We have 40 guests and no members online

 


چاوه‌ڕێم به‌ ئه‌ی‌ مه‌رگ،

تا له‌خه‌وێَكی‌ باریك ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌..
له‌خه‌وما شنه‌بایه‌ك گۆزه‌یه‌كه‌،
له‌سه‌ر شانی‌ دره‌ختا‌و
چل قوڵپی‌ جۆگه‌یه‌و
په‌ڕه‌نده‌ شكۆفه‌ی‌ لق‌و گه‌ڵا...!
له‌خه‌وما ئه‌ستێره‌ ئه‌و گڵۆپه‌ ره‌نگاو ره‌نگانه‌ن،
له‌حه‌وشه‌ی‌ ئاسماندا،
تاریكی‌ راوده‌نێن
كانی‌ ئه‌و په‌نجه‌ره‌ بزێوانه‌ن،
له‌ناو ئینجانه‌ی‌ كه‌مه‌ریانا،
قریوه‌ی‌ مانگ رواوه‌..!!
گوڵ‌ ئه‌و ئاوه‌ رۆشنانه‌ن،
له‌ناو گژوگیای‌ تیشكا،
موتاڵا ده‌كه‌ن‌و
له‌باخی‌ چه‌هچه‌هه‌شدا بولبول ده‌چێنن....
په‌پوله‌ پایزه‌ ئه‌و هه‌وره‌ وێڵگه‌رانه‌ن،
هه‌ر سكێچی‌"با"ده‌كه‌ن‌و
نه‌غمه‌ی‌ باران ده‌قرتێنن...
له‌خه‌وما گیانبازی‌ مناڵان گڵۆڵه‌یه‌ك پێكه‌نینن،
بۆ كه‌نده‌ڵانی‌ رابردوو تل نابنه‌وه‌...
ئێستا به‌په‌یژه‌ی‌ په‌لكه‌ ره‌نگینه‌دا سه‌رده‌كه‌ون‌و
سبه‌ینێ‌ له‌شه‌قامه‌كانی‌ عه‌رشه‌وه‌،
گریان لێده‌خوڕن...!!
ماتڵم به‌ ئه‌ی‌ مه‌رگ تا له‌بیسمیلای‌
نوێژێك ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌...با پیاچوونه‌وه‌یه‌ك به‌ بیسمیلی‌
ئه‌و ریشۆڵانه‌دا بكه‌م،
كه‌ چوونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ته‌ریقه‌تی‌ خه‌تا...
خه‌تا...بۆن‌و به‌رامه‌ی‌ ریشی‌ به‌فریان ڕنی‌‌و
ره‌نگی‌ سپییان ره‌شنوس كرد،
به‌چاوی‌ هه‌ڵه‌كۆكه‌وه‌....خه‌تا رێپێوانی‌ ئاویان كوشت‌و
چریكه‌ی‌ شه‌پۆلیان تاڵان كرد،
به‌ چاوی‌ جۆگه‌له‌وه‌...
ماتڵم به‌ باده‌زوله‌ی‌ خه‌یاڵم گیر كه‌م،
له‌كفری‌ ئه‌و كۆلاره‌ پچڕاوانه‌ی‌،
له‌گه‌ڵ‌ قه‌فه‌سدا بونه‌ ئاشنا‌و
یاداشتی‌ كه‌نارییان به‌تاڵ‌ كرد،
له‌ ئاسمان‌و باڵیان هه‌ڵكێشا،
له‌فه‌رشی‌ فڕین...
باخه‌یاڵێكی‌ سه‌وز به‌رمه‌وه‌،
حزوری‌ ئه‌و زه‌یتونانه‌ی‌
به‌ڕێگه‌ی‌ كاڵفامیا چوون‌و
ره‌نگیان برده‌وه‌ سه‌ر كوێربوون...با به‌گۆچانێك بڵێم: 
كه‌ مه‌رگ ماڵئاوایت
لێ‌ ده‌كا، له‌ نێرگزییه‌تی‌ خۆت ببوره‌‌و
ببه‌ره‌وه‌ به‌لقی‌ دره‌خت..!
با به‌سه‌ره‌ نوێلكێك بڵێم: كه‌ مردن،
له‌ كه‌مه‌رت خۆی‌ ده‌پێچێ‌
خۆش به‌خت به‌و خۆبه‌خش به‌،
كه‌ ده‌ستت ده‌گوشێ‌،
گوڵ‌ له‌سه‌ر په‌نجه‌كانته‌وه‌،
گۆرانی‌ ده‌چڕێ‌..!
* * *
مۆڵه‌تم به‌ری‌ ئه‌ی‌ مه‌رگ،
تا له‌گوناهه‌كانی‌ سێو ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌...
با له‌دالی‌ سێوه‌وه‌ گه‌شتێك بكه‌ین،
بۆ ئاستانه‌ی‌ مه‌دلوله‌كانی‌...
كه‌ چونه‌ته‌وه‌ سه‌ر گۆشه‌كانی‌ گوناه‌‌و
ره‌هه‌نده‌كانی‌ فۆبیاو
مۆمیابونی‌ ئه‌ندێشه‌و
كرداری‌ رابوردوی‌ سه‌ر ئێشه‌...
یه‌كه‌م چیرۆك له‌ مه‌دلوله‌كانی‌
فرمێسكی‌ ستیانێكه‌ به‌سه‌ر لاسكی‌
ته‌نافه‌وه‌ مه‌له‌ ده‌كا...
كه‌ خۆر ماچێكی‌ به‌ پۆستی‌ تیشكا بۆ ده‌نێرێ‌،
له‌ناو قه‌دی‌ زریكه‌یه‌كدا هه‌ڵم ده‌پۆشێ‌..
ئه‌و گوناهێكه‌ سكوتی‌ سێو...
دووهه‌م سه‌رگوزشته‌ دوو پرته‌قاڵی‌ مناڵه‌
له‌كوچه‌ی‌ قیژه‌دا ده‌سكه‌نه‌ ده‌كرێن..
ئه‌وه‌ گوناهێكه‌ سروشتی‌ سێو...
سێهه‌م پێشبینی‌ دوو فه‌ریكه‌ گوێزه‌
له‌باخێكی‌ خه‌ساودا پاشقو له‌كانی‌ باڕه‌ش‌و
ده‌سته‌كانی‌ كڕیوه‌،
تۆپه‌ڵی‌ زه‌مهه‌ریریان تێده‌گرێ‌...
ئه‌و گوناهێكه‌ سه‌رماوه‌رزی‌ سێو..
چواره‌م به‌سه‌رهات دوو هه‌نجیری‌ كه‌سكه‌،
هه‌وره‌ هاوینه‌ له‌ گه‌ردنی‌ گزنگ‌و
له‌ ده‌زوله‌ی‌ گه‌رما،
چه‌تریان بۆ ده‌چنێ‌‌و سور ده‌چنه‌وه‌
ئه‌و گوناهێكه‌ سونبولی‌ سێو...
پێنجه‌م هه‌واڵ په‌شیمانبوونه‌وه‌ی‌،
دوو هه‌ڵوژه‌ی‌ چاو ره‌شه‌ له‌ خه‌لیفه‌ت،
شه‌رم ده‌كه‌ن‌و ته‌ریق ده‌بنه‌وه‌،
به‌ سوڕی‌ مانگانه‌...!
ئه‌و گوناهێكه‌ سورستانی‌ سێو...
شه‌شه‌م نوڤلێت كه‌ سه‌فاره‌تی‌،
باخچه‌ شینه‌كان ئاسمان ته‌یده‌كاو
ده‌قیقه‌ گه‌نجه‌كانی‌ دڵی‌ ده‌ریاكان پیر...
نوڤلێتی‌ دوو هه‌ناری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ن،
له‌ فه‌توای‌ خنكاناو
له‌سواڵی‌ نزایه‌كا،
فرمێسكی‌ ده‌نگیان ده‌نوێ‌...!!
ئه‌و گوناهێكه‌ بۆنستانی‌ سێو...
حه‌وته‌م رۆمان په‌ڕه‌كانی‌ له‌ته‌پ‌و تۆز‌و
به‌رگه‌كه‌ی‌ له‌دوكه‌ڵ‌‌و
دێڕه‌كانیشی‌ له‌سه‌رچڵی‌ حه‌واو ئاده‌م
له‌و نمایشی‌ گومڕابوونه‌دا،
دڵی‌ خوا گریا...!
ئه‌وه‌ گوناهێكه‌ سه‌هوی‌ سێو...
* * *
ماتڵم به‌ ئه‌ی‌ مه‌رگ ته‌نها دوو چركه‌ كاتم به‌رێ‌
با سه‌فه‌ر بكه‌م به‌كوچه‌كانی‌ ژیانا...
ژیان...له‌وكاته‌ی‌ مێوێكی‌ هه‌رزه‌كار سه‌فه‌ر ده‌كا،
بۆ ده‌ڤه‌ری‌ به‌هار،
كه‌پشتی‌ دیوار ده‌خورێنێ‌
گه‌ڵا فه‌رشێكی‌ فێنك راده‌خا‌و
قه‌دو لق‌و چڵ‌ باڵنده‌ی‌ تیا ده‌ڕوێ‌..
ژیان له‌وكاته‌ی‌ ئێواره‌یه‌ك سه‌فه‌ری‌،
پیربوونی‌ خۆی‌ نیشان ده‌دا..
بورجی‌ بولێڵ‌ ده‌سنوێژی‌ ده‌گرێ‌،
به‌مه‌رگی‌ زه‌رده‌په‌ڕ...
ژیان...له‌وكاته‌ی‌ هاوینێك،
به‌سه‌فه‌ری‌ گه‌رماوه‌ جه‌نجاڵه‌...
هێشووه‌ ترێیه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كی‌ له‌زه‌ته‌وه‌ بانگی‌ ده‌كا،
تا نامه‌ داخه‌كانی‌ عاتیفه‌ی‌ بۆ راڤه‌ كا...
ژیان...له‌وكاته‌ی‌ روبارێك سه‌فه‌ر ده‌كا،
له‌درزی‌ پێڵاوه‌كانیه‌وه‌ تا پێچی‌ پشتوێن،
زیخ‌و چه‌و حونجه‌ی‌ زه‌وق ده‌كه‌ن‌و
له‌ده‌ماره‌كانی‌ قه‌وزه‌شدا ئارشیفی‌ ئاره‌زوو....!!
بوه‌سته‌ی‌ ئه‌ی‌ مه‌رگ ئه‌من خۆم ناكوژم،
ته‌نها هیوایه‌كم هه‌بێ‌ هه‌رتۆی‌...
كوشتن مۆدێلی‌ كه‌سێكه‌ هیوای‌ پێت نه‌ماوه‌...
به‌س ته‌نها چاره‌كێ‌ له‌ته‌مه‌نم
به‌ ئومێدی‌ ئاو بسپێره‌...
كه‌ رۆحم ته‌ماشای‌ ده‌سپێرێ‌،
به‌خێڵی‌ دارچنارو به‌تایفه‌ی‌ شۆڕه‌بی‌،
به‌ته‌نیشت تاڤگه‌ی‌ فڕینه‌وه‌
جه‌سته‌یه‌ك رۆشنایم هه‌یه‌
تێر به‌ ئامۆژگارییه‌كانی‌ ئاو...
كه‌ روانینم ئاوێزان ده‌بێ‌ به‌پیاسه‌ی‌ گیا،
له‌هه‌موو چڵی‌ رێگایه‌كه‌وه‌
هزرێك ده‌پژمێ‌، پژمه‌ی‌ ئاو..
كه‌ قسه‌كانی‌ سه‌راب روانینمان ده‌خنكێنێ‌،
له‌هه‌ر تنۆكی‌ تراویلكه‌یه‌كدا،
ئاسه‌واری‌ ئاوێك هه‌یه‌ نوستوو...
كه‌ قاقای‌ ئاگرێك ده‌مرێ‌
له‌كوژانه‌وه‌ی‌ هه‌ر كڵپه‌یه‌كدا،
هه‌ناسه‌كانی‌ ده‌بنه‌ شه‌ربه‌یه‌ك ئاو..
كه‌تریفه‌ی‌ مانگ پێڵاوه‌كانی‌ شه‌و حه‌شارده‌داو
سكونێك ده‌خاته‌ سه‌ر ئیعرابی‌ تاریكی‌،
ئه‌ڵهایه‌تی‌ مه‌له‌بكا له‌حه‌وزێك ئاو....
كه‌ پرچه‌كانی‌ ی‌خۆر به‌قردێله‌ی‌ هه‌ڵم
خۆیان گرێ‌ ئه‌ده‌ن
بۆ هه‌ڵكردنی‌ پێكه‌نین تامه‌زرۆن،
بگه‌نه‌ دوو نوكته‌ی‌ ئاو..
كه‌ تاریكییه‌ك ته‌نیایی‌ تیا راكشاوه‌،
گه‌ر هیوای‌ به‌مردن هه‌بێ‌
ده‌زووله‌یه‌ك رووناكی‌،
له‌دڵیا هه‌ڵده‌قوڵێ‌‌و ده‌بێته‌ باڵه‌فڕی‌ ئاو..
كه‌ به‌ردێك به‌ ئازاره‌وه‌ تل ئه‌دا،
گه‌ر پشتی‌ بشێلی‌‌و بیخه‌یته‌ سه‌رپێ‌
چه‌مێكی‌ ئاوییه‌ ئاو....
كه‌ به‌له‌می‌ پوشێك له‌ده‌شتی‌"با"سه‌وڵ‌ لێده‌دا،
گه‌ر ماندووبوون له‌ده‌سته‌كانی‌ بته‌كێنی‌،
مردن له‌دڵیا زیكر بكا،
به‌ ئه‌وینی‌ ئه‌فلاتونییه‌وه‌ تا ئیلاهی‌،
ده‌گاته‌ ویساڵی‌ ئاو....
بوه‌سته‌ ئه‌ی‌ مه‌رگ ته‌نها چاندنی‌
قسه‌یه‌كم ماوه‌، بۆ وه‌رزی‌ وتن...
قسه‌یه‌ك...ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر خه‌یاڵدانی‌ چیمه‌ن
تژی‌ به‌فواره‌ی‌ سه‌ما...
ئه‌وه‌ فه‌رمووده‌ی‌ چه‌پكێك ئاوه‌،
چاوه‌ڕوانی‌ به‌ر ئه‌داته‌وه‌...
قسه‌یه‌ك....ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر قڵیشانی‌
پێیه‌كانی‌ هه‌رمێ‌‌و هه‌نار
حه‌قیقه‌ت پایپی‌ پایزێكه‌ ئه‌به‌د ناكێشرێ‌،
تا قه‌ڕنی‌ قیامه‌ت نادۆزرێته‌وه‌...!!
قه‌سه‌یه‌ك...ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر شه‌رمی‌ گێلاسێك،
سیخناخ به‌سوربوون...
ئه‌وه‌ موچڕكه‌ی‌ له‌زه‌تی‌ عیشقێكه‌ كه‌ ده‌ستت لێدا،
بۆ گه‌مه‌كانی‌ مه‌رگ ماتڵه‌..!
قسه‌یه‌ك...ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر،
هه‌وری‌ گۆزه‌یه‌ك‌و ده‌ڵێ‌:-
ئه‌وین شه‌رابێكه‌ ره‌چه‌ڵه‌كی‌،
هه‌ر ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر ته‌نهایی‌...
كێ‌ پرس به‌بروسكه‌ی‌ دڵی‌ خه‌ییام ده‌كا،
هه‌وری‌ گۆزه‌ پارچه‌یه‌كه‌ له‌دڵی‌؟!
ماتڵم به‌ ئه‌ی‌ مه‌رگ ئه‌من خۆم ناكوژم
ته‌نها هیوایه‌كم هه‌بێ‌ هه‌ر تۆی‌
كوشتن مۆدێلی‌ كه‌سێكه‌ هیوای‌ پێت نه‌ماوه‌
بوه‌سته‌ ئه‌ی‌ مه‌رگی‌ ئه‌زیزم بوه‌سته‌...
ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌
ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ خه‌لاتی‌ یه‌كه‌می‌ وه‌رگرت،به‌هاوبه‌شی‌ له‌فیستیڤاڵی‌ گه‌لاوێژ ساڵی‌ 2004

 

 

Go to top