکەیان ئاشکرا بوو و ئیمڕۆش باشووری کوردستانیان کردۆتە ویلایەتێک لە ویلایەتەکانی دەوڵەتە فاشیەکەی تورک .

 

 

 

 

 

 

ئەو سیاسەتەی داگیرکەرانی کوردستان پیادەیان کردووە تەنها داگیرکراوی خاکی کوردستانی لێ نەکەوتۆتەوە ، بەڵکو شێواندنی مێژوو و تێکدانی کلتوور و فەرهەنگ و تەنانەت خۆ بە کەمزانینی تاکی کوردیشی بە دواوە بووە ، یەکێک لەو هۆکارانەش کە یارمەتیدەر بووە بۆ سەرکەوتنی سیاسەتەکانی داگیرکەران ناوچەگەرێتی و خۆ بە بەشێک زانین لە وڵاتی داگیرکەر بووە لەلایەن هەندێک حیزب و ڕێکخراوی کوردیەوە .

بەڵام کاتێک هێزێکی شۆڕشگێڕ سەر هەڵبدات و ڕاستی و چەوتیەکان وەک خۆی پێناسە بکات ئەو کات هاوکێشەکان پێچەوانە دەبنەوە ، هەم تاکی داگیرکراو خۆی لە تاکی داگیرکەر بە کەمتر نابینێت و هەم داگیرکەریش ناتوانێت بە ویستی خۆی یاری بە چارەنووس و فەرهەنگ و مێژووی گەلی داگیرکراو بکات ، نموونەی ئەمەش باکووری کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستانە .

ڕۆژگارێک هەبوو کە تاکی کورد لە باکووردا شەرمی دەکرد وەک کورد خۆی پێناسە بکات و تەنانەت بە زمانی کوردیش بدوێت و هیچ بایەخێکی ئەوتۆشیان بۆ هونەر و کلتوری نەتەوەکەیان نەبوو ، کە باشترین نموونەش هونەرمەندی شۆڕشگێڕ و یادزیندو "ئەحمەد قایا" بوو ، کە سەردەمانێکی زۆر لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە خزمەتی بە زمانی تورکی کرد .

بەڵام کاتێک شۆڕشێک سەر هەڵدەدات و بە ڕەش دەڵێت ڕەش و بە سپیش دەڵێت سپی ، ئەو کات هەم گەل زیندو دەبێتەوە و هەم هونەرمەندانیش ڕێچکەی خۆیان دەدۆزنەوە ، سەرکێشی کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ بەرپاکردنی شۆڕش و قامکدانان لەسەر زامەکان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات کە نە داگیرکەران ئەو هێزەن کە لە بن نەیەن و نە گەلی کوردیش ئەو نەتەوەیەیە کە بە ئاسانی قوت بدرێت ، بەڵکو گرفتاریەکە ئەوە بووە کە پارت و لایەنەکانی دیکە نەیان توانیبوو ڕاستیەکان وەک خۆی ببینن و خاڵە بەهێزەکانی دوژمنان و خاڵە لاوازەکانی کوردان دەستنیشان بکەن .

هەر بۆیەش بە سەرهەڵدانی پ‌ک‌ک گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی دێتە ئاراوە ، ئەو گۆڕانکاریەش چەندە کاریگەری دەکاتە سەر کوردان بەو ئەندازەیەش کاریگەری دەکاتە سەر دوژمنان و تەواوی زلهێزەکانی جیهانیش ، ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانەش هۆکارێک دەبێت کە کەسانی وەک ئەحمەد قایا بە گوتنی تەنها دوو وشە کە گوتی "من کوردم" گەورەترین گۆڕانکاری دروست بکات لە تورکیا و باکووری کوردستاندا .هەڵبەت ئەو دوو وشەیەی ئەحمەد قایا لەو کاتەدا سەرەتایەک دەبێت بۆ پساندنی هەموو کۆت و بەندەکانی سەر زمان و ناسنامەی کوردی ، پاش ئەم ڕووداوە ئەحمەد قایا وێڵی وڵاتان دەبێت بەڵام ئەو خولیایەی کە لە دوای وێڵ بوو (واتە خولیای ئازادی) ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دڵ و مێشکی ئەحمەد قایادا زیاتر دەبێت و لە دوای نەمانی ئەحمەد قایاش کاریگەریەکانی ئەو دوو وشەیە (من کوردم) زیاتر ڕەنگ دەداتەوە و دەوڵەتی تورکی بێ چارە هێشتۆتەوە .

شەهرامی نازریش یەکێکی دیکەیە لەو هونەرمەندە کوردانەی کە سەدەمانێکی زۆر بە زمانی فارسی هونەرەکانی پێشکەش دەکرد و تەنانەت زۆر کەسیش وەک کورد نەیان دەناسی ، ئەگەرچی ماوەی چەندین ساڵە لێرە و لەوێ گۆرانی کوردی دەچڕی بەڵام هێشتا تێری ئەوەی نەدەکرد کە کاریگەریە نەرێنیەکانی کلتووری داگیرکاری لەسەر خۆی نەهێڵێت کە لە ڕابردوودا خزمەتی پێکردبوو ، تا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە چڕینی گۆرانی (خۆم کرماشانی فارسی نیەزانم ، وە زوانی کوردی قەزاو وە گیانم) تەواوی کاریگەریەکانی داگیرکەرانی لەسەر هونەرەکەی سڕیەوە و تەنانەت وەک سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێش دێتە ئەژمار ، کە من لەو باوەڕەدام ئەو وەرچەرخانە هەم بێچارەبوونی کۆماری ئیسلامی بەدوادا دێت و هەم دووبارەبوونەوەی ئەو ڕۆژگارانەش دەبێت کە ئەحمەد قایا بە گوتنی دوو وشە داگیرکەری تورکی پێ لەرزاند .

کارم بەوەوە نییە کە لە داهاتوودا کاک شەهرامی نازری هەمان ڕێچکەی ئەحمەد قایا دەگرێتە بەر واتە ( ڕێچکەی شۆڕشگێڕێتی تا ماڵئاوایکردن لە ژیان) یان دەگەڕێتەوە بۆ ڕێچکە کۆنەکەی خۆی کە زیاتر خزمەتکردن بە هونەری گەلی سەردەست و داگیرکەر بووە ، بەڵام دڵنیام کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەو گۆرانییەی شەهرامی نازری سەرەتایەک دەبێت بۆ سەرهەڵدانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ، سەرهەڵدانێک کە داگیرکەری ئێرانی لەسەر ڕۆژهەڵات بخاتە دۆخی بێچارەییەوە و دووبارەبوونەوەی سەرهەڵدانە جەماوەریەکانی باکوور دەبێت لە ڕۆژهەڵات‌دا .

 

 

 

Go to top