We have 56 guests and no members online

"تارا ره‌سووڵ. . شنه‌یه‌ك بۆ هونه‌ری كوردی" ناوی ئه‌و كتێبه‌یه‌ و له‌لایه‌ن وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌ده‌وه‌ هاتووه‌ته‌ نووسین كه‌ له‌ چه‌ند به‌شێك پێك هاتووه‌ و زیاتر كتێبه‌كه‌ له‌ رووی رۆژنامه‌وانییه‌وه‌ كاری تێدا كراوه‌. .

جیا له‌ پێشه‌كی. . به‌شی یه‌كه‌م "كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی" كه‌ تێیدا تارا هه‌ر له‌ دایكبوونیه‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی گه‌یشتووه‌ته‌ سوێد، باس ده‌كات. . هه‌روه‌ها چۆن به‌گه‌وره‌یی بووه‌ته‌ گۆرانیبێژ. به‌شی دووه‌میش "دیمانه‌"یه‌. . له‌وێدا به‌درێژی وه‌ڵامی زۆر پرسیاری داوه‌ته‌وه‌ و هه‌مووی پێوه‌ندیی به‌هونه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌. به‌شی سێیه‌میش "شنه‌یه‌ك بۆ هونه‌ری كوردی" هه‌ڵسه‌نگاندنی نووسه‌ره‌ بۆ ئه‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌نده‌. . دوا به‌شیش پێوه‌ندیی به‌ دایكی تاراوه‌ هه‌یه‌. دایكی به‌ كورتی رای خۆی له‌باره‌ی تاراوه‌ باس ده‌كات.

به‌ڕێز "ئاكار جه‌لیل كاكه‌وه‌یس" نه‌خشه‌سازیی كتێبه‌كه‌ی كردووه‌ و له‌ چاپخانه‌ی "شه‌هاب" له‌ هه‌ولێر هاتووه‌ته‌ چاپكردن. ئه‌م كتێبه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی "هه‌فته‌نامه‌ی باس" هاتووه‌ته‌ چاپكردن.

نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ وشیار ئه‌سوه‌د ده‌ڵێت: بێگومان تارا ره‌سووڵ هونه‌رمه‌ندێكی چالاك و بوێره‌ و زۆر شت هه‌یه‌ ده‌هێنێ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ، بۆیه‌ ئه‌م كتێبه‌م له‌سه‌ر نووسیوه‌، له‌لایه‌كه‌وه‌ ئافره‌ته‌ و گه‌نج و نابینایه‌، له‌وه‌ش زیاتر گۆرانیبێژێكی پڕۆفیشناڵه‌، دوای هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌و هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویستی منه‌ و پێم خۆش بوو له‌ رێگه‌ی ئه‌م كتێبه‌وه‌ خزمه‌تی بكه‌م. . بێگومان هونه‌رمه‌ندی گه‌نج و به‌توانا زۆرن ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین و بچنه‌ خانه‌ی كتێبه‌وه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن یارمه‌تیم بدات، ئاره‌زووم هه‌یه‌ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تریش له‌ گه‌نجان له‌ كتێب جێیان بكه‌مه‌وه‌.

Go to top