We have 147 guests and no members online

*گۆڕان و یه‌كێتی به‌هۆی ململانێ له‌سه‌ر جێگری نێچیرڤان بارزانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ دواده‌خه‌ن

*پێشنیاری دوو جێگر یان زیاتر بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رێگه‌ چاره‌یه‌كی ناچارییه‌

له‌ ماوه‌ی 22 ساڵی رابردوو و له‌ میانی پێكهێنانی حه‌وت كابینه‌ی پێشووتری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێكهێنانی هیچ كابینه‌یه‌كی حكوومه‌ت هێنده‌ی ئه‌م كابینه‌ پڕ زه‌حمه‌ت و پرۆسه‌یه‌كی تاقه‌تپڕوكێن نه‌بووه‌. به‌شی زۆری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تێكچوونی نه‌خشه‌ی سیاسیی له‌ هه‌رێم و جێگۆڕكێی هێزه‌كان له‌ میانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی 21ی ئه‌یلوولی ساڵی رابردوو. باڵانسی هێز و گۆڕانی ریزبه‌ندیی حزبه‌ سیاسییه‌كان دۆخێكی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تێكی كردۆته‌، كرده‌یه‌كی قورس و پڕ سه‌رئێشه‌ له‌ دانوستانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی سیاسیی نێوان كۆی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی ئه‌مڕۆی كوردستاندا.

حاڵی حازر پرسی دواكه‌وتنی كابینه‌ی هه‌شته‌م نه‌ك بووه‌ته‌ گرێكوێره‌یه‌كی سیاسیی، به‌ڵكو بووه‌ته‌ بابه‌تێكی گرنگ و گه‌رمی میدیایی. ئاخۆ بۆچی هێزه‌ سیاسییه‌كان ناتوانن له‌ یه‌كتر نزیك بنه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت؟ چی ئه‌م كابینه‌ له‌ كابینه‌كانی پێشووتر جیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وا پێكهێنانی بۆته‌ كرده‌یه‌كی ئه‌سته‌م؟. ئایا چه‌ند كاتی تر پێویسته‌ له‌ چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه‌دا؟ ئایا ئه‌گه‌ر زیاتر له‌مه‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت دوا بكه‌وێت، چی كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی ده‌بێت بۆ سه‌ر جووڵه‌ی سیاسیی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی؟. هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌، كۆمه‌ڵێك پرسینی زۆر لۆجیكی و ره‌وان كه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی گفتوگۆی درێژماوه‌ی لایه‌نه‌كان به‌ مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكوومه‌ت هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌. به‌ڵام پرسیاری جیددی ئه‌وه‌یه‌ رێگره‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كه‌ چییه‌؟.

وه‌ڵامی پڕاوپڕی ئه‌و پرسیاره‌ی لای سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كۆی حزبه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 21ی ئه‌یلوولی 2013 له‌ هه‌وڵێكی چڕ و پڕدان، به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پشكی زیاتر له‌ ده‌سه‌ڵات و كابینه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌دا. به‌ مانایه‌كی تر هه‌ر یه‌كه‌ له‌ روانگه‌ و میتۆدێكه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌رانبه‌ره‌كه‌ی قه‌ناعه‌ت پێ بكات، تاكو بتوانێت زۆرترین ده‌ستكه‌وتی هه‌بێت له‌ پۆسته‌كانی حكوومه‌ت و گوڵه‌وه‌چنێی زۆرترین سه‌ركه‌وتنی سیاسیی و ئابووری بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌، ژیانی هاووڵاتیان و پرسی نه‌ته‌وه‌یی كورده‌ كه‌ ئه‌و دوو بواره‌ به‌ رۆژێك زیاتر دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكوومه‌ت، زۆرتر زیانمه‌ند ده‌بن و له‌ كۆتاییدا ده‌بنه‌ كێشه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی پێشتر كه‌ هێشتا به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراویی ماونه‌ته‌وه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنی 21ی ئه‌یلوولی 2013، پارتی براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوو، به‌ دوایدا گۆڕان پله‌ی دووه‌م و یه‌كێتی پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێنا، هه‌رچی هه‌ردوو حزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌شه‌ له‌ پله‌ی چواره‌م و پێنجه‌مدا مانه‌وه‌. كه‌ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی دڵخۆشكه‌ره‌ چوونكه‌ به‌سێ حزبی عه‌لمانی "پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان" توانیان 80 كورسی په‌رله‌مان ببه‌نه‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر 17 كورسی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان. خۆ ئه‌گه‌ر له‌ باسه‌كه‌ دوور نه‌كه‌وینه‌وه‌ و بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر كاكڵه‌ی مه‌به‌ست و سه‌یری چه‌ند خولی پرۆسه‌ی دانوستانی شاندی دانوستانكاری پارتی بكه‌ین، نه‌یانتوانی هیچ سیاغه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان رازی بكات، به‌ تایبه‌ت پارتی كه‌وتبووه‌ نێوان به‌رداشی یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه‌، چوونكه‌ نه‌یده‌توانی ده‌ستبه‌رداری هیچكامیان بێت، به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێكیان رێككه‌وتنی ستراتیجی هه‌بوو، له‌گه‌ڵ دووه‌میشیان رێكه‌وتنێكی نوێ كه‌ په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌فی پیرمامی تێدا به‌رهه‌م هاتبوو. به‌ گشتیی تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش هێشتا پارتی له‌ نێوان دووڕیانی یه‌كێتی و گۆڕان ماوه‌ته‌وه‌، كه‌ نازانێ به‌ خواستی كامیان مامه‌ڵه‌ بكات.

هه‌ردوو لایه‌نی "یه‌كێتی و گۆڕان" ته‌ماعیان له‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تدا هه‌یه‌. یه‌كێتی له‌لایه‌ك ئه‌وه‌ به‌ بیر پارتی ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی رێككه‌وتنی ستراتیجییه‌ له‌گه‌ڵیدا و وه‌ك دۆستێكی هه‌میشه‌یی خۆی سه‌یری ده‌كات، له‌لاكه‌ی تر پارتی به‌ قه‌رزاری خۆی ده‌زانێت به‌هۆی ده‌نگدانیان به‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ولایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ ئۆپۆزیسیۆن ناویناوه‌ كوده‌تای 30ی حوزه‌یران. له‌ به‌ره‌ی دووه‌مه‌وه‌ گۆڕان هه‌یه‌، كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یمانێتی بكات به‌ مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكوومه‌ت و به‌گه‌ڕخستنی ئیراده‌یه‌كی نوێ بۆ چاكسازیكردن له‌ دۆخی ئێستای هه‌رێمدا. گۆڕان ئه‌وه‌ به‌ بیر پارتی ده‌هێنێته‌وه‌ ناكرێت ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو نه‌گیرێت به‌پێی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن هێزی دووه‌مه‌ و به‌ پێی یاسا پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت مافێكی ره‌وای خۆیه‌تی.

له‌ به‌ره‌ی پارتییه‌وه‌، ئه‌وه‌ بڕاوه‌ته‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتییه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی كابینه‌ی هه‌شته‌م، به‌ڵام له‌ ئێستادا شه‌ڕ له‌سه‌ر پۆستی جێگره‌كه‌یه‌تی، كه‌ ده‌بینین هه‌ر دوو لایه‌نی "گۆڕان و یه‌كێتی" شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. به‌ دیوێكی تردا گۆڕان و یه‌كێتی چه‌ند مانگه‌ به‌هۆی ململانێكردن له‌سه‌ر جێگری نێچیرڤان بارزانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ دواده‌خه‌ن و هه‌وڵه‌كانی به‌یه‌ك گه‌یشتنی هێزه‌كان له‌ خاڵێكی هاوبه‌شدا په‌ك ده‌خه‌ن. بارودۆخه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ رادده‌یه‌ك یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پارتی ده‌كات، هه‌ر كابینه‌یه‌ك بێ ئه‌وه‌ی خواستی ئه‌و حزبه‌ی تێدا بهێنرێته‌ دی، له‌م دیو دێگه‌ڵه‌وه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نابێت، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ گۆڕان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌پێی ئییستحقاقی هه‌ڵبژاردن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت و ره‌نگه‌ له‌م بواره‌شدا ده‌ست بباته‌وه‌ بۆ ورووژاندنی شه‌قام و جۆشدانی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی.

ئه‌وه‌ی له‌ دیمه‌نه‌كه‌دا ده‌بینرێت، كه‌ زۆر جار باس له‌ پێشنیاری دوو جێگر یان زیاتر ده‌كرێت بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، رێگه‌چاره‌یه‌كی ناچارییه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ی ئێستا به‌هۆی شه‌ڕی یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه‌ له‌سه‌ر پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت هاتۆته‌ ئاراوه‌. هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ ئایا هێزه‌كان له‌سه‌ر پێشنیاری دوو جێگر یان زیاتر بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌ت رێكده‌كه‌ون یان نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بن و گۆڕان و یه‌كێتی سووربن له‌سه‌ر داواكانیان، بێگوومان ئه‌و پێشنیاره‌ ده‌بێته‌ بژارده‌یه‌كی دیفاكتۆ، یان دیفاكتۆیه‌ك كه‌ ره‌نگه‌ له‌ داهاتوودا شوێنه‌واری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی حكومداریی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربكه‌وێت، چوونكه‌ ناكرێت دیموكراسی و پرۆسه‌ی ده‌وڵه‌تداریی له‌كه‌دار بكرێت به‌ خاتری دڵڕاگرتنی هێزێك یان چه‌ند هێزێك كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌ رێگای سندووقی ده‌نگدان ئه‌و به‌شه‌ بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن.

له‌وانه‌یه‌ چوونی شاندی پارتی و یه‌كێتی، به‌شی زۆری په‌یوه‌ندیی به‌ پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ته‌وه‌ بێت، چوونكه‌ وا دیاره‌ هێزه‌ كوردستانییه‌كان، له‌ ئاستی ناوخۆ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ر، بۆیه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا ته‌ره‌فی سێیه‌م، كه‌ هێزێكی هه‌رێمییه‌ هاتۆته‌ سه‌ر خه‌ت، له‌وه‌شدا كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ خۆی نمایش ده‌كات، به‌وه‌ی چۆن ده‌بێت پرسێكی ناوخۆیی كوردستان، له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمی بگاته‌ چاره‌سه‌ر؟. به‌هه‌مه‌حاڵ تائێستا یه‌كێتی و گۆڕان هه‌ریه‌كه‌یان به‌ پاساوێكی تایبه‌تی سوورن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی جێگر سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ئه‌وه‌ی له‌ گووتاری ئه‌م حزبانه‌دا له‌م ماوه‌ كورته‌دا ده‌ركه‌وت كه‌ هیچ پێگه‌ و بوونێكی نییه‌، ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی و دڵسۆزییه‌ بۆ وڵات، چوونكه‌ وڵاتپه‌روه‌ری راسته‌قینه‌ هه‌میشه‌ خاوه‌نی كانگای لێبووردنه‌ بۆ سوودی گشتیی و دواڕۆژێكی رووناك بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی.

Go to top