We have 52 guests and no members online

زاهیر باهیر

 

 

 

من نه‌ خوازیاری جه‌نگم و نه‌ شه‌ڕخوازم، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ هیچ توندووتیژیکیشدا نیم، له‌وه‌ش زیاتر من دژی لێدانی داعشیشم له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاواوه‌شه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ ده‌ڵێم نه‌کو پێشوه‌خت به‌وه‌ تاوانبار بکرێم که‌ من له‌گه‌ڵ شه‌ڕو به‌ره‌ی جه‌نگدام‌. به‌ڵکو من ده‌مه‌وێت شه‌ڕ و جنگ نه‌بینم، ده‌مه‌وێت کولتوری شه‌ڕی یه‌کدی کوشتن له‌ ڕۆژاوای کوردستانیش سه‌ر هه‌ڵنه‌دا، ده‌مه‌وێت ئه‌و ئه‌زموونه‌ فاشله‌ی که‌ له‌ باشوور هه‌یه،  بۆ ڕۆژاوا نه‌گوێزرێته‌وه.

 هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ڵوێستیشم هه‌ڵوێستی کینه‌دۆزی له‌ پارتی و حکومه‌تی هه‌رێـم و پارته‌کانی نێو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستانی ڕۆژاواش، نییه‌،  به‌ڵام گه‌ر به‌ ویژدانه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ین و لاپه‌ڕه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌ی مێژویان هه‌ڵده‌ینه‌وه‌، ده‌بێت بڵێین له‌و‌ ڕۆژه‌وه‌ی که‌ پارتی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری کوردی هه‌ڵگیرساندووه‌، مێژوویه‌کی ڕه‌شی سازشکارانه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌می وڵاتانی ده‌رودرواسێدا هه‌بووه‌و هه‌یه به‌ به‌ستنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ پڕ له‌ گومانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵیاندا هه‌یبووه‌ له‌سه‌ر حسابی پارچه‌کانی کوردستانی دیکه‌و هه‌تا به‌شه‌که‌ی عێراقیش.

 به‌ گوێره‌ی بینینی ئه‌و  بارودۆخه‌ی ڕۆژاوای مانگی ئایاری ئه‌مساڵ که‌ من و براده‌رێكم شاهیدحاڵی ئه‌و ئازادی و ئاشتی و هه‌ڵکردنی به‌یه‌که‌وه‌ ژیانه‌ی به‌ده‌ر له‌ هه‌بوونی ئه‌و‌ هه‌مو جیاوازییه‌ ڕه‌گه‌زی و جێنده‌یی و نه‌ته‌وه‌یی و دینییه‌وه‌، هه‌بوون، هێشتا وه‌کو برا و خوشك، ده‌ژیان‌، ده‌توانم بڵێم، ‌ ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌مانه‌ و زۆری دیکه‌ش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌وێ سیاسه‌ت، واته‌ بزنس، نه‌ده‌کرا.  له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ خه‌ڵکی ڕێگایه‌کی نوێی به‌ به‌راورد به‌ شوێنه‌کانی دیکه‌، دۆزیبووه‌وه‌، که‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای به‌یه‌که‌وه‌ کارکردنی هه‌موان بوو جگه‌ له‌ پارته‌کانی نێو ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ که‌ ئه‌مڕۆ به‌ یارمه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ دانوسانێکی سیاسیانه‌دا، نه‌ك به‌ خه‌بات و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییان، له‌ هه‌ڵپه‌ی کورسی و ده‌سه‌ڵاتدان. کارکردنی هه‌موان  بۆ به‌رقه‌راربوونی ئه‌و ئه‌زموونه‌، بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌سکه‌ته‌ مه‌زنه‌ی که‌ خه‌ڵکی له‌وێ به‌ده‌ستیان هێناوه‌، دیسانه‌وه‌ پێداگرتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ خۆشی و ئازادی و ئاسایش و برایه‌تی و خوشکایه‌تی و. . . تد یا درۆیه‌ و نییه و نابێت، ‌ یا ده‌بێت بۆ هه‌مووان بێتو هه‌موان شه‌یری بکه‌ن.

ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رکه‌وتنی تا ئێستا به‌و ئه‌زموونه،  به‌خشیوه‌  و هێڵاویه‌تییه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ی دیمۆکراسی کۆمه‌ڵ، ته‌ڤده‌م- بووه‌، ئه‌وه‌ ‌، به‌گرتنه‌خۆی هه‌موو گروپه‌ خۆجێیه‌کان، لۆکاڵییه‌کان، له‌ شێوه‌ی لیژان و کۆمیێون و کۆمیته‌ و ماڵی گه‌ل-دا، که‌ به‌ قوڵی و فراوانی ڕه‌گی خۆیانیان له‌ دڵی هه‌مو کون و که‌له‌به‌رێکی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌دا، داکوتاوه‌، ئه‌وانن‌ که‌ ڕۆح و گیان و لاشه‌ی کۆمه‌ڵی ڕۆژاوایه‌، ئه‌وانن هێزی بڕبڕپشته‌و بنه‌ڕه‌تی و دینه‌مۆی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ن، ئه‌وانبوون که‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ دیمۆکراسییه‌کانیان دامه‌زراند وه‌کو ده‌زگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك سیاسی، که‌ بڕیاره‌کانی گروپه‌کان و "ماڵی گه‌ل" جێبه‌جێ بکات . ڕاسته‌ هه‌ندێک له‌ سه‌رانی په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌ له‌ پشتی ئه‌و ئایدیاو کۆمه‌ککاری خستنه‌ پراکتیکییه‌وه، بوون، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا په‌یه‌ده‌ گه‌رچی پارتێکی گه‌وره‌ی سه‌ره‌کییه‌ به‌ڵام هێشتا پشکی شێری له‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌دا نه‌بوو . به‌ڕاستی که‌ باس له‌ خۆبه‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی گه‌لی له‌ هه‌مو ڕوه‌کانییه‌وه‌ له‌ کانتۆنی جه‌زیره، ده‌که‌یت ، ئه‌وه‌یه‌ که‌ وجودی هه‌بوو و هه‌یه‌.

زۆر به‌ داخه‌وه‌م که‌ بڵێم پارته‌کانی نێو ئه‌نجومه‌نه‌که‌، سیاسیانه‌ بیرده‌که‌نه‌وه‌ ( یا ڕاستر که‌ من و  براده‌ره‌که‌م بینیمانن سیاسیانه بیریان ده‌کرده‌وه‌ ) وه‌کو بزنسێکی گه‌وه‌ره‌ی لێوان لێو له‌ قازانج،  پرسی ڕۆژاوایان ده‌بینی، بۆیه‌ داخوازییه‌کانیان ده‌قاو ده‌ق له‌وه‌دا ڕه‌نگیان ده‌دایه‌وه‌، که‌ ئه‌مانه‌ بوون : له‌ خۆبه‌ڕیوه‌به‌رییه‌کاندا په‌نجا به‌ په‌نجایان، ده‌ویست، که‌ له‌ کاتێکدا هیچ پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی فروانیان نییه. هه‌بوونی هێزی تایبه‌تی له‌ناو یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌دا، به‌لام له‌ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا، له‌ کاتێکدا له‌م هه‌موو ئاخۆرو ماخۆرانانه‌دا که‌ سێکیان فیشه‌کێکیان نه‌تاقاندوه ‌و خۆێن له‌ لوتی که‌سێکیان نه‌هاتوه‌ ‌. ‌تاوانبارکردنی په‌یه‌ده‌ به‌ خائین هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵیاننه‌کوتاوه‌ته‌ سه‌ر بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانی ڕژێم که‌ له‌ قامیشلی و حه‌سه‌که‌ هه‌بوون و هه‌ن‌، ئه‌و براده‌رانه‌ خوازیاری شه‌ڕ بوون نه‌ك ئاشتی، چونکه‌ ده‌زانن به‌کردنی کارێکی ئاوا نه‌ك هه‌موو ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ له‌ ده‌ستده‌چێت،  به‌ڵکو کاره‌ساتێك دروستده‌بێت که‌ هه‌موومان ده‌زانین چی لێده‌چنرێته‌وه‌، که‌ ئه‌گه‌ری تیاچونی خۆشیانی تیادا هه‌یه‌. ئاخر من نه‌مدیوه‌ تۆ خوازیاری کردنی کارێك بیت که‌ بزانیت سه‌رو ماڵتی تیادا ده‌چێت، له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ ئه‌وان، کوردوته‌نی مه‌گه‌ر که‌ری دێز بیت . دواقسه‌یان تاوانبارکردنی په‌یه‌ده‌، بوو، به‌ کشانه‌وه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی هه‌ولێری ساڵی پاری نێوانیان. به‌ڕاستی 3 له‌م داخوازیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ عه‌ره‌بوته‌نی مه‌تالیبی ته‌عجیزین‌. کاتێکیش که‌ من و براده‌ره‌که‌م وتوووێژ و‌ گله‌ییه‌کانی ئه‌مانمان بۆ په‌یه‌ده‌ و ته‌ڤده‌م برده‌وه‌، ئه‌وان ئێمه‌یان کرد به‌ وه‌کیل که‌ وتووێژیان له‌گه‌ڵدا بکه‌ین و ئاماده‌بوو‌ن هه‌ر داخوازییه‌کیان هه‌بێت، جگه‌ له‌ هه‌بوونی هێزی سه‌ربازی که‌ له‌ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا ( ئه‌نجوومه‌نتی نیشتمانی) ئه‌مان ( په‌یه‌ده‌) ئاماده‌ن هه‌موو داخوازییه‌کانیان به‌جێبهێنن، به‌ڵام ئێمه‌ نه‌ وه‌ختی ئه‌وه‌مان هه‌بوو ئه‌وه‌ بکه‌ین و دیسانه‌وه‌ش ده‌مانزانی براده‌رانی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی، سه‌ربه‌خۆ، نین له‌ ڕاو بڕیاره‌کانیاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ قسه‌کردن له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌ ته‌کیاندا هه‌ر وه‌خت کوشتن ده‌بێت.

ئێستاش که‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه‌ سه‌رانی په‌یه‌ده‌ و هه‌رێمی کوردستان و پارته‌کانی نێو ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی به‌ حزوری پارتی له‌ دانیشتن و وتووێژێکی خه‌ستوخۆڵدان و گوایه‌ له‌سه‌ر چه‌ند خاڵیکیش ڕێکه‌وتون، ئه‌مه‌ لای من یا هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ی ئاوه‌زدار گه‌ر هه‌نگاونانێکی سه‌ره‌تایی به‌گوماناوی بۆ له‌باربردنی ئه‌زموونه‌که‌ی ڕۆژاوا، نه‌بێت ده‌بێت چی دیکه‌ بێت؟!!! ئاخر " پارتی" که‌ هه‌مو مێژوه‌که‌ی پڕ بێت له‌ سازشکاری و تاوانکاری، ئاخر پارتێك خه‌ندق له‌ نێوانی خۆیان و ڕۆژاوادا هه‌ڵکه‌نێت، که‌ ته‌نها ده‌روازه‌یه‌که‌ بۆ گه‌یاندنی خوارده‌مه‌نی پۆشته‌مه‌نی داووده‌رمان و هاتوچۆیان لێ بنبه‌ست بکات،  پارتێك که‌ فڕۆکه‌خانه‌که‌ی به‌سه‌ر سه‌رانی په‌یه‌ده‌دا، دابخات، پارتێك ده‌ست له‌گه‌ڵ داعش و تورکیا و ڕژێمه‌کانی که‌نداودا تێکه‌ڵاو بکات له‌ سه‌رکوتکردن و ماڵوێرانکردن و به‌ به‌ندیی کردن و هه‌ڕاجکردنی کچۆڵه ‌و ژنانی ئیێزیدی ناو نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی، له‌و لاشه‌وه‌ کرده‌نه‌وه‌ی ده‌رگای جه‌هه‌نه‌م له‌سه‌ر سه‌رجه‌می کوردانی ژێر ڕکێفی خۆیی و دانیشتوانی عێراق، پارتێك له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ملیاره‌ها دۆلاری خه‌زنکراو له‌ بانقه‌کانی تورکیا و وڵاتانی ڕۆژاواو ئه‌مه‌ریکادا، هاوکاتیش نه‌ك هه‌ر هاووڵاتیانی برسی و ماندوو بێکارو بێ مووچه‌بکات، به‌ڵکو ئه‌وانه‌شی که‌ ده‌یاننێرێت بۆ شه‌ڕی دژ به‌ داعشیش، ئاخر پارتێك که‌ هاشه‌و هوشه‌ی ریفرۆنده‌م و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی، لێبدات، که‌چی دوایش هه‌ر خۆشی نه‌کات به‌ خاوه‌نی، پارتێك دوا پلانی، که‌ ڕێکه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ تورکیادا له‌سه‌ر ناردنی 3000 سه‌ربازی تورکی به‌ جلی پێشمه‌رگه‌وه‌، که‌له‌ کوردستاندا هه‌ن، له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ده که‌سێكی ( پێشمه‌رگه‌) سیخوڕی تورکیا و شاره‌زا، بۆ لێدانی جه‌نگاوه‌رانی کۆبانی و کارکردن له‌سه‌ر هه‌ره‌سهێنانی کۆبانی و . . . به‌ ده‌یاها نموونه‌ی دیکه‌ . . . چۆن باوه‌ڕی پێده‌کرێت له‌سه‌ر مێزی لێدوان و گفتووگۆ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ڕۆژاوا له‌گه‌ڵیدا بکرێت؟!!!!

پارتی ده‌زانێت چی ده‌کات. ئه‌وانیش و گۆڕانیش که‌‌ پشکی سه‌ره‌کییان له‌ بڕیار و ته‌گبیره‌کاندا، له‌ حکومه‌ته‌که‌یاندا، به‌رده‌که‌وێت، چاکده‌زانن، که‌ هیچ پێگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییان نه‌ماوه‌ و له‌ناو کۆمه‌ڵدا دۆڕاو به‌گن . ئه‌مان هه‌ردوو لایان، سیاسه‌ت ده‌که‌ن تاکو له‌و چاڵه‌ی که‌ تێیکه‌وتون، ده‌رچن و بڕوای خه‌ڵک بۆخۆیان بگێڕنه‌وه‌ و هه‌موو پلان و پیلانه‌کانیان، که‌ ئێستا کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن، په‌رده‌پۆش بکه‌ن و خه‌ڵکی کوردستان بێده‌نگ بکه‌ن له‌ و خیانه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ هه‌ردوو لایان له‌ قڕکردنی ئێزیدییه‌کاندا و به‌رده‌وامبوونی پلانه‌که‌یان له‌ ئێستاشداو داهاتوشیانا، به‌شدارن و به‌رپرسیارن، که‌ لێره‌دا سه‌رۆکی هه‌رێم و نه‌وشیروان موسته‌فا تاوانبارترین که‌سن له‌ کوردستاندا، که‌ کورد نابێت لێیان بێده‌نگ بێت.

من ئه‌م قسانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و هه‌واڵانه‌ ده‌که‌م که‌ تا ئێستا له‌ ئارادایه‌، به‌ڵام من سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ بڵێم هه‌ر سازشکردنێکی په‌یه‌ده‌ و په‌که‌که‌ و هێزه‌ سه‌ربازییه‌که‌شیان، له‌ ئێستاو داهاتوشدا، ته‌نانه‌ت گه‌ر زۆر زۆر بچوکیش بێت، به‌ زه‌ره‌ر‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مڕۆیه‌ له‌ ڕۆژاوادایه‌، ئه‌مه‌ فه‌رامۆشکردن و ڕۆیشتن و به‌ هه‌ده‌ردانی خوێنی هه‌ر هه‌موو ئه‌و گیانبه‌ختکردوانه‌یه‌ که‌ بوونه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ی گه‌شه‌دار که‌ هه‌تا مێژوو مێژوو بێت ئه‌وان له‌ ئاسمانه‌که‌یدا جریوه‌ جریویان دێت‌، موزایه‌ده‌یه‌کی ڕوتی سیاسیانه‌یه‌ به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ته‌ڤده‌م و پیلانێکه‌ که‌ دژی خه‌ڵکی ئه‌وێ‌ ده‌کرێت، بڕیارێکه‌ که‌ له‌ سه‌رو کوردان غه‌یره‌ کوردی ڕۆژاواوه‌، ده‌دریت،  له‌ده‌ستدانی هه‌ر هه‌موو ئه‌و پاڵپشت و کۆمه‌ك و شانازی پێوه‌کردنه‌وه‌یه‌، که‌ سه‌رجه‌می بزتنه‌وه‌ی چه‌پ و سۆشیالیست و ئه‌نارکست و ئازادیخوازانی هه‌موو جیهانی هێنابووه‌ خرۆشان.

 ڕازیبوونی په‌یه‌ده‌ و په‌که‌که‌ به‌ به‌شداریکردنی ئه‌و پارتانه‌ له‌ سه‌رجه‌می ئیداره‌ خۆجێیی و سه‌ربازییه‌کاندا، بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌نگ و ڕای خه‌ڵکی ڕۆژاوای کوردستان، چۆکدادانه‌ له‌به‌رده‌م داخوازیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاواو تورکیا، ڕووبه‌ڕووی هه‌مو ئه‌و مه‌ترسیانه‌یان ده‌کاته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه له‌ بوون به‌ به‌شێکیش له‌‌ له‌شکری ئازادی سوریا و جه‌نگکردن له‌گه‌ڵ ڕژێمی سوریادا، دوای هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌کێشکردنیانه‌ بۆ به‌ستنی ئه‌م په‌یمان و ئه‌و په‌یمان له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ دراوییه‌کان و کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوادا، که‌ ئه‌و مامه‌ڵانه‌ گه‌وره‌ترین کاره‌سات به‌سه‌ر هاووڵاتیانی ڕۆژاوادا ده‌هێنن. ‌ گه‌ر ئه‌مانه‌‌ ڕوبده‌ن ( به‌هیوام ڕوو نه‌ده‌ن)، لێره‌شدا ته‌نهاو به‌ ته‌نها سیاسییه‌کان و پیاوه‌ پله‌و پایه‌داره‌کان و بازرگانه‌کانی جه‌نگ سوود به‌خشده‌بن، نه‌ کۆمه‌ڵی ڕۆژاوا، به‌داخه‌وه‌م گه‌ر بڵێم که‌ که‌مایه‌تییه‌کانی دیکه‌ی وه‌کو عه‌ره‌ب و تورکمان و مه‌سیحییه‌کان و چیچنییه‌کان و یه‌زیدییه‌کانیش، به‌ چه‌شنێك له‌ چه‌شنه‌کان ده‌بێت، باجه‌که‌ی بده‌ن.

گه‌ر ڕیکه‌وتنی نێوانی ئه‌م سیاسیانه‌ سه‌ر بگرێت، ئیدی مۆدێلی کوردستانی عێراق، دۆلارستان، یاخود مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی ئۆردوگان، له‌وێش به‌رقه‌رار ده‌بێت.  هه‌ندێک له‌ خوێنه‌رانی ئه‌م وتاره‌ ڕه‌نگه‌ لۆمه‌م بکه‌ن که‌ من خه‌نجه‌ر له‌ کا ده‌ده‌م.  ئه‌مه تا ڕاده‌یه‌ك ڕه‌نگه‌ ڕاستبێت به‌وه‌ی کوردواته‌نی ئێمه‌ خۆمان له‌ ته‌ڕ ده‌خۆین له‌ وشک ده‌نوین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بکرێت که‌ ئێمه‌ باوه‌ڕمان پێی هه‌یه‌. من ڕاستی له‌م لۆمه‌یه‌دا ده‌بینم و قه‌بوڵمه‌، به‌ڵام به‌ هه‌قی خۆمی ده‌زانم که‌ ئا له‌م کاته‌ ناسکه‌دا، پێشئه‌وه‌ی که‌ پلان و پیلانه‌کان بخرێنه‌گه‌ڕ، قسه‌ی خۆم بکه‌م، پێشئه‌وه‌ی که‌وڵه‌که‌ یا پێسته‌که‌ بخورێت، ده‌بێت به‌ئاگا بین و سه‌ره‌نجامی ئه‌م سازش و سازشکارییانه‌‌ ببینین که‌ ده‌بێته‌ هۆی کۆتاییهێنانی ئه‌زموونێکی مه‌زن، که‌ تازه‌ به‌ تازه‌ خه‌ڵکی له‌ ئه‌وروپا و هه‌ندێك شوێنی دیکه‌دا لێی به‌ئاگادێن. ئه‌رکی سه‌رشانمانه‌ که‌ نابێت بێده‌نگبین له‌مه‌،  ئه‌مه‌ به‌ ته‌نها موڵکی په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌ نییه‌، ئه‌مه‌ بزوتنه‌وه‌ی من و ملێونه‌های وه‌کو منه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ هیچ که‌س ماف ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ بڕیار بۆ خه‌ڵکانی خواره‌وه‌، بدات، بۆیه‌ هه‌قی خۆمانه‌ قسه‌ی‌ تیادا بکه‌ین و پێداگری له‌سه‌ر ڕه‌وتی داهاتوی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، بکه‌ین به‌ یارمه‌تی و کۆمه‌ك پێکردنی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا .

ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم، گه‌رچی ده‌زانم، زۆربه‌ی خه‌ڵکی حه‌ز به‌ بیستنی ناکه‌ ن، به‌داخه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێم کۆبانی تازه‌ ڕۆیشتوه، لانی که‌م له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا، مه‌گه‌رر ده‌ستی جه‌نگاوه‌رانی قه‌ندیلیان بگاتێ، به‌ڵام ڕۆیشتنه‌که‌ی ده‌بێت قوربانی بێت له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی ئه‌و دوانه‌که‌ی دیکه‌و کارکردنی زیاتر له‌سه‌ر پڕکردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌کانی هه‌م بزوتنه‌وه‌ی ته‌ڤده‌م و هه‌م خۆبه‌ڕیوه‌به‌رایه‌تییه‌کان و گه‌شه‌ پێکردنیان به‌ وه‌رگرتنی ڕه‌وتی هه‌ره‌وه‌زی ئابورییانه‌ له‌ ئابوریدا، به‌هێزکردنی هێڵی دیمۆکراسی ڕاسته‌وخۆ له‌ هه‌ڵبژاردنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کاندا و ئه‌و بڕیارانه‌ی که‌ ده‌یده‌ن، له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تیشدا کارکردن له‌سه‌ر به‌شداریکردنی خه‌ڵکانی زیاتر به‌ خه‌ڵکانیی ناڕازی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌زگه‌که‌ ( ته‌ڤده‌م و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کان) له‌ هه‌موو حیزب و ڕه‌گه‌ز و جێنده‌و ئاینێکی جیاواز، له‌ به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاتی کۆموێنه‌کاندا . ئه‌مانه‌و کۆتا کردنی ده‌ستی ئه‌مه‌ریکاو ڕۆژاوا و سه‌رجه‌می ده‌زگه‌ دراوییه‌کانیان له‌پاڵ ڕێگه‌گرتن له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی هه‌موو هێزو وڵاته‌ ده‌ره‌کییه‌کان، به‌ هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌.

 بۆچی ده‌ڵێم کۆبانی تازه‌ ڕۆیشتوه‌؟ کۆبانی له‌ به‌رده‌م 3 حاڵه‌تدایه‌، یه‌که‌م : ‌یا ئه‌وه‌ته‌ له‌ژێر فشاری داعش-دا خۆی ناگرێت. دووهه‌م: یا به‌رنامه و پلانه‌‌که‌ی ئۆردگان که‌ په‌یڕه‌وکردنی زۆنی دژه‌فڕینه‌ جێبه‌جێ ده‌بێت که‌ له‌و حاڵه‌تدا ڕۆژاوا و  تورکیا ده‌ستیانکراوه‌ ده‌ببێت له‌وه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت بیکه‌ن. سێهه‌م: یاخود داعش تێده‌شکێت به‌ڵام کاتێك که‌ کۆبانی داری له‌سه‌ر په‌ردوی نامێنێت، ئیدی به‌ناچاری سنور بۆ کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و تورکیا، ده‌کرێته‌وه‌ بۆ بیناکردنه‌وه‌ی کۆبانییه‌کی خه‌سیو و ڕوخاو و کاولکراو، ئه‌وانیش له‌ ڕێگای ‌بڵاوکردنه‌وه‌ی پاره‌یه‌کی مشه‌ به‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ده‌زگه‌ داراییه‌کانانیان و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌کانیانه‌وه‌، بۆ کنه‌ کردن له‌ دوو خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌ی دیکه‌ی عه‌فرین و جه‌زیره‌،  هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌ یارمه‌تی و هاوپه‌یمانێتی و هه‌ر هه‌موو پارته‌ سیاسییه‌کان و ده‌ستبه‌کاربوون له‌سه‌ر به‌نده‌کانی په‌یمانی دهۆك و هه‌ولێر و په‌یمانی داهاتوی قامیشلی، نه‌خشه‌ ده‌کێشرێن، که‌ پێده‌چێ ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی کۆتاییان سه‌ربگرێت.

 به‌ڵێ به‌مانه‌ هه‌موو شتێك کۆتایی دێت و ئه‌زموونی ڕۆژاوا له‌بار ده‌چێت و هه‌وڵ و تێکۆشان و کۆمه‌کی هه‌ر هه‌موان له‌ ناو خودی کوردستان و ئه‌وروپا و هه‌موو دونیا به‌ خه‌سار ده‌چێت . به‌ڵام سه‌ری به‌رز و که‌شی کۆبانی، خوێنی گه‌شی نه‌وجه‌وانانی و جه‌نگاوه‌رانی، قاره‌مانی و خۆڕاگریی دانیشتوانی، هه‌میشه‌ ئه‌و ئه‌ستێره‌ گه‌شانه‌ ده‌بن‌ که‌ هه‌ر گیز له‌ مێژوی خه‌باتی ئازادیخوازاندا، ئاوا نابێت، زوو بێت یا دره‌نگ به‌ره‌و لایه‌ك، به‌ره‌و شوێنێکی دیکه‌ ده‌کشێن، دیسانه‌وه‌ مژده‌ی ئازادی و ئاشتی و یه‌کسانی و سه‌لماندنی هێزی ژنان له‌ به‌درۆخستنه‌وه‌ و هه‌ڵته‌کاندنی بنه‌مای ئه‌فسانه‌ی خوێناوی‌ 15 چه‌رخی له‌مه‌وبه‌ر، که‌ ئافره‌ت ترسنۆکه‌، که‌م ئاوه‌زه‌، لاوازه‌. . . . ، بانگی به‌رگریی و به‌رهه‌ڵستی، دووباره‌، ڕاده‌گه‌یه‌نێت.    ‌ ‌

                                                                                     23/10/2014

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

له‌ کۆبونه‌وه‌ و خۆپیشاندان و نوسینی سه‌رجه‌می ماڵپه‌ڕه‌ کوردییه‌کان و هه‌تا زۆربه‌ی ئه‌و وتار و نوسینانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن نوسه‌رانی بریتانیشه‌وه‌ به‌ ئینگلیزی له‌ ڕۆژنامه‌کاندا ده‌نوسرێن و قسه‌کانیشیان له‌سه‌ر ته‌له‌فزیوێن و ڕادیوێکانیش سه‌‌باره‌ت به‌ پشتیوانی و به‌رگریکردن له‌ کۆبانی، ده‌کرێت، له‌ 3 خاڵدا، یاخود له‌ 4 پرسیاردا، ده‌بینرێته‌وه‌. من لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م سه‌رننجی خۆمیان له‌سه‌ر بده‌م.

یه‌که‌م : ئایا دا‌خوازی چه‌کدارکردنی جه‌نگاوه‌رانی کۆبانی ‌ له‌ لایه‌ن وڵاتانی ڕۆژاواوه‌ ڕاسته و ده‌بێت په‌یه‌ده‌ و په‌که‌که‌ قبوڵی ئه‌مه‌ بکه‌ن‌؟  به‌ڕای من ئه‌م وڵاتانه‌ لارییان له‌ چه‌کدارکردنی کوردانی ڕۆژاوادا نییه‌، به‌ڵام به‌ندومه‌رجی قورسی خۆیانیان هه‌یه‌. که‌واته‌ ده‌توانین بڵێین پێدانی چه‌ك نرخێکی تایبه‌تی ده‌وێت و ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌ زۆر بکه‌وێت و باجێکی سه‌خت بێت. به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌نگۆو هه‌واڵانه‌ی که‌ هه‌یه‌ ساڵه‌ح موسلیم له‌ چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌کی داخراودا له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی ئه‌وروپا و میتی تورکی و به‌رپرسانی دیکه‌ی ڕژێمی تورکی، دانیشتنی کردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی کۆمه‌ك و یارمه‌تی، ئه‌وروپا ڕ ازییه‌ به‌وه‌ی که‌ داوه‌که‌ به‌جێنهێنێت که‌ هاوکاتیش داوای تورکیاشه‌، به‌ڵام به‌‌و مه‌جانه‌ی که‌ هه‌یانه‌ ‌.

ئه‌وه‌ی که‌ تا ئێستا ئاشکرایه‌ له‌‌ مه‌رجه‌کانی تورکیا و ئه‌وروپا که‌ ئه‌مه‌ریکاش له‌گه‌ڵیاندا دێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ن: داخستنی که‌مپی مه‌خمور، دابه‌زینی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ له‌ شاخی سنجار و به‌جێهێڵانی ناوچه‌که‌، دابه‌زینی په‌که‌که‌ له‌ چییای قه‌ندیل، شه‌ڕنه‌کردن له‌گه‌ڵ تورکیا، نابێت ئه‌و چه‌کانه‌ ده‌ستی هێزه‌کانی په‌که‌که‌ بکه‌وێت و یه‌کینه‌کانی ڕۆژاوا ده‌بێت ببنه‌ به‌شێک له‌ سوپای ئازادی سوریا. ئه‌مانه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ن که‌ ئێمه‌ ده‌یزانین که‌ ڕه‌نگه‌ مه‌رجی دیکه‌ی زیاتریش له‌مانه‌ هه‌بێت. به‌ کورتی یانی چۆکپێهێنانی په‌که‌که ‌و په‌یه‌ده ‌و ده‌سته‌مۆکردنیان و ڕازیکردنیان به‌ چوونه‌ ناو گه‌مه‌ خوێناوییه‌که‌وه‌.

دووهه‌م: ئایا لێدانی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیان له‌ هێزه‌کای داعش سیاسه‌تێکی ڕاسته‌و کاراییه‌کی گه‌وره‌ و ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر تێشکان و پاکتاوکردنی داعش ده‌بێت؟ چاوگێڕانێک به‌ مێژوی سه‌رجه‌می بزوتنه‌وه‌کاندا ئیدی تیرۆریست بووبن یا نه‌ته‌وه‌یی یا دینی و مه‌زهه‌بی، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که‌ له‌ ڕێگای به‌کارهێنانی توندووتیژی و کوشتن و بڕینه‌وه‌، نه‌توانراوه‌ ئه‌و بزوتنه‌وانه‌ له‌ناوببرێن . نموونه‌ش: بزوتنه‌وه‌ی کوردی له‌ هه‌ر 4 پارچه‌که‌دا، فه‌له‌ستینییه‌کان، ئیرله‌ندییه‌کان، ئه‌وه‌ی کۆڵۆمبیا، موجاهیدینی کۆن جه‌نگی دژه‌ تیرۆری قاعیده‌ و تالیبان و . . هتد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش له‌ جه‌نگی دژی داعشدا، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین که‌ ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا و حکومه‌تی تورکیا و سعودییه‌ و حکومه‌ته‌کانی که‌نداو، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌و جه‌نگه‌دا، جددی نین و له‌پاڵ ئه‌م جه‌نگه‌دا چه‌نده‌ها به‌رنامه‌ی شاراوه‌یان هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ی خه‌ڵکانی ئاسایی نایانزانین.

بڕیاری لێدانی داعش به‌ هێزی ئاسمانی و که‌ ڕه‌نگه‌ دواتریش هێزی پیاده‌، سه‌رزه‌مینیشی، تێبکه‌وێت، گومانی تیادانییه‌ له‌ ڕوی چه‌كو خه‌ساراتی ڕۆحیه‌وه‌ داعش زه‌ره‌ر ده‌کات، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا جگه‌ له‌وه‌ی له‌ڕوی هزری و په‌یداکردنی پشتیوانی زیاتر بۆیان، له‌م بورانه‌ی دیکه‌شدا، ئه‌وان قازانجده‌که‌ن و ئێمه‌ زه‌ره‌رمه‌ند‌، چونکه‌ : کۆمه‌ڵی موسڵمانان و دونیای موسڵمانان به‌ هێڕش و په‌لامار دانی بۆ سه‌ر وڵاتانی ئیسلام و موسڵمانان، ده‌زانن، ده‌بێته‌ هۆی دروستکردنی کینه‌دۆزی سونه‌ی عه‌ره‌بی و به‌ دووژمنکردنی زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی. به‌ کورد، بووه‌ هۆی یه‌کگرتنه‌وه‌ی به‌ره‌ی نوسره‌ و داعش و جه‌نگانیان له‌ به‌ره‌یه‌کدا دژ به‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل و ژنان، نزیکبوونه‌وه‌ی تالیبان و داعش،  په‌یوه‌دندیکردنی 6 هه‌زار که‌س به‌ داعشه‌وه‌ و چه‌کدارکردنیان، ئه‌مه‌ تاکو ڕۆژی 30/09/14، له‌ پاشه‌ ڕۆژێکی نزیکدا ده‌زانین له‌ دوای ئه‌و به‌رواره‌وه‌، چه‌ندی دیکه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌کردون، گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و بریتانیا بۆ عێراق و کوردستان و هاتنه‌ ناو خاکی سوریاوه، سه‌پاندنی بارودۆخێك له‌ ناوچه‌که‌دا که‌ حکومه‌ته‌کان ناچاری کڕینی چه‌کی قورسی گرانبه‌ها و ته‌قه‌مه‌نی ده‌کرێن که‌ ئه‌مه‌ش بزنسێکی چاکه‌ بۆ کۆمپانیاکانی که‌ ئه‌و که‌ره‌سانه‌ به‌رهه‌مده‌هێنن، هه‌نگاوێکه‌ بۆ به‌جێهێنای ته‌واوی پلانه‌کانیان که‌ هاتنه‌ ناو کۆبانییه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌لی و گه‌وره‌ترین لێدان‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی دیمۆکراسی کۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌ڤده‌م، که‌ له‌وێوه‌ ده‌توانن کار له‌سه‌ر داڕمانی دوو کانتۆنه‌که‌ی دیکه‌ش بکه‌ن، په‌یداکردنی کار و قازانجه‌ بۆ کۆمپانییه‌کانی بیناسازی و ئه‌وانی دیکه‌یان، چونکه‌ ئه‌مان به‌ هێڕشی ئاسمانی ئه‌وه‌شی که‌ له‌ کۆبانی له‌ ژێر هێڕشی داعش به‌پێوه‌ ماوه‌و مابوو، ئه‌مان وێرانیان کر دووه ‌و ده‌یکه‌ن.

سێهه‌م: ئه‌ڵته‌رناتیڤ چییه‌؟ به‌داخه‌و که‌ زۆربه‌ی ئێمه‌ هه‌ر دوو ڕێگا ده‌بینین، یا به‌زین و کۆڵدان، یاخود په‌نابردن بۆ کۆمه‌کی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا . له‌ کاتێکیشدا که‌ هه‌ردوو ڕێگاکه‌ ڕه‌تده‌کرێنه‌وه‌‌،  ده‌ڵێین ئه‌ڵته‌رنا‌تیڤێکی دیکه‌ نییه‌!! . ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆڵی سه‌ره‌کی له تێشکانی داعشدا هه‌یه‌ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و هاوپه‌یمانه‌کانی دیکه‌یان جگه‌ له‌ تورکیا و حکومه‌تی هه‌رێـم نییه‌، به‌ڵکو به‌ ڕاده‌ی سه‌ره‌کی خودی حکومه‌تی تورکی و حکومه‌تی هه‌رێـمن که‌ ده‌توانن بێ به‌زینی جه‌نگاوه‌رانی ڕۆژاوا و بێ یارمه‌تی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا، چۆك به‌ داعش دابده‌ن‌.

ده‌توانرێت فشاری هه‌مه‌چه‌شنه‌ بخرێته‌ سه‌ر تورکیا چ‌ له‌ناو خودی تورکیادا و چ له‌ ئه‌وروپا و سه‌رجه‌می وڵاتانی دیکه‌، واته‌ فشار بۆ‌ سه‌ر ئیداره‌ و ئۆفیس و کۆمپانیاکانیان، تاکو ده‌ستبه‌رداری یارمه‌تی داعش ببێت و سنور بۆ یارمه‌تی خه‌ڵکیی چ وه‌کو چه‌کداران و بردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و داوده‌رمان و کردنه‌وه‌ی خه‌سته‌خانه‌ی سه‌یار و یارمه‌تیدانی دیکه‌ له‌ بواری یارمه‌تی مرۆیانه‌دا. له‌ ڕوی ڕاگه‌یاندنیشه‌وه‌، له‌ هه‌موو بواره‌کانیدا، کارکردنه‌ له‌سه‌ر ده‌رخستنی ڕوی ڕاسته‌قینه‌ی تورکیایه‌ له‌ یارمه‌تیدانی ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆی داعش و به‌کارهێنانی توندوتیژی و کوشتن و بڕینی خۆپیشانده‌رانی بێ تاوان، ناساندی پرسی کۆبانی و ڕۆژاوا به‌ میدیای جیهانی و په‌یوه‌ندیکردن به‌ ڕۆژنامه‌وان و دروستکه‌رانی فلیم و ڕیپۆرتتاژان، له‌ خه‌ڵکانی چه‌پ و سۆشیالیست و کۆمۆنیست و نقابی و ئه‌نارکست و ئازادیخوازان و . . . هتد

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی کوردستانیش، به‌گوێره‌ی ئاماره‌کانی ئێره‌، 2400 کۆمپانیای تورکی له‌ کوردستاندا هه‌ن، بێ له‌ فرۆشتنی نه‌وت به‌ تورکیا، بێ له‌ هێنان و ساغکردنه‌وه‌ی کاڵای تورکی، که‌ له‌م بوارانه‌دا دبێت‌ چالاکی ڕاستوخۆ ئه‌نجامبدرێت، که‌ بایکۆتی مه‌کته‌ب و شوێنی دیکه‌ی خۆێندنی به‌رز به‌ زمانی تورکییه‌، بایکۆتی تورکیایه‌ بۆ گه‌شتکه‌ران، کێشانه‌وه‌ی پاره‌ی دانراو و پاشه‌که‌وتکراوی ناو بانقه‌کانی تورکیایه‌، داخستنی که‌ناڵی ڕ وداو و ماڵپه‌ڕه‌کانی، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ئه‌و شاحینانه‌ی که‌ له‌ تورکیاوه‌ دێن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و دابه‌شکردنی کاڵاکانی ناویان به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا به‌خۆڕایی و حیجزکردنی شاحینه‌کان و به‌ڵام به‌ره‌ڵاکردنی سایه‌قه‌کانیان، خۆپیشاندانی سه‌رومڕی خه‌ڵکی له‌ په‌ڕله‌مان و داگیرکردن سه‌رجه‌می جێگا حکومییه‌کان تاکو حکومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌موو ئه‌و په‌یمان و گرێبه‌ستانه‌ی که‌ له‌ته‌ك تورکیادا هه‌یه‌تی هه‌ڵیده‌وه‌شێنته‌وه‌ . . . ئه‌مانه‌ ژماره‌گه‌لێکی که‌من له‌ چالاکی کۆمه‌ککاران و دۆستانی کۆبانی. ته‌نها هه‌ندێکیش له‌م چالاکییه‌ ڕاسته‌وخۆیانه‌ بکرێن و هاوکاتیش کاری جددی له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی دیکه‌یان بکرێت، ئابوری تورکیا ئیفلیچ ده‌کات و چۆکیش به‌ حکومه‌ته‌که‌ی له‌ به‌جێهێنانی داخوازییه‌کانماندا، داده‌دات. بێ گومان گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌مانه‌ بکات ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌کی یه‌کسانی یان هاوبه‌رامبه‌ری پته‌و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌غدادا دروستبکات، له‌وان زیاتر نزیك ببێته‌وه‌ تاکو تورکیا، که‌ به‌مه‌ش یه‌کسه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێراندا باشتر ده‌بێتت، ڕه‌نگه‌ ئێرانش به‌ڕۆڵی خۆی بتوانێت تاڕاده‌یه‌ک بۆشاییه‌کانی کوردستان که‌ له‌ وازهێنان له‌ تورکیا، دروستبووه‌، پڕ بکاته‌وه‌، چونکه‌ ئێرانیش له‌ جه‌نگی ئابوری دژ به تورکیا، زۆر سوودمه‌نده‌ و کردنی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش تا ڕاده‌یه‌ك کارایی باش له‌سه‌ر ئابوری ئێران، داده‌نێت.

چواره‌م: ئایا کردنی ئه‌و خۆپیشاندان ‌و ناڕه‌زایانه‌ی که‌ له‌ بریتانیا ده‌کرێن و ده‌رده‌بڕێن کاراییه‌کی زۆر ئه‌رێیانه‌ داده‌نێت و ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که‌ و ئامانجی چالاکییه‌کان،  به‌ خه‌ڵکی ئه‌م وڵاتانه‌ ده‌ناسێنێت؟ هه‌ر که‌سێکمان له‌ خۆپیشاندانه‌کان و ناڕه‌زاییه‌کاندا به‌شدارییمان کردبێت یا له‌ شاشه‌کانی ته‌له‌فزوێن و وێنه‌کانی سه‌ر فه‌یسبووکه‌وه‌، بینێبێتمان، گه‌ر به‌ ئاوه‌زه‌وه‌ بیر بکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینین که‌ چه‌ندێک ئاستنزمن‌، که‌ زیاتر بۆ گرتنی وێنه‌ی فه‌یسبووك و خۆده‌رخستن و کێشانی هیتافاتی ناشیاوو به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی حیزبی و وێنه‌ی ناپه‌یوه‌ست به‌ ئامانجه‌کانی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌کانه‌وه‌یه‌‌‌ . من ئا لێره‌دا ته‌نها سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ چه‌ند شتێك ڕاده‌کێشم، که‌ وه‌کو به‌ڵگه‌یه‌ك ده‌یانهێنمه‌وه‌ هه‌م له‌ خۆپیشاندانه‌کانی به‌رگریی کردن له‌ ئێزیدییه‌کان و هه‌م له‌ کۆبانی. ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی که‌ کوردانی باکور یا ڕۆژهه‌ڵاتی تیادایه‌، گرنگ نییه‌ بۆنه‌که‌‌ چییه‌، به‌ڵام به‌ نزیکه‌ی ژماره‌ی به‌شداربووان، وێنه‌ی ئۆجه‌لان به‌رزکراوه‌ته‌وه‌ و ده‌کرێته‌وه‌ . ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئاڵای کوردستان به‌ ده‌ستی گه‌وره ‌و بچوك و ژنان و پیاوانه‌وه‌یه‌، هه‌تا هه‌ندێکیا دڵیان به‌وه‌ سوکنایی نایه‌ت و دێن ئاڵایه‌کی زۆر گه‌وره‌ی کوردستان له‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌پێچن. ئه‌مه‌ له‌بری به‌رزکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی ئێزیدییه‌ ئاواره‌کان، وێنه‌ی ئه‌وانه‌یان که‌ له‌ ڕه‌وه‌که‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، وێنه‌ی منداڵان و ژنان و پیران و په‌ککه‌وتوانی پێخاوس، ڕه‌نگزه‌ردبوو، ماندوو مردوو. . . !!!. له‌ سه‌پۆرتی کۆبانیشدا هه‌مان شت دووباره ‌و ده‌باره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌بری به‌رزکردنه‌وه‌ی سه‌ری بڕاوی کچێکی گه‌نجی یه‌کجار جوان به‌ ده‌ست ڕیشنێکی داعشه‌‌وه‌، له‌بری به‌رزکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی ڕیشنێك، چه‌ند چڵکنێك، نامرۆیه‌ك یاچه‌ند نامرۆیه‌کی داعش، که‌ چۆن کۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی بێ تاوانیان ڕیزکردوه‌و مشتی کوشتنیان لێگرتونه‌‌ته‌وه‌، له‌بری نیشاندانی ته‌رمی ده‌یه‌ها که‌سی بێ تاوان که‌ به‌ده‌ستی ئه‌و دڕندانه‌، گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. . . . نیوه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبجه‌ی به‌ دونیا ناساندا پۆسته‌ره‌که‌ی عومه‌ری خاوه‌ر و منداڵه‌که‌ی باوه‌شی بوو، نیوه‌که‌ی دیکه‌شی وێنه‌ی ته‌رمه‌کانی دیکه‌ بوو. ئێمه‌ خه‌ڵکانێکین نه‌ له‌ ڕابوردووه‌وه‌ فێرده‌بین و نه‌ ئاماده‌شین له‌ چالاکییه‌کانی خه‌ڵکانی ئێره‌شه‌وه‌ فێرببین.

ئه‌و هیتاف و قسه‌کردنانه‌ش که‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کاندا، ده‌کرێن، به‌ڕاستی خزمه‌تی کێشه‌که‌مان، ناکه‌ن نه‌ له‌وه‌ی ئێزیدییه‌کان و نه‌ له‌وه‌ی کۆبانیشدا. ئاخر له‌ خۆپیشاندانی ئاوادا له‌ سێنته‌ری له‌نده‌ندا، مانای هه‌یه‌ هیتافی ئاوا بکێشیت " ئێمه‌ هه‌موو کوردستانین، بژی کوردستان، ، ، بژی سه‌رۆك ئاپۆ. . . بژی کورد . . . هتد" ئێسته‌ش له‌و خۆپیشداندان و ناڕه‌زاییانه‌ی که‌ من چوم بۆیان نه‌م بینی دوو که‌س به‌ موکبه‌ره‌یه‌که‌وه‌ به‌ ئینگلیزی بشیڕێنن : که‌ بۆچی ئێمه‌ له‌وێ گردبوینه‌ته‌وه‌؟ بۆچی ئێمه‌ پرۆتێستده‌که‌ین؟. یا دیسانه‌وه‌ هاوار ده‌که‌ن " بژی پێشمه‌رگه‌ . . . ئێمه‌ هه‌موومان پێشمه‌رگه‌ین . . . " کابرا خۆی پێچاوه‌ له‌ ئاڵایه‌کی کوردستیانه‌وه‌و ئه‌مه‌ ده‌ڵێ. ئاخر با بوێرین پرسیارێك بکه‌ین، له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرم بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ گیانیان به‌ختکردووه‌، به‌ڵام کام پێشمه‌رگه‌؟ ئه‌وه‌ی 23 ساڵ پاره‌ی تیادا سه‌رفکرا، به‌ڵام 23 چرکه‌ خۆی پێڕانه‌گیرا؟ ئه‌وه‌ی که‌ به‌شێکی جه‌له‌ولای به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، که‌چی ئه‌وه‌شی له‌ ده‌ستدا؟ ئیدی به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بووبێت!!!

له‌م خاڵه‌دا حه‌زده‌که‌م ئه‌وه‌ بڵێم ئاخر که‌ ئه‌مه‌ دروشم و هیتاف و ئامانجه‌کانمان بێت، خه‌ڵکانی بێگانه‌ چۆن دێن به‌شداری ده‌که‌ن له‌ خۆپیشاندانێکی یا گردبوونه‌وه‌یه‌کی ئاوادا؟!! چۆن له‌ مه‌به‌ستی گردبوونه‌وه‌که‌ یا خۆپیشاندانه‌که‌ تێبگه‌ن؟!! ڕه‌نگه‌ وابزانن جه‌ژنی له‌ دایکبوونی ئه‌و خاوه‌ن وێنه‌یه‌یه‌، یا به‌گوێره‌ی برقوباقی ئاڵاکاندا ڕه‌نگه‌ بیریان بۆ ئه‌وه‌ بچێت، که‌ ئه‌وه‌ جه‌ژنی له‌ دایکبوونی ده‌وڵه‌تی یا ئازادی وڵاتێکه‌، هه‌تا نه‌ك وڵاتی کوردستانیش . خه‌ڵکی لێره‌ ته‌جاوازی ئه‌وه‌ی کردوه‌ که‌ له‌ دوای وێنه‌ی سه‌رکرده‌وه‌ بڕوات و وێنه‌ی سه‌رکرده‌ هه‌ڵواسێت، مه‌گه‌ر زۆر حیزبی بن و کاتی هه‌ڵبژاردن بێت، یا بێت دروشمێک به‌رزبکاته‌وه‌ که‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بۆنه‌که‌، ڕووداوه‌که‌، نییه‌ . ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ن که‌ ئیمه‌ تێکه‌ڵاوی چالاکییه‌کانی خه‌ڵکانی ئێره‌ نابین تاکو بزانین ئه‌وان چۆن پرسه‌کانیان به‌ ڕێڕه‌وانی سه‌ر شه‌قامه‌کان یا میدیا، ده‌ناسێنن . ته‌نانه‌ت که‌ من‌ کوردیشم جاری واهه‌یه‌ هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌که‌م که‌ به‌شداری له‌ شتێکی ئاوادا ده‌که‌م . به‌ڵم هاوکات شانازی ده‌که‌م به‌وه‌ی که‌ له‌ دوای وێنه‌ی سه‌رێکی بڕاوه‌وه‌ که‌ به‌ ده‌ستی داعیشێکه‌وه‌یه‌‌، خۆپیشاندان بکه‌م، شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ له‌ دوای وێنه‌ی یا پۆسته‌ری ڕه‌وی تابورێك منداڵ و ژن و پیاو پیرو په‌كکه‌وته‌و پێخاوسه‌وه‌، ڕێپێوان بکه‌م، من شانازی ده‌که‌م به‌وه‌ی که‌ له‌ دوای وێنه‌و پۆسته‌ری ئه‌و ژن و کوڕه‌ جه‌نگاوه‌رانه‌ که‌ بۆ ڕه‌وایی بوونی مرۆڤایه‌تی، که‌ بۆ ئازادی، که‌ بۆ یه‌کسانی و پاراستنی خۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کان و مانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ته‌ڤده‌م، له‌ ڕۆژاوا شه‌ڕده‌که‌ن و گیانی خۆیان ده‌به‌خشن، خه‌م و په‌ژاره‌و ڕق و کینه‌ی خۆم له‌گه‌ڵ هاورێپێوان و خه‌ڵکانی دیکه‌دا، شه‌یر بکه‌م . به‌ڵام به‌ڕاستی نایشارمه‌وه‌ هه‌ست به‌سوکایه‌تی ده‌که‌م که‌ له‌ دوای وێنه‌یه‌که‌وه‌ که‌به‌رزکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ ئامانجی خۆپیشاندان و گردبووه‌نوه‌که‌وه‌، یا خوود له‌ پاش ئاڵایه‌که‌وه‌، که‌ گه‌ر به‌ ویژدانه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ین ده‌زانین چ کاره‌ساتێکی بۆ زۆربه‌مان له‌ کورستاندا هێناوه‌، ڕێپێوان بکه‌م.    ‌ 

                                                          13/10/2014

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

پاش هێڕشی داعش بۆ سه‌ر کوردستان و ئاماده‌نه‌‌بوونی هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، له‌ به‌رگریکردن و پاراستنی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی دڕاندانه‌ی داعش بووونه‌وه‌، ئیدی ئه‌و زه‌مینه‌ و بڕوایه که‌ ئه‌م هێزانه‌ پارێزه‌ر و فریادڕه‌سی ئه‌وانن (میلله‌ت)‌ له‌لایه‌ن زۆربه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا، هه‌ره‌سی هێنا. هاوکاتیش به‌ هاتنی یه‌کینه‌کانی ڕۆژاواو به‌رگریکردن له‌ دانیشتوان و ڕزگارکردنی به‌شێکی زۆری خه‌ڵکانی شه‌نگال و دانی وزه‌و وره‌یه‌ك به‌ چه‌کداره‌کانی هه‌رێم تاکو غیره‌ت بیانگرێت که‌ ئه‌و میلله‌ته‌ی که‌ ساڵه‌هایه‌کی دوور و درێژه‌ خۆشیان و به‌رپرسان و سه‌رۆکی هه‌رێم و لێپپرسراوانی دیکه‌و گزیر و وه‌زیران و په‌ڕله‌مانته‌ره‌ چه‌نه‌باز و مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵه‌‌كان و سیاسییه‌ بێ شۆره‌ و درۆزنه‌کانیی دیکه‌، ئه‌یاندۆشن و له‌سه‌ر حسابی ئه‌و میلله‌ته‌ خێر له‌خۆنه‌دیوه‌، وه‌ك پاشا ده‌ژین و چه‌نده‌ها به‌رته‌له‌ی ( ئیمتیاز) مادی و مه‌عنه‌ویان، له‌ سایه‌یدا،  ده‌ستکه‌وتووه‌، نه‌یانتوانی بۆ کاژێرێک به‌رگرریان لێبکه‌ن‌، ئه‌مه‌ش ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ی له‌ کوردستاندا، دروستکرد.

وه‌کو وتم هێزی چه‌کدارانی هه‌رێم تۆزێك هۆشیان تیادا هاتۆته‌وه به‌شی زۆری ئه‌وه‌ش به‌ پشتی ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا‌یه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌ره‌ زۆرینه‌ی کوردانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم هه‌ر دڵ و بڕوایان ناچێته‌وه‌ جێی خۆی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش و پاش بینینی ڕۆڵی جه‌نگاوه‌ره‌کانی یه‌کینه‌کای ڕۆژاوا و گریله‌کانی قه‌ندیل، خه‌ڵکی لێره‌ وره‌ وری ئه‌وه‌یه‌تی که‌ ئه‌مانیش پێویستیان به‌ " هێزی به‌رگری" " یه‌کینه‌ی ژنان، پیاوان، ژنان و پیاوان" هه‌یه‌ . ئێستاش لێره‌ و له‌وێ بانگه‌وازی ده‌ستپێکردنی ئه‌م پرۆژه‌ و پلانه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانی حیزبی و ڕۆشنیرانی لیبراڵ و نیمچه‌ لیبراڵ و چه‌په‌کانه‌وه‌ و بێ گومان ڕۆڵی ئافره‌تانی ده‌سه‌ڵاتخوازیشی تێده‌که‌وێت، وجودی هه‌یه‌ و ده‌نگ و نوسینیان له‌ میدیا و سۆشیال میدیاکاندا ده‌بیسترێت و ده‌بینرێت.

من هه‌رچه‌ند ده‌که‌م ناتوانم به‌مه‌ دڵخۆش بم، چونکه‌ ته‌واوی پلانه‌که‌ ته‌موومژاوییه‌ و دوای وه‌شاندنی گورزی سه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش لێمان، هه‌روه‌ها دابه‌شبوونی ئه‌م سیاسی و ڕۆشنبیر و‌ لیبراڵانه‌ش به‌سه‌ر حیزبه‌کاندا، ناتوانم ئه‌وه‌نده‌ خۆشباوه‌ڕ بم که‌ هه‌ر شتێك له‌ژێر ناوێکی نوێی سه‌رنجڕاکێشدا دروستبێت، وه‌لای بۆ به‌رم.

  ئه‌وه‌ی که‌ ده‌مه‌وێت لێره‌دابیڵێم، یه‌که‌م: دروستکردنی " هێزی به‌رگری" له‌ کوردستان و " هێزی یه‌کینه‌کان " ی که‌ له‌ ڕۆژاوا دروستکراوه‌ دوو شتی زۆر له‌ یه‌ك جیاوازن . دووهه‌م : کاتێك که‌ بانگه‌واز و مقۆ مقۆکه‌ بۆ ژنان و پێاوانه‌،  گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌ر بگرێت ده‌توانم بڵێم ڕۆلی پیاوان و هه‌ژموونی پیاوان له‌مه‌ی که‌ لێره‌دا ده‌کرێت، له‌سه‌ر ئافره‌تانی به‌شداربوو له‌م پرۆژه‌یه‌دا، باوه‌ڕناکه‌م سه‌رئه‌نجامێکی باشتری هه‌بێت له‌ ڕۆڵ و هه‌ڵوێستی پیاوانی سیاسی نێو کۆمه‌ڵ و ناو ڕیزی پارته‌کانیانه‌وه که‌ له‌ ئێستادا به‌رامبه‌ر به‌ ژنان، ده‌بینرێت. ئه‌مه‌ش‌ دوو مه‌ترسی گه‌وره‌ به‌دووی خۆیدا به‌کێشده‌کات،  که‌ یه‌که‌میان : به‌ پاشکۆبوونی ئافره‌تانی به‌شداربووه‌ به‌ پیاوان و بڕیاره‌کانیانه‌وه‌ هه‌ر وه‌کو چۆن له‌ ئێستا و کۆندا له‌ ناو سه‌رجه‌می حیزبه‌ کوردییه‌کاندا له‌ ڕاستیانه‌وه‌ بۆ چه‌پیان، ده‌یانبینین.  ئه‌م دیارده‌یه‌ باشتر له‌ بواری سایکۆلۆجی و هزریدا هه‌ژموونی خۆی له‌سه‌ر ئافره‌ت له‌ ڕێگای به‌کارهێنانێکی خراپی (Abuse ) ی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی سه‌ره‌وه‌ ( فکری و سایکۆلۆجی)، داده‌نێت.  ئه‌مه‌ش له‌ قاڵبدانی ئافره‌تان به‌ قاڵبی هزری پیاوان یا حیزبییه‌کان و حیزبه‌کان، وێنای خۆی ده‌کێشێت.  دووهه‌میان: دروستکردنی شتێکی ئاوا له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانی ڕۆشبیری لیبراڵ و سیساسی نێو حیزبه‌کانه‌وه‌، زۆر نزیکه‌ ک ‌ببێته‌ مه‌یدانی لابه‌لاکردنه‌وه‌ی ئایدۆلۆجییه‌ت و ناکۆکی نێوان پارته‌کانی نێو ئه‌و هێزه‌ به‌رگرییه‌،  که‌ زۆربه‌یان سه‌ر به‌وانن یا هه‌واداریانن.

 سێهه‌م: دروستکردن یاخود به‌ ته‌نها پێکهێنای " هێزێکی به‌رگری یا یه‌کینه‌یه‌ک" ئه‌و مه‌به‌سته‌ی که‌ خه‌ڵکه‌که‌ به‌ پیا و ژنه‌وه‌ دێنه‌ پێشه‌وه‌ بۆی، هه‌ده‌فی خۆی ناپێکێت، جگه‌ له‌ لاسایی کردنه‌وه‌ی جه‌نگاوه‌ره‌کانی ڕۆژاوا، به‌ڵام له‌ شێوه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕی و بۆ مه‌به‌ستی جیا جیا ی تایبه‌تی، بو خۆنواندن و دانانی وێنه‌ی جوان و نایابی سه‌ر فه‌یسبووك.

 به‌ ته‌نها، کردنی ئه‌م کاره‌، بێ هه‌نگاونان بۆ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م پرۆوسه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ تا ڕاده‌یه‌ك وێنا ڕاستیه‌که‌ی له‌ ڕۆژاوادا ده‌بینینرێت، نه‌ك هه‌ر شتێك ناهێنێته‌ دی به‌ڵکو ئه‌زموونه‌که‌ی ڕۆژاواش ده‌شێوێنێ و زیانی پێده‌گه‌یه‌نێ و خه‌رمانی هیواو مه‌به‌ستی پێوه‌گرێدراوی ئه‌وانه‌شی که‌ له‌ لێره‌ به‌شدارییان تیادا کردوه، ده‌سوتێنێ.

به‌ ته‌نها بایاخدان یا ته‌رکیز کردنه‌ سه‌ر هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌ژێر هه‌ر ناوێکدا،  بێ زه‌مینه‌سازی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م پلانه‌ گه‌وره‌یه‌، ده‌ستپێنه‌کردنی باشتره‌.  ئه‌م پلان و پرۆژه‌یه‌ به‌بێ هه‌وڵدانێکی جددی بۆ خولقاندنی ژینگه‌یه‌کی ئاوا که‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی تیادا ده‌ستبه‌کار بێت‌ و به‌رنامه‌یه‌کی عه‌مه‌لی بۆ دابنرێت و پشتگیری لێبکرێت و له‌ پرۆژه‌یه‌کی حیزبی و سیاسی وه‌ختییه‌وه گه‌ر نه‌بێته‌ به‌رگرییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، جه‌ماوه‌ری دووره‌ ده‌ستی پارته‌ سیاسییه‌کان و سیاسییه‌ فاشله‌کانی دیکه‌ و هه‌روه‌ها نه‌بێته‌ شتێکی دائیمی، ئه‌وه‌  ته‌نها له‌ فۆرمی " جه‌یشی شه‌عبی" یه‌که‌ی به‌عس، یا خود له‌ باشترین حاڵه‌تدا له‌ " هێزه‌ به‌رگرییه‌کانی پارتی" که‌ له کۆندا له‌ گونده‌کانی کوردستاندا دروستیانده‌کردن، تێناپه‌ڕێت.

به‌ڕای من بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌، ببێته‌ پرۆسه‌یه‌کی به‌سوود و دائیمی و ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی حیزبه‌ بیرۆکرات و دیکتاتۆر و گه‌نده‌ڵه‌کانی که‌ حکومه‌تی هه‌رێمیان پێكهێناوه‌، بگوێزێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل، تاکو  له‌بری ده‌سه‌ڵاتێکی ئاوای وه‌کو هه‌رێم که‌ چووه‌ته‌ ‌باوه‌شی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاواوه‌ و خه‌ریکیشه‌ ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی دووهه‌م، باشترین چاره‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خودی خه‌ڵکی خۆیه‌تی،  خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌، ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری و گه‌لییه‌ .  زه‌مینه‌ی ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا خۆڕێکخستنی سه‌رجه‌می خه‌ڵکییه‌ له‌ لیژان و کۆمونه‌و گروپه‌ خۆجێییه‌کاندا. شۆڕبوونه‌وه‌ی ئه‌مانه‌یه‌ بۆ نێو سه‌راپای شانه‌ خوارینه‌کانی کۆمه‌ڵ و ده‌زگه‌ خزمه‌تگوزاییه‌کان و شوێنه‌کانی کارکردن و فێرگه‌ و خۆێندن و زانکۆکان و مه‌زره‌عه‌و کشتیاره‌کان و گونده‌کان و شه‌قامه‌کان و شار و شارۆچکه‌کاندا و دروستکردنی " ماڵی گه‌ل" له‌ هه‌موو شوێنێکدا . تاکو خه‌ڵکی خۆی بتوانێت گیرو گرفته‌کان و سه‌رجه‌می کێشه‌کانی لابه‌لا بکاته‌وه‌ تێکڕای بڕیاره‌کانیش خۆی خاوه‌نی بێت . . . ئه‌مه‌ش تاکه‌ ڕێگایه‌که‌ بۆ به‌دیهێنانی ئۆتۆنۆمی که‌ تاکه‌کانی له‌ ڕووی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ یه‌کسان بن و هه‌موان مافی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری و بڕیاردانیان وه‌ك یه‌ك هه‌بێت. هه‌روه‌ها زه‌مانه‌تی ته‌واوی هاوبه‌شی ئابووری یا ئابووری هاوبه‌ش، بکات بۆ ئه‌وه‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌ ڕووی ئابووریه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆبن . خه‌سه‌ڵه‌تێکی دیکه‌ی ئه‌م ناوچه‌ ئۆتۆنۆمییه‌ ‌ هاوکاری و  یارمه‌تی ناوچه‌ ئۆتۆنۆمییه‌کانی تره‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یانه‌ له‌ یه‌کێتییه‌کی فیدراڵیانه‌ی سه‌رانسه‌ریدا.

 هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ بۆته‌قه‌ی خه‌بات و هه‌وڵداندا بۆ سه‌رگرتنی ئه‌م پرۆژه‌یه ‌و کارکردنی سه‌رومڕیی بۆ سه‌قامگیرکردنی، چه‌نده‌ها بیرۆکه‌ و ئایدیا له‌ پرۆسه‌ی ئه‌و کارانه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت تاکو جه‌ماوه‌ر سوودیان لێببینێت بۆ کارکردن له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ژیانی پڕ له‌ ئاشتی و ته‌باییه‌،  که هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه‌ که‌ مرۆڤ به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ سروشته‌ ئه‌سڵییه‌ مرۆڤبوونه‌که‌ی خۆی.

              25/08/2014

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

بەیانی، ڕۆژی 18/09/2014 ڕۆژی ده‌نگدانی سه‌ربه‌خۆیی یاخود جیابوونه‌وه‌ی سکۆتله‌نده‌یه‌ کە 307 ساڵە بە بریتانیاوە لکێندراوە.هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای پێشنیارکردنی پرسی جیابوونه‌وه‌وه‌ دوو که‌مپ دروستبوون.که‌مپی یه‌که‌م که‌مپی "بەڵێ" بۆ جیابوونه‌وه‌ کە لە لایەن ئەلێکس سەلمەن، سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەند و وەزیری یەکەمی پەڕلەمانی ئەوێوە، سەرپەرشتی دەکرێت و بەڕیوەدەبرێت.که‌مپی دوووهه‌م که‌مپی 'نا' بۆ جیابوونه‌وه‌ یاخود " ژیان به‌یه‌که‌وه، باشتره‌" کە میدیا و سیاسیەکان و هەر 3 پارتە سەرەکییەکەی بریتانیا، بەڕیوەیدەبەن .

 له‌سه‌ره‌تای که‌مپه‌ینه‌که‌دا، که‌مپی 'نا' بۆ جیابونه‌وه‌ زۆر له‌سه‌ردا بوو، به‌ڵام به‌ نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆژی ده‌نگدان، که‌لێنی نیوانی ده‌نگی ئه‌م دووو که‌مپه‌ له‌ که‌مبوونه‌وه‌دایە، به‌ ڕاده‌یه‌ك که‌ ئێستا هه‌ندێك له‌ ئامارگیرییەکانی خەمڵاندنی دەنگ که‌ ئه‌و کاره‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن، که‌مپی 'به‌ڵێ' بۆ جیا یابوونه‌وه‌ تەنها به‌ 2 یا 3 دەنگ‌ لەدوای ده‌ نگده‌رانی که‌مپی 'نا' بۆ جیابوونه‌وه‌ندایه‌.

هه‌ڵبه‌ته‌ جێگای سه‌رسوڕمان نییه‌ که‌ که‌مپی 'بەڵێ ' بۆ جیابوونه‌وه‌، ده‌نگه‌کانیان پێش ده‌نگی که‌مپی 'نا' یە، هەتا ئەگەر ئەم کەمپە بیشیباته‌وه، هەر جێگای سەرسوڕمان نییە‌، چونکه‌ له‌ هه‌قه‌تدا هه‌موو هێزه‌ تاریکه‌کانی وه‌کو : میدیا و بانقه‌کان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و کۆمپانییه‌ گه‌وره‌کان و ده‌سگه‌ سیخوڕییه‌کان و هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان و هەر 3 پارتە سەرەکیەکەی بریتانیا و  هەندێك لە لە گۆرانیبێژو ئەکتەرە بەناوبانگەکانیش، هەندێك لە وڵاتانیش،  دژی دەنگدان بۆ جیابوونەوەی سکۆتلەند، یەکیانگرتووە.لەسکۆتلەند 31 ڕۆژنامە هەیە کە تاکە ڕۆژنامەیەکیان نەك هەر پشتگیری جایبوونەوەی سکۆتلەند ناکەن، بەڵکو هەندێکیشیان، ئەلێکس سەلمەن بە ڕۆبێرت مۆگابی سەرۆکی زیمبابۆی، دەچوێنن، هەندێکی دیکەشیان خودی پرۆژەکە بە پرۆژەی هیتلەری ناودەبەن.دیسانەوە قسەی شاژنی بریتانیش کە لەم ڕۆژانەدا وتی " سکۆتیییەکان دەبێت زۆر بە ئاگاییەوە بڕیارەکانیان بدەن" کە ئەمەش لەلایەن سیاسییەکانەوە بۆ پشتگیریکردن لە کەمپەکەیان لە قەڵەمدرا، سەنگی خۆی هەیە.هەر هەموو ئەمانە له‌گه‌ڵ که‌مپی ' نا' بۆ جیابوونه‌وه‌ن و ته‌واوی توانای خۆیان له‌ مانه‌وه‌ی سکۆتله‌ند له‌ چوارچێوه‌ی بریتانیادا، بە چەشنێك لە چەشنەکان بەکار دەهێنن .بۆ نموونە بانقەکان و هەندێك لە کۆمپانیاکان هەڕەشەی گواستنەوەی بنکە سەرەکییەکانیان بۆ لەندەن دەکەن .

هەڕەشەکان لەسەر کەمەپەینی 'نا' :

  •  5 بانقی سەرەکی کە لە سکۆتلەندن و لە نێوانیاندا 74 بۆ 76 هەزار کرێکار و کارمەند کاریان بۆ دەکەن، لەتەك هەندێك بەشی دارایی دیکە لەوێ، کە ئەمانیش نزیکەی 10 هەزار کەسی دیکە کاریان بۆ دەکەن،  هەر لە ئستاوە بڕیاری گواستنەوەی بار و بنکەیان لە سکۆتلەند داوە گەر دانیشتوانەکەی دەنگ بە جیابوونەوەیان لە بریتانیا،  بدەن .بە گوێرەی ڕاپۆرتی بەشی بەگەڕخستنی دارایی سکۆتلەند داهاتی ئەم کەرتانەی ساڵانە بە 7 بۆ 9 ملیار پاوەند خەمڵاندووە.هاوکاتیش هەندێك لە کۆمپانیا گەورەکان، ئەوانیش کە نزیکەی 20 هەزار کەس کاریان بۆ دەکەن، قسە لەسەر بەجێههێڵانی سکۆتلەند، دەکەن.
  • دەستکراوە بە کردنی توێژینەوە لە بوارە جیا جیاکاندا بەتایبەت خانووبەرە و کاروباری ئابووری کە زیاتر ئەنجامێك دەدەنەدەست کە لە بەرژەوەندی کەمپی 'نا' بێت .بۆ نموونە لە سەر خانووبەرە توێژینەوەیەك لەم ڕۆژانەدا ئەوە نیشاندەدا کە نرخی فرۆشتنی خانو و شوێنی نیشتەنی بە ڕێژەی لە %17.5، دێتە خوارەوە .
  • توێژینەوەی دیکە کە لەسەر داهاتی نەوتی دەریای باکور کە پێشتر لە لایەن کەمپی 'بەڵێ' وە کراوە، ئەوەیان سەلماند کە ژمارەی بەرمیلی نەوتی یەدەکی دەریای باکور 24 ملیار بەرمیلەو بە پارەش دەکاتە 1.5 تریلۆن پاوەند، ئەمەش بۆ ماوەی 40 ساڵ بەردەوامدەبێت.بەڵام توێژینەوەیەکی ئەم ڕۆژانە کە لە لایەن کەمپی 'نا' وە پشتڕاستکراوەتەوە ئەوە نیشاندەدات کە ژمارەی بەرمیلی نەوتی یەدەکی تەنها 15 بۆ 16 ملیار بەرمیلە و کە ئەم داهاتی نەوتەش لە دەریای باکور لە نێوانی ساڵانی 2025 بۆ 2030 کۆتایی دێت.لە توێژینەوەیەکی دیکەدا کە سەبارەت بە کارایی وزە لەسەر دانیشتوانی سکۆتلەند کراوە، ئەوە دەخاتە بەردەست کە لە حاڵەتی جیابوونەوەو سەربەخۆیی سکۆتلەنددا هەر ماڵێك لەوێ ساڵانە بە بڕی 189 پاوەند زیاتر لەوەی کە لە ئێستادا دەیدەن، لەسەریان دەکەوێت.
  • داهاتی ساڵانەی سکۆتلەند بە تەنها، 12 جار کەمترە لە داهاتی بانقەکانی .ئەمەش یانی گەر مانەوە و بەردەوامی بانقەکان بکەوێتە مەترسییەوە، حکومەتی ئایندەی سکۆتلەند بە فریای ڕزگاربوونیان لە قەیرانەکانیان، ناکەوێت و مایەپووچدەبن.
  • وەزیری دارای بریتانیا " چانسڵەر" لەم ڕۆژانەدا هەڕەشەی ئەوەی دەکرد گەر بانقەکانی سکۆتلەند بکەونە بەردەم مەترسی قەیرانی ئابوورییەوە، ئەمان بەدەمیانەوە ناچن .
  • هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێت کە حکومەتی ئاییندە ناتوانێت دراوی پاوەندی ئیستەرلینی بەکار بهێنێت.بە گوێرەی قسەی سەرۆکی بانقی ئینگلەند، مارك کارنی، کە لە ڕۆژی 10/09/14 دا وتی " بۆ ئەوەی کە حکومەتی ئایندەی سکۆتلەند بتوانێت دراوی پاوەند بەکار بهێنێت دەبێت لانی کەم لە %25 ی پارەی داهاتی ساڵانەی لە بانقی مەرکەزی ئینگلەنددا دابنێت، ڕەنگە زیاتریشی بوێت".
  • بە جیابونەوەیان لە بریتانیا، پێیانڕادەگەیەنن لە ئاژاوەیەکی ئابوری گەورەدا دەژین، هەتا بڕێکیش لە ئابووریناسە لیبراڵەکان دەڵێن لانی کەم سکۆتلەند 6 بۆ 7 ساڵی دەوێت، تاکو سەقامگیر ببێت.
  • لە حاڵەتی جیابوونەوەیاندا، هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکرێت کە دەبێت نیوەی نوقسانی بوجەی بریتانیا بدەن.
  • لە هەندێك توێژینەوەی دیکەدا دەیانەوێت ئەوە بسەلمێنن کە داهاتی سکۆتلەند زۆر کەمترە لە بڕی سەرفیاتی،  کە ئەمەش موچەی باش بۆ خانەنشیینان دابین ناکات یا بڕی پارەی خانەنشینییەکەیان، زۆر کەمتر دەبێت لە هاوەڵەکانیان لە بریتانیادا.دیسانەوە دەڵێن ژمارەی " پیرەکانیان" زۆرە و زیاترە لە پیرانی بەشەکانی دیکەی بریتانیا گەر بە ڕێژەی ژمارەی دانیشتوان، ئەم پێوانەیە بکرێت.ئەمەش یانی سەرفکردنی پارەی زیاتر لە خەستەخانەکان و چارەسەری نەخۆشییان و دابینکردنی ژیانی تەمەنی پیرییان.
  • کۆمیشنی ئەورپا لەم ماوەی پێشوودا، قسەی لەسەر ئەوە دەکرد کە سکۆتلەند ئۆتۆماتیکی مافی چوونەناو یەکێتی ئەوروپای نییە.

 

ڕاستییەکان:

  • له‌ لایه‌ن په‌ڕله‌مانی بریتانییه‌وه‌ ( وێستمنسته‌ر) وه‌ چه‌ند به‌ڵێنێك بە هاووڵاتیانی سکۆتلەند دراوه‌ و چه‌ند ته‌ماحێكیان خراوه‌ته‌ به‌رده‌م، گەر لەوێ دەنگ بە کەمپی 'نا' بدەن یا دەنگی تەواو بۆ جیابوونەوە بەدەستنەهێنن ئەمان دەسەڵاتی زیاتریان پێدەبەخشن.
  • لە هەقەتدا سامان و داهاتی خودی سکۆتلەند خۆی کافییە بەوەی کە خۆیان پێی بژین.بە گوێرەی هەندێک لە تۆێژینەوەکان لە ئێستادا بەشێك لە داهاتی ئەمان بۆ بوجەی بریتانیا، دەڕوات.هەر بە تەنها لە بواری خواردن و خواردنەوەدا 330 هەزار کەس کاردەکەن و 9.2 ملیار پاوەندیش پەیدادەکەن کە لەمە 3.2 ملیار پاوەندی داهاتی ماسی و خواردنی دیکەی دەریاییە،  ئەمە جگە لەوەی کە بڕیارە لە 5 ساڵی ئایندەدا ڕێژەی کارگەران لەم بوارەدا بە بڕی 10 هەزار کەسی دیکە، زیادببێت .
  • بە بەراورد بە دانیشتوانی ئینگلەند بە بڕی ڕێژەی سەدی، بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ بیمەکان لە سکۆتلەند بەکاردەهێنرێت زیاترە لە بری ئەو پارەیەی کە کە بۆ هەمان مەبەست لە ئینگلەند، سەرفدەکرێت.
  • لە سکۆتلەند، دانیشتوانەکەی لە ڕوی ژیانەوە لە 4 بواردا ژیانیان باشترە لە دانیشتوانی ئینگلەند.یەکەم، خوێندنی باڵاو دانشگا لە سکۆتلەند بۆ قوتابییانی خۆڕاییە.دووهەم، پارەی دەرمان بۆ کەسانی کارداریش هەر بە خۆڕاییە.سێهەم، مەڵبەند و سێنتەرەکانی چاوەێریکردنی پیرەکان و مانەوەیان، بە خۆڕاییە.ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم سێ شتەی سەرەوە لە ئینگلەنددا بە پارەیە.چوارەم، کرێی هاتووچۆ لە سکۆتلەند گەلێک هەرزانترە تاکو بەشەکانی دیکەی بریتانیا.
  • ئەلێکس سەلمەن سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەند و وەزیری یەکەمی باڵای پەڕلەمانی سکۆتلەند، پێداگری لەسەرە ئەوە دەکات کە : یەکەم باجی سەر کۆمپانیاکان بە 3 پلە کەمتر دەکاتەوە لەوەی کە ئێستا لە بریتانیادا هەیە، دووەهەم دەیەوێت سکۆتلەندی داهاتو ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا.سێهەم دەیەوێت کە لە حاڵەتی دەولەتی سەربەخۆشدا ئەمان هەر پاوەند دراوییان بێت، ئەمەش تاڕادەیەك یانی مانەوەی سکۆتلەند و پاشکۆبوونی بە ئابووری بریتانیاوە لە دانانی ڕێژەی سوو و ڕێژەی باج و بەستنەوەی بەو قەیرانە ئابوورییەی کە بریتانیای تێیدەکەوێت.چوارەم، هەر وکو ئێستا وەلاو ئیتاعەیان بۆ شاژن و شای بریتانی دەمێنێتەوە.پێنجەم، دەیەوێت ببێتە ئەندامی پەیمانی ناتۆ.شەشەم، پارتی نەتەوەیی سکۆتلەند تا ئێستاش دژی بەرزکردنەوەی باجە بۆ ڕێژەی لە %50 لەسەر دەوڵەمەندانی خاوەن داهاتی 150 هەزار پاوند و سەرووتر لە ساڵێکدا.
  • هاتنەخوارەوەی بەهای پاوەند کە دراوی بریتانییە.لە ڕاستیدا لە ئێستادا نرخی پاوەند وەکو جاران نییە بە تایبەت ئەمە لە کاتێکدا کە کەلێنی نێوانی دەنگەکان لە نێوانی هەردوو کەمپەکەدا،  کەمتر دەبێتەوە.
  • گەر سکۆتلەند جیابوونەوە بەدەست بهێنێت ئەوە ژمارەی پەڕلەمانتارەکانی پارتی کرێکارانی بریتانی (لەیبەر بە بڕی 41 پەڕلەمانتار لە پەڕلەمانی بریتانی، وێستمنستەر، دادەبەزێت، کە ئەمەش کارایی خۆی لەسەر ئەو سیاسەتانەی کە پارتی کرێکاران لە پەڕلەمانی بریتانیدا پشتگیرییان لێدەکات یا ڕەتیاندەکاتەوە، دادەنێت.پارتی تۆری، موحافیزین، لە دەنگدانەکەی ساڵی 2010 دا کەمتر لە %17 ی دەنگیان هێنابوو، ئەمەش یانی ئەوەی کە پارتی تۆری لە ژیانیدا ناتوانێت ببێتە فەرماڕەوا لە حکومەتی ئایندەی سکۆتلەنددا.هاوکاتیش پارتی کرێکاران کە لە هەمان دەنگداندا لە %42 ی دەنگیان هێنابوو، ئەمان لە دەنگدانی گشتی ساڵی ئایندەدا زۆربەی دەنگەکانیان لە دەستدەدەن، دەبنە کەمینە،  هەر ئەمەشە کەئەمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکەدا شینی مانەوەی سکۆتلەند لە چوارچێوەی بریتانیادا، دەکەن..
  • لە حاڵەتی جیابوونەوەی سکۆتلەند یا مانەوەیدا لە چوارچێوەی بریتانیادا هێشتا کرێکاران و کارگەران و زۆربەی دانیشتوانەکەی خاڵی کۆمۆن، هاوبەشیان لەگەڵ هاوکار و هاوپیشە و هاوبژێوییەکانی دیکەی بەشەکانی تری بریتانیادا، زیاتر هەیە تاکو دەوڵەمەندەکان و بزنسمانەکان و ئۆرۆستۆکراتەکانی ناو خودی شوێنەکانی خۆیان.

ئەگەر و سەرەنجامەکان لەنێوان ' هەڕەشە' و ' ڕاستییەکان '

ئه‌وه‌ی ئاشکرایه‌ هه‌موو پرۆسه‌یه‌ك لایه‌نی باش و خراپی خۆی هه‌یه‌ .جیابوونه‌وی سکۆتله‌ندیش بۆ خۆی لایه‌نی باش و خراپی خۆی هه‌یه‌، واته‌ له‌ هه‌ندێك ڕووه‌وه‌ جیابوونه‌وه‌ی باشتره‌ و له‌ هه‌ندێك ڕوی دیکه‌وه‌، مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بریتانیادا باشتره‌.بەڵام بەڕای من جیابوونەوەی سکۆتلەند لە بریتانیا به گوێرەی ئەم فاکتەرانەی خواەوە باشترە:

    • بۆ لاوازکردنی پارتە سیاسییەکان و ناوەندگەرایی دەوڵەت " مەرکەزیەت".لە هەموو حاڵەتێکدا هەبوونی ئیختیار بۆ خەڵکی کارێکی باشە و ئۆتۆنۆمی باشترە لە نێوەندگەرایی.لە کێشەکانی دانیشتوانی سکۆتلەنددا، خەڵکانی ئەوێ دەبێت خۆیان خاوەنی بڕیارەکانی خۆیان بن تاکو کەسان و لایەنی دەرەوەی خۆیان، گەرچی هێشتا کێشەی دەوڵەت و کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان بەرەوامدەبن..
    • مانەوەی سکۆتلەند لە چوارچوەی بریتانیادا دەبێتە هۆی لە دەستدانی ئەو 4 خاڵە گرنگەی کە لە سەرەوە هێمام پێکردن سەبارەت بە ژیان لە سکۆتلەند بە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی بریتانیا.هەر ماوەیەک لەمەوپێش بوو کە لە وێستمنستەر گەلێک لە پەڕلەمانتارەکان و هەروەها بزنسمانەکانیش، شالاو و فشاریان بۆ سەر پەڕلەمانی سکۆتلەند سەبارەت بەو 4 خاڵەی کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن، دەبرد.
    • هەر لە ئێستاوە حکومەتی ناوەندی بریتانی بڕیاری گێڕانەوی 25 ملیار پاوەند پارەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت، لە ساڵی دارایی نوێدا، داوە، کە ئەمەش تەنها دەبێت بە بڕین و کەمکردنەوەی زیاتری بیمەکان و دەرکردنی کرێکاران و داخستنی بەشەکانی دیکەی خزمەتگوزارییەکان یا کەمکردنەوەیان، کە بێ گومان سکۆتلەندەش پشکی خۆی بەردەکەوێت.
    • بریتانیا و حکومەتی بریتانی شتێکی پێنەماوە و پێنییە کە بیدات بە هاووڵاتیانی خۆی.بیمە و خزمەتگوزارییەکان و پارە بۆ خەڵکی خەریکە چۆڕایی دێت.بەڵگەشمان دابەزینی ئاستی ژیانی خەڵکیییە لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵانی پێشدەستپێکردنی قەیرانەکەی 2008 .
    • پارەیەکی بێ شوومار لە گەندەڵی و دەزگە سیخوڕییەکان و پۆلیس و جەنگی ئەملاو ئەو لاو دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا دەڕوات.
    • پاشکۆیی تەواوی سیاسی بریتانیا بۆ سیاسەتی ئەمەریکا، کە ئەمەش نەك هەر ئابوریییەن لە سەر هاووڵاتیانی دەکەوێت بەڵکو مەترسی ژیانیشی لەسەر دانیشتوانەکەی دروستکردووە دەکات.
    • سیاسەتی گرانکردنی نرخی خانووبەرەو بەرزکردنەوەی کرێی خانوو.
    • بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخی پێداویستییەکانی ژیان.
    •  گرانی کرێی هاتووچۆ لە ناو سەرجەمی وڵاتانی ئەوروپادا.
    • تەسكبوونەوەی ئازادییەکانی تاك و گروپ و پارتە سیاییەکان و مافی مانگرتن و خۆپیشاندان و قسەکردن و ڕادەربڕین.بەهێزکردنی زیاتری پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکان لە دەسەڵاتدانی زیاتر پێیان بە ڕێگای یاسایی.
    • بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و ژمارەی هەژاران و لانەوازان و بەندییەکان و فراوانبوونی کەلێنی نێوانی هەژاران و دەوڵەمەندان .
    • بەتایبەتیکردنی ئەو بەشانەشی کە تا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان، بەتایبەت بەشەکانی حاڵەتی فریاکەوتن و لە دایکبوونی منداڵان کە لە هەندێك لە خەستەخانەکاندا داخراون و لە هەندێکی دیکەشیاندا لەژێر هەڕەشەدان.داخستن یا کەمکردنەوەی مەرکەزەکانی ئاگرکوژاندنەوەو دەرکردنی کرێکارکانیان و گۆڕینی هەلومەرجی کارکردنیان .
    • هەبوونی زیاتر لە 104 دادگای شەریعە.ڕێگادان بە کردنەوەی قوتابخانەیەکی زۆری بیروباوەڕە دینییەکان، هەر لە دینی ئیسلامی و مەسیحی تا دەگاتە جولەکە.واتە هاندان و تەشەنەپێکردنی بیروباوەڕەکان کە مەترسی لەسەر کۆمەڵگەی ئێستاو ئایندەش دروستدەکەن.لە تەك ئەمانەشدا دروستکردنی قوتابخانەی ئەکادیمی و بەتایبەتیکردنی هەندێك لە قوتابخانەکان.
    • ڕێژەی کچانی تەمەن لەژێر 18 ساڵەوە کە خۆیان منداڵن کە دووگیانن یاخود منداڵیان هەیە،  بەڕێژەی سەدی ئەمەش بریتانیا لە بەرامبەر هەمان گروپی کچاندا زۆر زیاترە لە هەموو وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپا.ئەمە جگە لەوەی تا ئێستاش 65 هەزار کچ لەژێر هەڕەشەی خەتەنەکردندا، دەژین.
    • ژمارەی کاژێری کاتی سەرکار لە بریتانیادا لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا زیاترە، کە بڕی هەفتانەی کاژێری سەرکار لە بریتانیادا بە 48 کاژێر خەمڵێنراوە بەڵام ژمارەی ڕۆژانی پشووە فەرمەییەکانی ساڵانە لێرە، لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا، کەمترە..
  • ڕێژەی گەندەڵی نێو پەڕلەمانتارەکان و ناو خودی کۆمەڵگەش یەکجار زۆرە و لە برەویشدایە.

 

* ئەگەر بوار هەبێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەڕێمەوە سەر هەندێك لایەنی ئەم بابەتە.

17/09/2014

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 

پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ کرۆکی مه‌سه‌له‌که‌وه‌، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم که‌ ئه‌مه‌ی ڕویدا ، واته‌ هاتنی داعش و بوونی کوردستان به‌ مه‌یدانی لابه‌لاکردنه‌وه‌ی جه‌نگی جیهاده‌ییه‌کان و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی شام و عێراق، که‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ فشارێکی گه‌وره‌ی خستۆته‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، پێنج حه‌قیقه‌تی بۆ هه‌موومان، ده‌رخست و چه‌سپان :

یه‌که‌م: هه‌میشه‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕو تێوه‌ئاڵانی هاووڵاتیان و زروفه‌ ناهه‌موارییه‌کانی دیکه‌ که‌ جه‌نگ به‌دووی خۆ یدا دههێنێت ، ده‌بێته‌ هۆی ده‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵێك دیارده‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می ئاشتی و تێروپڕیدا یا نابینرێن یا به‌ ده‌گمه‌ن هه‌نه‌.له‌مانه‌ش به‌تاڵه‌یی و سه‌رکه‌وتنی نرخی پێداویستیه‌کانی ژیان و نائارامی و دڵه‌ڕاوکێی دانیشتوان و ڕه‌وکردنیان و وه‌ستانی بازاڕو ده‌رکه‌وتنی کاری ناشایسته‌ی وه‌کو دزی و ڕاووڕوت و توندووتیژی و له‌ هه‌مووشیان مه‌ترسیدارتر ده‌رکه‌وتنی هه‌ژموون و هه‌ست و نه‌ستی ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی و گیانی نه‌ژادپه‌رستی و قوتبوونه‌وه‌ی گروپی جیا جیای ڕاسیست و فاشست و دیکه‌ که‌ بینیمان و تا ئێستاش ده‌یانبینین.

دووهه‌م : داعش وه‌کو فکر و ئیمان و وه‌کو هێڕشی چه‌کدارانه‌ی، که‌ له‌ فتوحاته‌کانیدا نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ئاینی ئیسلام ده‌کات ، به‌ڕای من دینی ئیسلامی وه‌کو پیاز پاكکرد و هیچ جۆره‌ ته‌فسیرێکی بۆ ته‌فسیرکه‌رانی ئێستا و داهاتووش نه‌هێڵایه‌وه‌ تاکو بتوانن جۆرێکی تر یا دیوێکی دیکه‌ی ئیسلاممان پێنیشان بده‌ن.داعیش ئه‌و ڕاستییه‌شیان دووباره‌ کرده‌وه‌ که‌ دینی ئیسلام ، ناتوانرێت و نابێت مۆدیره‌نایز بکرێت، واته‌ ڕێگای سێهه‌می نه‌هێڵاوه‌ته‌وه‌ ، که‌واته‌ ئیسلام یا نییه‌ یا ده‌بێت وه‌کو ئه‌وان بێت، ئیدی ئه‌وه‌ی که‌ باوه‌ڕی به‌مه‌ نییه‌ یا ئه‌وه‌تا له‌ ئیسلام که‌ سه‌رچاوه‌که‌ی قورئانه‌ و فه‌رمایشته‌کانی پێغه‌مبه‌ره‌، تێنه‌گه‌یشتوه‌ و نایه‌وێت تێبگات ، یاخوود ده‌یه‌وێت ئیسلام له‌ته‌ك به‌رژه‌وندییه‌کانیدا بگونجێنێت.ئه‌وانه‌شمان که‌ ده‌ڵێین وابییه‌، با ئاوڕێك له‌ مێژوی خوێناوی ئیسلام و بزوتنه‌وه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئایه‌ته‌ شه‌ڕينگێزه‌کانی ناو خودی قورئان، بده‌ینه‌وه‌، که‌ داعش شتێکی نه‌کردووه‌ که‌ له‌سه‌رده‌می موحه‌مه‌دی په‌یامبه‌ر و جێنشینه‌کانیدا نه‌کرابێت.داعش ئیسلامی ته‌واوه‌ و پارێزه‌ری نه‌رێت و میراتی دینی ئیسلامه‌.ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ هه‌ر له‌وێ بووه‌ به‌ڵام داعش و گروپه‌ ئیسلامییه‌کانی دیکه‌ ، ‌هێنایانه‌وه‌ مه‌یدان و کردیانه‌ باس و خواسی سه‌رده‌م و ساغکردنه‌وه‌ی گرپه‌ به‌ناو میاندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌کانی دیکه ، که‌ ده‌بێت یا له‌مبه‌ر بن یا له‌و به‌ر ، ئیدی ناکرێت وه‌کو که‌ری ناو جۆگه‌ له‌ هه‌ردوو به‌ر بله‌وه‌ڕێن.

سێیه‌م: ده‌رکه‌وتنی تواناو هیزی به‌رگریی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کورد له‌ هه‌رێمدا، که‌ هێزێکی یه‌کگرتوو یه‌ك ئامانج و یه‌ك مه‌به‌ست نه‌بوون و ته‌ناته‌ت له‌م کاته‌ شپرزه‌و خه‌ته‌رناکه‌شدا نه‌یانتوانی خاوه‌نی یه‌ك په‌یام و یه‌ك سه‌رکرده‌و یه‌ك پلان بن .ئه‌مانه‌ش ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ هۆکاره‌کانی سه‌رکه‌وتن یا براوه‌ی جه‌نگ یا دۆڕانی شه‌ڕ.گه‌ر شه‌فافیانه‌ قسه‌ بکه‌م ده‌ڵێم هێزی دۆڕاو و هێزی براوه‌ له‌ جه‌نگه‌که‌دا هه‌ر لایه‌نێك بێت له‌ کۆتاییدا هه‌ر ده‌ر ده‌که‌وێت، گه‌رچی به‌ڕای من دۆڕاوی سه‌ره‌کی، هه‌میشه‌ خودی ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌که‌یه‌ به‌ هه‌موو توێژاڵه‌کانییه‌وه‌ و هه‌ر ئه‌وانن که‌ باجه‌که‌ی ده‌ده‌ن.

هه‌ڵبه‌ته‌ من لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستم له‌ بردنه‌وه‌ و دۆڕانی ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئێستا له‌ نێو خودی هێزه‌ کوردییه‌کانی هه‌رێمه‌ که‌ هێزی سه‌ره‌کی هێزی یه‌کێتی و پارتییه‌، ده‌نا هه‌موومان یاخود لانی که‌ م ئه‌وانه‌مان که‌ ‌سیاسی نین ، ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌زانین که‌ براوه‌ی یه‌که‌م له‌م جه‌نگه‌دا ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا و زلهێزه‌‌کانی دیکه‌یه‌ له‌گه‌ڵ کۆمپانیه‌ گه‌وره‌کانی فرۆشیاری که‌ره‌سه‌ی جه‌نگ و ته‌قه‌مه‌نی و چه‌کن و له‌شانی ئه‌وانیشه‌وه‌ کۆمپانییه‌کانی دیکه‌یه‌ که‌ دوای وێرانکردن ئه‌وان ئاماده‌یی خۆیان، وه‌کو ئه‌وه‌ی که‌ خێری خۆیانمان پێبکه‌ن، بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی، ده‌رده‌بڕن.

گه‌رچی تاکو ئێستا لای من سه‌ره‌نجامی ئه‌م گه‌مه‌یه‌ش‌ وه‌کو گه‌مه‌ی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی ، دیارنییه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌م‌ لاڕوونه‌ که‌ دۆڕاوی یه‌که‌م هه‌م وه‌کو سیاسه‌ت و هه‌م وه‌کو هێز ی چه‌کداری پارتی-یه‌ .به‌ڕای من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی هه‌رێمه‌وه‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ (هه‌رێـم) که‌ پارتی هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتی باڵا ‌بووه تیایدا ، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان نه‌بووه‌ و هه‌ندێکیش له‌و سیاسه‌تانه‌ ته‌نانه‌ت له‌ قازانجی خوودی پارتی و سه‌رۆکی هه‌رێم و خێزانه‌که‌شی نه‌بوون‌ - دیاره‌ من مه‌به‌ستم قازانجی پاره‌ و پله‌ و پایه‌ نییه‌- ده‌توانم لیستێکی درێژ بخه‌مه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌رانی ئه‌م وتاره‌ ، به‌ڵام هه‌ره‌ دیار و ئاشکراکانیان : په‌یوه‌ندی کۆنی پارتی به‌ ئێران و په‌نابردن بۆ سه‌دام له‌ ئابی ساڵی 1996 و په‌یوه‌ندی سه‌ر و ماڵی له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌ یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی تورکیاو کرد‌نه‌ قوربانی به‌ژه‌وندییه‌کانی کوردانی دانیشتوانی هه‌رێم و تورکیا و سوریا له‌ پێناو ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خێزانی خۆیاندا، شه‌ڕ و جه‌نگ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌و هاوکاریکردنی له‌گه‌ڵ تورکیادا بۆ ئه‌م کاره ‌و هه‌بوونی سه‌ربازگه‌ و بنکه‌ و هێزی سه‌ربازی ڕژێمی توکیا له‌به‌رلوتیاندا و لێدانی خه‌نده‌قی شه‌رمه‌زاری و ئابلوقه‌دانی کوردستانی ڕۆژاوا و فرۆشتنی نه‌وتی ڕه‌ش له‌ بازاڕی ڕه‌ش و هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێکی میدیایی و قسه‌ و هێڕش دژ به‌ حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی، که‌ بووه‌ هۆی ڕاگرتنی موچه‌ی کارمه‌ندان و مامۆستایان و سه‌رجه‌می فه‌رمانبه‌ران و کرێکاران که‌ له‌ به‌شه خزمه‌تگوزارییه‌ جیاجیاکاندا کارده‌که‌ن.هه‌روه‌ها گه‌مه‌ی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی و پرسی ڕڕیفرۆنده‌م.دواتیری ژاراوایشی ده‌ست تێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ تورکیا و قه‌ته‌ر ، له‌ هێنانی داعشی دڕنده‌ بۆ سه‌ر موسڵ و دواتر یش هاتنیان به‌ره‌و که‌رکوك و هه‌ولێر ، که‌له‌م پرۆسه‌یدا به‌ هه‌زاره‌ها که‌س له‌ ئێزیدییه‌کان و مه‌سیحییه‌کان و تیره‌ کورد و عه‌ره‌به‌کانی ئه‌و ناوچانه‌‌ ، تیاداچوون و به‌ سه‌ده‌ها هه‌زاری دیکه‌ش ته‌نها سه‌ری خۆیانیان بۆ ده‌رکرا.ئێستاش ده‌ست تێكه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاو و کۆمپانییه‌ چه‌کفرۆشه‌کاندا، بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌و جه‌نگه‌ به‌ گردکردنه‌وه‌ و یه‌ککه‌وتنی هه‌موو جیهادییه‌کانی دونیا و خولقادننی دژایه‌تی و کینه‌دۆزی نێوان کورد و عه‌رب و کورد وهه‌موو سونه‌ی دونیا، له‌ مه‌یدانیێکی خاپورکراوی ده‌ستی جه‌نگی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌، که‌ دیسانه‌وه‌ باجده‌ره‌کانی هه‌ر ده‌بێت خه‌ڵکانی ئاسایی و هه‌ژارانی کوردستان بن.ئه‌مانه‌ چه‌ند سیاسه‌تێکی نێو لیستێکی بێ کۆتایی سیاسه‌ته‌ تێشکاو و هه‌ڵوێسته‌ خراپه‌کانی پارتی و بارزانیین.

لای من هه‌موو ئه‌مانه‌ نوشست و نیسکۆن بۆ پارتی و سه‌رۆکی هه‌رێم و سیاسه‌ته‌کانی ، باوه‌ڕیش ناکه‌م ه‌یچ ئاوه‌زدارێک، له‌گه‌لیاندا بێته‌وه‌.ئا له‌م بارودۆخه‌شدا گه‌ر ئێمه‌ی کورد ئه‌م سیاسه‌تانه‌ له‌بیر بکه‌ین و سه‌رکردایه‌تی و سه‌رۆکێتی ئه‌وانمان، چی دیکه‌ پێقه‌بوڵ بێت، یا ئه‌وه‌تا ئێمه‌ گه‌لێکی مردوین یا هه‌رگیز ئێمه‌ توانای بیرکردنه‌وه‌ و ده‌رس وه‌رگرتنمان له‌ نیسکۆکان و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌کان و کارو ئه‌زموونی که‌سه‌ نادڵسۆزه‌کان، نییه ‌و پارتی له‌ دۆڕاوی سه‌رکییه‌وه‌ جارێکی دیکه‌ ده‌ژێنینه‌وه‌ و ده‌یکه‌ینه‌وه‌ به‌ شؤڕه‌سواری مێژوی سه‌رکه‌وتن و بردنه‌وه‌‌.

لێره‌دا پێویست ناکات که‌ باس له‌ ڕۆڵی حیزبی گۆڕان له‌ ڕوداوه‌کانی ئه‌م دوایه‌دا بکه‌م ، چونکه‌ ئه‌وان دۆڕاوی پله‌ی دووهه‌من و ئه‌و ڕاستییه‌یانه‌ی که‌ خه‌ڵکانی وه‌کو من ساڵه‌هایه‌کی دووروو ده‌ێژه له‌سه‌ریان وتومانه‌ و ده‌یڵێین.سه‌لمێندران، بۆ ئه‌مه‌ش مێژو له‌ ئاینده‌دا، ده‌بێت‌ مایه‌پوچی ئه‌وان باشتریش بسه‌لمێنێت.

چواره‌م: له‌م که‌ین و به‌ینه‌شدا، جارێکی دیکه‌ش ئه‌و ڕاستییه سه‌لمێنرایه‌وه‌ که‌ ڕاسته ڕۆڵی چه‌ک له‌ شه‌ڕدا گرنگه‌ ، به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر بیروباوه‌ڕه و خه‌ڵکانی شه‌ڕکه‌رن .گه‌ر ته‌ماشایه‌کی "جه‌نگاوه‌ره‌کانی پارتی" بکه‌ین به‌و هه‌موو چه‌کو که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕه‌وه‌ که‌چی بۆ یه‌ك خوله‌ك خۆیان نه‌گرت.هاوکاتیش گه‌ر ته‌ماشای دووساڵ خۆڕاگرتنی جه‌نگاوه‌رانی ڕۆژاوا و په‌که‌که‌-ش بکه‌ین به‌ توانایه‌کی که‌م و چه‌کی کۆنه‌وه‌ له‌ته‌ك ئه‌و بارودۆخه‌ ئابورییه خراپه‌شی که‌ هه‌یانه‌ ، چۆن توانیویانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر تورکیا و هێزی ئه‌سه‌د و گروپه‌ تیرۆریسته‌کانیشدا، به‌رگری له‌ دانیشتوانی ئه‌و سێ کانتۆنه‌ بکه‌ن .دیسان ئه‌وه‌ش سه‌لمێنرا، گه‌ر به‌ هۆی ئه‌وانه‌وه‌ نه‌بوایه‌ نه‌ك هه‌ر ڕێگای سه‌نجار نه‌ده‌کرایه‌وه‌ بۆ ڕزگارکردنی لێقه‌وماوانی ئێزیدی، به‌ڵکو هه‌ولێرو شارۆچکه‌ و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ریشی ده‌که‌وتنه‌ باوه‌شی ڕه‌حمه‌تی داعشه‌وه‌.ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م پرسیارگه‌لێکی وه‌کو : ئه‌گه‌ر براوه‌ هه‌بێت له‌م ڕوداوانه‌ی ئه‌م دوایه‌دا ، ئه‌و براوه‌یه‌ کێیه‌؟ بۆچی یه‌کینه‌کانی ڕۆژاوا به‌و هه‌موو کونانه‌ی که‌تیایاندا‌یه‌ و هه‌ر به‌و چه‌که‌ ئاسایانه‌ی که‌ هه‌یانه‌ ده‌توانن داعش بشکێنن و پێشره‌وی له‌ هیڕشکردنیاندا بکه‌ن، ، به‌ڵام دابه‌سته‌کانی هه‌رێم ناتوانن به‌ چه‌کی باشتر و به‌ ئیمتیازێکی زۆریشه‌وه‌ بیکه‌ن؟ ئه‌ی بۆچی ده‌بێت کوردانی ڕۆژاوا : هه‌م دانیشتوان و هه‌م چه‌کداران بۆ کوردانی باشور و خاکه‌که‌یان دڵسۆزتر و به‌ په‌رۆشتر بن تاکو خودی کوردانی باشور و هێزه‌کانیان و له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ سه‌رۆکی هه‌رێم و که‌سی دووهه‌م که‌ ئێستا نه‌وشیراوان موسته‌فایه‌؟ دواپرسیار له‌ کاتێکدا که‌ چه‌کداره‌کانی پارتی بۆ یه‌ك خوله‌ك نه‌توانن یا نه‌یانه‌وێت به‌رگری خاك و هاونیشتمانیانیان بکه‌ن، هه‌روه‌ها که‌ "گۆڕانی" خه‌واڵ و پاشکۆ و ‌گوێ له‌مشتی پارتی و بارزانی و پرژوبڵاوی هێزه‌کان و سیاسییه‌کانی ناو یه‌کێتی ، وه‌ڵامێك نه‌بێت بۆ کێشه‌کانی ئه‌مڕؤ و دوێنی و داهاتوش ، ئه‌ی ده‌بێت چی بکرێت؟؟!!

ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵه‌ پرسیارێکن که‌ هه‌وڵده‌ده‌م به‌ گوێره‌ی تێگه‌یشتنی خۆم له‌ بارودۆخه‌که‌، وه‌ڵامی هه‌ندێکیان له‌ خاڵی چواره‌م-دا بده‌مه‌وه‌ و هه‌ندێکیشیان وه‌ڵامه‌کانیان لای هه‌مووان ڕوون و ئاشکرایه‌.

حه‌قیقه‌تی چواره‌م: گه‌ر براوه‌ هه‌بێت له‌م جه‌نگه‌دا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم، یه‌کینه‌کانی ڕۆژاوا و هێزی په‌که‌که‌-یه‌.ئه‌م ڕوداوانه‌ی ئه‌م دوایه‌ش ئه‌ڵقه‌یه‌کی دیکه‌ی خسته‌ سه‌ر زنجیری خه‌باتی ئه‌و هێزانه‌ له‌ به‌رگریکردن و دڵسۆزی و پشتبه‌ستن به‌خۆو لێبڕان و سه‌لماندنی ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ خۆیان و ئه‌و خه‌ڵکانه‌شی که‌ بڕوایان پێبه‌خشیون.گه‌رچی ڕۆژگارێکی سه‌خته‌و کاره‌ساتێکی یه‌کجار گه‌وره‌ قه‌وماوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ناچار ی و بێ پلان بۆ بارودۆخه‌که‌و له‌ ده‌ره‌وی ئاره‌زو و ویستی ئه‌وان له‌ ڕودانی کاره‌ساته‌که‌ ، ئه‌مان براوه‌ی یه‌که‌می ئه‌م ڕووداو و بارودۆخه‌ن، هه‌ر : له‌ به‌هێزکردنی پێگه‌یان له‌ناو کوردانی باشووردا، پتربوونی ڕاده‌ی خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی خه‌ڵک بۆیان، وانه‌وه‌رگرتن و لێوه‌فێربوون له‌ لایه‌ن کوردانی باشوره‌وه‌، ئه‌م ڕووداوه‌ بووه‌ هۆی ته‌ته‌ڵه‌وبێژێکی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا له‌ به‌رامبه‌ر یه‌کینه‌کانی ڕۆژاوا و په‌که‌که‌دا ‌، ده‌رکه‌وتنی گه‌وره‌یی و میهره‌بانی و لێبورده‌یی ئه‌وان له‌ هێزه‌ کوردییه‌کانی هه‌رێم پاش ئه‌و هه‌موو کوشتن و بڕینه‌ی که‌ لێیان کردون و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ناشیرینانه‌ی که‌ تا ئیستاش ئه‌م هێزانه‌ به‌رامبه‌ریان، هه‌یانه‌ ، ناسینی کوردستانی باشور، به‌ کرده‌وه‌، وه‌کو خاك و نیشتمانی خۆیان ، دانی ده‌رسێێک به‌ هێزه‌ کوردییه‌کانی هه‌رێم به‌تایبه‌تی هێزه‌کانی پارتی ، که‌ هه‌رگیزا و هه‌رگیز نه‌توانن سه‌ر له‌ ئاستیانا هه‌ڵبڕن ، مه‌گه‌ر به‌یارمه‌تی تورکیاو داعشه‌کانی ناوچه‌که‌و فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕؤژاوا......تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مان سه‌لماندیان باشترین و ئازاترین و دڵسۆزترین لایه‌نێکن که‌ نه‌ك هه‌ر ئێزیدییه‌کان، به‌ڵکو هه‌موو کوردانی باشور، بڕوایان بکه‌نه‌سه‌ر و پشتیان پێببه‌ستن.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئێزیدییه‌کان ئاماده‌بوون که‌ هێزێكی 1000 که‌سی له‌ پیر و گه‌نجان پێکه‌وه‌نێن و یه‌کینه‌کانی شه‌نگال له‌شانی یه‌کینه‌کانی ڕۆژاواوه‌ دروست بکه‌ن و دژی داعش بجه‌نگن.ئه‌مه‌ش په‌یامێکه‌ بۆ سه‌رجه‌می میلیشیاکانی هه‌رێم ، به‌کرێگیراوه‌کانی حیزب و حکومه‌ت و خێڵ و خێزان ، ته‌نها بۆ ڕۆژانی ئاشتی یاخود بۆ سه‌رکوتکردنی ناڕه‌زایانی شه‌قام، ئازان، به‌تایبه‌تی هێزه‌کانی پارتی ، که‌ هه‌رگیز ئێزیدییه‌کان و خێڵه‌ کوردی و عه‌ره‌به‌کانی ده‌ڤه‌ری موسڵ، ناتوانن جارێکی دیکه‌ پشت به‌وان ببه‌ستن ، ده‌بێت بڕوای ته‌واو به‌ خۆیان و به‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌‌ ڕۆژانی ته‌نگانه‌دا، لێبراوانه‌ فریایان که‌وتن و سه‌ر و ماڵیان پاراستن، بکه‌ن.

ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌ته‌وه‌ له‌وێدا ( له‌ شه‌نگال) بکرێت، که‌ به‌هیوام به‌زووترین کات بکرێت ، دروستکردنی " ماڵی گه‌ل" ، دروستکردنی گروپی خۆجێی هه‌مه‌ جۆره‌ بۆ کێشه‌و پرسی هه‌مه‌ جۆره‌یه‌‌، تاکو کار له‌سه‌ر سه‌رجه‌می کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسییه‌کان و پرسه‌کانی دیکه‌ بکات ، دواتریش به‌ڕاگه‌یاندنی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی گه‌لی وه‌کو ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ ڕۆژاوادا هه‌نه‌.

من ته‌واوی بڕوام به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌بێت له‌ داهاتوویه‌کی زۆر نزیکدا پاش سازدانی زه‌مینه‌ زه‌روورییه‌کان ده‌بێت سسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری گه‌لیانه‌، یاخود گه‌ل ، ڕابگه‌یه‌نرێت و ده‌ڤه‌ری شه‌نگال ئۆتۆنۆمی خۆی هه‌بێت و کاری ته‌واوی له‌سه‌ر بکرێت و هه‌موو لایه‌ن و کۆمه‌ڵێکیش کۆمه‌کیان پێبکه‌ن و یارمه‌تییان بده‌ن .ئه‌مه‌ش ته‌نها و ته‌نها ڕێگایه‌كه‌ ، ڕێگایه‌یه‌كی نوێیه‌ ، که‌ له‌ میلیشیای خێڵ و خێزان و حیزب و ئیداره‌ی گه‌نده‌ڵ و ترس و سه‌رکێشی هێزه‌کانی عێرا ق وڵاتانی دراوسێ و ڕێکخراوه‌ تیرۆریسته‌کان ،خه‌ڵکانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، ڕزگاریان ببێت و هاوکاتیش وانه‌یه‌کی گه‌وره‌و گرنگ به‌ هه‌موو باشور بدات ، که‌ ئیدی حکومه‌تێک یاخود ئه‌زمونێکی فاشلی 22 ساڵه چی دی ئیشناکات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی شه‌نگال ده‌کرێت بکرێته‌ نموونه‌یه‌ك‌ که‌ شوێنه‌کانی دیکه‌ی هه‌رێم چاویان لێبکه‌ن.ئه‌مه‌ ته‌نها ڕێگایه‌که‌ که‌ کۆتایی به‌ گه‌نده‌ڵی و نابڕوایی و پاشکۆبوون به‌حیزبه‌کان ده‌هێنێت و به‌رهه‌مهێنه‌ری بڕوابوون به‌خۆو ته‌بایی و برایه‌تی و خوشکایه‌تی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنه‌ ده‌سه‌ڵاتێک له‌سه‌روی خودی خه‌ڵکییه‌وه‌، ده‌سته‌به‌ر ده‌کات‌.

‌‌ 20/08/2014

 

 

 

 

Go to top