We have 81 guests and no members online

گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ری به‌ریتانی راجێر واتێرز، له‌ وتووێژێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆنی بی بی سی ڕایگه‌یاند: فیلمه‌كانی به‌همه‌ن قوبادی زۆر جوانن و یه‌گجار زۆر بینه‌ر ڕاده‌چڵه‌كێنن.

شاعیر، گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ری ناوداری به‌ریتانی و ئه‌ندامی سه‌ره‌كی گرووپی موزیكی "پینك فلۆید" جۆرج رۆجه‌ر واتێرز George Roger Waters له‌ وتووێژێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤیزیۆنی بی بی سی ڕایگه‌یاند: سینه‌ما ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندنی زۆر به‌هێزه‌ و من یه‌كێكم له‌ لایه‌نگرانی به‌رهه‌مه‌كانی فیلمسازی ئێرانی به‌همه‌ن قوبادی. "كاتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان" و "كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌توانن بفڕن". . . ئه‌م فیلمانه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌یانناسنن و فیلم گه‌لێكی زۆر جوانن و یه‌گجار زۆر بینه‌ر ڕاده‌چڵه‌كێنن و له‌ڕاستیدا هه‌ر ئه‌و شته‌ باس ده‌كه‌ن كه‌ من سه‌باره‌ت به‌ "له‌قه‌ لێدانی چه‌كمه‌كان له‌ ده‌رگا" باسی ده‌كه‌م و ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م باروودۆخه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ك ناخۆش و هه‌ست بزوێن و نامرۆڤانه‌یه‌.

گوتیشی: هه‌ر كه‌س تا ئه‌و جێگایه‌ی كه‌ بۆی ده‌گونجێت ده‌بێت هه‌وڵبدات ئه‌م باروودۆخه‌ بگۆڕێت و هه‌رچی زیاتر له‌سه‌ر مرۆڤه‌كان له‌ دنیادا كاریگه‌ری ئه‌وتۆ دابنێت. قوبادی ئه‌م كاره‌ ده‌كات به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌سێك تاوانبار بكات، چونكه‌ چیرۆكه‌كانی له‌وپه‌ڕی ئاساییدا كاریگه‌رن و پنچكی قووڵیان له‌و كه‌لتووره‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و به‌ باشی لێی ده‌گات.

واتێرز ئه‌وه‌یشی ئاشكرا كرد: به‌همه‌ن قوبادی له‌ هونه‌ر و پسپۆڕیه‌كه‌ی وه‌كوو فیلمسازێكی گه‌وره‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت تا ژیان بۆ ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بگێڕێته‌وه‌ و ئێمه‌ له‌ جاران زیاتر مرۆڤتر بكات.

به‌همه‌ن قوبادی به‌نیازه‌ بانگهێشتی رۆجه‌ر واتێرز بكات تاكوو سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات و هاوكات له‌گه‌ڵیاندا قسه‌ بكات بۆ پڕۆژه‌كانی داهاتووی و هاوكاری و دروستكردنی كلیپ له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ره‌ به‌ریتانییه‌.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

Go to top