We have 178 guests and no members online

 

 

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی ( ١٩ ) ی تەمووز دووەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ، داعش بەهاوکاری ڕاستەوخۆی دەولەتی تورکیا و ووڵاتانی هەرێمی ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی دەوروبەری شاری کۆبانی .

دوایئەوەی شاری موسڵ لەمانگی ڕابردوو کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی چەتەکانی داعش ، بەهۆی ئەوەی سوپای عیڕاقی شکستخواردوو هەموو چەکە قورس و سوکەکانی لەدوای خۆی جێهێشت ، چەتەکانی داعش چەک و جبەخانەی سوپای عێراقیان بۆ ناو خاکی سوریا و لەوێشەوە بۆ ناوچەکانی نزیک شاری کۆبانی ڕۆژئاوای کوردستان گواستەوە ، لە (٢) جوڵای – تەمووزەوە چەتە تیرۆریستەکان بەهەموو جۆرە چەکێکی قورس و تۆپ و تانک بەپشتگیری ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان دەستپێکردووە بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری شاری کۆبانی ، ئامانجیان داگیرکردنی شاری کۆبانی و هێنانەدی خەونە ستراتیجیەکەی دەوڵەتی تورکیایە کە دەخوازێت شۆڕش و ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لەباربەرێت .تورکیا و سعودیە و قەتەڕ بەئاشکرا و بەگشتی یارمەتی چەتە تیرۆریستەکان دەدەن بەتایبەتی تاقمی ناسراو بەداعش .

چەتەکانی داعش لەماوەی چوار ڕۆژدا زۆر بەسەختی بۆردومانی گوندەکانی نزیک شاری (کۆبانی ) یانکرد ، لەئەنجامی بۆردومانی چوار ڕۆژەدا (٣٠٠٠) گولـلە تۆپ و هاوەن بەر ئەو گوندانە کەوتووە ، هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە ) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە ) بەئیڕادەی پۆڵایین بەرەنگاری ئەو هەموو هێرشەی تیرۆریستانی داعش دەبنەوە و لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا قوربانی زۆریانداوە ، لەئەنجامدا توانیویانە هێرشەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش تێکبشکێنن .بەڵام ئەوەی گرنگە و پێوویستە ببێ ئەوەیە ، جەماوەری گەلی کورد لەئاستی چواربەشی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی پارتە کوردستانیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاو هەڵوێستبن بەشداری بکەن لە بەرگریکردن لەشاری کۆبانی ، بەتەنیا هێشتنەوەی ڕۆڵەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەنگەری بەرگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کارەساتە بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی گەلەکەمان ، لەپێناو ڕێگاگرتن لەڕوودانی کۆمەڵکوژی لە شاری کۆبانی دەبێ هەموولایەک ئەرکی نیشتمانی سەرشانی ئەنجامبدات .

بانگەوازی موراد کارەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری (پەکەکە ) بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە تیاییدا هاتبوو : بانگەوازیم بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی باشوری کوردستان ئەوەیە ( ئەم دۆخەی ڕۆژئاوای کوردستان کێشەکانی پەیەدە و ئەلپارتی تێپەڕاندووە ، کێشەی ڕۆژئاوا کێشەی نەتەوەییە ، دەبێت لەوێ هەڵوێستی نەتەوەیی نیشانبدرێت ) ، هەروەها لێدوانی ووتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ‌هێڕەشەکانی تیرۆریستان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ، دەکرێ ئەو دوو هەڵوێستە پۆزەتیڤە هەڵبقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بەهەموولایەک بتوانین ببینە پەرژینێکی پۆڵایین بۆ پاراستنی کۆبانی و کەرکوک و سەرێکانی و جەلەولا و تەواوی سنورەکانی کوردستان لەهەڕەشەی دوژمنان ، کۆبانی لەمەترسیدایە ، دەبێ هەموومان بەرگری لەکۆبانی بکەین .

پێوویستە ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵ لەسەر پرسە نەتەوەییەکان کاربکەن و ڕاستی و پێوویستیە نەتەوەییەکان دلێرانە بگەیەنن بەڕایگشتی کوردستان و خاوەنداری لەپرەنسیپە نیشتمانیەکان بکەن .

لەئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ڕاگەیاندنەکان بەپێی پێوویست تیشکیان نەخستۆتە سەر بارودۆخی شاری کۆبانی کەماوەی جەندین ڕۆژە بەپاڵپشتی تورکیا بەسەختی هێرشی دەکرێتە سەر .ڕۆڵی تورکیا و پەیوەندی دەزگاکانی هەواڵگری تورکیا بە تیرۆریستان و هاریکاریکردنیان تەنیا لە ڕووی سەربازیەوە نیە ، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە هاوکاری پزیشکی ئەو هێزانەی کردووە و بریندارەکانیان چارەسەردەکا ، دوای جارەسەرکردنیان تیرۆریستەکان بەئاشکرا بەخۆیان و چەک و جلە فەرمیەکانی داعش لە شاری هاتای تورکیا لەژێر چاودێری دەزگای هەواڵگری تورکی دەگەڕێنەوە بۆ سوریا بۆ شەڕکردن ، لەماوەی ڕابردوودا دوو سەلەفیی بەڕەگەز ئەڵمان (دەنیس کوسپەرت ، ئەلیاس دێسۆ دۆگ ) و هەروەها بەرپرسی باڵای داعش مازن ئەبو محەمەد دوای ئەوەی لەشەڕ بریندارکرابوون لەنەخۆشخانەی تورکیا چارەسەریان بۆ کرابوو ، ئێستاش لەنەخۆشخانەی کیلیس لەتورکیا لەنێوان (٣٠ تا ٤٠) کەس لەبریندارەکانی هێزە تیرۆریستیەکان لەلایەن پزیشکانی تورک چارەسەردەکرێن !!

 

 

 

 

Go to top