We have 77 guests and no members online

له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ئازادییه‌وه‌، به‌رده‌وام ئه‌و گله‌ییه‌م له‌سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد هه‌یه‌، جگه‌له‌وه‌ی به‌ بێ به‌رنامه‌ چونه‌ كه‌ركوك و به‌غدا، به‌ كۆمه‌ڵێك یاریزانی سیاسیی و ئه‌منی و ئیداریی و ئیعلامی لاوازیشه‌وه‌، دابه‌زینه‌ ناو یاریگای پڕ له‌ئاڵۆزیی و بێنه‌و به‌ره‌ی ئه‌و عێراقه‌ی كه‌ له‌وه‌ته‌ی مێژوو هه‌یه‌ خوێنی تیا ئه‌ڕژێت. وه‌كو ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كانه‌وه‌، عێراق به‌ده‌ستی موئامه‌ره‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌وه‌ ئه‌ناڵێنی. . .

نزیكه‌ی دوو مانگه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ڵسه‌نگاندنم بۆ كاندیدی حزب و لایه‌نه‌كان و بارودۆخی كه‌ركوك، بیستومه‌ حه‌مه‌سوری دوشیوانی خۆی بۆ په‌رله‌مانی عێراق پاڵاوتوه‌، له‌گه‌ڵ خۆم قه‌له‌قم چۆن منێك له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موولایه‌نه‌كان ڕووی ڕه‌خنه‌م ئاڕاسته‌ی هه‌مویانه‌، دوو قسه‌ بۆ "محه‌مه‌د عوسمان" یا " حه‌مه‌سور" بكه‌م و قه‌ناعه‌تیش به‌خوێنه‌ره‌كانم بكه‌م، كه‌ ئه‌مه‌ لایه‌نگیریی نییه‌ بۆ هیچ حزبێك!. چونكه‌ ئه‌زانم ئه‌م نوسینه‌ له‌چه‌ندین سایت و په‌یج و لاپه‌ڕه‌ بڵاوئه‌بێته‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ. . .

حه‌مه‌سور، كوڕی كه‌ركوك و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، كه‌سێك سه‌ری له‌كلاوات و لوعه‌باتی ئه‌منی ده‌ربچێت و كاری تیاكردبێت، ده‌ستوخه‌تی نوسین و كاری مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌، له‌ڕاپه‌ڕینه‌كه‌دا ئه‌ركێكی پیرۆزو قورسی بۆ كه‌ركوك به‌جێهێنابێت، له‌پرۆسه‌ی ئازادیدا خۆم شاهید بم، له‌دوای پرۆسه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له‌به‌رپرسه‌كانی كه‌ركوك كه‌ به‌ڕه‌تڵه‌ حیمایه‌وه‌ پۆزیان به‌سه‌ر خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌تا لێ ئه‌دا، ڕۆڵی خۆی بینی، ئه‌وساش خۆم ئاسایی دونیایه‌ك ئاخ و په‌ژاره‌ی سه‌قه‌تی سیسته‌مه‌كه‌و بارودۆخی یه‌كێتی چه‌شت. ئیتر بۆ نه‌چێته‌ به‌غدا؟. كه‌ركوك له‌ئاینده‌دا كوردایه‌تی و گروپی هه‌ڵوێست و سیاسه‌تكردنی پێویسته‌. بۆیه‌ ده‌بێت ده‌نگده‌ره‌كانی به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بكه‌ن. چونكه‌ (2) مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌به‌غدا له‌پێش كورده‌:

یه‌كه‌م: كورد بڕیاری داوه‌، هه‌ر له‌به‌غدا بێت، به‌شی زۆری ئه‌م مانه‌وه‌یه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌ئاینده‌ی ئه‌و كه‌ركوكه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو جه‌سته‌ی برینه‌، ئه‌گه‌ر له‌ (8) ساڵی ڕابردوودا پیاوه‌ به‌ئه‌زمونه‌كانی كه‌ له‌مه‌ركه‌زیی بڕیاری كوردا بون وه‌ك:تاڵه‌بانی و فواد مه‌عسوم و مه‌حمود عوسمان و دكتۆر ڕۆژ و عه‌لی باپیرو. . . هتد. شتێكیان نه‌كردبێت. ژماره‌ی كورسییه‌كانیش كه‌م و كه‌متر ده‌بنه‌وه‌. ئاخۆ ئه‌گه‌ر له‌م خوله‌دا ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك هه‌رزه‌كاری سیاسیی بنێرینه‌ به‌غدا چیمان پێده‌كرێت؟.

دووه‌م: وێڕای ده‌ست شتن له‌دیوی ده‌ستوریی و یاسایی بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (140) . ئه‌م جاره‌ گروپه‌ تیرۆریستی و توندڕه‌وكانی قاعیده‌و (داعش) به‌سه‌ختی ئیش له‌سه‌ر ناوچه‌ ته‌ماسییه‌كانی كورد و عه‌ره‌ب ئه‌كه‌ن.

من مه‌لا و شاعیرم بۆ چییه‌ له‌به‌غدا؟. پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌ئه‌زمون و قوربانییه‌كی ده‌ستی عه‌ره‌ب و خوێنه‌وار و عه‌ره‌بیزانێكی وه‌ك "حه‌مه‌" م ئه‌وێت له‌به‌غدا. هیوادارم كه‌س ئه‌م وتاره‌ به‌حزبچێتی لێك نه‌داته‌وه‌، ساڵێك زیاتره‌ حه‌مه‌ سورم نه‌بینیوه‌، ئێستاش بۆخوێندن له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستانم. ئه‌گه‌ر له‌كه‌ركوك بومایه‌ یان له‌داخی پۆخڵه‌واتی حزبه‌كان ده‌نگم نه‌ئه‌دا، یان ده‌نگم به‌ "حه‌مه‌سور" ئه‌دا.

 

Go to top