We have 169 guests and no members online

 

 

 

 

  • *فریاد ره‌واندوزی: به‌م بارودۆخه‌وه‌ یه‌كێتی ناتوانێت ئه‌ركه‌كانی وه‌كو ئۆپۆزیسیۆن ئه‌دا بكات
  • *مه‌لا یاسین: یه‌كێتی بۆ ده‌سه‌ڵات دروست نه‌بووه‌ به‌ڵكو یه‌كێتی بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوون دروستبووه‌
  • *به‌هرۆز گه‌ڵاڵی: كابینه‌ی داهاتوو پێشكه‌شی برایانی پارتی‌ و گۆڕان بێت و پیرۆزیان بێت

 

له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ 21-9-2012 یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو به‌ هێزی سێیه‌م و به‌ جیاوازیی شه‌ش كورسی كه‌وته‌ دوای هێزی دووه‌م "گۆڕان". به‌مه‌ش ریزبه‌ندیی هێز له‌ هاوكێشه‌ی ناوخۆیی كوردستاندا گۆڕانكایی زۆری به‌سه‌ردا هات. كه‌ كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی ده‌بێت بۆ سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌ تایبه‌ت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نیه‌تی به‌شدارییكردنی هه‌یه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا. یه‌كێتی ده‌یه‌وێ له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تدا، لایه‌نی براوه‌ی یه‌كه‌م "پارتی" ژماره‌ی كورسی نه‌كاته‌ پێوانه‌، به‌ڵكو ره‌چاوی رێككه‌وتنی ستراتیجی بكات، به‌ڵام ئه‌و لیسته‌ی یه‌كێتی بۆ به‌شداریی له‌ حكوومه‌ت ته‌رحی كردووه‌، له‌ وه‌رگرتنی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و چه‌ند وه‌زاره‌تێكی سیادی و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وای له‌ پارتی كردووه‌ كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكات و هه‌وڵ بدات بۆ رازیكردنی یه‌كێتی له‌لایه‌ك و گۆڕان له‌لاكه‌ی تر به‌ پێی ئه‌و ئیستیحقاقه‌ی هه‌یه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردندا.

یه‌كێتی، پێشتر بانگه‌شه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد، پێویسته‌ حكوومه‌تێكی بنكه‌ فراوان به‌ به‌شداریی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان دروست بكرێت، مه‌رجی ئه‌وه‌شی دانابوو كه‌ ده‌بێت جۆری به‌شدارییه‌كه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات راسته‌قینه‌ و هاوبه‌شانه‌ بێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و بانگه‌شانه‌ كۆتاییان هاتووه‌ و زێده‌تر ته‌ركیزی یه‌كێتی له‌سه‌ر پچڕینی به‌شێكی باشه‌ له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م، له‌م نێوه‌نده‌دا پارتی كه‌وتۆته‌ دووڕیانێك له‌ نێوان هاوپه‌یمانه‌ ستراتیجییه‌كه‌ی و براوه‌ی دووه‌م، بۆیه‌ پارتی به‌ دوای چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌نددا ده‌گه‌ڕێت. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پارتی به‌ مه‌رجه‌كانی یه‌كێتی رازی نه‌بوو، یه‌كێتی ده‌چێته‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن یان سازش ده‌كات؟. ئایا تا چه‌ند یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رای ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ی ناو یه‌كێتی كه‌ ده‌یانه‌وێ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ حزبه‌كه‌یان ئۆپۆزیسیۆن بێت؟. به‌ بڕوای چاودێرانی سیاسیی، پێناچێت یه‌كێتی حه‌ز به‌وه‌ بكات ببێته‌ ئۆپۆزیسیۆن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر واقیع ناچاری بكات ئه‌مه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌كی تره‌.

به‌شداریی له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م

به‌شی زۆری سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌، یه‌كێتی بۆ ئه‌م خوله‌ش به‌شداریی له‌ حكوومه‌تدا بكات، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی به‌هێزكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی سه‌یر ده‌كه‌ن. له‌ باری واقیعیشه‌وه‌ یه‌كێتی تا ئه‌م خوله‌كه‌ش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌شكێت كه‌ به‌ "زۆنی سه‌وز"ی پێشوو پێناسه‌ ده‌كرێت.

فریاد ره‌واندوزی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، هه‌لومه‌رجی یه‌كێتی ئه‌وه‌ ده‌خوازێت بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش به‌شێكی گرنگ بێت له‌ حكوومه‌تێكی بنكه‌ فراوان. ره‌واندوزی رایگه‌یاند "پێموانییه‌ یه‌كێتی له‌ كاتێكدا خۆی تووشی چه‌ندین كێشه‌ی بونییه‌وی بووه‌، موئه‌هه‌ل بێت بۆ ئۆپۆزیسیۆن. به‌ رای من ئاڕاسته‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی به‌شێك بێت له‌ حكوومه‌تێكی بنكه‌ فراوان، پێده‌چێت میزاجی گشتیی، هه‌م كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌م سیاسیش به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بڕوات".

فریاد ره‌واندوزی، پێیوایه‌ به‌شداریی له‌ حكوومه‌ت ده‌رفه‌ت ده‌داته‌ یه‌كێتی بۆ به‌خۆداچوونه‌. وتیشی "له‌ مه‌سه‌له‌ی ئیداره‌دان، له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حكوومه‌ت، له‌ چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ بۆئه‌وه‌ی نه‌فه‌سێك به‌ خۆمان بده‌ین و بتوانین یه‌كێتی چاكبكه‌ینه‌وه‌، كێشه‌كان له‌ بونیاده‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت پێویستی به‌وه‌یه‌ له‌م قۆناغه‌دا به‌شداری حكوومه‌ت بێت، به‌ڵام شه‌ریكی راسته‌قینه‌ بێ، چوونكه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ریكی راسته‌قینه‌ نه‌بێت و نه‌بێته‌ ئۆپۆزیسیۆنیش ئه‌وا وه‌كو عه‌ره‌ب ده‌ڵێ هه‌ردوو هه‌نگاو له‌ ده‌ستده‌دات، هه‌م ناتوانێت ئیداره‌ی حكوومه‌ت بدات و هه‌م ئاماده‌كاریی نییه‌ له‌ هزری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بوون به‌ئۆپۆزیسیۆن. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئاڕاسته‌ی چوون بۆ حكوومه‌ت زاڵتر بێت".

ستران عه‌بدوڵڵا، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی "كوردستانی نوێ"ی زمانحاڵی یه‌كێتی، پێداگریی له‌سه‌ر به‌شداریی یه‌كێتی له‌ حكوومه‌ت ده‌كات و پێیوایه‌ كابینه‌ی ئه‌م جاره‌ بێ به‌شداریی هه‌ر سێ لایه‌نی سه‌ره‌كی "پارتی، گۆڕان، یه‌كێتی" سه‌ركه‌وتوو نابێت. سه‌رنووسه‌ری كوردستانی نوێ، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ "پارتی بێ ئه‌وان ناتوانێ و نایه‌وێ‌ حكوومه‌ت پێكبێنێ. ئه‌وانی تر به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بریتین له‌ یه‌كێتی، هاوپه‌یمانه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ ململانێی رۆژانه‌، رێگای له‌ ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ی (ستراتیژییه‌كه‌یان) گرتووه‌، گۆڕان كه‌ دۆستایه‌تییه‌كی تازه‌ بابه‌تی له‌گه‌ڵ پارتی ده‌ست داوه‌تێ و په‌یامی (چوار ساڵی ئارام) ی ناردووه‌. به‌ پله‌ی دووه‌میش دوو هێزه‌ ئیسلامییه‌كه‌ دێن كه‌ له‌ ژێر یه‌ك تایتڵی ئیسلامیدان، به‌ڵام له‌ ورده‌كاریدا ئاڕاسته‌یان جیاوازه‌".

ستران عه‌بدوڵڵا، باس له‌وه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تێكی نیشتمانی و كوردستانی دروست بێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ته‌واوی كوردستاندا بشكێت، پێویسته‌ گۆڕان و یه‌كێتی له‌ حكوومه‌تدا به‌شدار بن. وتیشی "سێ كوچكه‌ی (یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان) سێ توخمی سه‌ره‌كین له‌ پێكهاتنه‌كه‌دا، پارتی بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت كوردستانیی بێت و بگاته‌ (سلێمانی و كفری) ش، ده‌بێ گۆڕان و یه‌كێتی، هه‌ریه‌كه‌یان له‌به‌ر هۆكارێك، ره‌چاو بكات كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌زموونی كاركردنی پێكه‌وه‌یی جارانیانه‌، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كۆدی یه‌كتری بخوێننه‌وه‌. به‌ لابردنی فاكته‌ره‌كانی تر ره‌نگه‌ رێككه‌وتنی سێ كوچكه‌یی ئاسان بێت: سێ هێزن و حكوومه‌ت دروستده‌كه‌ن، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌و وێستگه‌ تازانه‌ی هه‌ڵبژاردندایه‌ كه‌ ده‌وری جێبه‌جێكردنی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنی (21/9/2013) یان داوه‌".

ئاریان فه‌ره‌ج، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی پارتی، پێیوایه‌ ده‌بێت یه‌كێتی واقیعی تازه‌ له‌به‌رچاو بگرێت و قبوڵی بكات، ئێستا له‌ خشته‌ی دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستاندا نییه‌. فه‌ره‌ج ده‌ڵێت "ئێستا هاوكێشه‌كه‌ جۆرێكی دیكه‌یه‌. ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ئه‌مڕۆ دوو جه‌مسه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بریتین له‌ پارتی و گۆڕان، ئه‌وا بێگومان دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ بریتی نین له‌ پارتی و یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئیعتیباره‌ جۆراوجۆره‌كانیش له‌به‌رچاو بگرین ئینجا هاوكێشه‌كه‌ به‌م جۆره‌یه‌ (پارتی- گۆڕان - ئه‌وجا یه‌كێتی) ئه‌گه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیجی رێككه‌وتنی هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستان بێت، ئه‌وا له‌ ئێستادا ته‌نیا لایه‌نێكی رێككه‌وتننامه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌ كه‌ ئه‌ویش پارتییه‌، ئه‌وی دیكه‌ كه‌ یه‌كێتییه‌ ده‌كه‌وێته‌ دوای هێزێكی سه‌ره‌كیتره‌وه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان".

ئاریان فه‌ره‌ج، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، چوار ساڵی داهاتووی خه‌ڵكی كوردستان كه‌وتۆته‌ سه‌ر واقیعبینی یه‌كێتی و ده‌ڵێت "چی دیكه‌ رێككه‌وتننامه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ هێزێكی ناسه‌ره‌كی، یه‌كده‌نگی و هاوخیتابی و سیاسه‌تی گشتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت. هه‌روه‌ك چۆن حكوومه‌تێكی ده‌ستڕۆیشتووشی لێ پێكنایه‌ت كه‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌كه‌ی به‌ هه‌مان شێوه‌ی هه‌ولێر و دهۆك له‌ سلێمانی و گه‌رمیانیش حاكم بێت. زوو پێكهاتنی حكوومه‌ت و په‌كنه‌كه‌وتنی ژیانی خه‌ڵك و گره‌نتی چوار ساڵی داهاتووی ئارام له‌ كوردستاندا به‌نده‌ به‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی له‌ ئێستادا چه‌نده‌ واقعبینه‌".

بژارده‌ی ئۆپۆزیسیۆن

به‌شێكی زۆر له‌ بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی یه‌كێتی و كادره‌ پێشكه‌وتووه‌كان و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن درێژه‌ به‌ كاری سیاسیی خۆیان بده‌ن، به‌ تایبه‌ت به‌هۆی به‌شداریی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا، بۆشایی ئۆپۆزیسیۆن له‌ هه‌رێمدا دێته‌ ئاراوه‌. به‌ڵام باڵی ده‌ستڕۆیشتووی ناو سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌م پێشنیاره‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و داكۆكی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر به‌شداریی یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌مدا. به‌و پێیه‌ی به‌م دۆخه‌ پڕ قه‌یرانه‌وه‌ سه‌نگه‌ری ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵبژێرن رووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌ی زیاتر ده‌بنه‌وه‌.

فریاد ره‌واندوزی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، پێداگریی له‌سه‌ر به‌شداریی له‌ حكوومه‌ت ده‌كات و پێیوایه‌ یه‌كێتی له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا نییه‌ ببێته‌ ئۆپۆزیسیۆن. ره‌واندوزی ده‌ڵێت "به‌ش به‌حاڵی خۆم پێموانییه‌ یه‌كێتی له‌ كاتێكدا خۆی تووشی چه‌ندین كێشه‌ی بناغه‌یی بووه‌ و پێویستی به‌ بنیاتنانه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ چاو به‌ هه‌موو بواره‌كاندا بخشێنێته‌وه‌ (به‌ پێكهاته‌ و شێوازی كاركردنی خۆی، به‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌ركردایه‌تی خۆی) بتوانێت له‌م بارودۆخه‌دا ببێته‌ ئۆپۆزیسیۆن. بوون به‌ ئۆپۆزیسیۆن به‌م كێشه‌ و قه‌یرانه‌ بونیه‌وی و ریشه‌یانه‌ی ناو یه‌كێتی هه‌یه‌، ئۆپۆزسیۆنایه‌تیش له‌ ده‌ستده‌ده‌ین. به‌م بارودۆخه‌وه‌ یه‌كێتی ناتوانێت ئه‌ركه‌كانی وه‌كو ئۆپۆزیسیۆنیش ئه‌دا بكات، یه‌كێتی له‌بار نییه‌ بۆ ئۆپۆزیسیۆن. له‌كاتێكدا ده‌توانرێت ببێت به‌ئۆپۆزیسیۆن كه‌ رێبازه‌كه‌ی دیار بێت، به‌ڵام له‌ناو یه‌كێتیدا كێشه‌ی رێبازیش هه‌یه‌".

مه‌لا یاسین، بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كادری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی، پێیوایه‌ یه‌كێتی هیچ زیانێك ناكات ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ڵبژێرێت. جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ "یه‌كێتی بۆ ده‌سه‌ڵات دروست نه‌بووه‌ وه‌ك هه‌ندێك كه‌س پێیانوایه‌. به‌ڵكو یه‌كێتی بۆ ئۆپۆزیسیۆنبوون دروستبووه‌. كه‌ دروستبووین، ئۆپۆزیسیۆن بووین‌ و دژی رژێمی به‌غدا خه‌باتمان كردووه‌ و تێكۆشاوین. ئه‌گه‌ر بڕیاری ئۆپۆزیسیۆنبوونیش بده‌ین مانای ئه‌وه‌ نادات تاقیامه‌ت به‌و جۆره‌ بمێنینه‌وه‌". له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی تاچه‌ند یه‌كێتی زیان ده‌كات، ئه‌گه‌ر ببێته‌ ئۆپۆزیسیۆن، مه‌لا یاسین، ده‌ڵێت "ئێمه‌ زه‌ره‌ری گه‌وره‌مان كردووه‌. هیچ له‌و زه‌ره‌ره‌ گه‌وره‌تر نییه‌ كه‌ بووینه‌ته‌ خاوه‌نی 18 كورسی په‌رله‌مان. هه‌ر زه‌ره‌رێك بكه‌ین به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌، به‌قه‌د زه‌ره‌ری ئه‌وجاره‌ نابێت".

مه‌لا یاسین، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، رێژه‌ی كورسی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت زۆر گرنگه‌ و پێیوایه‌ ئه‌و یه‌كێتیانه‌ی ده‌ڵێن كورسی حساب نییه‌، هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات زۆر گرنگه‌ یه‌كێتی ئۆپۆزیسیۆن بێت و ده‌ڵێت "یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتی مێژووییه‌كی هاوبه‌شی پڕ له‌ خه‌بات ‌و تێكۆشانی خوێناویمان هه‌یه‌ دژی رژێمی به‌غدا، به‌ڵام بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی داهاتوو باشتره‌ ده‌ست‌ و په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری نه‌رم بكه‌ین‌ و كارێك بكه‌ین كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ سه‌لامه‌تی بژین. ئه‌گه‌ر له‌ دیموكراسی بگه‌ین، ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا و رێ رووناككه‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌كی فیعلی ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵات‌ و فشار و گوشاره‌كانی كاریگه‌رییان ده‌بێت‌ و قسه‌كان شوێنی خۆیان ده‌گرن. به‌تایبه‌تی له‌ به‌شی پۆزه‌تیڤ نه‌ك نێگه‌تیڤ. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی بوون به‌ ئۆپۆزیسیۆن مایه‌ی خه‌ته‌ر و هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌".

پێشتریش، "به‌هرۆز گه‌ڵاڵی" ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، پێشنیاری ئه‌وه‌ی خسته‌ به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی بۆ چوار ساڵی داهاتوو، ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت پێشكه‌شی پارتی و گۆڕان بكرێت و یه‌كێتی وه‌ك هێزی ئۆپۆزیسیۆن رۆڵ بگێڕێت. گه‌ڵاڵی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ "كابینه‌ی داهاتوو پێشكه‌شی برایانی پارتی‌ و گۆڕان بێت. با حوكمڕانی خۆیان بكه‌ن. پیرۆزیان بێ. ئێمه‌ش بڕۆین بۆ ئۆپۆزیسیۆن‌ و كاری باشیان كرد ده‌ستخۆشییان لێبكه‌ین و كاری خراپیشیان كرد، لێیان ده‌كه‌ینه‌ هه‌راوهۆریا و جه‌ماوه‌ریان لێ هانده‌ده‌ین ‌و خۆمان به‌ هێزی گه‌ل به‌هێز ده‌كه‌ینه‌وه‌، متمانه‌ و پشتیوانی جه‌ماوه‌ری كوردستان جارێكی تر ده‌توانین بگێڕینه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات‌ و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان. رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیش تێكناده‌ین، چوونكه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی له‌ بنچینه‌دا بۆ ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕی ناوخۆ روونه‌داته‌وه‌. به‌ڵێ ئه‌مه‌ش وه‌كو بیلبیله‌ی چاوی خۆمان ده‌یپارێزین".

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی، پێیوایه‌ به‌شدارییكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ حكوومه‌ت، ئه‌و حزبه‌ رووبه‌ڕووی شكستی زیاتر ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ تاكه‌ رێگا له‌به‌رده‌م یه‌كێتی به‌ ئۆپۆزیسیۆنبوون ده‌بینێت. گه‌ڵاڵی ده‌ڵێت "چیتر یه‌كێتی به‌ قوربانی حكوومه‌تی (به‌ ناو هاوبه‌ش‌ و به‌ ناو یه‌كسان) ناكه‌ین، چوونكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بین له‌گه‌ڵ پارتی! له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا كه‌م ده‌بینه‌وه‌، دیاره‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش بایی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ بتوانێ هه‌شت نۆ ساڵ بنكه‌ و باره‌گا و پێشمه‌رگه‌ و كادره‌كانی خۆی به‌خێو بكات، یه‌كێتییه‌كان ئیتر به‌سه‌ یاڵڵا با بڕۆین بۆ ئۆپۆزیسیۆن‌ و واز بێنن له‌ كورسی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ بۆته‌ هۆی لاوازكردنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان. با به‌كردار بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان‌ و دروشمه‌كه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال. به‌ كردار جێبه‌جێی بكه‌ین و له‌مه‌شدا داهێنان بكه‌ین".

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 

Go to top