We have 124 guests and no members online

دوای تێپه‌ڕ بوونی سه‌د ڕۆژ له‌ شه‌هید كردنی ڕۆژنامه‌نووس كاوه‌ گه‌رمیانی ته‌نها كه‌سێك ده‌ستگیركراوه‌ وه‌ك بكوژی سه‌ره‌كی، به‌درێژایی هه‌موو ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ش نه‌ دادگا توانیویه‌تی مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست (به‌ وته‌ی پارێزه‌رانی دۆسیه‌كه‌) له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباران بكات و نه‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردنیش توانیویه‌تی به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ستێت وه‌ك پێویست.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كه‌ دادگا فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌ركردن پۆلیس نه‌یوێرا نزیكیشیان بكه‌وێت تا ئه‌و كاته‌ی خۆیان له‌ چه‌ند نمایشێكدا چوونه‌ دادگاو به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌یر ئازاد كران.

ئه‌و شێره‌ كوڕانه‌ش كه‌ زه‌مه‌نێك شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانیان داگیركردبوو و هاواریان ده‌كرد، "ئێمه‌ هه‌موومان كاوه‌ گه‌رمیانین" بنه‌ماڵه‌ی كاوه‌و ئه‌و چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسه‌شیان ته‌نیا جێهێشت و پشووی ئه‌ویان نه‌بوو له‌گه‌لیان به‌رده‌وام بن، به‌ڵام كاتێك كار ده‌گاته‌ سه‌ر بابه‌تێكی وه‌ك سه‌ردانه‌كه‌ی بنه‌ماڵه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی بۆ لای بارزانی، زۆر كه‌س ده‌م ڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئێستا ئه‌وانه‌ی كه‌ خه‌مخۆری دۆسیه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانین و به‌رده‌وام له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریی دۆسیه‌كه‌ ده‌كه‌ن زۆر كه‌من، هه‌موو ئه‌وانی تر ته‌نها تاوێك گه‌مه‌كه‌یان پێ خۆش بوو.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شه‌هیدكردنی كاوه‌ گه‌رمیانییه‌وه‌ سه‌دان كه‌س خۆی كردبو به‌ ده‌م ڕاست و ڕاوێژكاری ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ته‌نها گروپێك هاوڕێی دڵسۆزی كاوه‌ گه‌رمیانین كه‌ تا ئێستاش بێ وچان له‌ چاودێری كردنی دۆسیه‌كه‌دان و له‌ هه‌موو پێشهاته‌كاندا هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌.

من بیانوو بۆ بنه‌ماڵه‌ی كاوه‌ ناهێنمه‌وه‌، ناتوانم ڕه‌وایی بده‌م به‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان بۆ وه‌رگرتنی پشتیوانی دۆسیه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی په‌نایان بۆ كه‌سێك بردووه‌ كه‌ حزبه‌كه‌ی بكوژی سه‌رده‌شت عوسمانه‌، وه‌ك براده‌رێكی یه‌كێتی وتی، بارزانی ته‌نها ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه‌كه‌ی خۆیه‌تی و له‌ دێگه‌ڵه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسێكی نییه‌!

به‌ڵام له‌م دۆخی بێكه‌س كردن و جێهێشتنه‌ی بنه‌ماڵه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانیدا، ناشكرێت یه‌كجار به‌و شێوه‌ بێ ڕه‌حمانه‌ هێرشیان بكرێته‌ سه‌ر.

ئه‌وه‌ی ئه‌وان كردیان كارێكی هه‌ڵه‌بوو، هه‌ڵه‌یه‌ك كه‌ ساده‌یی ئه‌وان ناتوانێت په‌ی پێ ببات، بارزانی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌مه‌ی ئه‌ویست، ئه‌یوست به‌ ناوی داكۆكی كردن له‌ دۆسیه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی خۆی له‌ خوێنی سه‌رده‌شت دابشوات، و درێژه‌ به‌و شه‌ڕه‌ سارده‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بدات كه‌ به‌ درێژایی مێژووی هه‌ردوولا به‌رده‌وامیی هه‌بووه‌، به‌ڵام دایكێكی جه‌رگ بڕاو له‌كوێ ئه‌م گه‌مه‌ پیسانه‌ ده‌زانێ؟

ئه‌گه‌ر بنه‌ماڵه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی ئه‌وه‌یان بزانیایه‌ كه‌ له‌و وڵاته‌ی كاوه‌ی تێدا شه‌هید كرا ته‌نها مافیا حوكم ده‌كات، بۆ لای هیچ كه‌س نه‌ده‌چوون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یاسا هه‌بووایه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وان كێشه‌یه‌كی یاساییان هه‌یه‌و ده‌بوو یاسا هه‌موو شتێكیان بۆ بكات، به‌ڵام كه‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسایش به‌ده‌ستی مافیاوه‌ بوو ئیتر په‌نا بردن بۆ هه‌ر لایه‌ك بێسووده‌.

سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی كاوه‌ گه‌رمیانی بۆلای سه‌رۆكی پارتێكی ده‌ست سوور به‌ خوێنی ڕۆژنامه‌وونس كارێكی باش نه‌بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش ڕه‌وا نییه‌ كه‌ له‌ نیوه‌ی ڕێگادا بنه‌ماڵه‌ی كاوه‌یان به‌ ته‌نها جێهێشت به‌ ڕاست و چه‌پدا قسه‌ بكه‌ن.

 

Go to top