We have 118 guests and no members online

 

 

 


له‌ساڵى 1981 كاتێك پاپا "John Paul )لەناو ئوتومبێله‌كه‌ى خۆی ده‌بێت، هه‌روه‌ك له‌م وێنه‌يه‌دا دياره‌،  له‌لايه‌ن "محه‌مه‌د عه‌لى ئاخجه‌"كه‌ به‌ ره‌گه‌ز تورك بوو ته‌قه‌ى لێكرا و به‌ سه‌ختى برينداربوو.

بەڵام "پاپا"ميهره‌بانى و مه‌زنى خۆى به‌وه‌ سه‌لماند كاتێك بە پێی خۆی چوو بۆ دادگا بۆ ئەوەی سەردانی ئەم کوڕە بکات، به‌ به‌رچاوى دادوه‌ره‌كاته‌وه‌ مرۆڤ دۆستى خۆى نيشانى هه‌موو جيهاندا، كه‌ به‌ "محه‌مه‌د)ى وت: کوڕم تۆ گەنجی، من تیرۆرست نیم، من ڕقم لە کوشتنە، من حەز بە ئازادی دەکەم، بۆیە تۆش ئازاد دەکەم.

ئه‌گه‌ر سه‌يرى وڵاته‌كه‌ى خۆمان بكه‌ين ده‌بێنين تاكو ئێستا پێناسه‌يه‌كى عه‌قلانى بۆ ئازادى نه‌كراوه‌، ته‌نانه‌ت تاكو ئێستا ياساو رێوشوێنى لۆژيكى بۆ دانه‌نراوه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وايكردوه‌ كه‌ كه‌سانێك خۆيان وه‌ك قارەمان و شەڕكەری ئازادی نيشان ده‌ده‌ن، لە كاتێكدا ده‌بێنين چه‌نده‌ بێ به‌زه‌ييانه‌ دوور له‌به‌هاى مرۆڤايه‌تى بە گوڵڵه‌ وەڵامی قەڵەمى ئازادو بوێر دەدەنەوە!.
ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ى خه‌ونى ئازادى تاك ده‌كوژن، باكيان به‌وه‌ نييه‌، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگايه‌كيش ژهر خوارد بن بۆ مانه‌وه‌ى خۆيان، زۆر به‌لايانه‌وه‌ ئاساييه‌ هه‌موو پيرۆزييه‌كانى نيشتمان بفرۆشن بۆ ئه‌وه‌ى خۆيان به‌خۆشبه‌ختى بژين، ئه‌گه‌ر ياسايه‌ك هه‌بێت ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ ده‌بێت له‌نێوان چوار ديوار زيندانى بكرێن، نه‌وه‌ك باسى دادپه‌روه‌رى و ئازادى بكه‌ن و خه‌ڵك گوێيان بۆ بگرێت.
ده‌مه‌وێت له‌و سه‌ركرده‌و سه‌رۆكانه‌ى هه‌رێمه‌كه‌ى خۆمان بپرسم: ئه‌گه‌ر كه‌سێك ته‌قه‌تان لێ بكات و ويستى كوشتنى ئێوه‌ى هه‌بێت و ده‌ستگير بكرێت، چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن؟ ئايا بۆ هه‌تايه‌ چاره‌نوسى خانه‌واده‌كه‌شى ره‌ش ناكه‌ن؟ ئايا رێگه‌ى پێده‌ده‌ن جارێكى تر رۆشنايى ببينێته‌وه‌، نه‌وه‌ك ئازادى بكه‌ن؟! چه‌ند كه‌س له‌هه‌رێمه‌كه‌ى ئێوه‌ تێيدا سه‌رۆك و سه‌ركرده‌و حوكمڕانن به‌هۆى وشه‌يه‌ك تائێستا بێ سه‌رو شوێنه‌؟! چه‌ند كه‌ستان به‌ديلى كوشت له‌به‌ره‌كانى شه‌ڕ، كه‌ هاوزمان و هاوئايين و هاونيشتمانى ئێوه‌ بوون؟! بۆيه‌ بيرتان نه‌چێت ده‌بێت كه‌سانێك باسى ئازادى بكه‌ن ميهره‌بان و لێبورده‌ بن، به‌ڵام ئێوه‌ نه‌ميهره‌بانن بۆ ميلله‌ت، نه‌ لێبوردن، چۆن ده‌توانن باسى ئازادى بكه‌ن؟!
له‌كۆتايى من ده‌ڵێم:
خه‌و به‌ نيشتمانه‌وه‌ دەبینم، دڵم دەسوتێ، چاوم تەڕ بووە، لە ناخەوە هاوارێ دەبیستم، هەر دەنگی فیشەک دەبیستم، مرۆڤی ئازاد قەڵەمی ئازاد، وەک مەسیح، خوێنیان تێکەڵ بە باران دەبێت، دڵم وەک دڵی ژنانی ئەنفال دەسوتێ، ئەنفال لەبەر دەرگا دەست پێ دەکات، چەند دڕندە بوون، چه‌ند بێبەزەيی و بێویژدان بوون!.


ده‌ريا ره‌واندزى

 

 

 

 

Go to top