We have 127 guests and no members online

ماهر عەلی

باشوری کوردستان دوای ئەوەی کەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال و کیمیاباران و بە جینۆسایدکردن، لەلایەن ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی عەرەبی ئیسلامیەوە کوشتارگەلێکی زۆریشی لێکراوە و بە شێوازێکی زۆر دڕندانە دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی، پاکتاوی ڕەگەزی و ئازارێکی زۆری ئەو خەڵکە بێتاوانە دراوە تەنها و تەنها لەبەر کوردبوونیان بووە. ئەو شاڵاوانەی کە کراوەتە سەر کورد لە لایەن کێوە بووە ؟ بێگومان لەلایەن دەسەڵات دارانی عەرەبی ئیسلامیەوە ئەو کوشتارگەلە ئەنجام دراوە (لە ئێراق و سوریا). هەر لە مێژەوە کورد و نەتەوەکانی دی ئەم ناوچەیە کە عەرەب نین کەوتوونەتە بەر ئەم شاڵاوە رەگەز پەرستانەیەی عەرەب و ئیسلام. دەڵێن کورد ئیسلامە ؟ بەڵێ ئیسلامە وەلێ کورد ئیسلامی دەرجە هیچە !!! کاتی خۆی بەناوی ئیسلامەوە دەیان کوشتین بۆ ئەوەی ببینە موسوڵمان، ئەی ئێستا بۆ؟ خۆ ئەوەندەی ئیسلامی عەیارە ٢٤ لە ناو کوردا هەن کە پشتی عەرەبی ئیسلامی و ئەهل والبەیتیان شکاندووە و رووی هەرچی شمشێر بەدەستەکانی ئیسلامی عەرەبیان سپی کردۆتەوە. کەچی ئەوەتا دەیبینین چۆن مالکی ٩ مانگە مووچەی فەرمانبەرانی موسوڵمانی ڕاگرتووە و داعشیان بۆ ناردووین بۆ جارێکی دی بە موسوڵمان کردنمان . . ئەوەتا بە بەر چاوی هەموو ئومەی ئیسلامیەوە کوردیان ئەنفال کردەوە و هەموو ژن و کچ و کوڕەکانیان بردین، تەنها یەک وڵاتی عەرەبیش نەهاتە دەنگ، ، بە بڕوای من عەرەب و ئیسلام هەموویان کۆکن لەسەر لەناوبردنمان و سڕینەوەمان لەسەر ئەم خاکە . مەخابن!! بۆ خۆشمان کە نەمان توانیوە ئەم هەلە بقۆزینەوە و دەنگ و رەنگمان یەکخەین . هەریەکەو لە ئاوازێ دەخوێنێ و فوو بە شمشاڵەکەیدا دەکات. هەر حزبە و بە شکستی ئەوی تر پێدەکەنێ، هەر یەکە و ٣ بۆ ٤ دەزگای میدیای سێبەری وەک ئاشەمەکینە خستۆتەگەڕ بۆ شکاندنی یەکدی . ئەگەر سەرکردایەتی کورد ئاوا بڕوات و ئەم هەلە لە کیس کورد بدات و نەتوانی مامەڵەی درووستی لەگەڵدا بکات، ئەوا دەبێ دوا سرووتی ڕۆحکێشانی هەموو گەلی کورد لەسەر جەستەمان بخوێنین و خۆمان بدەینە دەست قەدەر.

 

٢٦/٨/٢٠١٤      

 

 

 

 

بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەڕیزان دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

بەڕیزان سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارە بەڕێزەکان بەڕێز سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی حزبە کوردی و کوردستانیەکان سڵاوێکی کوردستانیانەی پڕ لە هیواو ئاواتی سەرفرازی یەکجاررەکی.  من تەنها کوردێکم و خەڵکی ئەو کوردستانە داگیرکراوەم،ئەم نامەیە بۆ هەموو لایەکتان دەنووسم داواتان لێدەکەم و لێتان دەپاڕێمەوە ، دەستەکانتان ماچ دەکەم ، خزمەتکاریتان دەکەم ،هەلێک بۆ کورد هاتۆتە پێشەوە با لە کیسی نەدەین ،زۆر بە سانایی ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێم هاتۆتەوە ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان با بە هەموومان بیپارێزین.پاراستنی ئەو ناوچانەیش بە یەکڕیزی و یەکڕیزی و یەکڕیزی هەموومان دەپارێزرێت،با ماڵی خۆمان رێکبخەینەوە ، با دەنگمان یەک دەنگ بێت ، هەڵوێستمان یەک هەڵوێست بیت، میللەتی کورد چاوی لە دەستی ئێوەیە ، با هەموو سەرکردە و ئەندامانی ئەو حزبانە یەک بن ، با پلە و پایەی بەغدا نەمان خەڵەتێنێ ، زۆرجار دەستخەڕۆ کراوین چیتر با لە خشتەمان نەبەن.

دوژمن کە دێتەسەرمان و دەمان کوژن لێت ناپرسێت تۆ چ حزبێکی یان خەڵکی کام دەڤەری ، وەکو کافرێک دەمان کوژن .هەموومان هەڵەبجە و ئەنفالمان لەبیرە کە چۆن کۆمەڵکوژیان کردین و هیچ کەسێک تەنانەت دەوڵەتە ئیسلامیەکانیش نەهاتنە دەنگ.هەموو دنیا کۆکن لەسەر ئەوەی دەبی خاکی عێراق بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە ! ئەدی بۆ خۆمان لەسەر یەک پارچیی خاکی خۆمان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نەبین.من وەکو تاکێکی کورد دەیڵێم ئەگەر یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نەبن هەرگیز لێتان خۆشنابم و هەمووتان بەر نەعلەتی مێژوو دەکەون.

سوێندتان ئەدەم بە ئێسک و پرووسکی ئەو نازدارانەی کە تاکو ئێستاش لە بیابانەکانی عەرعەر ماونەتەوە ، بە خوێنی هەموو ئەو شەهیدانەی کە سنگیان کردە قەڵغانی پارێزگاری لە ئێوە و ئێمەی زیندوو ، بەگیانی هەموو قوربانیانی کیمیابارانەکانی کوردستان، بە داروبەردی وێرانکراوی وڵاتەکەم ،ئیتر بەسە ناکۆکی ئیتر بەسە من من و تۆ تۆ ئیتر بەسە شەڕەپەڕۆ ، ئیتر بەسە ناو و ناتۆرە لە یەکدی .مێژوو رەحمی نییە.

برتان

ماهیرعلی

 

 

 

پێشەکی پێتان دەڵێم من رەخنەگر نیم، بەڵام ئەو شتەی کە ناوی لێنراوە دراما و بە ناوی ( ئەناهیتا ) ەوە لە کوردستان تی ڤی پەخش دەکرێت، بێ هێزی و لاوازی و نابابەتی وای لێکردم کە شتێکی لەسەر بنووسم.

ئەو شتەی کە پێی دەڵێن دراما و خەتی درامی و نواندن و لۆکەیشن و سینارێۆ و دەرهێنانی هیچی لە دراما نەدەچوو بگرە لە فلیمی دیکۆمێنتاریش نەدەچوو، بەراستی بەهیچ جۆرێک ناچێتە خانەی دراماوە.

١-سیناریۆ و دەرهێنان: سیناریۆ مانای گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان بە وێنە و وێنەکانیش دەبێت ریزبەندی خۆی هەبێت، وەلێ سیناریۆی ئەناهیتا زۆر لاواز وبێ مانا بوو پڕکرابوو لە شتی بێ سەروبەرە و هیچ چیرۆکێک سەرەکی و ناسەرەکی تیادا نەبوو، هەموو سیناریۆیەک دەبێ چەند گرێیەک و حەلەکەشی تیابێت بەس لەمەدا بەدی نەدەکرا، بۆ درێژ کردنەوەی بابەتەکەیان زۆر شتی لاوەکیان هێنابوو.

٢- دەرهێنانەکەشی لەولاوە بوەستێ کە بەس دەرهێنانی تیا نەبوو، کە هەندێ هونەرمەندی زۆر بە تواناشی تێدابوو، بەڵام ئەم دەرهێنەرە بەڕێزە هەموویانی لە قالب دابوو، دیارە ئەو پێی وتوون کە ئەبێ زۆر بەخاوی بدوین و قسان بکەن، جوڵەی لەهەموویان بڕیبوو لەیەک شوێندا دەیاننواند، هونەرمەندەکان ( رێزم هەیە بۆیان) ئەتگووت دەقەکانیان بەرامبەرە و دەیخوێندنەوە و بە قوڕمیش کاردەکەن خاو خاو مرۆڤ لە خاویدا بێزار دەبوو، هەرچەندە هونەرمەندی زۆر بە ئەزموون و باشی تیابوو وەلێ لەقاڵب درابوون و جوڵەیان لێبڕابوو.       ٣- لۆکەیشن : ئەو شوێنانەی کە هەڵیان بژاردبوو لە ستۆدیۆی تەلەفزیونی جارانی کەرکووک دەچوو، هەموویانی لە سوچێکدا کۆکردۆتەوە و یەڵا ئەکشن. هەموو جارێ وینەی ٣ دیوار بەدیار دەکەوت و ٣ ماڵ هەمووشیان لە سوچێکی ماڵەکەدا کۆ دەبوونەوە.

دەرهێنەر و سیناریستەکە واپێدەچێ یەکەم بەرهەمی بێت و لە دواییدا وەکو ئەوانی دی باشتر و باشتر بێت . . چونکە فێربوونی دراما و سیناریۆ کارێکی سانا نییە و دەبێ قاڵبیت تیایاندا، بەتایبەتی سیناریۆ وەلێ ئەم سیناریستە نوێیە زۆر بە سەقەتی دەستی داوەتێ و بۆ نەگبەتی دەرهێنانەکەشی بۆ کردووە.

من دەڵێم ئەم شتە نەک دراما بۆ هونەر نەکراوە بگرە هیچی نوێشی تیانەبوو . . ئاخر چەندان سەردەمی تێکەڵاو کردبوو، چەندان گرفتی هێناوەتە ناو شتەکەوە بەبێ ئەوەی چارەسەری بۆ هیچیان دۆزیبێتەوە. . . کاتێکم زانی لەپڕ بوە راپەڕین هەموویانی لە شاییەکدا کۆکردەوە. .

پێم سەیرە کە هەندێ دراما لە وەزارەتی ناڕۆشنبیری دەدرێتە دواوە کە لە ئاستێکی زۆر بەرزدان و کەچی ئەمەی کە هیچی پێ نەووتین پارەشی بۆ خەرج دەکرێ، بە خەڵکیش دەڵێن بودجە نییە. وەکو بیستوومە وەزارەتی نارۆشنبیری لیژنەی دەق خوێندنەوەشی هەیە بەس پێم وایە ناوی ئەندامانی لیژنەکە لە تایتڵی وانێکەکە هاتبێ بۆ ئەوەی هەر یەکەو دیاریەکی بچوکی پێ بدرێت تا پارەکەی حەڵاڵ بێت.

بەڕاستی تایتڵەکەی گەلێک جوان و قەشەنگ بوو ناوی زۆری لەخۆ گرتبوو، دەستی وەستاکەی خۆشبێت.

کورد زۆر ستەم دیدەیە و غەدری زۆر لێکراوە. ئەم چەند وشەیەم چەندان جار گوێ لێبووە و خوێندومەتەوە.

لەو بروایەدام کورد نە ستەمی لێکراوە و نە غەدر، چونکە کورد بۆخۆی ستەمی لە خۆی کردووە و بۆخۆی بۆتە مایەی غەدرکردن لە خۆی.

لە درووستبوونی بوونیاتنان و پەیدابوونی بوونەوەر لەم گۆی زەویە، هەر کۆمەڵێک و هەر تیرەگەلێک توانیویانە سوچێک بۆخۆیان بکەنە موڵگایەک و تیا ئاسودە و پارێزراوبن، سەرەڕای هەموو تەنگوچەڵەمە و ئاستەنگەکانی ژیانی رۆژانە و بەڕێوەبردن و هێرشی دژبەیەک بۆ زیادبوونی دەسەڵات و بەکارهێنان و بەکاربردنی یەکتری بۆ خۆ گەورەکردن و بەردەوامی ژیان.

لەگەڵ بەرفراوان بوونی دەسەڵات و درووست بوونی کۆمەڵگاکاندا، ستەم و غەدریش پەرەی سەندووە و بۆتە مۆرکێک بە ناوچەوانی ئەوانەی کە تاکو هەنوکە بە دیلی ماونەتەوە.

کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی تاکو ئێستا بە ژێردەستی و دیلی ماوەتەوە و هەرواش دەمێنێتەوە!!!!!!!

کورد خۆی زۆر بەکەم دەزانێت و زانیوە و حەزی لە ژێردەستی و دیلیە و ئارەزوومەندانە هەڵیبژاردووە و هیچ هێزێک ناتوانێ وای لێبکات واز لەو دیلییە بهێنێت. لەبەر ئەوە کورد ئەوەتەی هەیە یەک نەبوون و نەیان توانیوە پشت بەیەکدی ببەستن، هەمیشە دژی یەکدی وەستاونەتەوە و پشتی دوژمنیان گرتووە. بۆ لەناوبردنی یەکدیش راوێژیان بە دوژمنانی خۆیان کردووە ئەوانیش پلانی چاک و پتەویان بۆ داناوون .

بۆ سەلماندنی قسەکانیشم ئەو هەوڵانە زۆر دوورنین و ئەگەر سەردەمی میرەکانی کۆنمان لە بیر نەیەت مێژوو بۆی تۆمارکردووین باشترین سەرچاوە شەرەفنامەی میرشەرفخانی بتلیسییە. وە ئەوانەشی ئێستا لە ژیاندا مابن ئەوراستیانە دەبینن و دەیسەلمێنن کە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە . تا نووسینی ئەم بابەتەش دوژمنانی کوردستان لە ناو شاروشارۆچکەکانی کوردستاندا تەراتێن دەکەن بە ئارەزووی دڵی خۆیان.

دوو بەشی کوردستان نیمچە ئازادیەکی هەیە بەڵام هەر وابەستەی حکومەتی ناوەندین!!! وەلێ لەم دوو بەشەدا نەمان توانیوە تواناکانمان یەک بخەین و جێ پێی خۆمان بەهێزبکەین و بەرە و رووی دوژمنەکانمان بوەستینەوە، ، بەڵام ئازاین دژ بەیەک بوەستینەوە و کراس و کەوای یەکدی هەڵبەینەوە و پیشانی دوژمنانی بدەین.

کورد هەموومان یەک دوژمنمان هەیە لە باشوور یان باکوور، رۆژهەڵات یان رۆژئاوا،

قەرەجبین یا دۆم بادینی یان سۆرانی، کەڵهوڕی یا هەورامی یەزیدی یا کاکەیی یارسانی یا موسوڵمان، کورد هەر کوردە لە چاوی مەلا و ئاخوندەکان ئەسەد یا ئەردوگان مالکی یەن هەموو عەرەب.

کە گوێ لەو کاناڵانە دەگریت یان ئەو نووسینانە دەخوێنیتەوە کە لەسەر یەکتری دەیڵێن و دەینووسن بە ناوی دیموکراتییەوە، ، ئاژەڵیش بۆنی پێوە ناکات . هەموو یەکێک لەو کۆمەڵ و حزبانەی لای خۆمان خۆی بەڕاست دەزانێت و ئەوی دی بە خائین و خۆفرۆش، ئەگەر سەرجەمیان کۆبکەیتەوە و بیکەیتە کتێبێک هیچ کام لەو حزبانە ساغ دەرناچن و کتێبێکی شاکاری وەکو شەرەفنامەی لێ دەرئەچێ .

هەرهەموویان کەم تا زۆر دەسکەلای دەستی رژێمە داگیرکارەکانی کوردستانن و هەموویان ناویان چۆتە مێژووەوە کە هۆکاری سەربەخۆ نەبوونی کوردستانن و هەموویان دیلی ژێردەستیان پێ خۆشترە وەک لەوەی ئەو یا ئەمی کورد سەرۆکایەتی بکات.

ئەوەتا ئێستا لە باشوور و رۆژئاوا بەڕوونی دیارە و دەبینرێ، ناتوانن لە ژێر یەک چەتردا کۆ ببنەوە و وڵات بەڕێوە ببەن.

 

Go to top