We have 56 guests and no members online

 

 

 

  • *عیماد ئه‌حمه‌د: به‌شداریمان له‌ حكوومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای رێكه‌وتنی ستراتیژیی و بارودۆخی تازه‌ ده‌بێ
  •  *یوسف عه‌بدولقادر: هیچ ئه‌ندامێكی پارتی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی ده‌رنه‌بڕیوه‌

له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوو، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌ رێگه‌ی میدیاكانییه‌وه‌ و له‌ زمانی سه‌ركرده‌ و به‌رپرسه‌ باڵاكانییه‌وه‌ پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد، رێككه‌وتنی ستراتیجی بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی شكستی یه‌كێتی له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009 و 2010، هاوكات باسیان له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ یان زیاتر له‌وه‌ "هه‌ڵوه‌شاندنه‌"ی ده‌كرد

. له‌ رووی كردارییه‌وه‌ به‌شداریی پارتی و یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردنی 21-9-2013 به‌ لیستی جیا، پێچه‌وانه‌ی به‌نده‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌ بوو.

جگه‌ له‌وه‌ش تۆماركردنی داوا له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ پارێزگای موسڵ له‌سه‌ر پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان له‌ به‌هاری 2013 دیسانه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی پرنسیپی گشتیی رێككه‌وتنی ستراتیجی بوو. له‌ دواین جاردا پشتتێكردنی یه‌كێتی له‌ پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزه‌ران و هاوپه‌یمانیكردن له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن جارێكی دیكه‌ دژی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بوو، به‌ڵام له‌ ئێستادا یه‌كێتی له‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌مدا ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنی ستراتیجی و به‌ پێی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ به‌شداریی بكه‌ن له‌ حكوومه‌تدا نه‌ك به‌پێی ئیستحقاقاتی هه‌ڵبژاردن.

عیماد ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ‌و جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باس له‌ پرنسیپی (په‌نجا به‌ په‌نجا) له‌نێوان یه‌كێتی‌ و پارتی ده‌كات‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و پرنسیپه‌ شكستی هێنا و له‌ كابینه‌كانی پێشوو بوونی نه‌بووه‌. ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، باسی دواین دانیشتنی هه‌ردوو وه‌فدی دانوستانكاری یه‌كێتی ‌و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شت ده‌كات و ئاشكرای ده‌كات تا ئێستا به‌ فیعلی بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌گه‌ڵ پارتی دانه‌نیشتوون‌ و ئه‌وه‌ی ده‌وترێت راست نییه‌. ئه‌وه‌شی راگه‌یاند یه‌كێتی له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌كانه‌وه‌ ئاماده‌یی خۆی بۆ به‌شداریكردنی له‌ حكوومه‌تێكی یه‌كڕیزیی نیشتیمانی نیشاندا، به‌شداریشمان له‌سه‌ر بنه‌مای رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوانمان ‌و به‌ ره‌چاوكردنی بارودۆخی تازه‌ ده‌بێت، پێمانخۆشه‌ به‌شداربین له‌ به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت‌ و به‌ قه‌باره‌ی خۆمان‌ و خه‌باتمان ‌و له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارتیدا قسه‌ی خۆمان كردووه‌.

ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، وێڕای ئه‌وه‌ی پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات رێككه‌وتنی ستراتیجی بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش پێویستییه‌كی مێژووییه‌ و ته‌نیا یه‌ك به‌ندی لێ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، وتیشی "رێككه‌وتنی ستراتیجی وه‌كو خۆی جێبه‌جی نه‌كراوه‌ و ماوه‌ی رابردووش یه‌كێتی به‌ هۆیه‌وه‌ زیانمه‌ند بوو، بۆیه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌میشه‌ جێی مشتومڕی ناو یه‌كێتییه‌ و منیش پێموایه‌ كاتی هه‌مواركردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌كه‌ هاتووه‌ و هیواداریشم ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ چوارچێوه‌یه‌كی نیشتیمانی فراوانی پی بدری، واته‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی بی چوارچێوه‌یه‌ك بی هه‌موو هێزه‌ كاریگه‌ره‌كانی كوردستان بگرێته‌ خۆی".

به‌رپرسێكی پارتیش رایده‌گه‌یه‌نێت، تائێستا هیچ ئه‌ندامێكی حزبه‌كه‌ی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر رێكه‌وتنی ستراتیژیی ده‌نه‌بڕیووه‌. یوسف عه‌بدولقادر ره‌سوڵ، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: به‌ راشكاویی ده‌ڵێین تا ئێستا ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ رێكه‌وتنی ستراتیژیی‌ و هیچ ئه‌ندامێكی پارتیش ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر رێككه‌وتننامه‌كه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌ و ته‌ئكیدیش ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ بڕیاری مه‌ركه‌زه‌وه‌ و هیچ شتێكی ره‌سمی له‌ناو پارتیدا نییه‌ كه‌ بڵێت رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نه‌ماوه‌ ‌و تا ئێستاش ئێمه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ به‌ باش ده‌زانین، چوونكه‌ كۆمه‌ڵێك كاریگه‌ریی باشی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

وتیشی "هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا له‌ ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیشدا هیچ شتێكی ره‌سمی له‌ دژی رێكه‌وتنی ستراتیژی بوونی نییه‌، به‌ڵام دڵگرانی ئێمه‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌ندێك جار به‌شێك له‌ براده‌رانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان لێدوان له‌ دژی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ده‌ده‌ن ‌و ئێمه‌ش گله‌یمان له‌و كه‌سانه‌ هه‌بووه‌ و بڕواشمان وا بووه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ ته‌نیا بۆچوونی ئه‌و كه‌سانه‌ن نه‌ك بۆچوونی ره‌سمی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان". له‌ باره‌ی چۆنێتی به‌شداریكردنی یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ پارتی له‌ حكوومه‌تی داهاتوودا، یوسف عه‌بدولقادر وتی، "ئێمه‌ له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی كورسی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا ناكه‌ین ‌و ئه‌وه‌ش بڕیارێكی ره‌سمی پارتییه‌".

له‌ ئێستادا دوو بۆچوونی سه‌ره‌كی له‌ ناو یه‌كێتی هه‌یه‌ له‌ باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت و كاركردن به‌ رێكه‌وتنی ستراتیجی. بۆچوونی به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ پارتی و یه‌كێتی به‌ پێی رێككه‌وتنی ستراتیجی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و 56 كورسییه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ هه‌ردوولایان به‌ده‌ستیانهێناوه‌ و به‌شێوه‌ی یه‌كسان پۆسته‌كان وه‌ربگرن. بۆچوونی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ پارتی و یه‌كێتی به‌و 56 كورسییه‌ ده‌توانن رێژه‌ی پێویست مسۆگه‌ر بكه‌ن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی هه‌شته‌م، خۆیان كابینه‌كه‌ رابگه‌یه‌نن و هێزه‌كانی دیكه‌ بانگهێشت بكه‌ن بۆ به‌شداریكردن له‌و كابینه‌ نوێیه‌. كه‌ ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی كابینه‌كانی پێشووتره‌.

له‌و باره‌وه‌، سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ به‌رچاو بگیرێت. سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان پارتی ‌و یه‌كێتیش كه‌ یه‌كێتی داوا ده‌كات پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دابه‌شبكرێت، سه‌عدی پیره‌ رایگه‌یاند حزبه‌كه‌ی دوو پێوه‌ری هه‌یه‌ "ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی ستراتیژیی پێوه‌ر بێت، ده‌بێت دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك بێ حیساب بۆ 56 كورسی پارتی‌ و یه‌كێتی بكرێت ‌و ئه‌وانی دیكه‌ به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی دیكه‌ دابه‌شبكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی ستراتیژیی پێوه‌ر نه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێت ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن‌ و پێگه‌ی جوگرافی ‌و نفوزی ده‌سه‌ڵات ‌و هێزی لایه‌نه‌كان له‌ به‌رچاو بگیرێت".

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، به‌هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌ یه‌كتر، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای ڤیتۆی پارتی له‌سه‌ر نه‌جمه‌دین كه‌ریم، دیسانه‌وه‌ یه‌كێتی رووبه‌ڕووی كێشه‌ بۆته‌وه‌ و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی دیسانه‌وه‌ داوای كاركردن ده‌كه‌ن به‌ رێككه‌وتنی ستراتیجی. به‌ وته‌ی‌ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی‌، به‌ هۆی‌ دۆخی‌ ئێستای‌ شاری‌ كه‌ركووكه‌وه‌ حزبه‌كه‌ی‌ بریندار كراوه‌، ناوبراو له‌و رووه‌وه‌ ده‌ڵێت: ساڕێژكردنی‌ ئه‌م برینه‌، پێش هه‌موو كه‌سێك، رووبه‌ڕووی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌. ناوبراو له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت "یه‌كێتی‌، به‌م دۆخه‌ی‌ كه‌ركووك، بریندار كراوه‌. پێشمانوایه‌، ساڕێژكردنی‌ ئه‌م برینه‌، پێش هه‌موو كه‌سێك، له‌ باری‌ سیاسییه‌وه‌، رووبه‌ڕووی‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆته‌وه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ هه‌ڵوێستێكین، كۆتایی‌ به‌م كێشه‌یه‌ بهێنێت‌ و چاره‌سه‌رێكی‌ ئه‌وتۆش بدۆزرێته‌وه‌، كاریگه‌ریی‌ ئه‌رێنی‌ له‌سه‌ر كۆی‌ گفتوگۆكان ‌و په‌یوه‌ندییه‌كان‌ و ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كانمان، هه‌بێت. "

به‌شێكیش له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی، داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن پارتی له‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا، موراعاتی یه‌كێتی بكات و به‌ وته‌ی "عیماد ئه‌حمه‌د"ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیش، پارتی موراعاتی یه‌كێتی كردووه‌. وتیشی "وه‌ڵامی پارتی تا ئێستا له‌و باره‌یه‌وه‌ ئیجابی بووه‌ و به‌ ئێمه‌یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وانیش پابه‌ندن به‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژییه‌وه‌، هه‌روه‌ها موراعاتی بارودۆخی یه‌كێتیش ده‌كه‌ن، تاكو ئێستا له‌ كۆبوونه‌وه‌كان شتێكی سلبی نه‌بیستراوه‌ و گوێ له‌ بۆچوونی یه‌كتر ده‌گیرێت ‌و گفتوگۆكان به‌شێوه‌ی ئیجابی به‌ڕێوه‌ ده‌چن".

 

 

 

Go to top