We have 49 guests and no members online

ئه‌مشه‌و هه‌ژانێکه‌ و له‌ شه‌وانی تر تاریکتره‌

دڵم یه‌خسیری تونده‌ ئاوازێکه‌

له‌ دواته‌پڵی مه‌رگ ترسناکتره‌

به‌م ڕه‌شبگیری هزره‌ سیامه‌ندێکم بیناییم لێڵه‌

به‌ سیپانى هه‌ڵدێری ڕۆژگاردا هه‌ڵده‌زنێم

گه‌ردوون له‌ بسکى تێکئالآوی خه‌ج ئاڵۆزتره‌

ئه‌مشه‌و ڕێچکه‌عاسێی ژین له‌ ده‌ره‌ی شێر ده‌چێ

ده‌روون له‌ بالآی زین ڕه‌شپۆشتر و

له‌ناو ده‌می تاڵکراوی کاکه‌مه‌م به‌سۆتره‌

له‌م خه‌وه‌ به‌ردینه‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ره‌ ناوه‌خته‌دا

گێتی کونه‌موغاره‌یه‌کی سه‌ره‌ڕۆیانه‌

ئافاتی ته‌مه‌ن هه‌ڵیکردووه‌ و له‌ سیراتێ تیژتره‌

ئه‌مشه‌و گه‌رده‌لوولی پێشمه‌رگ تاوی سه‌ندووه‌

گڤه‌ی دواهه‌ناسه‌ی ئه‌ڤین ڕۆژی حه‌شریه‌ و

له‌ گۆشه‌نیگای نه‌مان نزیکتره‌!

 

ئاخ ئه‌مشه‌و!

ده‌ با خه‌یاڵ هه‌ر له‌ شه‌وه‌سامۆتکه‌دا بخولێته‌وه‌

تازه‌ ئه‌م خووه‌ زه‌برئامێزه‌

ئه‌م بێ-تۆییه‌ به‌رۆک به‌رنه‌ده‌ره‌

ڕۆحێک به‌به‌ر خونچه‌یه‌کی په‌ژموورده‌ی

ئه‌م مه‌مله‌که‌ته‌ داڕووخاوه‌دا ناکاته‌وه‌

منێک که‌ عه‌یامێک بوو

عه‌شقم له‌بان تاتی پاقژی

مه‌له‌ کێوییه‌کان شووشتبوو

ئه‌وعه‌یام له‌ بێگوناهیی پێش سه‌ربڕینی

په‌له‌وه‌ره‌کان ده‌چوو

خه‌رمانێک بوو و

ڕه‌وسه‌که‌ی سه‌رچاوه‌ی بژێوی بوو

ئاوازێک بوو و

سه‌دای جێژوانی مه‌له‌کانی هه‌ڵگرتبوو

 

ده‌ با ئه‌مشه‌و

هه‌ر خولیای تاریکیی قه‌ده‌ر ببمه‌وه‌

نه‌باده‌ سپێده‌م زوو لێ ده‌رکه‌وێ و

دیسان ڕۆشناییت لێم زویر بێ

ده‌ با ئه‌مشه‌و لێره‌ میوان بم

مه‌رجه‌ خه‌وی ئه‌به‌د بشکێنم و

له‌م نووته‌که‌ تژی له‌ حه‌سره‌ته‌دا بمێنمه‌وه‌!

 

Go to top