We have 42 guests and no members online


Showlist data is not configured
له‌ رۆژی 31/1 ی ئه‌مساڵ كه‌ ده‌كاته‌ی سه‌ری ساڵی چینی، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ له‌ شاری شه‌نگهای له‌ وڵاتی چین فێستیڤاڵێكی گه‌وره‌ی كاریكاتێریی و كارتۆنی سازكرا، كوردیش له‌ به‌شداریكردن له‌م بۆنه‌یه‌ هونه‌رییه‌ كاریكاتێرییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ بێبه‌ش نه‌بوو، ئه‌ویش له‌ رێی هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریستی ناسراومان هه‌ندرێن خۆشناوه‌وه‌ بوو.

 

هه‌ندرێن خۆشناو سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی به‌شداریكردنی له‌م بۆنه‌یه‌دا ووتی: ئه‌م فێستیڤاڵه‌ 12ـه‌مین ساڵه‌ سازده‌كرێت، هه‌ر جاره‌ی له‌ شارێك له‌ گه‌وره‌ شاره‌كانی چین، ئه‌م ساڵ له‌ شه‌نگهای سازكرا، مانگێك له‌مه‌وبه‌ر هونه‌رمه‌ندی ناسراوی چینی "جیانگ لی دۆنگ"كه‌ سه‌رۆكی رێكخراوی كاریكاتێریستانی سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ چین، ئیمێلێكی بۆ ناردم سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردن له‌م فێستیڤاڵه‌ و مه‌رجه‌كانی به‌شداریكردنیشی بۆ ناردم منیش به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ داوه‌ته‌كه‌م قبوڵكرد و دوای ماوه‌یه‌ك كاره‌كانم ئاماده‌كرد. ئه‌مه‌ش "31"ـه‌مین چاڵاكی و به‌شداری نێوده‌وڵه‌تیه‌ كه‌ ئه‌نجامی بده‌م.

 

سه‌باره‌ت به‌ مه‌رجه‌كانی به‌شداریكردن له‌م فێستیڤاڵه‌ كاریكاتێرییه‌ هه‌ندرێن خۆشناو ووتی: فێستیڤاڵه‌كه‌ بریتی بوو له‌ دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی یه‌كه‌میان كاریكاتێر و دووه‌میان كارتۆن. ته‌وه‌ری كارتۆن بریتی بوو له‌ پیسبوونی ژینگه‌، قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌كێشان و ته‌وه‌ری سه‌ربه‌ست. ته‌وه‌ری كاریكاتێریش بریتی بوو له‌ سه‌رۆكه‌ به‌ناوبانگه‌كانی وڵاتان، ئه‌ستێره‌كانی سینه‌ما، ئه‌ستێره‌كانی وه‌رزش و ئه‌ستێره‌كانی كۆمیدیا. منیش به‌ چه‌ندین تابلۆی كاریكاتێریی و كارتۆنی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا به‌شداریم كرد.

 

سه‌باره‌ت به‌ شێواز و ستایلی كاره‌كانیش خۆشناو ووتی: له‌ زۆربه‌ی بۆنه‌ هونه‌رییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هونه‌رمه‌ندان ئازادن له‌ هه‌ڵبژاردنی شێوازی كاركردن، جا چ شێوازی كاركردنی كلاسیكی كۆن ره‌ش و سپی یان ره‌نگی بێت، یان شێوازی نوێی سه‌رده‌میانه‌ی دیجیتاڵی یان ئیلیستره‌یته‌ر بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كاره‌كه‌ له‌ ئاستێكی وا بێت كه‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ ئاستی ئه‌م بۆنه‌یه‌ هونه‌رییه‌ جیهانییه‌، به‌ قه‌باره‌ و دیقه‌ی دیاریكراوه‌وه‌.

 

Go to top