We have 73 guests and no members online

لەماوەی تەنها 48 سەعاتدا ژنێک لە دهۆک بە 15 گوولە دەکوژرێ و تەرمی فڕێدراوی دوو خوشکی پاکیزەی بێسەروشوێنکراو لە سلێمانی دەدۆزرێنەوە. بەداخەوە لەم کۆمەڵگا نێرسالارەی ئێمەدا هەفتەیەک تێناپەڕێ ژنێکی تێدا نەکرێتە قوربانیی بیری بۆگەنی نامووسپارێزی. هەفتەیەک تێ ناپەڕێ ئەهریمەنەکان باڵی فریشتەیەکی تێدا نەبڕن و جەستەی ئەنجن ئەنجن نەکەن.

کۆمەڵگایەک لە لایەکەوە خۆی بە خاوەنی زیاتر لە 5000 مزگەوت، 30 زانکۆ و پەیمانگا، سەدان دەزگای ڕاگەیاندن و چاپخانەو خانەی چاپ و بڵاوکردنەوە، لەشکرێک لە مامۆستاو خوێندکاری زانکۆکان، لێشاوێک لە میدیاکارو رۆژنامەنووس و نووسەر، هێردێک لە خۆ بە ڕوناکبیرزان و مافخوازو هەلسوڕاوی کۆمەڵی مەدەنی و سیاسی دادەنێ و شانازییان پێوە داکات، کەچی لەلایەکی ترەوە تاوانگەلێکی دژ بە ژنی بەو ڕێژەو بەو دڕندەییەی تێدا ڕوودەدەن. ژنان وەکو ورچ و گورگ و بەراز دەکوژرێن و لاشەکانیان فڕێ دەدرێن.

ئاخر پێمان ناڵێن کارو پەیامی مزگەوت و زانکۆو ڕێکخراوو راگەیاندنەکانتان چین؟! پێمان ناڵێن دەستکەوتەکانتان لە بنەبڕکردنی ستەم دژی ژندا کامانەن؟! کۆمەڵگایەک لە هەناوەوە هێندە داڕزابێ، مەلاو پرۆفیسۆر و رۆژنامەنووس و چالاکانی ماف و کۆمەلگای مەدەنیی تێیدا چ ئەرزشێکیان هەیە؟! نمایش و خۆ نواندن ڕووپۆشکردن ئیتر بەس نییە؟! کاتی نەهاتووە دان بە شکستەکانتاندا بنێن، یان بچنەوە ماڵەکانی خۆتان و دەست لە یەخەی کۆمەڵگەیش بەردەن، یان بە کردەوە ئیتر دەست بە ساڕێژکردنی برینەکان بکەن؟!

شەرمەزارییە لەچاوی کامێراکانەوە پروپاگەندەی پێشکەوتن و مافەکانی مرۆڤ دەکەن، کەچی لەولاوە ژنکوژەکانی وەکو سالە مزەلی و دەیانی ژنکوژی تر لەسەر بنەمای سوڵحی عەشایەری ئازاد دەکەن! ئەم سوڵحە عەشایەریەی کە کردووتانەتە مەرج بۆ لێبوردنی تاوانکاران، ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی ژنانی بێ تاوان دەدوورێتەوەو شکۆی دادو دادوەریتان وردوخاش دەکات. یاساو دادوەری چ بایەخێکیان دەمێنی کە نووچ بۆ سوڵحی عەشایەری، واتا حەزی وەحشییانەی تاوانکردنی ئازادانە و بێ لیپرسینەوەی پیاو، بدەن!

گرفتی ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێوستی بە هەنگاوی کردەیی هەیە. با ڕیکخراوو ناوەندە پەیوەندیدارەکان دەست لە دەرکردنی بەیاننامەی شەرمنانەو ناڕەزایی دەمامکدارانە هەڵگرن. با حکومەت دەست لە بەهەدەردانی بودجە بۆ هەفتەو وەرزێکی دیاریکراوی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەڵگرێ. ژیانی ژن بە دەرکردنی بەیاننامەو خۆ نیشاندان و قسەی زلی سەرپشت مایکرۆفۆن و تەلەفزیۆن و سیمیناری هۆڵە داخراوەکان ناپارێزرێ. ئەم قەسابخانەیە پێوسیتی بە هاتنە مەیدان هەیە. پێویستی بە هاتنە دەنگی لیژنەکانی فتواو داواکاری گشتی و حکومەت هەیە. پێویستی بە قسەلەسەرکردنی بەردەوامی مامۆستایانی ئاینی و مامۆستایانی زانکۆو رۆژنامەنووس و سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە. لەجیاتی ساڵی هەفتەیەک، دەبێ دەزگای هۆشیاری دژی توندوتیژی دابمەزرێ. دبێ ئەم دەزگایە ڕێنمایی هۆشیارکردنەوە ئامادە بکات. ڕۆژانە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕێنمایی و پەیامی هۆشیارکردنەوە بە گوێی گوێگرو چاوی بینەرو خوێنەراندا بدەن. دەبێ سوڵحی عەشایەری وەکو مەرجی لێبوردن هەڵبوەشیتەوە. دەبێ ئەنجامی حوکمی تاوانکارانی ئەم تاوانانە بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێن. دەبێ ئەم تاوانانە لە تاوانی کەسییەوە بکرێتە تاوانی گشتی و دژی کۆمەڵگاو داواکاری گشتی دۆسیەکانی بجولێنێ. دەبێ هەر کەسێک بەنیازی تاوانێکی لەوجۆرە بێ، دڵنیابێ سزای توند دەدرێ و لێخۆشبوونی نییە.

 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

Go to top