We have 150 guests and no members online

پێشی نێزیكه‌ی حه‌وت ساڵ وتارێكم نووسی به‌ ناونیشانی "با بچین بۆ به‌غدا". ئه‌و ده‌مه‌ هه‌ل له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی كورد رۆڵێك له‌ به‌غدادا بله‌یزێ، به‌ڵام ئه‌و رۆڵه‌ نه‌له‌یست. رۆژ به‌ڕۆژ خۆی كێشایه‌وه‌ و به‌ پێی ئه‌و په‌نده‌ی ده‌ڵێ "كاره‌ساتی خه‌ڵكێك سووده‌ بۆ خه‌ڵكێكی تر"، خۆی كرد به‌ ته‌ماشاكه‌رێكی ده‌م به‌ پێكه‌نین. كاره‌سات له‌ به‌غدا درێژه‌ی دایێ تا ئه‌وه‌ی دیكتاتۆرێك له‌وێ ملی خۆی قوت كرده‌وه‌. له‌و ماوه‌یه‌ی رابردوودا، كورد وه‌ك پێكهاتووێكی سه‌ربه‌خۆی به‌شدار له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا، نه‌ك ته‌نیا نه‌یتوانی له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ناوه‌وه‌یدا، خۆی بنوێنێ، بگره‌ له‌ كێشه‌ی چاره‌نووسییانه‌ی مایه‌ی 140یشدا، ده‌ست له‌ ئه‌ژنۆ درێژتر هاته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر یه‌كێك سه‌رنجی دابێ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌ باره‌ی هه‌موو كێشه‌یه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ كه‌ مالیكی ده‌یڵێ. مالیكیش ئه‌وه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی ده‌یڵێ. جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و ته‌واوی وه‌زیرانی كورد له‌ به‌غدا، له‌ سه‌تان كێشه‌دا ده‌نگیان نییه‌. ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ شه‌ڕه‌ له‌ ئه‌نبار، ده‌نگی كوردیمان گوێ لێ نه‌بووه‌. كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا، كه‌مینه‌یه‌ و ناتوانێ چتێك تێ په‌ڕێنێ. ئیتیفاق و ته‌وافوق نه‌ماوه‌ تا به‌ هیوای ئه‌وه‌ بێ مامه‌ڵه‌ و بازاڕێكیان پێوه‌ بكا.

ته‌نانه‌ت ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یله‌ی پێشی چه‌ند ساڵێك له‌ نێوان كورد و سوننه‌ و به‌شێكی شیعه‌دا له‌ هه‌ولێر ده‌هاتنه‌ به‌ستن، ئه‌وانیش نه‌مان. گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێم به‌ مووچه‌ی مانگانه‌ی كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌تیشه‌وه‌، ببڕێ. با یه‌كێك تێم بگه‌ینێ ئێسته‌ چی به‌ به‌غداوه‌مان گرێ ده‌دا؟ پێشی ساڵ و نیوێك سوپای كوردستان به‌رامبه‌ر هێزه‌یلی دیجله‌ی عێراقیدا وه‌ستایه‌وه‌. دوا ئه‌وه‌ی به‌ دووربین سه‌یری سوپای عێراقیمان كرد، چی ما به‌ به‌غداوه‌مان ببه‌ستێ؟

له‌م رۆژانه‌دا شاندی كوردی پێیه‌كی لێره‌یه‌ و یه‌كێكی له‌ به‌غدا. ئه‌مه‌ دادی چی ده‌دا پاشی ئه‌وه‌ی حه‌وت ساڵه‌ به‌ دوو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌وه‌دا ده‌ڕۆین و دان و ستاندنمان نه‌بووه‌. راگه‌یاندنی كوردستان ساڵه‌یلی ساڵه‌ عه‌ره‌بی كردووه‌ به‌ دێو و درنج. داوده‌زگای ته‌ناهیی كوردستان، وه‌ك بیانی بگره‌ وه‌ك ناحه‌ز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ده‌كا، كه‌ له‌ ده‌ست باری ناپه‌ڕژای عێراقه‌وه‌ هه‌ڵدێن و روو له‌ كوردستان ده‌كه‌ن.

ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌مێننه‌وه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژوو له‌ دواڕۆژدا. من نه‌مگوتووه‌ راستن یان چه‌وت. زمانم لاڵ بێ ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌م گرتبێ. به‌ڵام ده‌ڵێم ئێمه‌، كه‌ هه‌وڵێكمان نه‌دابێ بۆ ئه‌وه‌ی دواڕۆژێك له‌گه‌ڵ عێراقییه‌لدا پێكه‌وه‌ بنێین، ته‌نیا وه‌ك دیكۆرێك بووبین له‌گه‌ڵیاندا و ئه‌ویش بۆ به‌سه‌ربردنی كات، ئێسته‌ ئه‌م هاتوچۆیه‌ی به‌غدامان له‌ چییه‌؟ كه‌س له‌ عێراق نه‌ماوه‌ كه‌یفی به‌ كورد بێت و كه‌سیش له‌ كوردستان نه‌ماوه‌ به‌ته‌مابێ ببێته‌وه‌ به‌ هاوڵاتیی عێراقی. جاران ده‌یانگوت سواربوون شووره‌یییه‌ك و دابه‌زین دووان. با ملی پێوه‌ بنێین بۆ رزگاری.

ئێمه‌ نابێ به‌ هیوا بین به‌غدا ببێ به‌ دیموكراتی. كه‌ نه‌شبێ به‌ دیموكراتی، له‌وه‌ خراپتر ده‌كا كه‌ ئه‌مڕۆ كردوویه‌تی، ئه‌مه‌ یه‌ك. لایه‌نه‌یلی كوردی پێنج مانگه‌، وه‌ك دابه‌شكه‌ری میراتی مردوو، وه‌ك دابه‌شكه‌ری ده‌سكه‌وتی تاڵان و شه‌ڕ، مامه‌ڵه‌ بۆ پێكه‌وه‌نانی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش دوو. هه‌موو له‌شمان بووه‌ به‌ گه‌ڕی و گولی. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌ره‌و لێك ترازان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌چێ، ئه‌مه‌یان سێ، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ نییه‌ به‌درێژی لێی بدوێم. به‌ڵام به‌ كورتی ده‌ڵێم: بێ بنه‌وایی له‌ كاری سیاسی و كاربگێڕیی كوردیدا، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی دووچاری داڕمانێكی وره‌یی كردووه‌. ته‌نیاش به‌وه‌ دێته‌وه‌ جێ، كه‌ چتێكی ناوكۆی بنه‌ڕه‌تی، جارێكی تر كۆوه‌مان بكا ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆیییه‌.

نابێ چی تر به‌دوای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێین: "ئاخۆ باری خۆیی و بابه‌تی له‌بارن بۆ جیاوه‌بوون یان نا؟" باری پێوانه‌یی بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی، تا دنیا دنیایه‌ نایه‌ته‌ دی. ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێك چاوه‌ڕوانی خدری زینده‌ بێ ده‌ستی بگرێ و له‌ چاڵ ده‌ری بێنێ. ته‌كانێك له‌ كورد خۆیه‌وه‌، به‌سه‌ بۆ رزگاربوون له‌و گه‌شكه‌ی ترسه‌، كه‌ چۆكی داوه‌ته‌ سه‌ر سینگی و گوایه‌ هه‌ر كورد بیه‌وێ جیاوه‌بێ ئیتر دنیا به‌ گه‌له‌كۆمه‌كی تێ وه‌ردێن بۆ لێدانی.

دانوستاندنه‌یلی ئه‌م رۆژانه‌ی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌ دانوستاندنه‌یلی شۆڕشی كوردستان ده‌چێ له‌ ساڵه‌یلی شێست و حه‌فتا و هه‌شتا و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌یلدا له‌گه‌ڵ به‌غدای ئه‌وسا. ئه‌مه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ دواوه‌ و نه‌یكه‌ین باشتره‌. ئێمه‌ كه‌ به‌شداریمان نه‌كرد له‌ عێراقی نوێدا و به‌جێمان هێشت بۆ خه‌ڵكی تر، جارێكی تر جێی ئێمه‌ی تێدا نابێته‌وه‌. با نه‌چینه‌وه‌ ئه‌وێ.

Go to top