We have 84 guests and no members online

فیلمی سینه‌مایی "وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری كورد به‌همه‌ن قوبادی له‌ لایه‌ن كۆمپانیای گه‌وره‌ی بڵاوكه‌ره‌وه‌ی ژاپۆنی "كۆمیستاك گرووپ" له‌ سینه‌ماكانی سه‌رتاسه‌ری وڵاتی ژاپۆن نمایش ده‌كرێت.

فیلمی سینه‌مایی "وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" Rhino Season دوایین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌ماكاری به‌ئه‌زموونی كورد به‌همه‌ن قوبادی، دوای چوونه‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكانی وڵاتانی جیهان و نمایش له‌ فیستیڤاڵه‌ جۆراوجۆری فیلم له‌ ئاستی دنیادا و به‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین خه‌ڵاتی گرینگی نێوده‌وڵه‌تیی، له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌ لایه‌ن كۆمپانیای گه‌وره‌ی بڵاوكه‌ره‌وه‌ی ژاپۆنی "كۆمیستاك گرووپ" Comstuck Group له‌ سینه‌ماكانی سه‌رتاسه‌ری وڵاتی ژاپۆن نمایش ده‌كرێت.

فیلمی سینه‌مایی "وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" دوای نمایش له‌ فیستیڤاڵه‌ جۆراوجۆره‌كان و نمایش له‌ سینه‌ماكانی وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا له‌ لایه‌ن ڕخنه‌گران، كارناسان و پسپۆڕانی بواری سینه‌ماوه‌ پێشوازی لێكراوه‌ و له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌ گرینگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ڕخنه‌ی زۆر باشی له‌سه‌ر نووسراوه‌.

مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی "وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" له‌ ئه‌ستۆی كۆمپانیای گه‌وره‌ی بڵاوكه‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسی "وایلدبانچ"ـه‌ Wildbunch كه‌ تا ئێستا مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م فیلمه‌ی به‌ زیاتر له‌ 13 كۆمپانیای بڵاوكه‌ره‌وه‌ی فیلم له‌ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، له‌وانه‌: بڕازیل، كۆریای باشوور و پۆڵه‌ندا داوه‌وه‌ كه‌ ئه‌م فیلمه‌ نوێیه‌ی قوبادی له‌ نۆبه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ سینه‌مای ئه‌م وڵاتانه‌ دایه‌.

"وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا ئێوارێی ڕۆژی هه‌ینی 21ی شوبات / فه‌برایه‌ری 2014 له‌ میانه‌ی سێیه‌مین ڕۆژی فیلمی كوردی سینه‌ماتێكی كۆپێن هاگن له‌ هۆڵی سینه‌ماتێكی ئه‌نستیتۆی فیلمی كۆپێن هاگن له‌ ناوه‌ندی ئاستا نوار له‌ شاری كۆپێن هاگن له‌ دانیمارك نمایشكرا.

سێیه‌مین خولی ڕۆژی فیلمی كوردی سینه‌ماتێكی كۆپێن هاگن له‌ ڕۆژانی 20 تا 23ی شوبات / فه‌برایه‌ری 2014 له‌ شاری كۆپێن هاگن له‌ وڵاتی دانیمارك به‌ڕێوه‌چوو.

 

Go to top