We have 71 guests and no members online

بارزانی له‌ خولقاندنی قه‌یران نه‌وه‌ستا تا گه‌شته‌ ترۆپكی گره‌وه‌ گه‌وره‌كه‌و ئێستاش له‌ كۆتایی یارییه‌ چاره‌نووس سازه‌كه‌دایه‌، سه‌ركه‌وتن، یان جاڕدانی مه‌رگی خۆی، كامیانی به‌ نسیب ده‌بێت.

كردنه‌وه‌ی گرێ كوێره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق له‌ ساڵی 2010 به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بارزانی و، به‌سه‌رۆك كردنه‌وه‌ی مالیكی، ئه‌و كاره‌ی بارزانی بوو كه‌ پارتییه‌كه‌یان ئه‌یانویست هه‌موومان وه‌ك ئه‌وان بیر بكه‌ینه‌وه‌و ئه‌وه‌ به‌ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ و گه‌وره‌ی بارزانی و، بارزانیش وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم جێگه‌ی شانازی هه‌موومان بێت، به‌ڵام ئه‌و ژاوه‌ ژاوه‌ی پارتی زۆری نه‌خایاند كه‌ بارزانی ده‌ستی به‌ خولقاندنی قه‌یران كرد له‌گه‌ڵ مالیكی.

ئه‌و سیاسه‌تی نه‌وتییه‌ی كه‌ بارزانی وحزبه‌كه‌ی ویستیان بیخه‌نه‌ خزمه‌تی پارتی و وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی گرنگیش بۆ كوردستان حیساب بكرێت، یه‌كێكی تره‌ له‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ بارزانی له‌گه‌ڵ مالیكی خولقاندی و ئێستاش نزیكه‌ له‌وه‌ی كوردی پێ بكاته‌ قوربانی و جاڕی مه‌رگی خۆیشی بدات.

بارزانی كه‌وته‌ داوی توركیاو به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌ جگه‌له‌ له‌ تووڕه‌كردنی حكومه‌تی ناوه‌ند و گه‌یاندنی كوردستان به‌م قه‌یرانه‌، ئامریكاشی له‌ هه‌رێم نیگه‌ران كردو ئێستاش توركیا ڕێگه‌ نادات كورد به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی عێراق نه‌وت بفرۆشێت.

بارزانی به‌ حیساب نه‌كردن بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند و پێشێل كردنی ده‌ستوور و سه‌رمه‌ست بوونی به‌ هاندانی توركیا، قه‌یرانێكی له‌ ناوخۆی كوردستاندا خولقاندووه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌رده‌وام بوونی ئه‌م قه‌یرانه‌ ته‌نها چه‌ند مانگێكی كه‌م به‌ر به‌ ته‌قینه‌وه‌ی بگیرێت.

ئه‌و سیاسه‌ته‌ی بارزانی به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بێ حساب كردنی بۆ ناوه‌ند و ڕێكنه‌كه‌وتن له‌ سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌نارده‌كردنی، وای كرد كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كردبوو موچه‌ی مانگانه‌ی له‌ هه‌رێم بڕی و هه‌رێمیش به‌رگه‌ی ته‌نها دوو مانگ بێ موچه‌یی نه‌گرت.

ئێستا بارزانی بۆ پینه‌كردنی دۆخه‌كه‌ له‌ هه‌وڵی قه‌رزكردندایه‌، به‌ڵام چه‌ند قه‌رز ده‌كات و تا چه‌ند مانگ به‌ پینه‌و په‌ڕۆ دۆخه‌كه‌ ڕایی ده‌كات؟، له‌ كاتێكیشدا كه‌ هیچ وڵاتێك تا ئێستا ئاماده‌نین قه‌رزی پێ بده‌ن.

ئێستا یان ده‌بێت بارزانی لووتی به‌رزی له‌به‌رده‌م مالیكیدا نه‌وی بكات كه‌ ئه‌وه‌ش نه‌ك هه‌ر شكاندنی شكۆی خۆیه‌تی وه‌ك سه‌رۆكی ماوه‌ بۆ درێژكراوه‌ی هه‌رێم، به‌ڵكو شكاندنی شكۆی هه‌موو هه‌رێمیشه‌، یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانیدا بێت تووڕه‌یی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به‌م سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی لێی بێنه‌ ده‌نگ و به‌هۆی ڕاگرتنی موچه‌كانیانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ڕاپه‌ڕن، ئه‌و كاتیش پارتی وه‌ك نه‌ریتیت هه‌میشه‌ییان بۆ مانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ خوێنی سه‌دان كه‌س بڕێژن، دۆخه‌كه‌ هه‌ر چۆن بێت، ده‌بێت بارزانی خۆی باجه‌كه‌ی بدات، چونگه‌ خه‌ڵك ناتوانن ده‌ست له‌ بژێوی ژیان هه‌ڵگرن و خۆیان بكه‌ن به‌ قوربانیی سیاسه‌ته‌كانی شه‌خسی بارزانی و پارتی، به‌تایبه‌ت كه‌ خه‌ڵك بایی ئه‌وه‌نده‌ هۆشیاریی هه‌یه‌ كه‌ ده‌یزانێت، ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌و شێوه‌ی وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی سیاسی نه‌ك ئابووری پێڕه‌وی ده‌كات سه‌ركه‌وتوو بووایه‌ ته‌نها به‌ ده‌ستكه‌وتی پارتی ده‌مێردراو ته‌نها ئه‌و حزبه‌و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیش لێی سودمه‌ند ده‌بوون.

 

Go to top