We have 172 guests and no members online

 

 

 


 

1

خودایه‌. . .

چی دەبوو

گەر ئەوەی

لەسەرمدایە

رووی دابوایە؟!

ئه‌و كات

داوای سروشتێكم نه‌ده‌كرد

مرۆڤ گوڵه‌كانی هه‌لوه‌رێنێ و

یاری به‌قژی با بكات!.

2

ئه‌ی چی ده‌بوو

گەر بەیانیەک

شاعیرەکان

بەرەو

ڕوگای زەریا بچونایه‌؟!

خۆ له‌وێ

ژیان به‌ده‌م سه‌ماوه‌

ته‌ڕ ده‌بوو!

3

ئه‌ی چی ده‌بوو

ئاسمان، بۆشایه‌كانی

له‌جانتایه‌ك هه‌لگرتبوایه‌؟!

خۆ ئه‌و كات

باڵنده‌كانی قه‌فه‌س

بیری فڕینیان نه‌ده‌كرد!

4

رێگه‌ بده‌. . .

شه‌و دوا جگه‌ره‌ی

پێش یه‌كی به‌یانی

بكێشێ

له‌وه‌ته‌ی هه‌ین

به‌ دڵێكی بچوك

دوو كه‌ڵی مه‌رگ هه‌ڵده‌مژین!.

5

نازانم چی ده‌بوو

گه‌ر زه‌وی

زه‌وقی بچوكی

تێكچوبوایه‌و

نه‌چووبوایه‌ بۆ جێی ژوان؟!

به‌ده‌نگی پێی

گه‌ڵایه‌كی پایز

زه‌وی راده‌چڵەكێ و

ژوان پڕ ده‌بێ

له‌بۆنی خوێن!.

6

چی ده‌بوو

خوداكه‌م

گه‌ر ئه‌وانه‌ ڕویاندا بوایه‌و

ئه‌م ژیانه‌،

به‌ته‌نیا خۆی

به‌ڕووتی بمابوایه‌وه‌؟!

لێره‌ كۆترێ ده‌فرێ

به‌بێ ئاسمان

ژیانیش به‌ده‌م خه‌وێكه‌وه‌

به‌سه‌ر پشتی با

سه‌فه‌ر ده‌كات

دڵێك شك نابات

خۆشه‌ویسته‌كه‌ی تێدا هه‌ڵگرێ!.

کەنەدا/ئەلبێرتا

ده‌ریا ره‌واندوزی

 

 

 

 

Go to top