We have 40 guests and no members online

ماوه‌یه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ناوی راوێژكار و شاره‌زا كۆبوونه‌ته‌وه‌ و خه‌ریكی گه‌ڵاله‌ كردنی پرۆژه‌یاسایه‌كن تا له‌ په‌رمان بخرێته‌ به‌رباس و بریاردان. ئه‌ویش یاسای ده‌ست واڵاكردنی پیاوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌وه‌سه‌كانی به‌ناوی (هاوسه‌رگیری مسیار) .

له‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیریه‌دا ئافره‌ت ده‌بێت له‌ زۆربه‌ی مافه‌كانی خۆی ده‌ست به‌رداربێت له‌به‌رمبه‌ر گه‌یشتنی به‌ باوه‌شی پیاو. ئه‌ویش بۆی هه‌یه‌ پاش ئه‌وه‌ی هه‌وه‌سی هێنا ده‌ست به‌رداری بێت به‌بی هیچ گرفتێك. ئه‌وجۆره‌ پێكه‌وه‌ژیانه‌ی كه‌ بۆ نه‌ریت و ره‌سه‌نایه‌تی كورد زۆر نامۆیه‌ بۆچی ده‌خرێته‌ به‌رباس پرسیارێكه‌ و وه‌ڵامی دارێژه‌رانی یاساكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ زه‌مه‌نی ئه‌مرۆدا پیاو كه‌متره‌ له‌ ئافره‌ت. ئه‌گه‌ر هه‌مووشیان هاوسه‌رگیری بكه‌ن هێشتا چه‌ندین كچ بی پیاو ده‌مێننه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ ووردی رایه‌كان بخوێنینه‌وه‌ راستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گرمان ده‌ست ده‌كه‌وێت. هیچ پێویست به‌ ماندووبونی ده‌سته‌ی ئامار و سه‌رژمێری ناكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌قیقه‌ت پیاو كه‌م نه‌با، به‌رێوبه‌رێكی گشتی ماوه‌ی 20 ساڵ به‌ كورسیه‌كه‌ی وه‌نه‌ده‌نوسا. بریكارێكی وه‌زاره‌ت مۆمی 25 ساله‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێنه‌ده‌كرد. ئه‌گه‌ر پیاو كه‌متر نه‌با، وه‌زاره‌تێك له‌سه‌ر ناوی كه‌س تاپۆ نه‌ده‌كرا. ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ نه‌با كه‌ باسی لێوه‌ده‌كه‌ن ته‌نها پیاوێك 3 ئه‌ركی مه‌زنی ووڵاته‌كه‌ی پێكه‌وه‌ رایی نه‌ده‌كرد. په‌رله‌مانتارێك به‌یانیان له‌ مه‌كته‌ب سیاسی و نیوه‌رۆیان له‌ په‌رله‌مان و ئێواران له‌ كۆمپانیا نه‌ده‌بوو. . مه‌لا نه‌ده‌چووه‌ رێكخراوی حیزبی و مێژووی حیزب و پاله‌وانیه‌تیه‌كانی له‌ چیاتی قورئان بۆ خه‌ڵك نه‌ده‌خوێنده‌وه‌. مامۆستای زانكۆ له‌به‌رده‌ركی لق و مه‌ڵبه‌نده‌كان نه‌ده‌بینران. ئه‌فسه‌ری سه‌ربازی رۆژنامه‌نوس نه‌بوو. بازرگان سیاسه‌تی ووڵاتی به‌رێوه‌نه‌ده‌برد. . ئه‌گه‌ر پیاو به‌رێژه‌ی خۆی هه‌با مۆسیقاژه‌ن به‌رێوبه‌ری ناحیه‌ نه‌ده‌بوو. نه‌خوێنده‌وار نه‌ده‌بوو به‌ شاره‌زا و راوێژكار.

راگه‌یاندن نه‌ده‌بووه‌ بوكه‌شووشه‌ی ده‌ست به‌رپرسان. ئه‌گه‌ر پیاو هه‌با نه‌ده‌چوون به‌ موچه‌ی هه‌شت ملیۆن دیناری مانگانه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بێك بكه‌ن بۆ كارێكی ساده‌ و ساكار، مامۆستا ماركێتی به‌ڕێوه‌ نه‌ده‌برد. نه‌ده‌چوون ووڵات پركه‌ن له‌ كرێكار و موچه‌ خۆری بیانی. میزخواردن نه‌ده‌بووه‌ ده‌وای سه‌رده‌م. به‌نگلادیشی و هیندی نه‌ده‌بوونه‌ ده‌ستی كاری ووڵات. دكتۆر نه‌ده‌بوون به‌ بازرگان. دیپلۆمات نه‌ده‌بوون به‌ قۆنته‌راتچی. جوتیار نه‌ده‌بووه‌ پۆلیس. شوان به‌ پسپۆری په‌روه‌رده‌یی. . به‌ هه‌قیقه‌ت كه‌من پیاو. بۆیه‌ باشتره‌ پالپشتبین بۆ یاسای مسیار.

Go to top