We have 49 guests and no members online

نوسه‌رو ڕۆژنامه‌وان و ڕۆشنبیره‌كان، نه‌ نوێنه‌ری خه‌ڵك و مێژوون، نه‌ هی حزب و ئۆپۆزسیۆنن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ن هه‌ركاتێك خه‌ڵك لای ڕاستی گرت، ئه‌مان لای چه‌پ ده‌گرن، ته‌نها نوێنه‌ری كه‌ره‌سته‌و بیروبۆچونه‌كانی خۆیانن. ئیدی هه‌رچی باسی حزب و سه‌ركرده‌ی موقه‌ده‌س و هه‌ركۆدێكی تری بۆ كردن، به‌لایانه‌وه‌ بایی په‌نجا فلوسه‌. به‌ر له‌هه‌ر شت پرسیارێك هه‌یه‌، ئایا ڕۆژنامه‌نوسان و نوخبه‌ی (كورد) خۆیان به‌شێك نین یان مادده‌یه‌ك نین، بۆ دروستكردنی ئه‌م جۆره‌ له‌فۆڕمی خێڵگه‌ریی و ده‌سته‌گه‌ریی و جه‌هاله‌ت له‌كۆمه‌ڵی كوریدا؟. تا ڕێژه‌و ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆرباش (با) . وه‌لێ لێره‌و له‌وێش كه‌سانێك ماون، ببنه‌ ماك و هه‌وێنی ئه‌و ڕیفۆرمه‌ی كه‌هه‌ر ده‌بێت ڕِووبدا.

" سه‌ردار عه‌زیز" جیاله‌وه‌ی دكتۆراكه‌ی له‌فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌ت و حوكمڕانیدایه‌، ڕۆشنبیرێكی دیاری دونیای ئێمه‌یه‌، كاندیدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی (2013) . ده‌رنه‌چوو. ئه‌زانم: یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی خۆكاندیدكردنی سه‌ردار ئه‌وه‌بو: له‌ سیاسه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی تیۆرییه‌وه‌ بچێته‌ ناو پراكتیك و جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو ده‌ق وتیۆره‌كانی سیاسه‌ت. ده‌رنه‌چوونی " سه‌ردار" له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر ناسینێك و هاوپیشه‌ییه‌ك، یه‌كسه‌ر (3) وێنه‌ی فاكتی ناو كۆمه‌ڵی كوردیی بۆ ئاشكراكردین:

یه‌كه‌م: ئه‌وه‌ی پێیوایه‌، كورد به‌ره‌و پێش چووه‌و، ئاستی وشیاری و تێگه‌یشتن به‌رزبۆته‌وه‌، خه‌ڵه‌فاوه‌، خه‌ڵه‌تاوه‌، به‌هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی تیۆرییدا چووه‌، كه‌ئێره‌ زیاتر جێی ڕونكردنه‌وه‌ی نییه‌. نا له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌ردار ده‌رنه‌چوو ئیتر كورد بی ئه‌قڵه‌؟. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆكه‌ كوردو كۆمه‌ڵه‌ ڕاگوزه‌ره‌كان ئاڕاسته‌ ده‌كات، نه‌فه‌لسه‌فه‌و مێژووه‌، نه‌ئه‌قڵ و میدیای ئه‌هلی و حزبی و نه‌سیسته‌مه‌، ئه‌وه‌ ته‌كنه‌لۆژیاو ئامێره‌كان و مكیاژه‌ ڕووكارییه‌كانن، ئه‌وه‌ جۆری پێڵاو و بۆینباخ و چاكه‌ته‌كه‌مانه‌، ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ دروستكردوین، وائه‌زانین: كۆمه‌ڵگه‌ فریو ناخواو تاك ووشیاره‌و ئێمه‌ هه‌موو شتێكین و ئه‌م شتانه‌. . . ده‌رنه‌چونی سه‌ردار و ده‌رچونی كه‌نیشكێكی ده‌ست و پی سپی له‌سه‌ر لیستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ موچه‌خۆربوه‌ له‌ كۆمپانیای "نۆكان
 "عومه‌ری سه‌ی عه‌لی" كاندیدی كردووه‌و ده‌ریشی چاندووه‌، بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژێ له‌ڕۆژان به‌شدارییه‌كی سیاسیی و كلتوریی كوَمه‌ڵایه‌تی كردبێت، جگه‌ له‌خه‌ریكبون به‌نینۆكه‌كانییه‌وه‌، ئه‌مه‌ چ مانایه‌ك ئه‌دا به‌ده‌سته‌وه‌؟.

دووه‌م: ده‌ری خست، كه‌میدیای ئه‌هلی به‌گشتی و، به‌تایبه‌تی ڕۆژنامه‌ی "ئاوێنه‌" كاریگه‌رییان نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خیان به‌ په‌ت په‌تێنی خۆیان و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی خۆیان داوه‌، نیو هێنده‌ سه‌ردارێكیان لاپه‌سه‌ند نه‌بووه‌، كه‌ له‌وه‌ته‌ی من ئاوێنه‌م بینیوه‌ سه‌ردار تیایا ئه‌نوسێ.

سێهه‌م: له‌ ئاستی نێوخۆییدا، له‌كوردستان تا ئێستا ئه‌و چه‌مك و هزره‌ ڕیفۆرمخوازییه‌ ڕیشه‌ییه‌ دروست نه‌بووه‌، كه‌ چوار كاراكته‌ری ڕۆشنبیر ده‌وروبه‌ر ئاراسته‌ بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی هه‌یه‌ هان وه‌ده‌ست ڕاگه‌یاندن و هێزه‌ ئیسلامیی و به‌ناو ناسیۆنالیزمه‌ درۆزنه‌كانی كوردستانه‌وه‌. قسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كی چاودێری كی ئه‌كا؟ كی ئاڕسته‌ی كی ئه‌كا؟

                                     

ئه‌گه‌رچی دوورو نزیك، به‌ كوفرێكی گه‌وره‌ی ده‌زانم، بانگه‌شه‌ بۆ هه‌ر حزبێك بكرێت (له‌بچوكه‌وه‌ بۆ گه‌وره‌، له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پیان) پێموایه‌ ئه‌مجاره‌: بێته‌وه‌ پێویسته‌ ده‌ستی تاك و كۆمه‌ڵی كورد بگرین و ته‌داخول بكه‌ین، ڕێگه‌نده‌ین مه‌لایه‌كی هه‌رزه‌كار له‌كه‌ركوك ده‌یان هه‌زار ده‌نگ بۆ پارتی كۆبكاته‌وه‌و خه‌ڵك بخه‌له‌تێنی، ڕێگه‌نه‌ده‌ین ئۆپۆزسیۆن و هه‌رحزبێكی تر كوڕی خێڵ و به‌رپرسان و سه‌رمایه‌داره‌كانمان لێبكه‌ن به‌ فریادڕه‌سی ئاینده‌. به‌ڵكو ته‌داخول بكه‌ین، ئینجا كه‌سه‌ ئاكادیمی و به‌ئه‌زمون و به‌ئه‌خلاقه‌كان، دیارن كێن. له‌هه‌ر حزبێك بێت.

Go to top