We have 13 guests and no members online

یەكێك لە گرفتەكانی تاكی خۆشباوەڕ، تاكێك كە خاوەنی خۆھوشیاریی و سەربەخۆیی بیركردنەوە و سەربەخۆیی كەسایەتی نییە، وەك پووش و گەڵای وەریو، بە ئاسانی ڕەشەبای ڕۆژگار لەتەك خۆیدا ڕاپیچیدەكات و بە ویستی باكانی ڕۆژگار، لە جێیەك كۆمادەبێت؛ ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای "كاژیك"و ڕۆژاگارێك لەبەردەم "پدك"و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای "حشع"و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای "ڕزگاری"و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای "كۆڕەك"ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای "ینك"و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای "ئاش"و ڕۆژگارێك لەبەردەم بارەگای ئیسلامییەكان ["حاكع"و "جا"و "یاكع"و "كاكع"و "ناكع"و "جاكع"و "اا"و "سەلەفی"و ...تد ] و ڕۆژگارێك لەبەردەم كۆمپانیای وشە و گردە دزراوەكەدا، بەڵام ھیچ كات و تەنیا بۆ جارێكیش لەبەردەم ماڵی خۆی و لە ڼێو كۆڵان و گەڕەك و لە شوێنی كار و فەرمان و خوێندنی خۆیدا نا.ھیچ كات لەپێناو خۆڕێكخستن و سەپاندنی داخوازییە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكانی خۆیدا نا، بەڵكو ھەردەم لەپێناو ساختەچییەتی ڕامیاریی ئەوانی دیكەدا، ئەوانەی كە ھەردەم دەخوازن سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییە ڕەواكانی ئەو و ھاودەردەكانی ببن و وەك پەیژەیەك بۆ گەییشتن بە دەسەڵات و پارلەمان و كەڵەكەكردنی سەرمایە و مشەخۆریی، بەكاریانبەرن ! بەداخەوە ئەوەیە تاكی ناڕازی و گۆرانخوازی كورد، كە لە ھەموو سەردەمەكاندا چ لە شاخ و چ لە شاردا، ھەردەم بەھۆی خۆشباوەڕیییەوە پاشڕەوی "فی سبیل اللە"ی ڕامیاران بووە.

ھەڵبەتە لێرەدا نامەوێت و مەبەستیشم نییە، خۆم وەك سۆپەرمانێك لە دەرەوەی بازنەی بوونی ئەو تاكە بەدبەختانەدا وێنابكەم، بەپێچەوانەوە ڕۆژگارێك منیش لە تەمەنی ھەرزەكاریی ڕامیارییمدا، پاشڕەویی یەك دووانێك لەو پارت و گروپانە [چەپەكانیان] بووم، بەڵام بە وانەوەرگرتن لە ئەزموونەكانی خۆم و ئەوانەی پێش خۆم، توانیوومە خۆم لە تەلیسمی ڕامیاریی ڕزگاربكەم و بەخۆم بیربكەمەوە، بەخۆم دیاردەكان ھەڵسەنگێنم و ڕێگەنەدەم دەزگەكانی دەبەنگكردنی مرۆڤ [تەلەفزیۆن و میدیای دەسەڵات و پارتە ڕامیارییەكان]، ڕووداوەكانم بۆ شیبكەنەوە و بەرەو بەھەشتی ئاسمان و زەوی ڕێنوێنیم بكەن.

كەم نەبووین ئەوانەی كە لە ناھوشیارییمانەوە ڕۆژگارێك بووینە سووتەمەنی جەنگە نێوخۆییەكانی میلیشیاكانی ناسیونالیزمی كورد و گیان و ژیان و بوونی خۆمان كردە قوربانی بەدەسەڵاتگەییشتنی كۆمەڵێك دەسەڵاتخواز و مشەخۆر لەژێر دێوجامەی ڕزگاری نەتەوە و نیشتماندا و كۆمەڵێك سەركوتگەرمان گۆڕێن بە كۆمەڵێكی دیكە، بێجگە لە زەمینەسازیی بۆ پیادەبوونی نەخشەكانی داگیركەران و وێرانكردنی زیاتر لە ٣ ھەزار گوند و زیندانییبوون و لە سێدارەدانی ھەزارانی دیكە و كوژرانی ھەزارانی دیكە لە جەنگی نێوخۆیی ١٩٦٣تا ١٩٩٨، كیمیاكوژكردنی زیاتر لە ٥ ھەزار كەس و ئەنفالكرانی نزیكەی ١٨٠ ھەزار جوتیار و گوندنشینی ناوچەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی ڕژێمی داگیركەر و كردنی كوردستان بە بەشێك لە جەنگی ماڵوێرانگەرانە و ناڕەوای عیراق-ئێران.ھەر خۆشباوەڕیی تاكی ژێردەستی كورد بوو، كە ڕاپەڕینی وەك قۆچێك لەبەردەم چەقۆی حازرخۆرانی سفرەدڕ دانا و ئەو نەھامەتییەی بارھێنا، كە دوو دەھەیە، ھەمان تاك دەرگیری دەستوپەنجەنەرمكردنە لەتەكیدا و لەوانەیە دیسانەوە چەند دەھەیەكی دیكەش ناچار بە قوربانیدانبین، تاوەكو بتوانین لە ڕاپەڕینێكی دیكەدا دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد وەك دەسەڵاتی بۆرجوازی عەرەب [ڕژێمی بەعس] ڕابماڵێنەوە.

بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا، ھیچ كات دەسەڵاتداران و مشەخۆران دەستەوئەژنۆ دانەنیشتوون و چاوەڕێ نەماونەتەوە و نامێننەوە، تا ئەو چەند دەھەیەش بگوزەرێت و مەرگی خۆیان ببینن.ئەوان ھەر لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە ھەرچی خۆفرۆش و بەكرێگیراو ی ڕژێمی داگیركەری بەعس ھەبوو، بەناوی "چەكداری شۆڕشگێڕەوە" بۆ سەركوتی خەڵكی ڕاپەڕیوو ڕێكیانخستنەوە و بەریاندانەوە گیانی خەڵك.ئەو كات "نەوشیروان موستەفا"و ھاوڕێكانی ئەندازیاری "شۆڕشگێڕكردنی" چەكدارەكانی بەعس و گفتوگۆ لەتەك بەعس بوون، ئەو كات ئەوان لەلایەك ڕەشەكوژی ژنانیان بە پاساوی نامووسپەرستی كوردایەتی و ھاریكاری لەتەك بەعس ڕەوادەبینی و ژنانیان بەبیانووی ھاریكاری ڕژێمی بەعس ڕەشەكوژیدەكرد و لەلایەكی دیكەوە قرتێلەی "شۆڕشگێڕی"ییان لە بەرۆكی پیاوانی ھاریكاری بەعس و پێشلەشكرانی وێرانكردنی گوندەكان و كیمیاباران و ئەنفال دەدا! ئەو كات ئەوان تا ساڵی ٢٠٠٦، ھاودەنگی بڕیاری سەركوت و زیندانیكردن و كوشتن و لەسێدارەدانی لاوانی خۆنیشاندەری ھەڵەبجە و ناوچەكانی دیكە بوون!

لەوانەیە تا ئێرە، خۆشباوەڕیی و ناھوشیاریی تاكی كورد، وێڕای ئەو ھەمووە ئەزموونە، زۆر شایانی سەركۆنە نەبێت، لەبەرئەوەی بوون و ستەمگەریی و كارە چەپەڵەكانی ڕژێمی بەعس، تا ڕادەیەك پاساو و ھاندەر و تەشەپێدەری بوون.بەڵام كاتێك كە تاكی كورد، دەسەڵاتداریی و مشەخۆریی بۆرجوازی كورد دەبینێت و بە كردوەوە جیاوازنەبوونی لەتەك ڕژێمی بەعسدا بۆ دەردەكەوێت، ئیدی بێجگە لە خێلگەراییبوون و شارچییەتی، ھیچ بیانوو و پاساوێك نییە، كە بتوانێت داكۆكی لەوە بكات، ئەو تاكەی كە بە ھەمان شێوەی سەردەمی بەعس لە خۆنیشانداندا تەقەی لێدەكرێت، تیرۆردەكرێت، ئاوارەدەكرێت و ماڵ و سەرپەنای دەستی بەسەردادەگیردرێت و لەسەر لایەنگریی لە لایەنێكی دیكە لەسەر كارەكەی لادەدرێت و گەڕانەوە و سەردانی كوردستانی لێ قەدەخەدەكرێت، سەرباری ھەموو ئەوانە وەك ئەوەی كە لە مێژووی نیو سەدەی ڕابوردوودا نەژیابێت و ئاگادارنەبێت، زۆر بە خۆشباوەڕیی و خوێنساردییەوە، یەكێك لە ئەندازیارانی جەنگی نێوخۆ و تیرۆر و سەركوت، دەكاتە شوانەی خۆی و بە دەنگدان دەیگەیێنێتە دەسەڵاتداریی و مشەخۆریی پاشایانەی دەسەڵاتدارانی بەر لە خۆی !

ئیدی ئەمە ئەوپەڕی داماوی و دەستەمۆبوونی تاكی كوردە لە لیتاوی ناسیونالیزم و دەسەڵات و دەوڵەتی خۆییدا، ھاوكات ئەمە ھەم شایستەی ئەو پەڕی بەزەییپێداھاتنەوەیە و ھەم شایانی ڕەخنەلێگرن و سەركۆنەكردنە، بەتایبەت لە كاتێكدا كە بە ھاوار و ئاواتی گۆڕانخوازییەوە دوای جەلادانی خۆی دەكەوێت و ھیوای ئایەندەییەكی بەختەوەریان پێوەگرێدەدات و چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەكات، كە پێچەوانەی خەونی دەسەڵاتخوازانە و مشەخۆرانەیان، ئەو ھەلپەرستانە بێن و ببنە بەدیھێنەری ئاواتەكانی خەڵكی ستەملێكراوی كورد !

ھەڵبەتە لێرەدا نامەوێت تاكی ناھوشیاری كورد وەك تاكە بوونێك لە مێژوو و لە جیھاندا نیشانبدەم، بەداخەوە ئەوە تایبەتمەندی تاكی چەوساوە و ژێردەستی گشت جیھانە و لە وڵاتانی تۆپ-پێشكەوتووی پیشەسازی و تەكنەلۆجیدا، لیتاوەكە لەوە خەسترە و پاش زیاتر لە چەند سەدە مافی دەنگداتن بە دەسەڵاتخوازان و مشەخۆران و ھەڵبژاردنی سەروەرانی خۆی، پاش سەدان ساڵ ئەزموون لەوەی كە ھەڵبژرادنی پارلەمانی ھیچ كات ئامراز و ڕێگەی گۆڕینی كۆمەڵگە و سیستەمەكە نادادوەرەكەی نییە و ھەردەم پاش ھەر دەنگدانێك، تاكی ژێردەستی خۆشباوەڕ تەنیا یەك كاری ئەنجامداوە، ئەویش سەندنەوەی مافی دەسەڵاتداری و مشەخۆریییە لە كۆمەڵێك ساختەچی ڕامیار و دانی بە كۆمەڵێكی دیكە لەوان ساختەچیتر، كە بەدیاریكراوی گەمەی دەستاودەستپێكردنی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەیە لەلایەن ساختەچیانی ڕاستەوە بۆ چەپ و لە ساختەچییانی چەپەوە بۆ ڕاست، ھیچی لە خۆشباوەڕیی و بەدبەختی تاكی كورد كەمتر نییە، كە لە دووی سەرۆكی باش و پارتی باش و ڕامیار'ی باش و پارەلەمان و پارلەمانتار'ی باشدا وێڵە و پاش ئەو ھەمووە ئەزموونە مێژوویانەی مرۆڤایەتی، ھێشتا نەیتوانیوە ئەوە دەركبكات، كە گرفت لە ڕوخساری كەسەكان و ناوی پارت و لیستەكاندا نییە، بەڵكو گرفت لە خودی پێكھاتەی سیستەمە ڕامیارییەكە و میكانیزمەكانی ڕێكخستنیایەتی و دەسەڵاتی سەرووخەڵكی بەدەست ھەر كەسێكەوە بێت، تەنیا یەك ئەركی ھەیە، ئەویش پاسەوانی و پاراستنی دزییە، پاسەوانی و دابینكردنی مشەخۆریی چینێك و دەستەبژێرانێكی دیاریكراوە، ئیدی ئەوە ھیچ لە ناوەڕۆكی ئەو دزییە ناگۆرێت؛ من سەرۆك و دەسەڵاتداربم یا تۆ و ئەوانی دیكە، چونكە پێناوێك كە سیستەم و سەروەریی چینایەتی لەپێناودا ھاتووەتە بوون، دزی و مشەخۆرییە بەسەر سامان و داھاتی كۆمەڵگە و داگیركردنی ڕەنجی چین و توێژە ژێردەستەكانی خوارەوەیە !

بەپێچەوانەوە دەمەوێت ئەوە نیشانبدەم، گۆڕانێك كە تاكی خۆشباوەڕ و پاشڕەوی ڕامیاران دەیخوازێت، ھەمان گۆڕان نییە، كە دەسەڵاتخواز و مشەخۆرێك دەیخوازێت.بۆ نموونە لە ھەنگاوی یەكەمدا خەڵكی بەگشتی خوازیاری دابینكردنی كۆمەكە كۆمەڵایەتی و بیمە دەرمانی و چاكسازی و نۆژەنكردنەوەی سیستەمی خوێندن و پەروەرە و یاساكانی كار و نیشتەجێبوون و مسۆگەریی ئازادییە تاكەكەسیی و گشتییەكان و بوونی دادپەروەریی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی لە بەھرەمەندیی و ڕێكخستنی كاروبارەكانی كۆمەڵگە و بەڕێوەبردنییەتی.بەڵام لەبەرئەوەی كە لە پڕۆسێسێكی مێژووییدا بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بەخۆ و ھاوپشتی و ھەرەوەزیی كۆمەڵایەتی، كە جاران پشتییان پێبەستراوە، لەودا [لە تاكی ژێرەست و نەدارادا] لەنێوبراون و لاوازكراون و خۆی كراوەتە پاشگر و تاك و ئەندامی ناچالاك و نائومێد، تا ئاستی ئەوەی كە خۆی بە دەنگێك و ئامرازی بەسەروەركردنی كەسانی دیكە دابەزێنراوە و دەبینێت، ھەموو ھێزێك لە دەرەوەی خۆی بە دیاریگەری چارەنووسی خۆی دەزانێت و ئامادەیە ملی ھاوكار و ھاوسێ و ھاوپۆل و ھاوڕێ و ھاودەم و ھاوسەر و ھاوحەز و ھاوڕەگەز ھاودەردانی خۆی، لەپێناو بەختەوەربوون و بەدەسەڵاتگەییشتن و مشەخۆربوون و كەڵەگابوونی كۆمەڵێك ساختەچی ڕامیاردا، بشكێنێت و تیرۆری جەستەیی و ھۆشی و ئاوەزییان بكات !

من بەپێچەوانەوەی تاكی خۆشباوەڕ و ناھوشیار و پاشكۆوە، ھیچ لادانێك لە ھەڵوێست و لە مەبەست و لە بەڵێن و لە بەرنامە و لە ستراتیجی لیستی بەناو "گۆڕان" و سەرۆك و سەركردایەتییەكەی و ئەندامپارلەمانەكانیدا نابینم و پێشتر ھەمان بۆچوونی ئێستام ھەمووە و لە ساڵی ١٩٩١یشدا ھەمان ھەڵوێست و ھەڵسەنگاندنم بەرامبەر بە دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد ھەبووە و كاتێكێش كە ساڵی ١٩٩٢ لە زیندانی ئەو دەسەڵاتەدا شانازی ئازادیخوازبوونم پێبڕدرا، لە پشت دەرگەكانی زیندانی دەسەڵاتدارانی كوردزمانەوە دەمگوت "ئەوەی بۆ دەسەڵاتی بۆرجوازییانەی بەعس و چلكاوخۆرەكانی تەواونەكرا، دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی كورد دەیگەیێننە لوتكە، ئاوەدانكردنەوەی زیندانەكان و گرتنی ئێمە سەرەتای كارە، دێمۆكراتی پارلەمانی و دیكتاتۆری جەنەراڵەكان، دوو دیوی یەك دراون ".ھەروا كاتێك كە ئێمە سۆشیالیستخوازەكان ئەوەمان دەگوت، ھێشتا جەنگی نێوخۆیی باڵەكانی بۆرجوازی كورد ڕووینەدابوو، ھێشتا ڕژێمی بۆرجوازی بەعس نەڕووخابوو، ھێشتا تەقە لە خۆپیشاندەرانی ھەڵەبجە نەكرابوو، ھێشتا ژورنالیستان تیرۆرنەكرابوون، ھێشتا گەندەڵی ڕامیاریی و ئابووریی، كۆمەڵایەتیی نەكرابوونەوە، ھێشتا "ینك"و تاڵەبانی ناچارنەبووبوون ١٠ ملیۆن دۆلار بە دەستە ئاسنینەكەی نێو سەركردایەتی خۆیان [نەوشیروان موستەفا] بدەن، تاوەكو ناڕازاییانی ژێردەسەڵاتییان لەخشتەبەرێت، ھێشتا "جەلالی" و "مەلایی" [ بەكوشتدەرانی ھەزاران ڕۆڵەی كرێكار و زەحمەتكێشی كورد لەژێر دێوجامەی ڕزگاری] پەیمانی ستراتیجیان نەبەستبوو، ھێشتا نەوشیروان'ی چەپ و ئیسلامییە خەلیفەخوازەكان پەیمانی ستراتییجیان بەیەك نەدابوو، ھێشتا و ھێشتا و ھێشتا تاكی كورد، پاش ئەو ھەموو تاوانانە، بڕیاری ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپتری نەدابوو.ئەو كات بۆ كەمینەی سۆشیالیستخوازەكانی كوردستان، ئەم بەدبەختییانەی ئێستا ڕۆشن بوون و دەمانزانی ئەگەر تاكی كورد لە ئەزموونی گەلانی ناوچەكە و جیھان وانەی خەبات وەرنەگرێت، سەری لە پاشكۆیی و خولانەوە لە بازنەی بۆشی خۆشباوەڕیی بە خوشك و برایەتی چەوساوە و چەوسێنەری كوردزماندا دەسووڕێتەوە، لەسەر گۆڕانێك خۆی بەكوشتدەدات، كە گۆڕانخوازیی ئەو نییە، لەسەر بەرنامە و لیست و ستراتیجی لیستێك ئامادەی تیرۆر و سەركوتی ھاوسێكەیەتی، كە ھی ئەو نییە !

بەڵێ پاش ٢٣ ساڵ دەسەڵاتداریی پێشڕەوانی بۆرجوازی كورد و پاش حەوت ساڵ چاوەڕوانمانەوە و خۆشباوەڕیی بە فڕینی وشترەوە، تازە بە تازەكی تاكی كورد خەریكە دادەچڵێت.بەڵام بەداخەوە بەدەم وڕێنەكردن بە كۆمەڵێك دەستەواژەی ڕامیاریییەوە، كە ھیوا بەخۆی دەدات و لە دووی دۆزینەوەی سوارچاكێكە بۆ بەدیھێنانی خەون و ئاوات و داخوازییەكانی، وەك ئەوەی بەخۆی لە ھەموو توانایییەكی مرۆیی خاڵیبێت !

ئایا بەڕاست نەوشیروان و لیستەكەی و پارتەكەی و پاشڕەوەكانی دژەخونییان لە خەڵك كردووە و بەڵێنی خۆیان شكاندووە و نەبردووەتەسەر، یا ئەوە خودی خەڵك و تاكی ژێردەستە، كە خۆی لە خۆشباوەڕیی و لەخشتەبراویی و فریوخواردندا دەستەمۆكردووە و نایەوێت دەستبەرداری خۆشباوەڕیی بە "دەوڵەتی نەتەوەیی" و "دەسەڵاتی خۆیی"، "سەرۆكی باش" و تڕۆھاتگەلی دیكە ببێت.ئایا نەوشیروان و لیستەكەی ھیچ كات پاگەندەی ئەوەیانكردووە، كە بەر بە تایبەتییكردنەوەی كەرتەكانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریی و خوێندن و پەروەردە دەگرن؟ ئایا پاگەندەی ئەوەیان كردووە، دژی وابەستەیی ھەرێم بە نێوەندە جیھانخۆرەكانی وەك سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیھانی دەبن؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ھەڵوەشاندنەوەی پێكھاتەی قوچكەیی دەسەڵات و دەسەڵاتی سەرووخەڵكییان كردووە؟ ئایا ئەوان بەڵێنی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و وەگەڕخستنەوەی بەرھەمھێنانی كشتوكاڵیی و خۆرزگاركردن لە وابەستەیی بازاری دەرەكی داوە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی یەكسانی ئابووریی وەك بنەماو و میكانیزمی یەكسانی دەسەڵاتی گشت تاكەكانیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ھەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی پارتایەتییان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی جێگرتنەوەی دێمۆكراتی پارلەمانی بە دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ [گەلیی]یان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی گێڕانەوەی داھات و دارایی ھەموو كۆمپانییە پارتییە [حزبییە]كان بە كۆمپانییاكەی خۆشیانەوە [كۆمپانیای وشە] كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی لێپرسینەوە و دادگاییكردنی دەسەندكارانی جەنگە نێوخۆییەكانی ١٩٦٣-١٩٩٨نێوخۆیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندی دادگاییكردنی باندە مافیاییەكانی دەسەڵات و گروپە تیرۆریستییەكانیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی بەرگرتن بە ھاوار و ھەڕەشەی تیرۆریستانەی مەلاكان لە مینبەرەكانی مزگەوتەكانەوە، كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەربازیی و پۆلیسیی سەرووخەڵكیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی دابینكردنی دایەنگە و باخچەی ساوایانی خۆڕاییان بۆ مندالان كردووە ؟ ئایا ئەوان پاگەندەی دابینكردنی باس و ھاتووچۆی خۆڕاییان بۆ فێریاران كردووە ؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ژەمەخواردن و پەرتووك و تێنووس و پێنووسی خۆرایی و بەشی نێوخۆییان بۆ فێریاران كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی مسۆگەركردن و پەسەندكردن و سەپاندنی ئازادی ڕێكخستن و خۆنیشاندان و مانگرتنیان بۆ كرێكاران و فەرمانبەران و خوێندكاران و خانەنشینان؟ ئایا ئەوان پاگەندەی دابینكردنی پشتیوانی و بیمە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووە؟ ئایا ئەوان پاگەندەی ھیچ شتێكی ئاوایان كردووە، كە پێچەوانەی سیستەمی ئێستا بێت و دەسەڵاتدارانی ئێستا نەیانكردبێت ؟؟؟؟؟؟

ئەگەر وەڵامی ھەموو پرسیارانەی سەرەوە، كە بە گۆڕانی بنچینەیی سەرخان و ژێرخانی كۆمەڵگەوە پەیوەستن، نا و نەخێر بێت، ئیدی تاك و جەماوەی ژێردەست، ڕەدووی چی كەوتوون؟ ئەی ئەو گۆڕانانەی كە بڕیارە لیستەكەی نەوشیروان و بانگدەرانی دەخوازن بە ھاوپەیمانی ئیسلامی و ڕێككەوتن لەتەك "پارتی"دا بۆ خەڵك و دەنگدەرانیان ئەنجامبدەن، كامانەن ؟

بە بۆچوونی من، گرێكوێرەی پرسەكە لەوەدایە، كە تاكی خۆشباوەڕیی كورد ناڕازییەكی سەرلێشیواوی ناھوشیارە و بەخۆی نازانێت چی دەوێت.بەڵام لە بەرامبەردا ڕامیاران و سەرانی لیستەكەی نەوشیروان و دانیشتووانی گردە دزراوەكە و پارت و گروپە دەسەڵاتخوازەكانی دیكە زۆر بە ڕۆشنی دەزانن، كە چییان دەوێت و خەریكی چین؛ ئەوان دەسەڵات و مشەخۆریییان دەوێت، ئەوا خانەنشینی پاشایانەی پاش چوار ساڵی پەرلەمانتارییان دەوێت، ئەوان خوازیاریی ڕیفۆرمی زیاترن لە قازانجی بازارئازادەكەی نیئۆلیبرالیزم و مسۆگەركردنی بەرژەوەندی دەوڵەتانی ھاوبەرژەوەندییان لە ھەرێمی كوردستاندا دەوێت و كۆشش بۆ باشتر جێخستنی نەخشە ڕامیاریی و ئابوورییەكانی نیئۆلیبرالیزم و تایبەتییكردنەوەی سەراپای ژێرخانی كۆمەڵ و تێكدانی بنەما ھەرەوەزیی و ھاوپشتییە كۆمەڵایەتییەكانن و لە بەرامبەردا لایەنگریی ھەموو پێكھاتە و ڕێكخستنێكی قووچكەیی و سەروەرانە دەكەن و تەنانەت بەڕادەیەك پێداگریی لەسەر ڕێكخستنی باڵادەستانەی چین و كەسایەتییە داراكان دەكەن، كە بنكەی گردەكەیان دەكەنە دیواخانی سەرۆكخێڵ و پیاوانی ئایینی و كۆكردنەوەی مرۆڤكوژەكانی جەنگی نێوخۆی نێوان "جەلالی" و "مەلایی" و لایەنەكانی دیكە ١٩٦٣ - ١٩٩٨ و دواتیرش نێوان ناسیونالیستەكان و ئیسلامییەكان تا ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس.

كەچی لە كاتێكدا كە لیستەكە بە خەونە دەسەڵاتخوازانەكەی گەیییشتووە و خەریكی ڕێكەوتنە لەتەك دەسەڵاتدارانی براوەتر لەسەر داواكردنی بەشێك لە دەسەڵات بەپێی ھەژماری دەنگەكان، كەسانێك كە ھێشتا نەیانتوانیوە لەوە تێبگەن، كە گۆڕانخوازیی و گۆڕانێك كە چین و توێژە ژێردەستەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە دەیخوازن و خەونی پێوەدەبینن، ھەمان گۆڕانخوازیی و گۆڕانێك نییە كە دەستەبژێڕی ڕامیار و پارتەكان و دەسەڵاتخوازان و مشەخۆران دەیخوازن، نییە و بەتەواوی دژی یەكدی و لە بەرامبەر یەكدیدا دەوەستنەوە، ژێردەستان خوازیاری باشتركردنی ڕێوشوێنی ئابووریی و كۆمەڵایەتییانن تا دەگاتە ئاستی یەكسانی ھەمەلایەنە، بەڵام لە بەرامبەردا ڕامیاران خوازایاری زیاتركردنی دەسەڵات و مشەخۆریی خۆیانن لە داھات و بەڕێوەبردندا.لەبەرئەوە سەركەوتنی ھەر لایەك لە بەرە دژ-بەیەكەكانی گۆڕانخوازیی بە لەنێوچوون و ژێركەوتنی ئەوی دیكەیانەوە پەیوەستە.بەو جۆرە سەروەریی كەمینەیەك بەسەر زۆرینەی كۆمەڵگەدا، كە لەسەر بنەمای مشەخۆری و كۆبوونەوەی سامان و داھات و ڕەنجی چین و توێژە بەرھەمھێنەرەكان ڕادەوەستێت، بەتەواوی دژی یەكسانی دەسەڵاتی ھەموو ئەندامانی كۆمەڵگەیە، كە بە یەكسانی ئابووریی پشتئەستورە و یەكسانی كۆمەڵایەتیی دەستەبەردەكات! سەربەخۆیی ئابووریی بە پشتبەستن بە كشتكاریی و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و پەرەدان بە كشتوكاریی و دروستكردنی كارخانە و پیشەسازیییكدنەوەی بەرھەمە كشتوكاڵییەكان و سوودوەرگرتن لە ھەڵكەوتەی جوگرافی و سامانی ئاوی بۆ بەرەمھێنانی وزەی پێویست، بەتەواوی لە دژی وابەستەبوونی بازاری ھەرێمە بە بەرھەمە كشتوكاڵیی و پیشەسازییەكانی وڵاتانی ناوچەكە و دەوڵەتانی زلھێزەوە، كە لیستی بەناو "گۆڕان" زیاتر لە دەسەڵاتدارانی پێش خۆی پێداگریی لەسەر یەكییكردن و جووتكردنی ڕەوتی گەشەی كۆمەڵگە لەتەك ڕەوتی جیھانگریی و جیھانخۆریی بازارئازادی نیئۆلیبرالیزم لە ناوچەكەدا دەكات، كە بە لەشكركێشیی و بەرتەریدان و مەیدانسازیی بۆ كۆمپانییەكان خۆی جیگیركردووە و دەكات.

بەم جۆرە، ئەگەر ھەوڵبدەین وەڵامی یەك بە یەكی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە و لەتەك ئامانج و بەرنامە و ستراتیجی لیستەكەی نەوشیروان [نیئۆجەلالییەكان] بەراوردیانبكەین، دەبینین، ئەو گۆڕانەی كە ئەوان دەیخوازن و لە پێڼاویدا تێدەكۆشن، بەتەواوی لە بەرامبەر و لە دژی خواست و ئامانجەكانی خەڵكی بەشمەینەت و گۆڕاڼێكە كە چین و توێژە ژێردەستەكان خەونی پێوەدەبینن و لە ناھوشیارییدا لەپێناو بەدیھێنانیدا دەنگ بەم لیست و بەو لیست دەدەن و سەركوتگەر و سەروەر و مشەخۆری ڕەنجی خۆیان بە دەسەڵات دەگەیێنن، تەواو ناكۆك و جیاوازن.لەبەرئەوە زۆر نابەجێ و نادروستە كە گلەیی لە دەسەڵاتخوازان بكەین و داوای ئەنجامدانی شتێكیان لێبكەین، كە نە دەیخوازن و نە ئامانجیانە و نە بەڵێنیشیانداوە، بەڵكو ئەوە ناھوشیاریی و ناڕۆشنی تاكی ژێردەستە، ئەو تاكە بەوە خۆشباوەڕدەكات، كە قسەكەرانی چین و توێژێكی دەسەڵاتخواز و مشەخۆر و ھەلپەرست و خۆسەپێنەر، بە نوێنەری خۆی بزانێت و دەنگی پێبدات و لەسەر بەدەسەڵاتگەییشتنی ئەو خۆی بە كوشتبنبدات.سەرەنجام ئەوانەی كە لە ھەڵوێست و بەرنامە و چالاكی و گفتوگۆكانی نەوشیروان و سەركردایەتی پارتەكەی و پارلەمانتارەكانی ناڕازین و ھەست بە خەڵەتاوی خۆیان دەكەن، بەڵام ھەست بە ھەڵە و ھەڵبژێری خۆیان ناكەن، بێجگە لە سێ ھەڵبژێر زیاتریان لەبەردەمدا نییە و نەماوەتەوە، كە ئەمانەن و لە ئاسانەكەیانەوە بۆ سەخت و خەباتكارانەكەیان ڕیزیان دەكەم؛

یەكەم، گەڕانەوە بۆ باوەشی پارت و دەسەڵاتدارانی پێشین ....

دووەم، بەردەواممانەوە لەسەر خۆشباوەڕیی و خۆدانەدەستی ڕێكەوت و چاوەڕوانمانەوەی دەركەوتنی ھەرچی زیاتری ناكۆكییەكان و شەقی زەمانە ....

سێیەم، كە لە سەراپای مێژوودا تاكە ھەڵبژێری چارەنووسسازی ژێردەستان بووە، ئەویش گەڕانەوە بۆ نێوەندی خەباتی جەماوەری سەربەخۆ، خەباتێك كە لەسەر سەبەخۆیی تاك، واتە خۆبیركردنەوە و خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێكردن، كە ئەمەش لە گشتیدا دەكاتە خۆبیركردنەوە و خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێكردنی كۆمەڵ یا ھەموو ژێردەستانی كۆمەڵگە، كە نوێنەرایەتی كۆمەڵێك ساختەچی ڕامیار و پارلەمانتارانی بەرتەری و خانەنشینیخواز و پارتەكان و سەراپای دەوڵەتیش وەك دەزگەی چینایەتی دەخاتە ژێر پرسیار و وەك دومەڵی سەر جەستەی كۆمەڵگە نیشانیاندەدات.

لە كۆتاییدا دەخوازم بپرسم؛ ئایا خۆدەستبەكاربوونی ھەمووان كاراتر و باشترە یا چاوەڕوانمانەوە و خۆشباوەڕیی بە كەسانی دیكە؟ ئەگەر وەڵام ھەڵبژاردنی یەكەم بێت، ئەوا دەستبەكاربوونی ھەمووانییە بۆ پێكھێنانی ئەنجومەن و گروپە خۆجێیی و ڕێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆكان بۆ بەبنەماكردنی دێمۆكراسی ڕاستەوخۆ و سەندنەوەی دەسەڵات و داھاتی كۆمەڵگە لە دەوڵەت و فەرمانداریی بۆرجوازی و پارت و ڕامیاران، بۆ كۆمەڵایەتییكردنەوەی كەرتەكانی بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاریی و ئابووری ھەرەوەزیی و خۆبەڕێوەبردنی گەلییانەی كۆمەڵگە .

 

١٦ی فێریوەری ٢٠١٤

 

Go to top