We have 61 guests and no members online

  • *هاكان ئالبایراك: توركیا پشتگیریی بارزانی‌ ده‌كات تاكو كه‌ركووك بخرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان
  • *فاروق لۆغئۆغلو: هاتنی بارزانی بۆ ئامه‌د ده‌یسه‌لمێنێ ئه‌ردۆگان‌ ناوبراو به‌ نوێنه‌ری كورد داده‌نێ

رۆژنامه‌نووسێكی رۆژنامه‌ی‌ ستاری توركی، ئه‌جیندایه‌كی هاوبه‌شی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی كه‌ركووكه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات. "هاكان ئالبایراك" نزیك له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن له‌ ئه‌نكه‌ره‌ له‌ رۆژنامه‌ی ستاری توركیدا نوسیوویه‌تی‌: توركیا پشتگیریی مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات تاوه‌كوو كه‌ركووك بخرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ئالبایراك باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئامه‌ددا له‌ نێوان بارزانی و ده‌سته‌ڵاتدارانی توركیادا باس له‌ هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێم كراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ توركیا پشتگیریی هه‌رێم بكات بۆ هه‌نگاونانی سه‌ربه‌خۆیی.

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ نووسینه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ داوه‌، كه‌سێكی باڵاده‌ست ده‌ڵێت: ئێمه‌ هه‌ڵه‌بووین كاتی خۆی رێگر بووین له‌سه‌ر هاتنه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌ مه‌ترسیمان ده‌زانی، به‌ڵام نا؟ بۆیه‌ ئێمه‌ ته‌نیا به‌و كاره‌ سوودمان به‌ مالیكی گه‌یاند. هه‌روه‌ها ده‌نووسێت كه‌ كوردستان به‌ كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌بێته‌ كوردستانێكی به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌ند، ئه‌و كوردستانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ش ده‌بێته‌ دراوسێی توركیا كه‌ ئه‌وده‌م هه‌م كورده‌كان و هه‌م توركیایش خێر و بێریان به‌سه‌ردا ده‌بارێت.

به‌ وته‌ی رۆژنامه‌نووسان و چاودێرانی سیاسیی تورك، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئامه‌د له‌ نێوان بارزانی و ئه‌ردۆگان، باس له‌ ره‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانیش كراوه‌، له‌و نێوه‌نده‌دا ئه‌ردۆگان و بارزانی گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی كه‌ به‌و پێیه‌ توركیا رێگریی ناكات له‌ پرۆسه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پارێزگای كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لای به‌شێك له‌ توركه‌كان ئه‌و رایه‌ دروستبووه‌ كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندیی بازرگانی و ئابووری هه‌ردوولا به‌رده‌وام بێت به‌ تایبه‌ت له‌ بواری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كاندا، كه‌ركووكیش ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی وه‌ك نه‌وت، بۆیه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر كوردستان، قه‌باره‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ توركیا زیاد ده‌بێت. له‌م روانگه‌وه‌ له‌ ئێستادا رایه‌كی باڵاده‌ست هه‌یه‌ له‌ ناوه‌ندی بڕیاری سیاسیی توركیدا كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێم نه‌ك دژی توركیا نییه‌، به‌ڵكو له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سیاسیی توركیایه‌.

ئه‌م گۆڕانه‌ له‌ تێڕوانینی توركه‌كان به‌ سه‌رده‌مێكی نوێ داده‌نرێ له‌ په‌یوه‌ندیی دوولایه‌نه‌ی كوردستان و توركیا، به‌ تایبه‌ت له‌ دێرینه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی توند و هه‌ستیار مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پرسی كه‌ركووك كردووه‌ و نه‌یانویستووه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ هه‌رێمی كوردستان بناسێنرێت، ته‌نانه‌ت زۆرجار ده‌ستپێشخه‌ریی جۆراوجۆریان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ر نرخێك بووه‌ رێگریی بكه‌ن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێم. بۆ نموونه‌ له‌ نۆڤه‌مبه‌ری 2011 رۆژنامه‌ی "المستقبل"ی عێراقی، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌مان مانگ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ باڵیۆزخانه‌ی توركیا به‌ ئاماده‌بوونی لایه‌نه‌ سوونییه‌كان و ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ ژێر چاودێریی توركه‌كان كراوه‌، به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی هه‌رێمێكی سووننه‌ له‌ عێراق به‌ مه‌رجێك كه‌ركووك بخرێته‌ ناو چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌. رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌وه‌ یاد كه‌ له‌و ساڵه‌دا "ئوسامه‌ نجێفی" سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق 12 جار سه‌ردانی توركیای كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی "تارق هاشمی" جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق 20 جار سه‌ردانی توركیای كردووه‌.

توركیا له‌ سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق "2003" تاكو ساڵی رابردوو، به‌ توندترین شێوه‌ داكۆكیی له‌ كه‌ركووك ده‌كرد وه‌ك شاریێكی توركمانی و به‌ ئاشكرا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ كورده‌كان ده‌كرد له‌ داواكردنی كه‌ركووك وه‌ك به‌شێك له‌ خاكی كوردستان. "حیلمی تۆرۆس" له‌ راپۆرتێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی DAWN له‌ شوباتی 2005 باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر كورده‌كان سووربن له‌سه‌ر كه‌ركووك، له‌وانه‌یه‌ توركه‌كان به‌ سوپا و له‌شكركێشی وه‌ڵامی كوردی عێراق بده‌نه‌وه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ "ئه‌گه‌ر كورد داوای كه‌ركووك بكه‌ن، توركیا ده‌ستدرێژییان ده‌كاته‌ سه‌ر. به‌رپرسانی توركی رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ركووك 40% نه‌وتی عێراق و 06% نه‌وتی دنیای هه‌یه‌ و شارێكی فره‌ڕه‌گه‌زه‌ و توركمانه‌كان له‌ سه‌ره‌كیترین دانیشتوانه‌كانی ئه‌و شاره‌ن و ده‌بێ حاڵه‌تێكی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان بكرێت. كاردانه‌وه‌ی توندی توركیا كاتێك وا خۆی ده‌رخست رێبه‌رانی كورد كه‌ركووكیان به‌ شارێكی كوردستانی و به‌ پایته‌ختی كوردستانی فیدراڵ یان سه‌ربه‌خۆیان زانی".

له‌ راپۆرته‌كه‌دا "تۆرۆس" ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ "هه‌ندێك له‌ رووناكبیر و مۆدێرنیسته‌كانی توركیا ده‌ڵێن: ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی حوكمی به‌ سه‌ر دوو شاری كه‌ركووك و موسڵدا كردووه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 1920 ئه‌و دوو شاره‌ی به‌ به‌هایه‌كی ناچیز داوه‌ته‌ به‌ریتانیا و هێشتاش كه‌ هێشتایه‌ له‌و كرده‌یه‌ په‌شیمانه‌. توركیا ده‌بێ له‌ نه‌وتی كه‌ركووك به‌شی هه‌بێت". به‌ڵام هه‌ر له‌و ساته‌وه‌خته‌دا "محه‌مه‌د عه‌لی بیراند"ی رۆژنامه‌وانی كۆچكردووی توركیا، رایه‌كی تری بۆ ده‌وڵه‌تی تورك ته‌رح كرد و گووتی "كورد له‌ (باكووری عێراق) به‌هێز بوونه‌ و به‌هێزتریش ده‌بن. ئه‌وان پێویستیان به‌ په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی توركیا هه‌یه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بێ متمانه‌ییه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ئیمه‌ له‌ دواڕۆژدا پێویستمان به‌ یه‌كتری هه‌یه‌. كورد و تورك ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن ته‌نیا به‌دۆستایه‌تی بۆیان ده‌چێته‌ سه‌ر، توركیا ته‌نیا له‌ رێگه‌ی كورده‌وه‌ ده‌توانێت كاریگه‌ریی به‌سه‌ر دواڕۆژی عێراقه‌وه‌ هه‌بێت".

ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانی توركیا، له‌ سه‌ردانی ئه‌و دواییه‌ی بارزانی بۆ ئامه‌د، كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ و نیشانه‌ی نوێیان بینی، له‌ به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ردوولا، بۆیه‌ هه‌ندێك له‌ ناوه‌نده‌ شۆڤێنییه‌كانی تورك به‌م پێنگاڤه‌ تووڕه‌ بوون و پێیانوایه‌ ئه‌ردۆگان یارمه‌تی بارزانی ده‌دات بۆ هێنانه‌دی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ چوارچێوه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی. یه‌كێك له‌وانه‌ی به‌ توندی هۆشداریی دایه‌ توركه‌ ناسیۆنالیسته‌كان جێگری سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ بوو. "فاروق لۆغئۆغلو" جێگری سه‌رۆكی گشتیی پارتی گه‌لی كۆماری ئاشكرای كرد: ئه‌ردۆگان ده‌خوازێ "مه‌سعود بارزانی" بكاته‌ نوێنه‌ری كوردان و به‌شداریی پرۆسه‌ی ئاشتی بكات. "فاروق لۆغئۆغلو" جێگری سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند: هاتنی "مه‌سعود بارزانی" بۆ دیاربه‌كر ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان"ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا ناوبراو به‌ نوێنه‌ری كورد داده‌نێ و "بارزانی"ش خاوه‌نی خه‌ونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ كورد، ئه‌م سه‌ردانه‌ش ئه‌و خه‌ونه‌ی به‌هێزتر ده‌كات.

شرۆڤه‌كاری سیاسیی كورد "به‌ختیار به‌رزنجی" پێیوایه‌، ئه‌ردۆگان و ئاك پارتی، ده‌یانه‌وێ كێشه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ كوردی باشوور و باكوور به‌و جۆره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانی تێدا پارێزراو بێت چاره‌سه‌ر بكه‌ن. وتیشی "ئه‌ردۆگان تێگه‌یشتووه‌ ئه‌گه‌ر كه‌ركووك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی توركه‌، چوونكه‌ له‌ عێراقێكی پڕ فه‌وزای ئاشوبی تایفه‌گه‌رییدا، هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه‌ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی تورك، بۆیه‌ له‌ ئێستادا توركه‌كان به‌و بڕوایه‌ گه‌یشتوون، گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێم نه‌ك له‌ زیانیان نییه‌، به‌ڵكو له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وانه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵات و وه‌ك هاووڵاتیانی تورك. رۆژنامه‌ و ناوه‌نده‌كانی میدیاش له‌ ئێستادا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن بارزانی و ئه‌ردۆگان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ رێككه‌وتوون و ئه‌مه‌ش به‌ هه‌نگاوێكی ئیجابی ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م".

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Go to top