We have 29 guests and no members online

17ی شوبات، ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ چاولێكه‌ریی خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینه‌كانی تونس و میسر بوو، ئه‌وه‌نده‌ كاردانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رێكی ناڕازی نه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌ دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌ر ته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی بیروڕاو و ئه‌وانی تر.

بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌و بێ به‌رنامه‌یی و بێسه‌روو به‌رییه‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ڵگه‌یه‌كی ته‌واو ڕوونن.

ئێواره‌ی 17ی شوبات به‌شێك له‌ گه‌نجان و خه‌ڵكی سلێمانی و به‌ تایبه‌ت گرووپی "مافه‌كانی خه‌ڵك"به‌مه‌به‌ستی پیرۆزبایی له‌گه‌لی میسر كۆبووبوونه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی موباره‌كیان له‌ كار خست بوو، به‌ڵام چی وای كرد ئه‌وه‌ ببێته‌ خۆپیشانێك كه‌ باره‌گای پارتی به‌رباران بكرێت و ئه‌وانیش وه‌ك سیفه‌تی هه‌میشه‌یی جه‌للادانه‌ی خۆیان گولله‌ پرژێنیان بكه‌ن، ئه‌وه‌ تا ئێستا ڕێكخه‌رانی خۆپیشاندانه‌كه‌ش وه‌ڵامێكی دروستیان پێ نییه‌!

ئاخر ئه‌و ڕۆژه‌ خوێن ڕژا، خوێن ڕژانیش له‌ پێناو پیرۆزبایی له‌ گه‌لی میسر زۆر بێ مانابوو، به‌ڵام كه‌ كاره‌كه‌ كرابوو، ده‌بوو كاردانه‌وه‌ هه‌بووایه‌، كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌به‌رنامه‌ ڕێكخراو، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژانی دواییدا ڕوویدا.

ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێ به‌رنامه‌ بوون، كه‌ دروشمه‌كان له‌ دروشمی ڕووخانی حكومه‌ت و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پارله‌مانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكدا ده‌گۆڕا بۆ دروشمی "تو خوا مه‌مكوژه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ چاوه‌ڕێمن".

ئه‌گه‌ر 17ی شوبات خاوه‌نێكی جدی هه‌بوایه‌و به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بووایه‌ بۆ ڕێكخستنی، ده‌بوو دوای شه‌هیدكردنی ڕێژوان شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی وه‌ك ده‌ریا ده‌سه‌ڵاتی ڕاماڵیایه‌، ده‌بوو ئیتر كۆتایی به‌و حوكمه‌ بهێنرایه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ خه‌باتی شاخ و ڕابردوویه‌كی تێكه‌ڵ له‌ خه‌باتی ڕزگاریخوازی و شه‌ڕی براكوژی كردووه‌ به‌ بیانوویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات بدزێت و ڕێگه‌ی خۆپیشاندان نه‌دات و هه‌تا دنیا دنیاشه‌ هه‌ر ئه‌وان له‌ لوتكه‌و گه‌لیش ژێرده‌سته‌یان بێت و هێشتاش خه‌ڵك ناچار بكه‌ن به‌وه‌ی سوپاسیان بكات كه‌ ئه‌وان سه‌ركرده‌و سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاتداریانن.

ده‌بوو ڕێكخه‌رانی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ بێ ده‌نگییان له‌ ئۆپۆزسیۆن قه‌بووڵ نه‌كردایه‌و له‌وه‌نده‌ش زیاتر بوواری تێكه‌ڵ بوونیان به‌ خۆپیشاندانه‌كان نه‌دایه كه‌ له‌ هه‌موو ناڕه‌زایه‌تییان له‌گه‌ڵ بوونیایه‌و جه‌ماوه‌ری خۆیانیان بهێنایه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ سه‌رای ئازادیدا كرا، مایكی خۆپیشانده‌ران هه‌ر له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ كه‌وته‌ ده‌ست گۆڕان و ئیسلامییه‌كان و ئه‌وان هه‌موو شتێكیان ئاراسته‌ ده‌كرد و ته‌نانه‌ت ئیسلامییه‌كان به‌ هه‌ندێ بیانوو ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی شیعرێكیشیان به‌ هه‌ندێ خه‌ڵك نه‌ده‌دا!!!!

ئه‌وان كه‌ به‌ درێژایی 62 دوو ڕۆژ سه‌رای ئازادییان له‌ سلێمانی كردبووه‌ جۆرێك له‌ شوێنی ئاهه‌نگ و له‌ شاره‌كانی تریش به‌رده‌وام ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان هه‌بوون و خوێنیان دابوو، نه‌ده‌بوو به‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی چه‌كدارانی یه‌كێتی ئیتر ده‌ست له‌ هه‌موو شتێك هه‌ڵبگرن و هه‌ر یه‌كه‌و له‌ كونێكدا خۆیان قایم بكه‌ن!

ئه‌گه‌ر ئه‌وان كۆتایی هێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی خۆسه‌پێن و قۆرخكار و دزو گه‌نده‌ڵ ئامانجیان بوو، ده‌بوو هه‌ر هیچ نه‌بێت ماوه‌یه‌ك به‌رگرییان له‌ خواسته‌كانیان بكردایه‌و به‌ هێنانی هێز بۆ سه‌رای ئازادی به‌و ماوه‌ كه‌مه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ترسنۆكیی خۆیانیان بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌رنه‌خستایه‌؟

ئه‌و داواكارییانه‌ی كه‌ خۆپیشانده‌رانی 17ی شوبات داوایان ده‌كرد نه‌ك هیچی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، به‌ڵكه‌ ئه‌مجاره‌یان دزینی نه‌وت به‌ ئاشكراو به‌ بۆری بووه‌ته‌ هۆی كێشه‌ی دواخستنی موچه‌كانیان و گه‌نده‌ڵی ئیداری و قۆرخكاری سیاسی و حیساب نه‌كردن بۆ ده‌نگی خه‌ڵك و سوك و ڕسواكردنی ئازادی و دیموكراسی زۆر زیاتر بووه‌!

به‌ڵام ئه‌گه‌ریش تازه‌ بچنه‌وه‌ سه‌رشه‌قام و ده‌یان سه‌رای ئازادی و مه‌یدانی ئازادی تر دروست بكه‌نه‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی دوو مانگ و زیاتریش به‌رده‌وام بن، ده‌سه‌ڵات پێیان فێر بووه‌ كه‌ ئه‌و په‌ڕی به‌رگه‌ی ته‌نها دوو ڕۆژ پیشاندانی هێزی چه‌كداری ده‌گرن.

Go to top