We have 33 guests and no members online

زۆر كه‌ره‌ت ده‌نگۆی حزبی گه‌وره‌و حزبی بچوك به‌رز ئه‌بێته‌وه‌و ناحه‌زان و دوژمنانی حزبی گه‌وره‌ی دۆێنی و بچوكی ئه‌مرۆ به‌ پێی لێدوانه‌كانیان باریان بۆ ئه‌ره‌خسێت و هیرشی توندو تیژو ژه‌هراوی ونامه‌ردانه‌ ئاراسته‌ی حزبه‌ بچوكه‌كه‌ی ئه‌مرۆ ئه‌كه‌ن به‌ بێ ئه‌وه‌ی رابردوو تێكۆشانی ئه‌و حزبه ماندونه‌ناسه‌‌و رۆڵی كارامه‌ی له‌ پێناو چه‌سپاندنی ئاوات و خواست و ئاره‌زوو ئازادی گه‌ل و نیشتمان بهێننه‌ به‌رچاویان و كوێرانه‌ قسه‌ی پرۆپوچ ئه‌خه‌نه‌‌نه‌ پاڵی ئه‌و حزبه‌ مه‌زنه‌ خاوه‌ن هه‌زاران شه‌هید.

پێش ئه‌وه‌ی به‌یانی 11 ی ئازاری 1970 رابگه‌ینرێت حزب ئاگاداری كردین كه‌ له‌ نێوان رژێمی دیكتاتۆری عێراق و شورش ( پارتی دیموكراتی كوردستان ) گفتوگۆ هه‌یه‌و ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتن بۆ وه‌ستاندنی شه‌رو داننان به‌ داخوازییه‌كانی كوردستان له‌ ئارادایه‌و، من له‌ شاری كه‌ربه‌لا بووم و داوام له‌ هاورێیانم كرد مۆڵه‌تم بده‌ن بۆ گه‌رانه‌وه‌م بۆ كوردستان و خۆشبه‌ختانه‌ حزب مۆڵه‌تیدام و له‌ مانگی شوبات گه‌رامه‌وه‌ بۆ ده‌ربه‌ندیخان و، یه‌كسه‌ر ئاگاداری لیژنه‌ی چوتیارانم* كردو له‌ رێكخراوی شاری ده‌ربه‌ندیخانشان به‌ شانی هاورێیان كه‌وتمه‌كارو هه‌موویان به‌ گه‌رانه‌وه‌م پێخۆشحاڵ بوون.

رۆژێك پێش راگه‌یاندنی به‌یاننامه‌ی ئازارو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌مان بریارمانداو خۆمان ئاماده‌ كردو وتمان هه‌ر له‌ راگه‌یاندنی به‌یاننامه‌كه‌ ده‌ست ئه‌كه‌ێن به‌ خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌و شایسته‌و پشتگیری رێكه‌وتنامه‌كه‌ ئه‌كه‌ین، ئه‌وه‌ بوو له‌ 11 ی ئازار ئیزگه‌ی رادیۆی به‌غدا به‌یاننامه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه‌و ئێمه‌ش بێ یه‌ك و دوو ده‌ستمان به‌ خۆپیشاندان كردو، له‌ كه‌مپی خواره‌وه‌ ئه‌و كات ته‌نها دوو ئۆتۆمبیلی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ره‌ی لێبوو (لاندرۆڤه‌رێك و لۆرییه‌كی صلاح الدین)و به‌و دوو تۆتۆمبێله‌ به‌ درۆشمه‌كانی حزب كه‌ پێشتر به‌سه‌ر هاورێیاندا دابه‌ش كرابوون به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ چووین و له‌ گه‌ڵ هاورێیان و دۆستانی حزب یه‌كمان گرته‌وه‌و، له‌ ناو بازاردا كردمان به‌ هه‌راو به‌ ده‌نگی به‌رزو زوڵالدروشمه‌كانی حزبمان دووپات و ده‌پات ئه‌كرده‌وه‌و رێپوانێكمان رێكخستله‌ نزیك كانی توو ده‌ستی پێكردو تا لای به‌ریدی كۆن نزیك به‌ قایمقاییه‌ت و، له‌وی گردبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامداو خه‌ڵكێكی زۆر به‌شداریان كردو، ئه‌وه‌ی سه‌یر بوو هاورێیه‌كمان له‌‌ده‌ستی پێكردنی رێپێوانه‌كه  دروشمێكی نامۆی دووباره‌و سێباره‌ ئه‌كرده‌وه‌: حزبه‌كه‌مان ماركسییه‌ هی هه‌ژارو برسییه‌ !! و، چه‌ند جار ئامۆژگاریمان كرد به‌ڵام بێ كه‌ڵك بوو، كه‌ له‌ ده‌زگای حكومه‌ت نزیك بوێنه‌وه‌ ده‌می داخست**.

له‌ 12 ئازار گه‌وره‌ترین گردبوونه‌وه‌مان له‌ كه‌مپی خواره‌وه‌و له‌گۆره‌پانی تێنسه‌كه‌ رێكخست و، سه‌ره‌تا وتارێكی كورت له‌لایه‌ن هاورێیه‌ك خۆێنرایه‌وه‌و پشتگیری شیوعییه‌كانی بۆ رێكه‌وتننامه‌كه‌ ده‌رخست و، پاشان ده‌ستكرا به‌ هه‌ڵهه‌ڵه‌و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ركی و ره‌ش به‌ڵه‌ك و، هاوڵاتییه‌ك له‌ ژیانیدا جگه‌ له‌ ترسنۆكی و خۆخه‌ڵافاندن به‌ كاری خراپه‌و مێ بازی و نزیك بوونه‌وه‌ له‌ ده‌ستوپه‌یوه‌نده‌كانی رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كان هیچی تری نه‌بوو، له‌و رۆژه‌دا كلاشینكۆفێكی ده‌رهێناو ده‌ستیكرد به‌ ته‌قه‌كردن وهاورییانمان یه‌كسه‌ر چه‌كیان كردو پاشان كابرا وتی هه‌ڵه‌م كردوه‌و ئه‌م كلاشینكۆفه‌م له‌ یه‌كێك وه‌رگرتووه‌و داوای لێبوردن ئه‌كه‌م و ناوی كه‌سه‌كه‌ی ئاشكرا كردو چه‌كه‌كه‌ی درایه‌وه‌و ئاگادار كرا شوێنه‌كه‌ به‌جێبهێڵێ و بروا. . .

له‌ ده‌ربه‌ندیخان برایانی پارتی هه‌بوون به‌ڵام پرش و بڵاو بوون و رێكخراویان نه‌بوو، ئێمه‌ بووین به‌ خاوه‌نی رێكه‌وتنامه‌كه‌ی نێوان شۆرش (پارتی) و رژێمی عێراق و به‌ ئاگادری هاورێیانی به‌رپرس ئێمه‌ لیژنه‌یه‌كمان بۆ درۆست كردن و بۆ یارمه‌تیدانیان 2 هاورێمان بۆیان ته‌رخان كرد). و رێكخراومان بۆیان دامه‌زراندو پاش دوو سێ رۆژ هاورێیه‌كیان گه‌رایه‌وه‌و وتی هاوریكه‌ی ترمان (ح. ف) حه‌ز ئه‌كات وه‌ك پارتی كار بكات و، خوێ كردووه‌ به‌ به‌رپرسی ئه‌و كه‌سانه‌ی پارتی.

كارێكی باشمان نه‌كردو، بۆ یارمه‌تیدانی حزبێكی تر هاورێیه‌كمان له‌ ده‌ستداو، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا لامان سه‌یر بوو، وا خۆێ پیشانئه‌دا ئێمه‌ ناناسێت و، ئێمه‌ وریامان كرده‌وه‌و پێمان وت ئه‌توانی له‌ نه‌ورۆزدا به‌شداری بكه‌ێت و، نه‌مانزانی كاكه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌فسه‌ری ئیستخبارات بۆ نه‌ورۆز پرۆگرامی داناوه‌و نابێ شیوعییه‌كان به‌شدار بن، دیسانه‌وه‌ وریامان كرده‌وه‌. .

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوی ده‌ربه‌ندیخان بریاردرا ئاگاداری ئیستخبارات***بكه‌ین وبڵێێن شیوعییه‌كان ئاهه‌نگ ساز ئه‌كه‌ن و، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ من و مه‌لا حه‌سه‌نه‌ سمێڵ ده‌ستنیشانكراین و، رۆژی دوواتر هه‌ردووكمان، واته‌ من و هاورێكه‌م چووین له‌ ده‌رگای سه‌ره‌كی به‌تالیۆن (الباب الرئیسي للفوج) به‌ عه‌ریف محه‌مه‌دمان وت هاتووین چاومان به‌ موقه‌ده‌م خالد بكه‌وێت، عه‌ریف محه‌مه‌د **** واقی ورماوو لای سه‌یر بوو شیوعییه‌كان هاتوون بۆ لای ئه‌فسه‌ری ئیستخبارات و، به‌ بێده‌نگی چوو، پاش ماوه‌یه‌ك عه‌ربف محه‌مه‌د گه‌رایه‌وه‌و ئێمه‌ی برد بۆ لای ئه‌فسه‌ره‌كه‌، كه‌ چووینه‌ ژووره‌وه‌ موقده‌مه‌كه‌ سه‌دام ئاسا جگه‌ره‌یه‌ك به‌ ده‌میه‌وه‌ بوو، سه‌لامان كردو یه‌كسه‌ر وتی ئێوه‌ كین و ناوتان چییه‌؟ و بۆ چی هاتوون؟ وتمان: ئێمه‌ شیوعین و ناومان ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب و مه‌لا حه‌سه‌ن و، بۆ ئه‌وه‌ هاتووین دوو رۆژتر نه‌ورۆزه‌و ئاهه‌نگ ئه‌گێرین و هاتووین بانگهێشت بكه‌ێن و، حه‌ز ئه‌كه‌ین به‌شداربن به‌ڵام تۆ ئه‌ته‌وێت هه‌ر به‌ پێوه‌ قسه‌مان له‌ گه‌ڵدا بكه‌ێت!!، وتی دانیشن به‌ پێی خۆتان هاتوون بۆ ئه‌وه‌ی بتانگرم وپاش گفتوگۆكردن وتی په‌یوه‌ندی ئه‌كه‌م به‌ ئامر لیوا (ئامر لیوا نصیف جاسم السامرائی) بوو پاشتر بوو به‌ راوێژكاری سه‌دام حسه‌ین، ته‌له‌فۆنی كردو ئامر لیوا رازی بوو، ئیمه‌ش گه‌راینه‌وه‌و یه‌كسه‌ر ده‌ستمان كرد به‌ ئاماده‌كاری و هاورێیان شێرانه‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌و دوو شه‌و دوو رۆژ كاریان كردو هه‌موو شتێك وه‌ك به‌رنامه‌رێژیمان بۆی كردبوو هاته‌دی.

ئێواره‌ی 20/3/1970 نامه‌یه‌كی هه‌ره‌شه‌مان له‌ لایه‌ن برای به‌رێز كاك (ئه‌. ك - به‌داخه‌وه‌ كۆچی دووایی كرد) پێگه‌یشت، ئه‌و كات به‌رپرسی هیزه‌كانی سه‌ر به‌ تاقمی النور بوو واته‌ تاقمی (66) و له‌ نامه‌كه‌دا‌ هاتبوو: پیستومانه‌ به‌یانی شیوعییه‌كان به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ نیازی (ئاهه‌نگ و ماهنگیان) هه‌یه‌ و، پاش هه‌ندێ قسه‌ی بازاری هیچ و پوچ و نابه‌جێ و سوكایه‌تی پێكردن نووسرابوو: ئه‌وه‌ی وتاری حزبی شیوعییه‌كان (شیوعی) بخوێنێته‌وه‌ ناچارین له‌ ژیایندا نه‌یهێڵین!!، ئێمه‌ش وه‌ڵامان نه‌دایه‌وه‌و سوور بووین له‌سه‌ر پرۆگرام وبه‌رنامه‌ی خۆمان و ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب وتاری حزب ئه‌خوێنێته‌وه‌. .

له‌ رۆژی نه‌ورۆزدا پێش هه‌موو كه‌س ئێمه‌و هاورێیان ئاماده‌ بووین و گۆره‌پانی ئاهه‌نگه‌كه‌مان له‌ كه‌مپی خواره‌وه‌ بوو لای قه‌ڵاكه‌، (ئه‌و كات ماڵی لێنه‌بوو)، كورسی بۆ میوانان و ئه‌وانه‌ی بانگهێشت كرابوون رازایه‌وه‌و، له‌ گه‌ڵ كه‌ره‌سه‌ی ده‌نگ و مایكرۆفۆن { رادیۆكه‌ی ماڵی كاكم حه‌مه‌ ره‌جه‌ب جۆری كروندیكی گه‌وره‌} بوو وه‌ك مایكروفۆن به‌كارمان هێناو زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، له‌ كاتی دیاری كراودا میوانان و خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخان و دێهاته‌كانی ده‌وروپشت كۆمه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵ ئه‌هاتن و، پاش به‌خێر هاتنی هه‌موو لایه‌ك و به‌ پێی به‌رنامه‌ی دارێژراو ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌ستی پێكردو، وتاری پارتی دیموكراتی كوردستان خوێنرایه‌وه‌و، نۆره‌ی وتاری حزبی شیوعی عێراق هات و من هه‌ڵسام و زۆر له‌ هاورێیانمان به‌ كۆمه‌ڵ هه‌ڵسان و هاتنه‌ لای مایكرۆفۆنه‌كه‌و په‌لاماریانداوو هه‌ر یه‌ك حه‌زی ئه‌كرد بیگرێت تا من وتاره‌كه‌ ئه‌خوێنمه‌وه‌و بریار بوو من بكوژرێم بۆیه‌ نه‌مهێشت كه‌س له‌ ده‌وروپشتم بوه‌ستێت، به‌ڵام برای گه‌وره‌و خۆشه‌ویستم كاك غه‌فوری كوێخا عه‌لی *1 هه‌رچه‌ند هه‌وڵمدا بێسوود بوو، مایه‌وه‌و وتی با له‌گه‌ڵ تۆ بكوژرێم‌ و، وتار خوێنرایه‌وه‌و له‌ باتی كوشتن بوو به‌ چه‌پڵه‌رێزان و هه‌ڵپه‌ركێ و ره‌شبه‌ڵه‌ك و هه‌ڵهه‌ڵه‌ لێدان و، رمبازێنی ئه‌سپه‌كه‌كانی دووانزه‌ سواره‌ی مه‌ریوان و، پێشكه‌شكردنی شانۆگه‌ری (فیله‌كه‌ی خاوه‌ن شكۆ) له‌ ئاماده‌كردن و ده‌رهێنانی به‌رێز مامۆستا محه‌مه‌د عه‌بدوللا {مامۆستا حه‌مه‌ بزان} و ئه‌كته‌ره‌كان هه‌موو ساده‌و بێئه‌زمون بوون و، توانیان سه‌ركه‌وتووانه‌ مه‌به‌ست بپێكن و كۆتایی پێبێنن.

له‌ نزیك كۆتایهێنان به‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ هه‌ندێ له‌ گێره‌وشوێن و تێكده‌رو ناحه‌زان جنێویان به‌ هاورێیان وحزب دابوو یه‌كسه‌ر لاوه‌ خوێن گه‌رمه‌كان و له‌ناویاندا نه‌جمی شێخ محه‌مه‌د*2 و حه‌مید مجید قادر زه‌هاوی *3 و هاورێكانیان شێرانه‌ وه‌ڵامیان دانه‌وه‌و بوو به‌ هه‌راو، ئه‌و هاورێیانه‌ی ده‌ستنیشان كرا بوون وه‌ك پارێزه‌ری ئاهه‌نگه‌كه‌ توانیان بارودوخه‌كه‌ كه‌نترۆڵ بكه‌ن و، ناحه‌زان جارێكی تر هاتنه‌وه‌ سه‌ر به‌زمه‌كه‌ی خۆیان و ئه‌مجاره‌یان ئه‌من و ئیستخبارات بۆ به‌ خاوه‌نی ئاسایشی خه‌ڵك و ئاهه‌نگه‌كه‌، ناچار من و به‌رپرسی پارتی و به‌رێز (ئه‌. ك) به‌رپرسی تاقمی 66 براین بۆ سه‌ره‌وه‌و، له‌ سه‌ر داوای فه‌رمانده‌ی لیوا**1 روومان له‌ لیوا كردو به‌ یارمه‌تی فه‌رمانده‌ی لیواو قایمقام و به‌رپرسانی تر هه‌موو ده‌ستمان له‌ ملی یه‌كتر كردو ئاشتبووینه‌وه‌و" له‌وێ به‌ به‌ریز (ئه‌. ك) م وت باشتر وا بوو خۆمان دوور بگردایه‌ له‌ ناكۆكی و ناخۆشی و، بۆچی عه‌سكه‌ری و قایمقام ئێمه‌ ئاشتبكه‌نه‌وه‌و تۆ هه‌میشه‌ رێزت هه‌یه‌و له‌ گه‌ڵ براكانت وه‌ك ئه‌زانیت هاورێ و دۆستی یه‌كتری بووین.

حزبی شیوعی و شیوعییه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان رۆڵێكی باشیان هه‌بوو له‌ دروستكردنی رێكخراوی پارتی، به‌ڵام پارتی نه‌وه‌ك مه‌یلی دۆستایه‌تی نه‌بوو، به‌ڵكو كه‌وتنه‌ به‌ربه‌ره‌كانی حزبمان و، هه‌موو گورجوگۆڵی و چالاكی شیوعییه‌كانیان ئه‌خسته‌ پاڵ لقی ده‌ كه‌ سه‌ر به‌ حزبی شیوعی عێراق و، له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی بوو، به‌ پێچه‌وانه‌ی پارتییه‌كان لقی ده‌ زۆرجار گیروگرفتی بۆ ئێمه‌ دروست ئه‌كردو ئه‌وان له‌ ده‌ره‌وه‌و تا سنوورێك ئازادو، ئێمه‌ له‌ ناوه‌وه‌ له‌ ژێر چاودێری رژێمی دیكتاتۆری و چڵكاوخۆره‌كانی بووین و، لێره‌شدا‌ پێویسته‌ بڵێن:ته‌نها له‌ كوردستان روویداوه‌ حزبێكی شیوعی رازی بێت له‌ لایه‌ن حزبێكی تر به‌رێوه‌ ببرێت و فه‌رمان وه‌ربگرێت، ته‌نانه‌ت شه‌ركردن له‌ گه‌ڵ حزب و باڵه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ كوردستاندا كه‌ له‌م دوواییه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی ""برا كوژی""یان بۆ داتاشی و، له‌ راستیدا ئه‌و شه‌ره‌ نگریسه‌ خۆكوژی بوو، گیانی هه‌زاران گه‌نج و رۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌مانی به‌ فیرۆدا.

پارتی له‌ پاش ماوه‌یه‌كی كورت (ح. ف) ی كۆنه‌ هاورێمان و یه‌كه‌م به‌رپرسی پارتی پاش (11)ی ئازاری لابردو به‌رێز ئه‌وره‌حمانی عه‌به‌ گۆری كرێكاری ره‌یكرا به‌ به‌رپرس و، له‌ مانگی نیسان واته‌ مانگی (4) به‌ بۆنه‌ی سه‌د ساڵه‌ی له‌ دایكبوونی مامۆستای مرۆڤایه‌تی فلادیمیر لێنین شیوعییه‌كان كۆن و قووژبنی شه‌قام و دامه‌زراوه‌كانی میریان به‌ دروشم رازانده‌وه‌و، ناحه‌زان پێیان ناخۆش بوو، ئه‌وه‌ بوو به‌ هانی پیاو خراپ و دوژمنانی حزب مه‌عاونی پۆلیس وجێگری ئه‌فسه‌ری ئه‌من (نصرالدین عه‌لی) له‌ چاخانه‌كه‌ی كه‌مپی خواره‌وه‌و به‌ به‌رچاوی هاوڵاتیان زله‌یه‌كی كێشابوو به‌ به‌ناگوێ شیوعی تێكۆشه‌ر نه‌جم شیخ محه‌مه‌دو، ئێمه‌ وه‌ك حزب دژی ره‌وشتی نزمی مه‌عاون (نصرالدین عه‌لی) بووین و، كردمان به‌ هه‌ڵاو، رێگا زۆر بوو تۆڵه‌ له‌ كرده‌وه‌ قیزه‌وه‌نه‌كه‌ی بكه‌ێنه‌وه‌ و، به‌ڵام برای به‌رێز عمر سه‌ریع (ئه‌ویش له‌ ناخه‌وه‌ دژمان بوو، وا خوێ پیشانئه‌دا دۆستمانه‌)، میردی خوشكی مه‌عاون بوو بارودۆخه‌كه‌ی هێمن كرده‌وه‌و شیوعییه‌كان له‌ رووی كۆمه‌ڵاتییه‌وه‌ خاوه‌نی ره‌وشتی جوان بوون و رێزیان له‌ خه‌ڵك ئه‌گرد بۆیه‌ له‌و كرده‌وه‌یه‌ بێده‌نگ بوون به‌ مه‌رجێ مه‌عاون داوای لێبووردن له‌ نه‌جم بكات و، پاش ئه‌م كاره‌و تاوانباركردنی پارتی ئه‌وره‌حمانی عه‌به‌ گۆری وازی هێناو، به‌رێز كاك شیخ عه‌تا كرێكاری (دائره‌ی ره‌ی) به‌ر پرسیارێتی وه‌رگرت و، ئه‌میش زۆر نه‌مایه‌وه‌و، به‌رێزكاك حه‌مه‌ پێنجوێنی شوێنی گرته‌وه‌و، له‌ یه‌كه‌م رۆژی هاتنی داوای كرد چاوی به‌ (شیوعییه‌كان)*4 بكه‌وێت و، به‌ پێی بریاری رێكخراوه‌كه‌مان من و هاورییه‌كی تر چووین و به‌خیرهاتنی كردین و ئێمه‌ش به‌خیر هاتنی ئه‌ومان كردو وتمان ئاواته‌خوازین نێوانمان خۆش بێت و زاڵبین به‌ سه‌ر كۆسپ و گیروگرفتی نێوانی هه‌ردوولا، كاك حه‌مه‌ زۆر مه‌ن و تووره‌و بوغزاوی بوو حه‌زی له‌وه‌ بوو زۆر به‌ گه‌وره‌ خوێ بناسێنێت به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا پارتی زوو لایداو، صالح پیره‌ جێی گرته‌وه‌و، ئه‌میش له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشتر خراپتر بوو، تا سه‌ر ئێسقان دژی حزبی شیوعی وشیوعییه‌ت بوو، یه‌كی له‌ كاره‌كانی ئه‌وه‌ بوو (له‌ كوێ شیوعیتان) دی به‌ چاوی سووك سه‌یری بكه‌ن و، هه‌ر له‌ سه‌ر بریاری ""به‌رێزیان"" سێ چوار كه‌سی راسپاردبوو له‌ گۆره‌پانی فووتبۆڵه‌كه‌ ده‌ستدرێژی بكه‌نه‌ سه‌ر هاورێ {حه‌مید مه‌جید قادر زه‌هاوی} چونكه‌ چالاك بوو، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ راسپیراوبوون {حه‌مید} یان خۆشئه‌ویست و نه‌خشه‌كه‌یان جێبه‌جێ نه‌كردو، پارتی ئه‌مجاره‌یان كاك جه‌مال تایه‌ریان نارد.

جه‌مال تایه‌ر (جمال طاهر)* 5 هه‌رچه‌نده‌ توندره‌و بوو وه‌ك هه‌موو گه‌نجێك به‌ڵام حه‌زی له‌ بیروباوه‌ری چه‌پ بوو بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شایسته‌ ره‌فتاری له‌ گه‌ڵ رێكخراوی حزبی شیوعی كردو زانی ئێمه‌ی شیوعی پشتگیری له‌راستی ئه‌كه‌ین و نێوانمان زۆر هێور بووه‌وه‌و شیوعییه‌كان و پارتییه‌كان كه‌وتنه‌ یارمه‌تیدانی یه‌كتر.

ئاماژه‌پێكراوه‌كان

*لیژنه‌ی جوتیاران – ئه‌و كاته‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵات بوو سه‌رپه‌رشتی كاروباری ناوچه‌كه‌ی ئه‌كردو له‌م هاورێ به‌رێزانه‌ پێكهاتبوو: عه‌بدوللا قه‌ره‌داغی (مه‌لا عه‌لی) به‌رپرس و پاشان دوكتۆر فارس ره‌حیم وه‌: به‌رپرس، ئه‌ولقادری فارس، مه‌حمود مه‌جید، مه‌حمودی مه‌لا ئه‌حمه‌د، ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب، جه‌لال كه‌ریم {جه‌لال ئه‌بو شوارب}، ره‌ۆوفی حاجی محه‌مه‌دی گوڵان. . .

**حزبه‌كه‌مان ماركسییه‌ هی هه‌ژارو برسییه‌، ئه‌وه‌ دروشمی ئه‌و رۆژه‌ نه‌بوو بۆیه‌ ناوی نامۆمان لێیناو، ئێمه‌ وه‌ك حزب دژی دروشمه‌كه‌ نین، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ بۆ ناحه‌زان و دوژمنانی حزب ترسناك بوو. .

*** ئه‌و كات ئیستخبارات وه‌ك زمان و نوێنه‌ری رژێم بوو. .

**** عه‌ریف محه‌مه‌د: خه‌ڵكی قزره‌بات (السعدیه‌) بوو، رۆژێكیان من له‌ به‌غدا ئه‌هاتمه‌وه‌ هه‌ندی بڵاوكراوه‌ی بیرمه‌ندو زانای تیئوری حزب پرۆفیسۆر سۆسلۆفم له‌ جانتاكه‌مدا هێنابوو، له‌ بازگای (خاڵی بشكنین) سێ گۆشه‌ی قزره‌بات – خانه‌قین- جه‌له‌ولا له‌ كاتی بشكنین پێیزانی و روویكرده‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ كه‌ له‌ ناو ئۆمۆمبێله‌كه‌ بوون وتی: ئه‌م جانتایه‌ هی كێیه‌؟؟ منیش وتم هی منه‌و، به‌بێده‌نگی هاته‌لام وتی: ئه‌وا من قسه‌ ناكه‌م و، تا ده‌ربه‌ندیخان بازگای تر هه‌یه‌و چۆن چۆنی رزگارت ئه‌بێ؟؟؟. . وا دبار بوو مرۆڤێكی باشه‌ و، منیش به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتم. .

*1 – غه‌فور كوێخا عه‌لی ئه‌حمه‌د: یه‌كێك له‌ شیوعییه‌ ناسراو دێرینه‌كانی حزبی شیوعی بوو له‌ شاری ده‌ربه‌ندیخان و، یه‌كه‌م شیوعی بوو له‌لایه‌ن رژێمی به‌غدا بگیرێت و، پاشان چه‌ند جاری تر گیراوه‌و خراوه‌ته‌ به‌ر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌و و تێهه‌ڵدان و هه‌موو چه‌سته‌ی تێكشكێنراوه‌و مه‌ردانه‌ به‌رنگاری رژێم و كۆنه‌په‌رستان بووه‌ته‌وه‌و، به‌و هۆیه‌وه‌ تووشی جۆره‌ها نه‌خۆشی بووه‌.

*2 – نه‌جم – نه‌جیب شێخ محه‌مه‌د {گۆران} – كادیری پێشكه‌وتوو له‌ كاتی شه‌ری پشتئاشان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ده‌وروبه‌ری دیهاتی كه‌لۆش، سیوسێنان و مه‌سۆیی وشوێنی جیا جیای قه‌ره‌داع بۆسه‌ی بۆ شیوعییه‌كان دانابوو، هاورێ گۆران و هاورێكانی ئه‌كه‌ونه‌ ناو بۆسه‌كه‌یان خوێ و فازلی ئه‌حمه‌د كانی ساردی شه‌هید ئه‌كرین و دوو سێ هاورێش بریندار ئه‌بن و به‌ ده‌م شه‌ره‌وه‌ رزگاریان ئه‌بێت.

*3 – حه‌مید مه‌جید قادر زه‌هاوی: لاوێكی گورجوگۆڵ و چالاك له‌ ناو قوتابیان و لاواندا، یاریزانێكی كارامه‌ له‌ تیپی فوتبۆڵی ره‌ی و ده‌ربه‌ندیخان، له‌ راستیدا تیپی حزبی شیوعی بوو، جبی داخه‌ له‌ ساڵی 1995 به‌ ناهه‌قی كوژراو كۆچی دووایی كرد. .

**1 فه‌رمانده‌ی لیوا: ناوی نصیف جاسم السامرائی بوو، زۆر هێمن و شاره‌زاو له‌ سه‌رخۆو، له‌ ساڵانی دوواییدا بوو به‌ راوێژكاری عه‌سكه‌ری سه‌دام حسه‌ین. .

*4 – هه‌ندی كه‌س چاوی به‌رایی نه‌ئه‌دا بڵێن حزبی شیوعی و، ئه‌یانوت: شیوعییه‌كان.

* 5 – جه‌مال تایه‌ر: بوو به‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و شه‌هید كرا.

 2/1/2014

 

 نه‌ورۆزی ساڵی 1970 ده‌ربه‌ندیخان - كه‌مپی خواره‌وه‌

 

Go to top