We have 28 guests and no members online

دنیا هه‌مووی به‌ ده‌ست ئه‌و توندڕۆیی و توندتیژییه‌ی ئاینییه‌وه‌ ناڵه‌ی دێ، كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئیسلام. كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلام خۆشی، له‌ هه‌موو جێیه‌كی تر زیاتر كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر په‌لاماری ئه‌و توندڕۆیی و توندتیژییه‌. ئه‌و باره‌، تا ئێسته‌ گه‌وره‌ترین زیانی گیانی و مایه‌كیی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌ جا چ به‌ ده‌ستی گرووپه‌یلی توندڕۆوه‌، كه‌ كوێرانه‌ ده‌ست ده‌وه‌شێنن و بێ ویژدانانه‌ ته‌ڕ و وشك ده‌سووتێنن، چ له‌ لایه‌نی ئه‌وانه‌شه‌وه‌، كه‌ به‌ره‌وڕوویان ده‌وه‌ستنه‌وه‌، واته‌ داوده‌زگای ته‌ناهی و سوپایی. ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاته‌یله‌ی، كه‌ هێشتا توندتیژی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو نه‌یگرتوونه‌ته‌وه‌، پوولێكی زۆر ده‌چوێنن بۆ رێ لێبڕینه‌وه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و گرووپه‌یله‌ و ته‌نینه‌وه‌یان به‌ وڵاتدا. له‌ ئه‌وروپه‌ و ئه‌مه‌ریكه‌شدا، پاره‌ و ماندووبوونێكی زۆر به‌خت ده‌كه‌ن له‌و رێیه‌دا، ته‌نیا سه‌رنجێك له‌ شێوه‌ی پشكنین له‌ باڵه‌فڕگه‌ی ئه‌و وڵاته‌یله‌ به‌سه‌، تا بزانی چ ده‌سمایه‌یه‌كی مایه‌كی و مرۆڤی له‌ كاردان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی ئه‌و توندڕۆیی و توندوتیژییه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كا.

شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستانه‌، تا ئێسته‌ كه‌س خۆی له‌وه‌ به‌ خاوه‌ن نه‌كردووه‌، یان نه‌چووه‌ له‌و سه‌رچاوه‌یله‌ بكۆڵێته‌وه‌ و بپێچێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و شه‌پۆله‌ گه‌وره‌ گه‌ورانه‌ی توندتیژی و توندڕۆیییان لێوه‌ دێن. له‌وه‌ بكۆڵێته‌وه‌، كه‌ سیستمی په‌روه‌رده‌ و خوێندن، یان وتاری مزگه‌وت و حزبه‌یلی سیاسیی ئاینی، سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كین و له‌وێوه‌ توێژی گه‌نج ده‌بێ به‌ ئامانج و كه‌ره‌سته‌ی مه‌شقی توندڕۆیی و توندتیژی. هه‌ر له‌ پرۆگرامی خوێندن و وتاری مزگه‌وت و حزبی ئیسلامییه‌وه‌، بیری دژ به‌ ژیانی سه‌رده‌مییانه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و به‌شێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌لاڕێدا ده‌با له‌ دژی به‌شه‌كه‌ی تردا. له‌ بواری مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ توندڕۆیی و توندتیژیدا، ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌ ئێمه‌ بینیومانه‌، مامه‌ڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجام واته‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندتیژییه‌ به‌ توندتیژی، كه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تێكه‌ نه‌ك چاره‌سه‌ر به‌ ده‌سته‌وه‌ نادا بگره‌ رۆژ به‌ڕۆژ ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌به‌ره‌وه‌چوونی ئاگره‌كه‌ش.

هه‌نگاوی یه‌كه‌م، كه‌ نیشانه‌ی هیوا بێت بۆ پرسی گه‌ڕان به‌ دوای چاره‌سه‌ری بنه‌بڕدا، ئه‌و یاسایه‌ بوو پێش چه‌ند رۆژێك له‌ حكوومه‌تی میسره‌وه‌ ده‌رچوو و تێیدا بزاوی برایه‌لی به‌ بزاوێكی تیرۆریست دانا. ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ بوو، كه‌وا لێره‌ به‌دواوه‌ یه‌كێك له‌ گرینگترین سه‌رچاوه‌یلی بزاوه‌یلی سه‌ره‌ڕۆ، به‌ره‌و كوێربوونه‌وه‌ ده‌چێ له‌و وڵاته‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌شیدا. هه‌ر لایه‌نێكی ده‌ره‌كی "به‌پێی یاسایه‌كه‌" برایه‌ل بحه‌وێنێته‌وه‌، یان واتایی و مایه‌كی یارمه‌تییان بدا، كاره‌كه‌ی به‌ ده‌ست تێكه‌ڵی له‌گه‌ڵ رێكخراوی تیرۆریستیدا دێته‌ ژمار. لێره‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ میسردا روو ده‌دا، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا نییه‌ له‌ ئاست حكوومه‌تێكی هه‌ڵبژاردوودا وه‌ك ئیسلامییه‌ل بانگه‌شه‌ ده‌كه‌ن هه‌رچه‌نده‌ له‌ رواڵه‌تیشدا كاره‌كه‌ وا خۆی بنوێنێ. ئه‌وه‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی مێژووی هه‌ڵسانه‌وه‌ی میسره‌ له‌ محه‌مه‌د عه‌لییه‌وه‌ تا ئێسته‌، له‌ ئاست بزاوێكدا، كه‌ ده‌یه‌وێ ره‌وتی پێشكه‌وتن پێچه‌وانه‌ بكاته‌وه‌. وه‌زیری به‌رگریی میسر سه‌رۆكی ته‌نیا سوپا یان بژارده‌یه‌ك نییه‌ له‌ حزبه‌یلی سیاسیی وڵات، كه‌ دژ به‌ برایه‌ل وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، بگره‌ نوێنه‌ری مێژووێكه‌ دوو سه‌ت ساڵه‌ بۆ پێشه‌وه‌ رۆییوه‌.

له‌ تونس هه‌مان چت روو ده‌داته‌وه‌، بگره‌ به‌ جۆرێكی شارستانییانه‌تر له‌وه‌ی میسریش. سوپای تونس رۆڵی نییه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌ی برایه‌لی موسڵمان، كه‌ له‌وێ پێیان ده‌ڵێن "رابوونه‌وه‌ی ئیسلامی". سوپا دووره‌په‌رێزه‌ له‌ رووداوه‌یل به‌ڵام ئه‌وه‌ی رۆڵی هه‌یه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی و بژارده‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی مامۆستایه‌لی زانسگه‌، كه‌ رۆڵی پاسه‌وان ده‌بینن له‌و ده‌سكه‌وته‌یله‌ی له‌ شێسته‌یل و حه‌فتایه‌لدا سه‌رۆك حه‌بیب بورقیبه‌ به‌دیی هێنابوون. له‌ بزاوی رۆشنبیریی تونسدا چوار ئافره‌ت له‌ زانسگه‌، خه‌ڵك ناویان ناون چوار "سیسی"یه‌كه‌ی تونس، ئاماژه‌ بۆ عه‌بدولفه‌تاح سیسیی سه‌رۆكی سوپای میسر، نه‌ترسانه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌رچه‌نده‌ لاباڵێكی ئیسلامی له‌ تونس، سێ ساڵه‌ كه‌مترخه‌میی نه‌كردووه‌ له‌ كوشتنی رۆشنبیره‌یل یان شێواندنی وێنه‌یان له‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگه‌دا.

به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ تا بزاوی جۆری برایه‌ل ده‌سه‌ڵاتیان نه‌مێنێ. هه‌نگاوی تر زۆر ماون بۆ رێگری له‌ مه‌ترسیی گه‌ڕانه‌وه‌یان. یه‌كه‌مینی ئه‌و هه‌نگاوه‌یله‌، دابینكردنی دادپه‌روه‌رییه‌. وتاری ئاینی و حزبی ئیسلامی، سوود له‌ جیاوازیی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌و داگرتنه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی رۆژانه‌ ده‌یكه‌ن. بێ دادپه‌روه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌لی یه‌كسان بۆ هه‌موو تاكه‌یلی كۆمه‌ڵ، بێ دابینكردنی راده‌ی هه‌ره‌ژێری بژێوی بۆ خه‌ڵك، ئه‌و سه‌رچاوه‌یله‌ كوێره‌وه‌ نابن. ئه‌و خه‌رجییه‌ی هه‌ر وڵاتێك ده‌یكا له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندتیژی به‌ توندتیژی، یان ده‌یكا بۆ مه‌رایی له‌ به‌رده‌م پیاوه‌یلی ئاینیدا، له‌ دادی كۆمه‌ڵایه‌تییدا بكردایه‌، له‌ مێژه‌یه‌ توندڕۆیی و توندتیژی پووكابوونه‌وه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

Go to top