We have 103 guests and no members online

له‌گه‌ڵ كوشتنی محه‌مه‌د بدێوی ڕۆژنامه‌نووس و مامۆستای زانكۆدا، هه‌ڵایه‌كی وا دروست بوو كه‌ ڕووداوه‌كه‌ زۆر زیاتر له‌ قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌ كراو، سیاسییه‌كان وه‌ك باشترین ده‌رفه‌ت بۆ خۆنمایشكردن له‌م سه‌روبه‌نده‌ی نزیكایه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌دا قۆستیانه‌وه‌، میدیاكانیش ته‌نها بۆ بازاڕ گه‌رمیی خۆیان به‌جۆرێك ڕووماڵی ڕووداوه‌كه‌یان كرد كه‌ زۆرینه‌یان گێلانه‌و بێ ئاگایانه‌ كه‌وتنه‌ خزمه‌تگه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك له‌ سیاسییه‌كان.

من له‌ دوێنێوه‌ به‌ ده‌یان سه‌رچاوه‌دا گه‌ڕاوم تا ڕاستیی ڕووداوه‌كه‌ بزانم، ئاخر به‌ بێ زانینی چۆنیه‌تی ڕووداوه‌كه‌ هه‌رچۆنی ڕووماڵ بكه‌یت ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی خۆت كه‌وتوویته‌ هه‌ڵه‌وه‌، بینه‌ر و بیسه‌ر و خوێنه‌ریش به‌ مل هه‌ڵه‌دا ده‌به‌یت.

ئه‌و ڕووداوه‌ی كه‌ بووه‌ته‌ بابه‌تی ڕۆژو باسی یه‌كه‌می هه‌موو میدیاكان، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سێكی بێزاركه‌رو خۆ به‌ گه‌وره‌زان كه‌وتووه‌ته‌ ئیدانه‌كردنی هێزێك كه‌ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌یه‌كی گرنگیان له‌سه‌ره‌ وهه‌ڕه‌شه‌ی لێكردوون و جوێنی به‌ كورد داوه‌، سه‌ره‌نجام به‌هۆی ده‌مه‌قاڵه‌ی له‌گه‌ل به‌رپرسی ئه‌و هێزه‌دا كوژراوه‌، كوشتنه‌كه‌شی وه‌ك باس ده‌كرێـت به‌ ئه‌نقه‌س نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ دوور خستنه‌وه‌ی فیشه‌ له‌ ده‌ستی ئه‌فسه‌رێك ده‌رچووه‌و به‌ر قوڕگی كه‌وتووه‌.

كوشتنی هه‌ر كه‌سێك هه‌ر پیشه‌و پله‌وپایه‌و پۆست و پێگه‌یه‌كی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت، هه‌ر كوشتنی مرۆڤه‌و كوشتنی هه‌ر مرۆڤێكیش نابێت به‌ بێ سزا تێپه‌ڕێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو ڕووداوێكیشدا ده‌بێت دۆخ و كات و شوێن و شێوازی ڕووداوه‌كه‌ له‌ به‌رچاو بگیرێت.

محه‌مه‌د بدێوی وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسێك له‌سه‌ر كاری ڕۆژنامه‌وانی نه‌كوژراوه‌ تا ئه‌و هه‌ڵایه‌ی له‌سه‌ر بنرێته‌وه‌. به‌ڵكو وه‌كو هاوڵاتییه‌ك كوژراوه‌، جگه‌له‌وه‌ش، ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌ دۆخێكی نائارام و بێ ئاسایشی وه‌ك به‌غدادا ئاماده‌ نه‌بووه‌ له‌ خاڵێكی پشكنیندا بووه‌ستێت و بپشكنرێت سه‌رباری ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی بێزاركردن و هه‌ڕه‌شه‌كردنیش له‌ هێزێكی ئه‌منی، له‌ به‌غدادێكی پڕ له‌ گروپی تیرۆریستیدا، باشه‌ ده‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ له‌ بری ڕۆژنامه‌نووس تیرۆریستێك بوایه‌و ئه‌و بازگه‌ی تێپه‌ڕاندایه‌و كارێكی تیرۆریستی ئه‌نجام بدایه‌ ئه‌و كات ئه‌و ڕووداووه‌ چۆن ڕووماڵ ده‌كراو سیاسییه‌كان چییان ده‌وت؟

ئه‌م بۆچوونه‌ نه‌ بیرێكی توندڕه‌وی ناسیۆنالیستییه‌و نه‌بیانووشه‌ بۆ كوشتنی كه‌سێك به‌ڵكو قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر قوربانیی ڕاسته‌قینه‌.

بكوژی محه‌مه‌د بدێوی ته‌نها كوشتنی هاوڵاتییه‌كه‌و بكوژه‌كه‌شی كه‌ قوربانیی ڕاسته‌قینه‌یه‌ بووه‌ته‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسییه‌كان و تا ڕاده‌یه‌كی زۆریش ئه‌و ململانێ ناشه‌ریفانه‌ سیاسیه‌ی له‌ نێوانه‌ هه‌رێم و به‌غدادایه‌و كورد بوونی بكوژیش ئه‌وه‌نده‌ی تر بۆ ئه‌وان گه‌مه‌كه‌ی خۆشتر كردووه‌, كار به‌وه‌ گه‌شتووه‌ كه‌ هه‌ندێ ناسیۆنالیستی عه‌ره‌ب و كه‌سانی شۆفێنی داوای ده‌ركردن پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن له‌ به‌غداو، هاوپه‌یمانیی كوردستانیش كه‌وتووه‌ته‌ پاڕانه‌وه‌ كه‌ به‌و ڕووداوه‌ برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب تێك نه‌درێت!

ئه‌گه‌ر وانه‌بێت مالیكی كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك مافی ده‌ستوه‌ردانی له‌ ئیشی دادگا نییه‌ به‌ چ مافێك ڕه‌وایی به‌خۆی ده‌دات كه‌ له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ بێته‌ جواب و به‌كارهێنانی "خوێن به‌ خوێن" بكاته‌ كه‌ره‌سته‌ی پڕو پاگه‌نده‌ كردنی هه‌ڵبژاردن؟

ئاخر ئه‌م قسه‌یه‌ ته‌نها قسه‌ی ئه‌و سه‌رۆك خێڵانه‌یه‌ كه‌ له‌ كێشه‌ی عه‌شایه‌ریدا یان له‌سه‌ر زه‌وی و زار ئه‌ویش نه‌ك ئه‌م زه‌مه‌نه‌ به‌ڵكو له‌ زه‌مه‌نێكی پێشووتر له‌ یه‌كتریان ده‌كوشت و پێیان وابوو ده‌بێت تۆڵه‌ی كوشتنی كه‌سێك كوشتنه‌وه‌ی بكوژ یان كه‌سێكی تری سه‌ر به‌ هه‌مان تیره‌و هۆز و عه‌شیره‌ت بێت!

له‌ هه‌مووی سه‌خیفانه‌ ترهه‌ڵوێستی به‌رپرسانی یه‌كێتیه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی بكوژی بدێوییه‌ له‌ هێزێكی لیوای گاردی كۆمارییه‌ كه‌ لیوایه‌كی یه‌كێتین و، به‌و شێوه‌یه‌ ته‌سلیمی هێزێكی عێراقیان كردو له‌وه‌ش ناشه‌ریفانه‌ تر ئه‌و هه‌موو ملكه‌چییه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یاندا ده‌ریان خستووه‌ به‌ ده‌ربڕینی پاكانه‌و ئاماده‌ییان بۆ پێشوازیی كردن له‌ هه‌ر سزایه‌ك به‌سه‌ر ئه‌فسه‌ره‌كه‌یاندا بسه‌پێنرێت بێ ئه‌وه‌ی به‌رگری له‌و دۆخه‌ بكه‌ن كه‌ كه‌سێكی تێدا كوشتووه‌!

له‌ به‌غدا ئه‌وان به‌و جۆره‌ ملكه‌چن كه‌چی له‌ كوردستان ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌كه‌ش ڕاده‌ست ناكه‌ن كه‌ ڕۆژنامه‌نووسێكی له‌سه‌ر باسكردنی گه‌نده‌ڵی به‌رپرسانیان پێ ده‌كوژن، له‌ به‌رده‌م دایكی و له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیشدا بێ ئه‌وه‌ی له‌ بازگه‌یه‌كی دابێت و سه‌رباری حسیاب نه‌كردن بۆكارمه‌ندانی بازگه‌ ئه‌منییه‌كه‌، تێر جوێنیشیان بكات!

ئێستا دۆسیه‌ی كوشتنی بدوێ كێشه‌یه‌كی یاسایی نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ كێشه‌یه‌كی ته‌واو سیاسییه‌و له‌م نێوه‌نده‌ش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی یه‌كێتی و دواتر ئه‌ركی ته‌واوی به‌رپرسان و نوێنه‌رانی كورده‌ له‌ به‌غداد ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ لایه‌نێك ده‌ستوه‌ربداته‌ ئه‌و كێشه‌و ته‌نها به‌وه‌ ڕازی بن كه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌ له‌ دادگایه‌كی عادیلانه‌دا به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و دۆخ و شێوازه‌ی محه‌مه‌د بدێوی تێدا كوژراوه‌ وه‌ك هاوڵاتییه‌ك نه‌ك وه‌ك ڕۆژنامه‌نووس و مامۆستای زانكۆ، سزا بدرێت.

Go to top