We have 70 guests and no members online

بێ شەرمترین و ریسواترین دەستەڵات، ئەو دەستەڵاتەیە کە بەبەرچاوى راگەیاندن و دنیا فەلاقەى خەڵکەکەى بکات و بەزەبرى هێزو چاو سورکردنەوە نارەزاییەکانى هاوڵاتیان کپ بکات و نەهێڵێت داواى مافە سەرەتاییەکانى خۆیان بکەن و ئەوانەش کە بەرزتر دەقیژێنن بە چەندین بیانووى پرو پوچ قرو کپیان بکا.بەد رەوشترین ئۆپۆزسیۆنیش ئەو ئۆپۆزسیۆنەیە کە داوا رەواکانى هاوڵاتیان بەکار دەهێنێت بۆ دەستکەوتنى مەرامى سیاسى.حەڤدەى شوبات جگە لە گەوجاندن و بێ بەها سەیرکردنى بەهاى هاوڵاتى و مافى تاکەکەس هیچى تر لە رووى حزبە کوردیەکان بەدى نەدەکرا.دەستەڵات بۆ پاراستنى شکۆى دەستەڵاتە شکستخواردووەکەى خۆى و پەردەپۆشکردنى پەڵەو لەکە رەشەکانى بەر ببوە وێزەى هاوڵاتیان و بەرەفتارەکانى دەستى نابووە هەوکى هەموو هەژارو هاوڵاتیە پلە دووەکانى ئەم وڵاتە، بە فەراهەمنەکردنى سەرەتایترین خزمەتگوازریەکان، کە دەبووایە ئەوە دەمێک بوو کرابووایە و ئۆپۆزسیۆنیش بۆ مەرامى تایبەتى خۆى مافەکانى گەلى هەراج دەکردو بۆ گەیشتن بە مەرامە تایبەتى و حزبیەکان هەموو کارتە پوچەکانى بەکار دەهێنا.ئەوە روون و ئاشکرایە دەستەڵات بە زەبرى هێز مەیدانەکانى ئازادى چۆڵ دەکردن و بەدەیان کەسیان راپێچ دەکرد و لە رێگەى ناسیاو و خزمەکانیان چاویان لە لاوە سەرگەرم و یاخیەکان سوور دەکردەوە، کە سەرمەشقى داواکردنى ئەو داوا رەوایانە بوون.ئۆپۆزسیۆنیش هەر یەکەو بە ربەى خۆى دەى پیوى و مەرجى بۆ ئەوانى تر دادەنا, بەڵام هەموو ئەوانە جگە لە دەستکەوتى خۆیان هیچى تریان مەبەست نەبوو، ئاخر ئەوە چەند ساڵێکە تێپەریوە بەسەر ئەم رووداوە کەچى هیچ لەو خواستانەى هاوڵاتیان نەهاتنە جێ و ئۆپۆزسیۆنیش خەریکن شەرى پلەو پۆست دەکەن و وەک ئەوەى ئەگەر ئەو پلەو پۆستانە بەدەست بێنن دنیا دەکەن بە شامى شەریف.من نیگەرانم بە رژانى خوێنى ئەو لاوانى بوونە قوربانى و شەهید بوون, دەبێت تاکى کوردى هەست بەو مەترسیەبکات کە تا ئێستا سەرکردە سیاسیەکانى کوردستان وەک کاڵا رەفتار لەگەڵ هاوڵاتیان دەکەن، نەک وەک هاوڵاتیەکى بەنرخ و کۆشش بکەن بۆ خزمەتکردنیان و نیشتمانێکى ئاوەدان بونیاتبنێن.کۆبوونەوەکانى پێکهێنانى حکومەت ئەوەى دەرخست کە ئەم حزبانە مەبەستیان حکومەتى هاوڵاتى نیە، مەبەستیان حکومەتى رێکەوتنى سەرکردەو حزبەکانە، ئەوەى روون کردووەتەوە کە مەبەستیان خزمەتکردن نیە، بەڵکو مەبەستیان گریفانپرکردن و درێژەدانە بە شوانایەتى کردنیانە، ئەگەر مەرامى سەرەکیان ئەوە نەبێت، ئەوا حکومەتى هاوڵاتى هێندە بینەو بەردەى ناوێت و فەرموون بە پێى ئەو خاڵانەى بەدەستان هێناوە لە هەڵبژاردن حکومەت پێکبێنن و ئەوەندە مقۆ مقۆیەشى ناوێت.

 

Go to top