We have 64 guests and no members online

له‌ گۆڕستانێکی چۆڵ و خامۆش له‌ مه‌رگێکی ناوازه‌ و دڵته‌زێنی دوور له‌ هه‌موو چاره‌نووسێکی ئاسمانی و مرۆڤایه‌تی ته‌رمی کیژه‌ جوانه‌کان، جه‌سته‌ په‌ژموورده‌کان، ڕوحه‌ سووتاو و خنکێنراوه‌کانی ژنانی وڵاتی من له‌ ڕۆژێکی ڕه‌شتر له‌ چاره‌نووسیان به‌ بێ ده‌نگی به‌ خاک ده‌سپێنرێن.  له‌ وڵاته‌که‌ی من و له‌ ناخی کلتووره‌که‌مدا گوڕستانێک هه‌یه گه‌لێک ناوازه‌، گۆڕستانێک ‌بۆ تووێژێک له‌ کچ و خوشک و ژن، گۆڕستانێک له‌سه‌ر ترۆپکی هه‌ره‌می کلتوور و نه‌ریت و شه‌ره‌ف، ئه‌م گۆڕستانه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌وانی دی بۆ جۆره‌ مه‌رگێکی تایبه‌ته‌ به‌ خانم و کچه‌ ئاسکه‌کانی وڵات، گردێکی تره‌ زۆر دوور له چاوان، گۆڕستانێکی هه‌میشه‌ چۆڵه‌ به‌تایبه‌ت ڕۆژانی هه‌ینی که‌س نابینی، له‌شه‌وی تاریک و ئه‌نگوسته‌چاودا مردووی مێینه‌ی لێ ده‌نێژرێ، دابڕاو و په‌راوێز کراو له ‌خه‌ڵک و ئاوه‌دانی، ئه‌م گۆڕستانه‌ی ناو کلتووره‌که‌مان خۆمان دروستمان کردووه‌ و هه‌میشه‌ له‌به‌ر چاوی کۆمه‌ڵگا زۆر سووک و ڕسوایه‌ به‌ گۆڕستانی گردی کافر و نه‌فره‌ت لێ کراوانی وڵات ناسراوه‌، ئه‌و کچه‌ پاکیزانه‌ی خۆیان ده‌سووتێنن، خۆیان ده‌کوژن‌ یان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و ناموس به‌ده‌ستی پیاوان ده‌کوژرێن له‌م گرده‌ بێ ناز و په‌راوێزدا به‌بێ که‌سی ده‌نێژرێن.

 

که‌مێک به‌ ئارامی بیربکه‌وه به‌ده‌م جگه‌ره‌ کێشانێکه‌وه‌ جڵه‌و بۆ خه‌یاڵت شل بکه‌ با پێکه‌وه‌ بچینه‌ ناو ئه‌و گۆڕستانه‌وه، که‌س نابینیت به‌ به‌رگی ڕه‌ش و چه‌پکێک گوڵه‌وه‌ بێته ئێره‌، گوێت له‌ زایه‌ڵه‌ی شیوه‌نێک نیه‌ بۆ گیان و جه‌سته‌ی کوژراوی ئه‌و جوانه‌مه‌رگه‌ بێکه‌سانه‌، دیرۆکی مردنیان هه‌مووی ئه‌مڕۆ و دوێنێیه‌‌، ناوه‌کانیان کۆن و نوێیه‌، چیرۆکی کوشتنه‌کانیان دڵ و ویژدانی مرۆڤایه‌تی ده‌ته‌زێنێت، ژیان شه‌رمه‌زار و سه‌رشۆڕ ده‌کات، چیرۆکی مردووانی ئه‌م گۆڕستانه‌ی ئێمه‌ نامۆ و ناوازه‌یه‌ به‌ژیان و مرۆڤایه‌تی. . . (ئازیز) به‌خه‌نجه‌ر کوژرا، (چۆپی) ئاگری له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا، (کیژان) به‌ که‌رته‌ بلۆک سه‌ری پڕ ئه‌ندێشه‌ی پان کرایه‌وه‌ بێ گیان کرا، (نه‌سرین) به‌شه‌نی ئاسنین جه‌سته‌ی به‌ بێژنگ کرا، (دوعا) به‌رد باران کرا هه‌تا گیانی ده‌رچوو هه‌ر هاواری بۆ خودا ده‌کرد فریای بکه‌وێت، (که‌ژاڵ) شه‌وێک باوکی خنکاندی ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کچێنی له‌ده‌ست دا بوو، (شلێر) دایکی لووتی بڕیبوو له ‌داخاندا زیاتر له ‌په‌نجا حه‌پی خواردوو مرد، (ڤینۆس) سه‌رمایه‌دارێکی چاو سور بۆ پاراستنی نهێنیه‌کانی کاره‌که‌ی سیمای شێواند بوو به‌ ئازاری له‌ ده‌ستدانی جوانیه‌که‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌پارتمانێکه‌وه‌ خۆی هه‌ڵداوه‌ته‌ خواره‌وه، (كاڵێ) هێشتا دوو سێوه‌که‌ی باخی سینه‌ی کاڵ بوون که‌ چه‌ند سه‌رسه‌ریه‌ک وێنه‌که‌یان به‌ مۆبایل به‌شاردا بڵاو کرده‌وه‌ له‌ داخاندا خۆی خنکاند، (خه‌نده‌) باوه‌پیاره‌که‌ی شه‌وێکیان ده‌می ده‌به‌ستێته‌وه‌ سێکسی له‌گه‌ڵدا ده‌کات بزه‌ و خه‌نده‌ له‌ سیمای ئه‌و کیژه‌دا ده‌تۆرێنێ، کچه‌ش بۆ به‌یانی خۆی به‌په‌ره‌مێز ‌سووتاند‌، (ئه‌سمه‌ر) باوه‌ژنه‌که‌ی بۆ پاره‌ هه‌ر شه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاوێکدا ده‌یخواند تا دوا جار خاڵی ڕیزێک گولله‌ی پێوه‌نا.

 

چیرۆکی ئه‌م گۆڕستانه‌ بێ کۆتایه‌ و له‌ بن نایه‌ت، ئه‌مه‌ ژیانی کچ و ژنی وڵاتی ئێمه‌یه‌ نازانم تائێستا ڕێکخراوی فێمنێنیستیه‌کان له‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوه‌کانی‌ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی تایبه‌ت به‌ مافی ژنان چیان کردوه‌ و چۆن پارێزگاری له‌ مافه‌کانی ژنان ده‌که‌ن، ڕۆژ نیه‌ لێره‌ و له‌وێ ‌کاره‌ساتێکی ڕه‌شه‌کوژی ژنان و کچان نه‌بیستین و نه‌بینین دووباره‌ و سێباره‌ و هه‌زارباره‌ش ده‌بێته‌وه‌ دوا کاره‌ساتیش ئه‌و دوو كچه‌ خنکاوه‌ی سه‌ید سادق بوو، که‌ ئه‌مه‌ ژیانی ژنان بێت نازانم ده‌بێ له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا چۆن یادی 8ی مارس بکرێته‌وه‌ ئایا خانمان و کچان وه‌کو ساڵانی ڕابردوو به‌ جلی جوان و سیمای قه‌شه‌نگیانه‌وه‌ ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌کانیان ده‌بن یان ئه‌م ساڵ 8ی مارس به‌چه‌ند کۆڕێکی ما‌ته‌مگێڕی یاد ده‌که‌نه‌وه‌، وه‌ک پێشنیاریک گه‌لێک باشتره‌ که‌ هه‌موو چالاکیه‌کانی ئه‌و یاده‌ له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌و دوو کچه‌ خنکاوه‌ بێت، کاره‌ساتێکه‌و یه‌خه‌ و به‌ڕۆکی هه‌موو ڕێکخراوه‌کان و یادی 8ی مارسی گرتووه‌ ته‌نها وێنه‌ی ئه‌و دوو کچه‌ به‌سه‌ بکرێته‌ پۆسته‌ری 8ی مارس له‌ هه‌موو جێگایه‌کدا بڵاوبکرێته‌وه‌.

 

له‌ چیرۆکی (سه‌فه‌ری سه‌راسیمه‌بوون) به‌ووردی باسی گۆڕستانی ناوازه‌ و مه‌رگی پاکیزه‌کان ئه‌که‌م هێشتا ئه‌و چیرۆکه‌ بڵاو نه‌بۆته‌وه‌.

 

Go to top