We have 28 guests and no members online

به‌ بڕینی مووچه‌ی مانگانه‌ی كارمه‌نده‌یلی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیره‌یلی عێراق پێی وایه‌: (یان) گه‌لی كوردستان له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم راسته‌وه‌ ده‌بێ و ده‌بێته‌ راپه‌ڕین. زۆر جاریش وای گوتووه‌. (یان) یش ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، سه‌ری داده‌نوێنێ و چییه‌كی ئه‌و له‌وێ داوای بكا، ئه‌م لێره‌ بۆی ده‌ڵێ: باش. له‌ هه‌رێمیشدا ئێمه‌ پێمان وایه‌: (یان) گه‌لی كوردستان به‌رگه‌ی بێ مووچه‌یی ده‌گرێ وه‌ك جاری پێشوو، (یان) یش كۆمه‌ڵگه‌ی ناوده‌وڵه‌تی به‌ده‌نگه‌وه‌ دێ و رزگاری ده‌كا.

به‌لای منه‌وه‌، گره‌وی مالیكی و گره‌وی خۆشمان، واته‌ ئه‌و (یان یان) ه‌ی سه‌ره‌وه‌، هیچیان ئاوه‌زییانه‌ نین. با له‌ یانی بنه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین. ئه‌و چته‌ی، كۆمه‌ڵگه‌ی ناوده‌وڵه‌تیی پێ دێته‌ گوتن، ئه‌گه‌ر چتێكی لێ شین بووایه‌، سێ ساڵه‌ ئه‌و خوێن له‌به‌رڕۆیینه‌ی سووریه‌ی ده‌وه‌ستانده‌وه‌. ئێسته‌ ساڵی نه‌وه‌ت و یه‌ك نییه‌. ئه‌و ده‌م، سه‌دام حوسێن هه‌موو دنیا ناحه‌زی بوو، ئه‌مڕۆ نووری یه‌ك ناحه‌زیشی نییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ناوده‌وڵه‌تیدا. ئه‌و یانه‌ش، كه‌ ده‌ڵێ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌رگه‌ ده‌گرێ وه‌ك جاری پێشوو، ئه‌ویش ناگوته‌نییه‌ (نامه‌نتیقییه‌) له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند نه‌دانی مووچه‌ له‌لایه‌ن نوورییه‌وه‌ ئازارده‌ره‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ش گێسك لێدانی بانكه‌یلی هه‌رێم و ماڵینه‌وه‌یان له‌ پاره‌ی هاوڵاتییه‌ل، متمانه‌بڕه‌ بۆیان. خۆشه‌ویستی بۆ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی، له‌ ته‌نگژه‌دایه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ت پێ ناخۆشه‌، پێچه‌وانه‌كه‌یم بۆ ئیسپات بكه‌.

ئه‌وه‌، له‌ باره‌ی گره‌وی خۆمانه‌وه‌. هه‌رچی گره‌وی به‌غداشه‌، كه‌ پێی وایه‌ سه‌ر به‌ هه‌رێم داده‌نوێنێ، ئه‌ویش كارێكی نه‌كرده‌نییه‌. با بڵێین، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ كۆنتراكتی نه‌وتیش پاشگه‌زه‌وه‌ بووینه‌وه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌یه‌وێ، جارێكی تر دێته‌وه‌ داوای داهاتی خاڵه‌یلی گومرگی ده‌كا. ئه‌ویشی بۆ بكه‌، داوای داهاتی باجی ناوه‌خۆت لێ ده‌كا. ئه‌ویشی بۆ بكه‌، داوای چه‌ك لێكردنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ت لێ ده‌كا. له‌بیرته‌، به‌غدا زۆر جار داوای كۆنه‌ تانكی سه‌رده‌می رێژیمی كردووه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌رێم. ئه‌وه‌شی بۆ بكه‌، له‌ پێوه‌ندییه‌لی ده‌ره‌كیت داده‌ماڵێ. وا بڕوات، ئه‌و هه‌موو ساڵ چه‌ند جارێك بودجه‌ت ئه‌و لێ ده‌بڕێ و تۆش چه‌ند جارێك بۆی داده‌نوێنی و رووته‌وه‌ ده‌بی تا وه‌ك كورده‌ رووت و ره‌جاڵه‌كه‌ی سه‌رده‌می سه‌دام حوسێنت لێ دێ. كه‌واته‌ دانه‌واندن و كۆڵدان بۆ به‌غدا، كارێكی نه‌كرده‌نییه‌ و بیری لێ نه‌كه‌ینه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و (یان) ه‌ی ده‌ڵێ گه‌لی كوردستان له‌ ژێر پاڵه‌سووی بێ مووچه‌ییدا، ده‌یكاته‌ راپه‌ڕین له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی، كه‌ نووری، ساڵی پار به‌ مافیا ناودێری كرد، ئه‌مه‌یان جێگه‌ی دان و ستاندنه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ش ئه‌وانمان پێ مافیایه‌.

 (یان) ی هه‌ره‌ گرینگ له‌و گشت یانه‌یله‌ی سه‌ره‌وه‌دا: راپه‌ڕینی گه‌لی كوردستانه‌ له‌ ژێر باری دۆبڕین، كه‌ نووری پێی وایه‌: روو ده‌دا. ئه‌مه‌ ده‌ق ئه‌و چته‌یه‌، كه‌ ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم كاری له‌سه‌ر بكا نه‌ك وه‌ك ئێسته‌ی خۆی، بیداته‌ به‌ر بێباكی و چاوه‌ڕوان بێ بزانێ ئاخۆ راپه‌ڕینه‌كه‌ ده‌بێ یان نا؟ ئه‌وه‌ نووری مالیكییه‌ نه‌ك ئێمه‌، كه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی مێژووییی گه‌وره‌ی كردووه‌ به‌ بڕینی مووچه‌ی كارمه‌نده‌یلی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا كارمه‌ندی ده‌وڵه‌تی عێراقیشن. ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌ دوژمنه‌كه‌ت كردوویه‌تی و ده‌بێ تۆ به‌ پاره‌ لێی بكڕیت. كتومت وه‌ك ئه‌و چاڵه‌ی، سه‌دام حوسێن به‌ بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ ساڵی نه‌وه‌ت و یه‌كدا، تێی كه‌وت. سه‌رۆك وه‌زیره‌یلی عێراق به‌و كاره‌ ناژیرانه‌یه‌ی، هه‌موو پێوه‌ندییه‌كی به‌رپرسیاره‌تیی خۆی له‌ ئاست گه‌لی كوردستاندا پچڕاند، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا سه‌رۆك وه‌زیره‌یلی ئه‌وانیشه‌. ده‌سه‌ڵاتی كوردستان، بتوانێ سوود له‌م هه‌ڵه‌یه‌ و له‌م هه‌له‌ وه‌ربگرێ، یان ده‌توانێ سه‌ر به‌ به‌غدا دابنوێنێ، یانیش رێگه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری پشت به‌ داهاتی خۆبه‌ستن له‌ فرۆتنی به‌رهه‌می نه‌وتینی هه‌رێمدا. مامه‌ڵه‌كردنێكی ژیرانه‌ له‌م هه‌له‌دا، وا ده‌كا خه‌ونه‌كه‌ی مالیكی پێچه‌وانه‌ ببێته‌وه‌.

به‌ڵام داخی داخان، كورد یه‌كگرتوو نییه‌. ده‌بوو ئه‌و كرده‌وه‌ دوژمنانه‌یه‌ی به‌غدا، هه‌ر نه‌بێ بووبووایه‌ به‌ مایه‌ی رێككه‌وتن له‌باره‌ی پێكه‌وه‌نانی حكوومه‌تی تازه‌وه‌، كه‌ پێنج مانگ زیاتره‌ وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌. كوردستان له‌م ته‌نگانه‌یه‌ گه‌وره‌تری نایه‌ته‌وه‌ پێش، كه‌ دوژمن په‌نا بۆ بڕینی نانی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌با. پێویسته‌ كورد یه‌كی بۆ بگرێ. به‌ڵام له‌ مێژوودا نه‌بووه‌ كورد هه‌لی زێڕینی خۆی به‌ بێباكییه‌وه‌، نه‌چواندبێ. ئێمه‌ له‌م هه‌ڵه‌یه‌ی به‌غدا و له‌م هه‌له‌ دیرۆكییه‌ سوود وه‌رنه‌گرین، بێ چه‌ند و چۆن، ده‌چینه‌وه‌ بن نیر و ئامووری ئه‌وان. راستت ده‌وێ من گه‌شبین نیم به‌وه‌ی بێباكی به‌ری بدا. جاران قسه‌یه‌ك هه‌بوو بۆ گاڵته‌ ده‌یانگوته‌وه‌: ئه‌لوه‌زعو شڕڕون فی شیمال ئه‌لعیراق. هه‌ر شڕیش ده‌مێنێ.

Go to top