We have 105 guests and no members online

 1

بیرت بێ....
هه‌ر كاتێك
باران ده‌بارێ
وه‌ك جاران...
دڵم بیانوو ده‌گرێ
به‌یادی ئه‌و شه‌وانه‌ی
خه‌ونی په‌مه‌یم
به‌ئامێزی تۆ ده‌بینی و
بۆ به‌یانی به‌ بێده‌نگی،
لێم ده‌ڕوانی
ئاخۆ تۆش بیری
ئه‌و شه‌وانه‌ بكه‌ی؟!.
2
شه‌وی رابوردوو
كاتێك باران
ته‌ڕی كردم
ده‌ستم به‌ره‌و
ئاسمانێكی تاریكی ته‌ڕ
به‌رز كرده‌وه‌
ئاخۆ جارێكی تر
تاریكی شه‌و
ته‌ڕێتی ئاسمان
له‌ئامێزی گه‌رمی یه‌كتر
كۆمان بكاته‌وه‌!.
3
زه‌مه‌نێك تێده‌په‌ڕێ
به‌ته‌نیايى و به‌بێده‌نگی
چاوه‌ڕوانی هاتنى تۆم
به‌نێو خۆمدا
په‌رت ده‌بم و
شه‌پۆل ده‌ده‌م
وه‌كو جاران
نيگاى چاوه‌كانى تۆم
له‌دڵی خۆم كۆكرده‌وه‌
هه‌ر نه‌هاتی بۆ ئه‌وه‌ی
له‌ناخی ده‌ریا
شه‌پۆله‌كانی ئه‌وین ببينی!.
4
له‌خۆم ده‌چن
ئه‌و هه‌ورانه‌ی 
له‌تاریكی ژان ده‌یانگرێ
بۆ دلۆپێ باران
ده‌گرمێنن
ده‌ترسم تۆ...
له‌دلۆپه‌ باران بچی
هه‌ر جارێ دابباری
جارێكی تر
نه‌ڕژێیته‌وه دڵی ده‌ریا و
نه‌تبێنمه‌وه‌!.
5
وا هه‌ست ده‌كه‌م
تۆ هه‌موو كات
وه‌كو باران
ده‌رژێیته‌وه‌
دڵی ده‌ریا
ئیتر چۆن بتوانم
به‌بێ عیشقت
شه‌پۆل بده‌م؟
چۆن بتوانم
لێوی كه‌نار
به‌بێ تۆ...
ته‌ڕكه‌م؟
چۆن بتوانم
كه‌شتی حه‌زت
به‌ماچی لێوم
مه‌ست نه‌كه‌م
وه‌ره‌ به‌رز وه‌ره‌
وه‌ك ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی
هه‌موو شه‌وێ
له‌دڵی ده‌ریا ده‌جریوێنن!.
6
شه‌وێك وه‌ره‌
له‌تاریكی ژووره‌كه‌مه‌
سه‌وڵ له‌دڵی ده‌ریا بده
له‌سه‌ر سینه‌ی نه‌رمی ئاو
به‌ده‌نگی كه‌ناریه‌ك
گۆرانی هاتنه‌وه‌ت بچره‌
به‌باڵی په‌روانه‌یه‌ك
لێوی ده‌ریا بۆیه‌ بكه‌
وه‌ك په‌ڕه‌ی گوڵ ماچت ده‌كه‌م
بۆنی عه‌ترت
بۆ هه‌تایه‌ له‌سینه‌م دێ
په‌نجه‌كانت به‌سه‌ر لێوی ده‌ریا دابێنه‌
حه‌ز ده‌كه‌م
هه‌موو دنیا
به‌سه‌ر لێوی شه‌پۆلێكی عیشقی منا
ئارام بگرێ
به‌تنوێتی ده‌ریا جێ مه‌هێله‌
چۆن ده‌ریا عاشق به‌ بارانی
موحیبه‌تی تۆیه‌!.
7
به‌نێو رۆحی خۆت
به‌ره‌و
ئه‌زه‌لم به‌ره‌
ده‌زانم...
گه‌ر تۆ نه‌بی
تێنوێتی ده‌ریا
به‌دلۆپێ باران ناشكێ
دڵی ده‌ریا
به‌ته‌نها ماچێ
ئۆقره‌ ناگرێ
ئیتر وه‌ره‌و
به‌چه‌ند فرمێسكێك
دڵی ده‌ریا
داگیر بكه‌!.
8
تۆ...
له‌باڵنده‌ ده‌چی
هه‌موو شه‌وێ به‌ته‌نیایی
له‌تاریكی...
جێم ده‌هێلی
وه‌ره‌ بپرژێ به‌سه‌ر لێومه‌
وه‌ك شه‌رابی گوڵ هه‌نار
گه‌ر تۆ نه‌بی
كه‌س ناتوانێ
به‌هه‌ناسه‌یه‌ك به‌سه‌ر لێوم بپرژێنێ 
وه‌ره‌
ئیتر له‌گۆشه‌یه‌كی دڵی خۆت
به‌عيشق
مه‌ستم بكه‌!.
9
به‌سه‌ر شه‌پۆله‌كانی عیشقم
سه‌مای هاتنه‌وه‌ی تۆ ده‌كه‌م
نزیك به‌ره‌وه‌
دڵی ده‌ریا
دوا مه‌نزلی ئه‌وینی تۆیه
بێده‌نگ وه‌ره‌
ژووره‌كه‌م
به‌دیدارت رۆشه‌ن ده‌بێ
جه‌سته‌ی وشكم
به‌ماچی تۆ
وه‌ك ده‌ریا ته‌ڕ ده‌بێ
خۆت مه‌شاره‌وه‌
ئه‌مشه‌و بۆم ده‌ركه‌وه‌!.
10
گه‌ر ئه‌مشه‌و...
باران ببارێ
په‌نجه‌ره‌و ده‌رگا داناخه‌م
ده‌نگی پێی گه‌ڵاكان ده‌بیستم
بۆنی باران ده‌كه‌م
ماچی گوڵه‌كانیش ده‌كه‌م
هه‌ر ناخه‌وم چاوه‌ڕێتم
گه‌ر تۆ نه‌یه‌یت
ده‌ریا بێ تۆ
ده‌ریایه‌ك ئه‌شك ده‌رژێ
له‌چاوی ده‌ریا!.

 

باکووری ئەمەریکا
 دەریا ڕەواندزی

 

Go to top