We have 67 guests and no members online

که‌ سه‌ددام له‌کوردستان پاشه‌کشه‌ی پێ کرا، هه‌ناسه‌یه‌کمان هاته‌وه‌به‌ر و کوتمان ئۆخخه‌یش خۆ کوردکوژێکی میراتگری ده‌وڵه‌تی ئاشووری کۆن، چۆوه‌ ناو کۆخه‌ نه‌گریسه‌که‌ی خۆی و ئه‌وجار وێرانی و وێرانکاری له‌ وڵاته‌که‌مان ته‌واو بوو و خۆمان ئاغای خۆمانین، جا با دوژمنان و داگیرکاران باش بزانن که‌ ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی زیندووی و ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌رماوه‌ قه‌ومی کورد زمان.ورده‌ورده‌ خه‌ریک بوو ده‌هاتینه‌وه‌ سه‌رخۆ و ده‌وڵه‌تێکمان پێکهێنا که‌ نه‌ سه‌ربه‌خۆ بوو و نه‌ ژێرده‌سته‌.ته‌نانه‌ت دراوه‌که‌شمان "هه‌رچه‌ند ناوی عێراقی له‌سه‌ربوو"له‌گه‌ڵ دراوی ده‌وڵه‌تی ژێرده‌ستی سه‌ددام جیاواز بوو و نرخه‌که‌ی چه‌ندها به‌رابه‌ری نرخی پاره‌ی به‌غدابوو.به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتخوازی و خۆمه‌خۆمه‌ و له‌خۆ به‌ده‌ر که‌سی دیکه‌ به‌مافدار نه‌زانین، تووشی پڕشووره‌یی ترین نه‌هاتیی کردین و جامی خوێنی برای خۆمان به‌قوڕگی تینوه‌تی ده‌سته‌ڵاتمان داکرد و به‌هیچ لێی تێرنه‌ده‌بووین تا دوژمنێکی دۆست نوێن که‌ دوایه‌ ده‌رکه‌وت چه‌نده‌ کاری پێمانه‌، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی درێژخایه‌نی خۆی به‌ سیاسه‌تی گۆپاڵ و شیرینی به‌خۆشی یا ناخۆشی هه‌رچۆنێک بێ پێکی هێناینه‌وه‌.که‌دیتیشمان ئه‌و خه‌ونه‌ هه‌رگیز نایه‌ته‌دی که‌ لایه‌نێکمان لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ ببه‌زێنێ و بۆخۆی ببێته‌ ئاغاو ده‌سته‌ڵاتداری بێ ڕکه‌به‌ر، به‌ سیاسه‌تی ناواقیعییانه‌ و له‌رزۆکی فیفتی فیفتی میری‌یه‌کمان پێکهێنا و هه‌رکه‌سه‌ له‌به‌شێکی پارچه‌ نیوه‌ئازادکراوه‌که‌یدا ده‌سته‌ڵاتی خۆی په‌ره‌ پێدا و به‌وه‌ ڕازی بووین، هه‌ولێری له‌ هه‌ولێر و سوله‌یمانی له‌ سوله‌یمانی، براین، شه‌ریکه‌به‌شین، به‌ڵام هه‌رکه‌سه‌ش له‌ماڵه‌خۆی.

که‌ سه‌ددام به‌یه‌کجاری بارگه‌و بنه‌ی تێکوه‌رپێچا و به‌ره‌و عه‌ره‌ب کوته‌نی "اسفل‌السافلین)یش ڕێگای نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی گرته‌به‌ر، کوتمان ئۆخخه‌یش، ئه‌وه‌ ترسی گورگ به‌یه‌کجاری له‌زگماندا نه‌ما و خوانه‌ پڕ به‌ره‌که‌ته‌که‌ی کوردستان، ئیدی دوژمن زات ناکا ده‌ستتی بۆ درێژکاته‌وه‌! ئه‌وجار ئه‌ومارانه‌ی به‌وپه‌ڕی ساویلکه‌یی و خۆشباوه‌ڕی به‌ناوی دژبه‌رانی عه‌ره‌بی دیکتاتۆری و به‌عسی خوێنمژ، ده‌باخه‌ڵی خۆماندا حاواندبوونه‌وه‌ و وه‌ک چاومان پارێزگاریمان لێ‌کردبوون، له‌ژێرسایه‌ی ئامریکادا ده‌سته‌ڵاتێکی به‌ڕواڵه‌ت هاوبه‌ش ده‌گه‌ڵ کوردیان پێدرا، به‌ڵام ئه‌و هاوبه‌شێ‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ زۆر به‌ڕوونی و ئاشکرا، دیار بوو هه‌ر مه‌ره‌که‌بی سه‌رکاغه‌زه‌و ئه‌و یاسابنه‌ڕه‌تییه‌ی له‌سه‌ری پێکهاتبووین و کۆشکی هیوای کوردمان له‌سه‌ر بناخه‌که‌ی دامه‌زراندبوو، له‌رزۆک و ڕزه‌ڵۆکه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی کار پێده‌کرێ که‌ به‌سوودی لایه‌نگران و میراتگرانی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌ددام بێ؟ ده‌نا کوردی چی، شه‌ریکه‌ده‌سته‌ڵاتی چی، سه‌رۆک کۆماری کوردی چی – که‌ ته‌نانه‌ت به‌قه‌ده‌ر جێگرێکی عه‌ره‌بی خۆشی ده‌سته‌ڵات نه‌بوو – فارس ده‌ڵێن: کابرایه‌ک که‌ڵه‌شێرێکی دزی، خاوه‌ن که‌ڵه‌شێر تووشی بوو، کلکی که‌ڵه‌شێر له‌ژێر عه‌بای دزه‌که‌وه‌ دیار بوو، تێێڕا خوڕی: کابرا ئه‌و که‌ڵه‌شێره‌ی منت بۆ دزیوه‌! دزه‌ کوتی به‌ حه‌زره‌تی عه‌بباس که‌ڵه‌شێرم نه‌دزیوه‌، کابرا بۆ بوختانم پێده‌که‌ی!؟ کابرا خاوه‌ن، سه‌رێکی ڕاوه‌شاند و کوتی جا وه‌ڵڵا نازانم به‌کلکی که‌ڵه‌شێره‌که‌ باوه‌ڕکه‌م یا به‌و سوێنده‌‌ت به‌ حه‌زره‌تی عه‌بباس!!

به‌ڵێ ئێمه‌ زۆر به‌ساویلکه‌یی کلکی که‌ڵه‌شێره‌که‌مان له‌بن عه‌بای ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ست په‌روه‌رده‌ی ئاخوندانی قومدا دیت، ته‌نانه‌ت که‌ڵه‌شێره‌که‌مان له‌ژێر ئه‌و عه‌بایه‌ڕا بانگێکی توندی ساکار وه‌خه‌به‌رهێنیشی دا، به‌ڵام وامان زانی چاومان ڕه‌شکه‌و پێشکه‌ی کردووه‌ و ئه‌وده‌نگه‌ش ئی گورگێکه‌ له‌ دووره‌وه‌د‎ێت هه‌ر مه‌به‌ستی ترساندنمانه‌و هیچی دی.

نه‌ مادده‌ی 140 جێبه‌جێ کرا، نه‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی خۆیان، نه‌ ئاڵای کوردستان له‌که‌رکووک له‌لایه‌ن ئامریکای دۆستمان ئیزنی هه‌ڵدرانی پێ درا، نه‌ ته‌عریب ڕاوه‌ستا، نه‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر خاکی نیشتمان، نه‌ سه‌رژمێری کرا، نه‌ به‌ناو 17% بۆدجه‌که‌ هه‌رگیز به‌ته‌واوی درایه‌ کوردستان، له‌ناوچه‌دابڕاوه‌کان به‌هه‌موو جۆرێک گوشاریان خسته‌ سه‌ر کوردان‌و به‌ ماڵ سووتاندن و هێرش کردنه‌سه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌ ناچاریان کردن زێدی خۆیان به‌جێ بێڵن و ئاواره‌ بن و...

ئاوا کورد هه‌ر سه‌ری داخست و عه‌ره‌بی ده‌مارگرژیش وه‌ک پیشه‌ی پێشوونانی گوشاری خسته‌سه‌ر و وه‌ک چۆن ڕووبار که‌نده‌ڵانی سه‌ر لێواری خۆی ورده‌ورده‌ ده‌توێنێته‌وه‌ و ده‌یخوا، ئه‌وانیش کوردیان به‌مه‌ره‌دی ئه‌و که‌نداڵه‌ خوراوو سواوانه‌ بردن.هه‌ر جاره‌ی له‌ لایه‌ک و له‌ سووچێکی به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌کانیان دا و خاوه‌ن مافیش وه‌ک فه‌رخه‌ئاسكیکی به‌ر دمی گورگێکی هار هه‌ر نووزه‌یه‌کی لاوازی کرد که‌ ته‌نانه‌ت بۆخۆشی گوێی لێنه‌بوو.حیزبه‌ زۆروزه‌به‌نده‌کانی کوردستانیش له‌به‌ر به‌ربه‌رکانیی یه‌کتر و خۆمه‌خۆمه‌ گه‌لیان له‌بیر نه‌ما و شه‌ڕی ده‌سته‌ڵات شه‌ڕی مافی له‌بیربردنه‌وه‌.ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ نه‌هێشتنی یه‌کتری تێکۆشان، ئه‌گه‌ر نیوهێنده‌ پێکه‌وه‌ بۆ ملکه‌چکردنی دوژمن تێکۆشابان، ئێستا کوا وه‌زیری دارایی‌ی مالیکی ده‌یوێرا به‌ڕاشکاوی بڵێ: بۆدجه‌ی کوردستان نان‌نێرین، ته‌نانه‌ت قه‌رزداریشمان کا!

ئه‌گه‌ر له‌کاتی خۆیدا له‌ ژێر په‌رده‌ی دۆستایه‌تی ملمان له‌ڕاده‌ی پێویست زیاتر بۆ ئامریکا دانه‌نواندبا و نیوئه‌وه‌نده‌ی سه‌در غیره‌تمان نواندبا کوا ئه‌و زلهێزه‌ دنیا خۆره‌ که‌ ته‌نیا سووده‌کانی خۆی له‌دۆستایه‌تیدا ده‌بینێ و ته‌نیا دۆستی بێده‌نگ و ده‌سته‌مۆی ده‌وێ که‌ هیچی نه‌داتێ به‌ڵام هه‌موو شتێکی لێوه‌رگرێ، ده‌یوێرا ئاوا به‌ڕاشکاوی له‌سایه‌ی دووبه‌ره‌کیی کورد، که‌رکووکمان لێ بستێنێته‌وه‌و ته‌سلیمی عه‌ره‌بانی کاته‌وه‌.

کوردێک که‌ ناوی ئازادیی له‌سه‌رخۆی دانابێ به‌ڵام له‌ به‌ندیخانه‌یه‌کی ده‌ور ته‌نراو به‌ دوژمنانی هه‌ڕه‌شه‌کار، ڕۆژێک بۆدجه‌ی بۆ نه‌نێرن و سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق هه‌ر وه‌ک کوڕێکی سه‌ره‌ڕۆی خۆی ته‌مێ‌کا، ‌بڵێ پووڵیان بۆ نانێرین باخه‌ڵک بۆ له‌ناوبردنیان لێ بورووژێن و وه‌خۆکه‌ون ، مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌یان ناده‌ینێ با له‌بۆدجه‌ ناته‌واوه‌که‌ی خۆیان بیده‌ن، پاره‌ی کۆمپانیاکان ناده‌ین تا نه‌فت ده‌رنه‌هێنن، ئه‌و نه‌فته‌ش که‌ ده‌ری دێنن ده‌بێ بێ لێهه‌ڵگرتنه‌وه‌ی فلسێک له‌ به‌شه‌که‌ی خۆشیان ڕاست ده‌ده‌ستی ئێمه‌ی که‌ن تا چه‌ک و چۆڵی بۆ سه‌رکوتێکی دیکه‌ی سه‌ددام ئاسایانه‌ له‌دژیان ده‌کاری که‌ین و.....

 ئه‌وه‌ چ شه‌راکه‌تێکه‌ له‌ عێراقی ده‌ڵه‌مه‌ دا دراوه‌ به‌کورد؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌مووی خه‌تای خۆمانه‌و به‌س.کورد هه‌ر له‌دوای تێشکانی حکوومه‌تی ماد و ته‌نانه‌ت له‌پێش مێژووشه‌وه‌ خولیای سه‌ربه‌خۆیی بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جڵه‌ودارانی خه‌باته‌که‌ی له‌به‌ر خۆمه‌خۆمه ‌و تاقمگه‌رێتی چی‌یان بۆ نه‌چۆته‌سه‌ر.بابڵێین ئه‌وه‌ ئی سه‌رده‌می دواکه‌وتوویی و ژیانی خێڵه‌کی بوو، ئه‌دی ئێستا چی؟ که‌رکووکمان ته‌نیا له‌به‌ر ڕکه‌به‌ریی حیزبه‌ده‌سته‌ڵاتداره‌کان له‌کیس چوو و به‌وحاڵه‌ش بڕوا، به‌یه‌کجاری له‌ده‌ستمان ده‌رده‌چێ، ئامریکا به‌ دۆستی خۆمان ده‌زانین و به‌ڵام کاتێک که‌رکووکمان به‌ به‌خشینی خوێنی خۆمان گرته‌وه‌، ئه‌و به‌ناو دۆسته‌ به‌زۆری ئاڵاپیرۆزه‌که‌مانی له‌وێ پێ هێناینه‌ خوارێ، که‌ عه‌ره‌بی هاورده‌‌ش به‌گیرانی سه‌ددام و تێکوه‌رپێچرانی ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی، ویستیان بۆخۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌کانیان، ڕه‌وتی سه‌در پێشی پێ‌گرتن و ئێمه‌ وه‌ک کورد ته‌نانه‌ت نووزه‌یه‌کی لاوازی مردوویه‌کی سه‌ره‌مه‌رگیشمان لێوه‌نه‌هات، و که‌رکووکمان له‌ڕاستیدا بۆ به‌جێهێشتن.شه‌ڕی ده‌سته‌ڵاتی پارتی و یه‌که‌تی ئێستاش له‌ که‌رکووک نه‌بڕاوه‌ته‌وه‌ و نایه‌ڵێ ئه‌و شاره‌ به‌عه‌ره‌ب کراوه‌ له‌ده‌ست چووه‌ به‌ڵالێدراوه‌ هه‌ناسه‌یه‌ک بداته‌وه‌.کورد گه‌لێکی ئازا و ئازادیخوازه‌، به‌ڵام ئازادیخوازان ڕێبه‌ری له‌خۆ بووردو و له‌ته‌مای ده‌سته‌ڵات داسه‌پاندن و هه‌موو شتێک فیدای ویستی خۆکردن به‌دووریان ده‌وێ، که‌ ئه‌وه‌مان نیه‌!! ده‌زانن ڕێبه‌رانی کوردی ئێمه‌ چن؟ لاولاوه‌ن، بۆخۆیان ناتوانن له‌سه‌ر پێی خۆ ڕاوه‌ستن، پێکه‌وه‌ به‌شه‌ڕدێن، ده‌بێ دوژمنی ستراتێژیکیی کورد ناوبژیوانییان بکا و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی پێکیان بێنێته‌وه‌، حکوومه‌تیان بۆ پێکنایه‌، ده‌بێ ئێران به‌ڕیوانییان بکا، ناوێرن به‌لێبڕاوی هه‌ڕه‌شه‌ی جیابوونه‌وه‌ بکه‌ن، چونکه‌ هه‌ر پیشه‌یانه‌ وه‌ک لاولاو به‌ دارێکی قایم هه‌ڵاچن تا به‌پێوه‌بن و به‌ زه‌ویدا نه‌که‌ون، وه‌ک لاولاوه‌ ده‌بێ خۆ به‌ داره‌له‌رزۆک و گه‌نده‌ڵه‌که‌ی عێراقه‌وه‌ بگرنه‌وه‌ تا خۆ به‌سه‌رپێوه‌ ڕاگرن.ئه‌وداره‌ له‌رزۆکه‌گه‌نده‌ڵه‌ی ته‌نانه‌ت خۆشی به‌هه‌زار حاڵ و به‌ پاڵ وه‌ ئێران و ئامریکاوه‌ دان، له‌سه‌رپێ ڕاگرتووه‌.به‌ڵێ ئه‌و ژیانه‌ لاولاو ئاسایه‌ی ڕێبه‌رانمان گه‌وره‌ترین دوژمنی سه‌ربه‌خۆیی و خاڵی هه‌ره‌ لاوازی خه‌باتمانه‌....

Go to top