We have 94 guests and no members online

داعش: كورتكراوه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌ له‌ عێراق و شام "دوله‌ اسلامیه‌ فی العراق والشام) . به‌پێچه‌وانه‌ی به‌ره‌ی نوسره‌ كه‌ زۆربه‌ی سه‌ركرده‌و پیاوكوژه‌كانی سورین، داعش هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی و، ئامانجه‌كه‌شی له‌و ماوه‌كورته‌ی كه‌ دروستبووه‌، دروستكردنی ئه‌ماره‌تێكی ئیسلامییه‌ له‌ عێراق و شام. دوای ئه‌وه‌ی هێرشێكی توندییان كرده‌، سه‌ر زیندانی ئه‌بوغرێب و زیاتر له‌ "100"كه‌سیان كوشت و، زیندانیه‌كانیشیان ئازادكرد، له‌كۆتا ڕۆژه‌كانی "2013"و سه‌ره‌تای سه‌ری ساڵی "2014"یشدا، هاتنی خۆیان به‌ فه‌رمی بۆ عێراق ڕاگه‌یاند. كه‌ له‌پارێزگای "ئه‌نبار"دا خۆیان بینییه‌وه‌. شه‌ڕێكی زۆریش له‌قه‌زای فه‌للوجه‌"كه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای ئه‌نباره‌"ڕوویداو، داعش توانی ده‌ست به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا بگرێت.

ئه‌نبار: یه‌كێكه‌ له‌گه‌وره‌ترین پارێزگاكانی عێراق و، ئه‌كه‌وێته‌ به‌شی ڕۆژئاوای عێراقه‌وه‌و، ڕووبه‌ره‌كه‌ی "138، 500 كم"چوارگۆشه‌یه‌. به‌پێی ئاماری "2013"ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ "1، 9000000"ملیۆنێك و نۆسه‌د هه‌زار كه‌س. پارێزگایه‌كی سووننی یه‌. وه‌ له‌مێژوودا به‌ "لیوای دلێم"ناسراوه‌. گرنگترین شارو قه‌زاكانی سه‌ر به‌م پارێزگایه‌: "ڕوومادی: كه‌مه‌ركه‌زی پارێزگاكه‌یه‌. . فه‌للوجه‌. . هیت. . قائم. . حه‌دیسه‌. . عوكاشات. . حه‌ببانییه‌. . سه‌رسار. . نوعه‌یمه‌. . خالدییه‌. ) .

عێراق و سوریا، دوو وڵاتی دراوسێن و نزیكه‌ی "600 كم"سنوری هاوبه‌شیان هه‌یه‌. پێده‌چێت داعش سه‌ره‌تای ڕزگاركردنی دووبه‌ره‌ی گه‌وره‌ی له‌عێراق و سوریا بۆ ژێر ده‌ستی خۆی كردبێته‌ به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی و، ده‌ست به‌سه‌راگرتنی فه‌للوجه‌و پارێزگای ئه‌نباریش بۆماوه‌یه‌ك و، كوشتنی ده‌یان جه‌نه‌راڵی سوپای عێراقی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، له‌و هێرشه‌دا كه‌ دیارترینیان "قائیدی فیرقه‌ی 7" "عمید محه‌مه‌د الكروی و جیگره‌كه‌یه‌تی) . هه‌روه‌ها به‌پێی ووته‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق "55"كه‌س له‌چه‌كداره‌كانی داعش كوژراون به‌هاوكاری چه‌كداری هۆزه‌كانی ئه‌نبار، ئه‌مه‌ تواناوئیراده‌ی هێرشكردن و ڕایه‌ڵه‌كانی ئه‌وان له‌عێراق به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ قاعیده‌ ئه‌سه‌لمێنی. پێده‌چێت، زۆرجار حكومه‌تی عێراقی، وه‌ك مه‌سجێك كارئاسانی بۆئه‌م گروپه‌ تیرۆریستیانه‌ بكات و، له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی وه‌به‌رهێنانی له‌سه‌ر بكات، ئه‌وه‌تا وه‌زیری دادی عێراقی "حه‌سه‌ن شه‌مه‌ری"ده‌ڵێت: ئامانج له‌ئازادكردنی به‌ندكراوه‌كان و ده‌ستگیركراوه‌كانی گرتوخانه‌كانی عێراق، وه‌ كارئاسانی بۆ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كانی وه‌ك قاعیده‌ ئه‌وه‌بوو، كه‌ ئه‌مریكا بترسێت و گورز له‌به‌شار ئه‌سه‌د نه‌وه‌شێنێت. له‌م كاته‌دا "3"هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌یه‌بۆ ده‌ركه‌وتن و نواندنی كاره‌كانی توندوتیژییه‌كانی "داعش":

یه‌كه‌م: پاڵپشتی و ئاڕاسته‌كردنیان، له‌لایه‌ن وڵاتانی ئیقلیمییه‌وه‌.

دووه‌م: سروشتی "داعش" خۆی، له‌ڕووی مه‌شق و جۆری چه‌ك و ته‌كتیكی ده‌ستوه‌شاندن و ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ نهێنییه‌كانیان له‌م ناوچه‌یه‌. به‌جۆرێك ئه‌م هێزانه‌ توندوتیژترن له‌ ئه‌ندامه‌كانی ڕێكخراوی قاعیده‌.

سێهه‌م: ژینگه‌و ئه‌دمۆسفێری عێراق خۆی، زه‌مینیه‌كی له‌باره‌ بۆ به‌هێزبون و گه‌شه‌سه‌ندنی "داعش". به‌جۆرێكیش ئه‌توانین بڵێن: ئه‌مه‌ شه‌ڕێكی مه‌زهه‌بیه‌، له‌به‌رگی تیرۆردا.

گۆڕانكارییه‌كان، له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌موویان پێكه‌وه‌ گرێدراون، ده‌شێت هۆكاره‌كه‌ی ته‌كنیكی كارتێكردنی خۆرئاواو زلهێزه‌كان بن، یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوریی یه‌كان، ئه‌مه‌ سه‌رباری گرفتی مه‌زهه‌ب و ئاین و شه‌ڕه‌ ئیتنیه‌كانی ناوچه‌كه‌. وه‌كو زنجیره‌یه‌ك ئه‌ڵقه‌ هه‌موویان به‌دوای یه‌كدا دێن، ده‌ستكاریی یه‌ك شت بكه‌یت هه‌موو شته‌كان ده‌گۆڕێت. ئیسرائیل ده‌یه‌وێت هه‌ژمونی خۆی پتر بكات، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی له‌قاڵبدانی سیاسه‌ته‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئێران و، پتر گوی بۆگرتنی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌. ئێران گه‌ره‌كیه‌تی تا هه‌تایه‌ ده‌ست له‌ناوچه‌ی كه‌نداوو، عێراق و سوریاو حزبوڵڵا هه‌ڵنه‌گرێت و، ده‌روازه‌یه‌كیش بۆ بازاڕی شمه‌ك و پاره‌كانی خۆی بدۆزێته‌وه‌، هیچ نه‌بێت ستراتیژیی ئابوریی خۆڕاگرانه‌ی خۆی قولانجێك به‌ره‌و پێش ببا. . به‌هۆی ئه‌وه‌ی "ئێران و سعودییه‌و ئیسرائیل و میسر"به‌رده‌وام سه‌رقاڵی گرفته‌كانی خۆیان بونه‌و له‌ دیارنه‌بونیاندا، "ئه‌ردۆغان" به‌ته‌نها ئه‌سپی خۆی له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ غارداوه‌. ئێستا توركیا له‌لێواری گۆڕانكارییدایه‌. بۆخۆی گرفتی كه‌ڵه‌گه‌بوی هه‌یه‌. به‌هۆی قۆناغی ئاشتی نێوان كوردو تورك. ته‌وژمێكی نوێی گویله‌نیه‌كان، كه‌ نفوسێكی باشیان له‌ناو كایه‌كانی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كاندا هه‌یه‌، سه‌رباری ئه‌مه‌ش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نزیكه‌ی "8"وه‌زیرو په‌رله‌مانتار، ده‌ركه‌وتنی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له‌حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه‌ و گه‌لێكی فاكته‌ری تر. . .

به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌ر گۆڕانێك له‌توركیا، گۆڕانه‌ له‌سوریا، له‌عێراق و سوننی یه‌كانی ناوچه‌كه‌، هه‌ڵوێستی نوێی ڕوسیایه‌، هاوكات ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌رده‌خات كه‌:ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ "ئه‌مریكاو ئیسرائیل به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی سیاسه‌تی نوێی هه‌موو ناوچه‌كه‌ دابڕێژنه‌وه‌ ".

ئاله‌م كاتانه‌دا، ڕۆڵی ڕێكخراوی قاعیده‌ و داعش، گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوه‌ڕاستی عێراق و ده‌ست پێكردنی شه‌ڕ له‌ فه‌للوجه‌و به‌غدادو ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست، مه‌ترسی و مانای ئیقلیمی و هه‌واڵگریی و سیاسیی خۆی هه‌یه‌.

بۆیه‌ به‌نیسبه‌ت كورده‌وه‌و، به‌تایبه‌ت دوای ڕووداوه‌كه‌ی "جه‌واهیر مۆڵ" و هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گای هه‌واڵگریی كه‌ركوك، له‌لایه‌ن "داعش" ه‌وه‌. له‌ "15/12/2013"كه‌ به‌ "6"چه‌كداره‌وه‌ تونییان به‌رگرییه‌كی زۆر بكه‌ن، ده‌بێت ژوورێكی هه‌واڵگریی هاوبه‌ش و توندو تۆڵ، كه‌ گڵۆپی سه‌وزیان له‌ناوه‌ندیی بڕیاره‌وه‌ بۆ هه‌ڵكرابێت، دابنرێت له‌كه‌ركوك و موسڵ و خانه‌قین، تاسه‌رپه‌رشتی ئه‌م سێ ڕێڕه‌وه‌ بكات. به‌مه‌رجێك دوور بن له‌كاری حزبایه‌تی و گوێڕایه‌ڵی كه‌سانێك كه‌ بۆ مه‌رامی شه‌خسی به‌كاریان بهێنێت. هه‌م پشتێنه‌یه‌كی توند بن بۆ خودی ناوچه‌ داگیركراوه‌كان، هه‌م بۆ هه‌رێمی باشوری كورد ستان. چونكه‌ وه‌ك خۆشیان ئاماژه‌یان پێكردووه‌ شانه‌و خانه‌ی نوستویان له‌ناو هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌. !.

گه‌لۆ، ئاخۆ كه‌ی ڕاگه‌یاندن و سه‌ركردایه‌تی سیاسیی سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ ئیقلیمی و گۆڕانه‌ جوگرافییه‌ سیاسییه‌ی جیهان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ده‌كه‌ن، تۆبڵێی كه‌ی له‌مه‌ترسییه‌كانی "داعش" تێبگه‌ن، ئه‌وا به‌ "1000"چه‌كداره‌وه‌ خۆیان له‌ زنجیره‌ چیاكانی حه‌مرین توند كردو، نیازی خۆشیان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر داموده‌زگاكانی هه‌رێم نیشانداو، هه‌موو شه‌ڕو شۆڕشی سوریا نه‌ی توانی گورزێكی گیانی بگه‌یه‌نێته‌ كوردانی ڕۆژئاوا، به‌هۆی سیاسه‌تی پاراستنی هاوسه‌نگی له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه‌، كه‌چی "داعش" له‌چالاكیه‌كیاندا "36"كه‌سیان كرده‌ قوربانی له‌و ناوچه‌ كوردانه‌.

ئه‌گه‌ر تۆزێك جڵه‌و بۆ ده‌ماخمان بگه‌ڕێنینه‌وه‌، ئه‌وه‌ "داعش" ه‌ حكومه‌تی هه‌رێم پێك ده‌هێنێت، دوای ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان تێگه‌یشتن قاعیده‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت بۆ ئێران و تا له‌ناوچه‌ سوننیه‌كان جێگیر بن، ئێران زۆر مه‌به‌ستیه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆشاییه‌كی تیا دروست نه‌بێت، تاوه‌ك پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منی بۆخۆی به‌كاری بهێنێت. بۆیه‌ په‌له‌ی كرد له‌پێكهێنانی حكومه‌ت و یه‌كێتی و پارتی بانگ كرد تا خاوه‌ خاو نه‌كه‌ن زوو كابینه‌كه‌ پێك بهێنن.

Go to top