We have 84 guests and no members online

http://www.youtube.com/watch?v=nbtWBF3EvLw

هونەری مۆسیقا و گۆرانی بەشێکی گەورەیە لە هونەری هەر گەل و نەتەوەیەک، مۆسیقا و گۆرانی، وێناکەری کولتورو، مێژوو، دونیابینی و ئاستی هۆشیاریی میللەتان و نەتەوەکانە، هەڵقوڵاوی ناخ و تایبەتمەندێتیی هەر گەل و نەتەوەیەکە.گۆرانی و مۆسیقا: زمان، مێژوو، کولتورو، فیکر و دونیابینین؛ خۆراکی ڕۆحن.ڕۆڵیان لە دروستکردن و پەروەردەکردنی تاکدا هەیە.هەر لەبەرئەوەیە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە منداڵییەوە، منداڵەکان ڕائەهێنن تا گوێ لە مۆسیقای کلاسیک بگرن.تا لەڕێگای گوێگرتن لە مۆسیقای کلاسیکەوە منداڵان گوێیان ئاشنا ببێ بە مۆسیقایەکی ڕەسەن و هاوکات ڕۆڵی لە پەروەردەکردن و دروستکردنی ئەو منداڵەدا هەبێ.ئەوەی لەناو گۆرانیدا هەیە دێتەوە ناو خەڵک و کۆمەڵگە و ئەبێ بە بەشێک لە پەروەردەو دونیابینی خەڵک، گەر گۆرانی و مۆسیقا کە خۆراکی ڕۆحن، خراپ و وێران بوون، ئیدی ئەمە بەڵگەیەکی ڕوون ئەبێ بۆ وێرانبوون و گەندەڵ بوونی پەروەردە و تەواوی کایەکانی دیکە.چونکە منداڵ پێش ئەوەی فێری خوێندنەوە و نووسین و قسەکردن بێ، لەڕێگای هەستی بیستنەوە گوێ لە مۆسیقا و گۆرانی ئەگرێ و، ئەمانە ئەبن بە بەشێک لە پەروەردە و دونیابینیی ئەو منداڵە.ئەکرێ مۆسیقا و گۆرانییەکی هێمن، منداڵێکی هێمن و لەسەرخۆ بەرهەم بهێنێ و مۆسیقایەکی خێراو نەشاز و وەرزکەریش، منداڵێکی توڕەو هەڵەشە دروست بکات.

ئێستا تێکست و مۆسیقای گۆرانیی کوردی، بەشێوەیەکی گشتی هێندە وێران بووە کە ئەگەر گوێگرێکی هۆشیار نەبین تێکستی بێ مانا و مۆسیقای هەرزان و بازاڕی هێندەی تر بەرەو بێمانایی و وێرانیمان ئەبەن.لێرەدا چەند تێکستێک بە نموونە وەرئەگرین، کە بەشێوەیەکی گشتی بێمانایی و وێرانی تێکست و مۆسیقای گۆرانییەکانی ئەمڕۆمان بۆ وێنا ئەکات.دەبینین هونەرێکی چەند پڕ لە کەموکورتی و وێران فەزای هونەریی ئێمەی کۆنترۆڵکردووە ـ تێکست ئەبێ مانای هەبێ و تەنها وشە ڕیزکردن و دەرپەڕاندنی ئەم وشانە نەبێ بێ ئەوەی مانایەک ببەخشن.

کچێک بەناوی لۆرێن بەرزنجی لە گۆرانییەکدا ئەڵێ: "بۆنی پرچت دەنگی بارانی لێ ئەهات"!.من نازانم بۆنی پرچ چۆن دەنگی بارانی لێ دێ؟ بۆنی شتێک چۆن ئەبێ دەنگی شتێکی دیکەی لێ بێت؟ بۆن و دەنگ چ ڕەبتێکیان پێکەوە هەیە؟ وەکو ئەوە وایە بڵێی: دەنگی جیڕەی دەرگاکەتان بۆنی نێرگزی بەهارانی لێ ئەهات !

ئایا تێکستی گۆرانی هەر ڕیزکردنی کۆمەڵێ وشە و ڕستەی بێمانا و دەرپەڕاندنی ئەو وشانەیە و تەواو، یان ئەبێ هۆنراوەکە ماناداربێ و پڕبێ لە دەربڕینی جوان؟ کەسێک هونەرمەند بێ، ئەبێ بزانێ چ تێکستێک هەڵئەبژێرێت و چی ئەکات بە گۆرانیی .

لوقمان سەلیم لە گۆرانییەکدا ئەڵێ: ئەوسا ژیان چەندە جوان بوو، کە خۆشەویستی ڕابەر بوو، ئایندەمان بەو جوانییەوە گوزەشت چاوەکەم بەسەرچوو.شیعرەکە هی ئیسماعیل محەمەدە و لە شیعرەکەدا ئیسماعیل ئەڵێ: ڕابردوومان بەوجوانییەوە، گوزەشت چاوەکەم بەسەرچوو.کەچی لوقمان سەلیم لەخۆیەوە وشەی ڕابردوو ئەکات بە داهاتوو، بەبێ ئەوەی بزانێت کە گۆڕینی ئەو وشەیە دەربڕینەکە بێ مانا ئەکات.کە وتت بەوجوانییەوە ڕابردوومان گوزەشت، مەبەست لەوەیە ڕابردوومان بە هەموو جوانییەکانەوە کە تێیدا بوو، تێپەڕی.بەڵام ئەگەر وشەی ڕابردوو بکەیت بە داهاتوو، هەڵە ئەبێت، چونکە ناکرێ بڵێی: داهاتوومان بەوجوانییەوە گوزەشت.بە کام جوانییەوە گوزەشت؟ نیوەدێڕەکەی پێش خۆیشی ئەڵێ: ئەوسا ژیان چەندە جوان بوو.....واتە دیسان باسی ڕابردووە، داهاتوو هێشتا نەهاتووە تا بەسەر بچێ.

گۆرانییەکی عەلی مەردان هەیە بەناوی "گوڵەباخ"دوو گەنجیش وتویانەتەوە .ئەڵێ: گوڵە باخ، گوڵە باخ، گوڵی باخی/ بێ کەیف و بۆچ بێ دەماخی!

لە نیوەدێڕی یەکەمدا وەسفی ئەکات بە گوڵی باخ، کەچی لە نیوەدێڕی دووەمدا پێی ئەڵێ "بێ کەیف و بێ دەماخ"! ئەمە وەسفکردن نییە، بەڵکو گاڵتەکردنە، ئایا هیچ کەسێک لەکاتی پێ پێداهەڵگوتندا، بە خۆشەویستەکەی ئەڵێ: بێ دەماخ؟ ئایا بێ دەماخ جنێوە یان پێداهەڵدان؟ ئایا ئەکرێ لەیەک کاتدا بەکەسێک بڵێین گوڵەباخ، هەر یەکسەر دوای ئەوەش پێی بڵێین بێ دەماخ؟ وشەی "بێ دەماخ" تەنها بۆئەوە دانراوە لەگەڵ وشەی گوڵەباخدا بێتەوەو کێش و سەروای هۆنراوەکە تێک نەچێ، ئەگەرنا ئەوە هیچ مانایەکی نییە، تەنها بۆ ڕاگرتنی کێش و سەروای شیعرەکەیە.بەڵام زەکەریا عەبدوڵا لە گۆرانییەکیدا وەسفێکی جوانی ڕەگەزی بەرامبەر ئەکات، بەبێ ئەوەی پێویست بەوە بکات بە ناچاری وشەیەکی نەشیاو بەکاربێنێ: چەندە جوانی، چەند هێمنی/ شۆخ و قەشەنگی، شەرمنی/ بۆیە خۆشەویستی منی....

لە گۆرانییەکەی زەکەریادا، کۆمەڵێک وشەی مانادار و جوان، بۆ وەسفی بەرامبەر بەکار هاتوون: "جوانی و هێمنی، قەشەنگی و شەرمنی).بەڵام لەوەی عەلی مەرداندا، کە دوو گەنجیش وتویانەتەوە: "گوڵی باخی" لەگەڵ؛ "بێ دەماخی" کە نە مانای هەیە، نە بەوجۆرەش وەسفی کەسێک ئەکرێ کە خۆشت بوێ.

هەردی سەلاح لە گۆرانییەکیدا ئەڵێ: عیشق لای من تا هەتایە/ بەسەرناچێ، دوایی نایە !

زۆرینەی هەرە زۆری تیکستی گۆرانییەکانی ئێستا یان بێمانان، یان قسەیەکی سواون و تێکستەکە نەک ماناکەی ڕات ناگرێ و سەرنجت ڕاناکێشێ، بەڵکو ئەگەر گوێگرێکی هۆشیار بیت، پێکەنینت پێی دێت.ئەگەر نا لەو دوونیوەدێڕەی گۆرانییەکەی هەردی سەلاحدا جگە لە دەربڕینی: "عیشق لای من"، ئەوانی دیکە هەموویان یەک مانایان هەیە، سەرنج بدە: "تاهەتایە، بەسەرناچێ، دوایی نایە).ئەم سێ وشەیە هەرسێکیان یەک مانایان هەیە.ئەبوو هەر یەک جار بڵێ: عیشق لای من تاهەتایە.ئیدی پێویست نەبوو بڵێ: بەسەرناچێ و دوایی نایە.چونکە ئەم دوانەش هەر هەمان مانای: "تاهەتایە"یان هەیە.پێویست ناکات سێ وشە لەسەریەک بڵێی، کە هەرسێکیان یەک مانایان هەیە.ئەمە جگە لەوەی دەربڕینەکە هیچ شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە، کە وتت عیشق، ئیدی عیشق لەگەڵ خۆیدا سیفەتی هەتاهەتایشی هەڵگرتووە، عیشق لای هەموو کەس هەتاهەتاییە، بەمەرجێ عیشق بێ، ئیدی پێیوست ناکا بڵێی: عیشق لای من هەتاهەتایە، چونکە عیشق ئەگەر عیشق بێ، لای هەموو کەس هەتاهەتاییە و، عیشق هەر خۆی بەمانای خۆشەویستییەکی هەتا هەتایی و نەمر دێت.لەو دوو نیوەدێڕە کورتەی گۆرانییەکەی هەردی سەلاحدا، سێ وشەی دووبارە هەیە، بەڵام سەرنجی تێکستی ئەم گۆرانییەی مەزهەری خالقی بدەن بزانە هیچ وشەیەکی زیادە بەدی ئەکەیت؟ :

پەپولەی ئازادی نێو، باخچەی دڵداری و، عیشق و وەفا بوین/ بەخوا زۆر حەیفە گوڵم، ئێمە، بە جارێ لە یەک جیا بوین !

 شیعری ئەم گۆرانییە کە هی عوسمان ئەحمەدییەو ئاوازی حەسەن یوسف زەمانییە، یەک وشە نادۆزیتەوە زیادە بێ، یان بێ مانا بێ.لە تەواوی تێکستەکەشدا وشەیەکی زیادە و ناپێویست نادۆزیتەوە، بەڵکو هێندە جوان و مانادارن، یەکسەر کەمەندکێشت ئەکەن و سەرنجت ڕائەکێشن و ڕۆحت تێرئاو ئەکەن.سەرنج لە تێکستی گۆرانیی بوکی ئێوارەی خالید ڕەشید بدەن، هۆنراوەکە ڕەزا حەمە نووسیویەتی.دەربڕینەکان چەند جوان و مانادارن ـ دەربڕینێکی جوان و کەم وێنە، بەبێ ئەوەی هیچ وشەیەک یان تەنانەت پیتێکیش زیادەبێ:

بەرامەی پاش بارانی کەم، لە لا ملی جوانت ئەدەم

ئەتکەم بە بوکی ئێوارە و، زەردەپەڕت لەبەر ئەکەم

 شەو جێی شیعرت بۆ ڕا ئەخەم، تریفەی مانگت پیا ئەدەم

 ئەستێرە بۆت بجریوێنێ، فریشتەی خەو بتنوێنێ

 تێکستی ئەم گۆرانییەی خالید ڕەشید، کە هەر خۆی ئاوازو مۆسیقاکەی بۆ داناوە، هێندە جوان و مانادارە، خالید رەشیدیش هێندە جوان گوتوویەتی، ناکرێ کەسێک گوێی لێ بگرێ و سەرنجی ڕانەکێشێ.بەڵام ئێستا تێکستی گۆرانی کوردیی وای لێهاتووە زۆرینەی تەنها وشە ڕیزکردنە و هیچی تر؛ پڕە لە دەربڕینی هەڵە و بێ مانا و لاواز، ئەمەش هەر بەتەنها لەگۆرانیدا وا نییە، بەڵکوو ئەمە ئەو دۆخەیە کە دونیای ڕۆشنبیری و نووسینیشی گرتووەتەوە و هەزاران نووسەر و شاعیر و ڕۆشنبیری ساختە دروست بوون.لۆکە لە گۆرانییەکدا ئەڵێ: یەک و یەک دوو ئەکا، یەک لەگەڵ دو سێ ئەکا، پێکەوە دانیشین، چاومان بۆ یەک چوار ئەکا! ئایا ئەم خانمە گۆرانی ئەڵێ، یان وانەی بیرکاری بۆ منداڵانی پۆلی یەکی بنەڕەتی شەرح ئەکات؟ لەڕاستیدا ئەم گۆرانییە تەنها یەک سوودی هەیە، ئەویش ئەوەیە مامۆستایانی قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی، ئەتوانن لە وانەی بیرکاریدا سوودی لێ وەربگرن، بۆئەوەی قوتابییەکانیان فێری کۆکردنەوەی ژمارەکان بکەن.

زۆر جار گوێت لێ ئەبێ، گۆرانیبێژێک ئەڵێ: من ئەمەوێ تێکستەکانم سادە بن، بۆیە ئەو تێکساتەنەم کردووە بە گۆرانی.بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەیان جیاوازی لە نێوان سادەیی و بێماناییدا ناکەن.ئەکرێ هۆنراوەیەک سادە بێ و مانادار و سەرنجڕاکێشیش بێ، بەڵام زۆربەی تێکستی گۆرانییەکانی ئێستا، سادە نین، بەڵکو بێمانان، بەڵام گۆرانیبێژەکە سادە و بێمانای پێ لەیەک جیا ناکرێتەوە.ئەگەرنا زۆربەی گۆرانییەکانی عەباسی کەمەندی، تێکستەکانی سادەن، بەڵام هێندە جوان و پڕ مانان، کەمەدنیش هێندە بە جوانی ئەیچڕێ، مرۆڤ سەرسام ئەکات.بەینی من و تۆ، من و تۆ نەبوو، باسی جیایی و گفتوگۆ نەبوو/ ئێستا من و تۆ، من و تۆمانە، باسی جیایی و گفتوگۆمانە."فۆلکلۆر)

 چەندە سادەیە، دووهێندەش مانادار و جوانە، لە گۆرانییەکی دیکەدا کەمەندی ئەڵێ: ئەوکاتەی کردت مەیلی جیایی/ نەتدا فرسەتی گەردن ئازایی

دەربڕینەکان سادەن، لە هەمان کاتدا قووڵ و مانادارن.سیحرێک لە تێکستەکانی عەباسی کەمەندیدا هەیە، کاتێ لەگەڵ سیحری دەنگی کەمەندیدا یەک ئەگرن، گۆرانییەکی نەمر دروست ئەکەن، گۆرانییەک ڕۆحت کەمەندکێش ئەکات بۆلای خۆی.ئەمە جگە لەوەی مۆسیقای گۆرانییەکانی کەمەندی هێندە نایابە، تەنها مۆسیقاکە بەسە بۆئەوەی ڕۆحت تێر بکات.بۆیە کەسێک گۆرانی بڵێت ئەبێ جیاوازیی بکات لە نێوان تێکستی سادە و تێکستی بێمانا، نەک هۆنراوەیەکی بێمانا و لاواز بە سادە و جوان وەسف بکات و لەگەڵ مۆسیقایەکی وەڕزکەر بیخاتە بەر گوێمان.هاوکات گوێگریش ئەبێ بە هۆشیارییەوە گوێ بگرێ.

زۆرجار گوێت لە گۆرانییەک ئەبێ کە ڕیتمی مۆسیقاکە خێرایە، بەڵام تێکستەکە خەمۆکییە، ئەمە جگە لەوەی سیناریۆکەش خێرایە.گەنجێک بە ناوی کاروان، لە گۆرانییەکیدا بەدەم دانس وسەماکردنەوە بە ڕیتمێکی خێرا و بە مۆسیقایەک کە مۆسیقای هەڵپەڕین و سەماکردنە ئەڵێ: "ئێستا دڵم تەنگە، ئەی لێو بە خەندە"؛ لە تێکستەکەدا باس لە دڵتەنگی ئەکات کەچی بە ڕیتمێکی خێرا و مۆسیقایەکی خێرا و بە دانس و سەماکردنەوە گۆرانییەکە ئەڵێ.هیچ ڕەبتێک لە نێوان تێکست و مۆسیقا و سیناریۆکەدا نییە.

کە باس لە گۆڕانکاری و چاکسازی ئەکرێت، نابێ هەر باس لە لایەنی سیاسی بکەین.میللەتێک ئەگەر مۆسیقا و گۆرانی و هونەری تێدا سەقەت و گەندەڵ بووبێ، بێگومان مرۆڤی ناهۆشیار و بێئاگاش دروست ئەکات.میللەتێک گوێ لە مۆسیقایەکی بازاڕی و تێکستی سەقەت و بێمانا بگرێ و پێداویستییە مەعنەوی و ڕۆحییەکانی خراپ و وێران بووبێ، میللەتیک گوێ لە هونەرێکی هەرزان و ئاست نزم بگرێ، بێگومان چاوەڕێی پاشەڕۆژێکی گەشی لێ ناکرێ.لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا، منداڵان ڕائەهێنن تا هەر لە منداڵییەوە گوێ لە مۆسیقای کلاسیک و نوێ بگرن، لە ماڵەوە دایکان و باوکان، لە ڕەوزە و قۆناغەکانی سەرەتای تەمەنی منداڵی، منداڵ ئاشنا ئەکەن بە مۆسیقای کلاسیک و نوێتر، تا هەر لەسەرەتاوە گوێی ئاشنابێت بە سیحر و جوانییەکانی مۆسیقا، کەچی منداڵەکانی ئێمە گۆرانیی عەزیزی وەیسی ئەڵێنەوە! منداڵێک گوێ لە عەیزی وەیسی بگرێ، بێگومان لە داهاتووشدا، چەپڵە بۆ عەزیزی وەیسی و دەستەڵاتدارانی هاوتەبیاتی وی لێدەدا.

بەرهەم خالید_ بەشی یەکەم

هەڵەی تێکستی گۆرانییەکان کە لەسەرەوە باس کراون، ئەتوانی لێرەدا گوێیان لێ بگریت:

Go to top