We have 153 guests and no members online

فیلمی سینه‌مایی "وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد به‌همه‌ن قوبادی له‌ سێیه‌مین خولی ڕۆژی فیلمی كوردی سینه‌ماتێكی كۆپێن هاگن له‌ ئه‌نستیتۆی فیلمی كۆپێن هاگن له‌ وڵاتی دانیمارك نمایشكرا.

فیلمی سینه‌مایی "وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" Rhino Season دوایین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌ماكاری به‌ئه‌زموونی كورد به‌همه‌ن قوبادی و به‌ ڕۆڵ بینینی ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌مای جیهان مۆنیكا بلووچی، كاتژمێر 15/7ی ئێوارێی ڕۆژی هه‌ینی 21ی شوبات / فه‌برایه‌ری 2014 و هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی "سه‌باره‌ت به‌ 111 كچ" About 111 Girls له‌ ده‌رهێنانی هاوبه‌شی سینه‌ماكارانی كورد ناهید قوبادی و بیژه‌ن زه‌مانپیرا كاتژمێر 30/9ی شه‌وی شه‌ممه‌ 21ی شوبات / فه‌برایه‌ری 2014 له‌ میانه‌ی سێیه‌مین خولی ڕۆژی فیلمی كوردی سینه‌ماتێكی كۆپێن هاگن له‌ هۆڵی سینه‌ماتێكی ئه‌نستیتۆی فیلمی كۆپێن هاگن له‌ ناوه‌ندی ئاستا نوار له‌ شاری كۆپێن هاگن له‌ وڵاتی دانیمارك نمایشكران.

سێیه‌مین خولی ڕۆژی فیلمی كوردی سینه‌ماتێكی كۆپێن هاگن به‌ نمایشی كردنی فیلمی كوردی، كۆنسێرتی گۆرانی و موزیكی كوردی و میوانداری به‌ چێشتی كورده‌واری له‌ ڕۆژانی 20 تا 23ی شوبات / فه‌برایه‌ری 2014 له‌ هۆڵی سینه‌ماتێكی ئه‌نستیتۆی فیلمی كۆپێن هاگن له‌ ناوه‌ندی ئاستا نوار له‌ شاری كۆپێن هاگن به‌ڕێوه‌چوو.

ڕێكخراوه‌ی فیلمی دانیمارك DFI و ئاژانسی نه‌ته‌وه‌یی دانیمارك له‌ ژێر چاودێری وه‌زاره‌تی كه‌لتوور و به‌ پێی ئاسای فیلم له‌ ساڵی 1997 بۆ په‌ره‌پێدان به‌ فیلم و سینه‌ما و فه‌رهه‌نگ دامه‌زراوه‌ و ئه‌ركی گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانی فیلم و پشتیوانی و ئه‌رشیڤ كردنی فیلمه‌كان له‌ ئه‌رشیڤی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م وڵاته‌ی له‌ ئه‌ستۆدایه‌.

"وه‌رزی كه‌ركه‌ده‌ن" كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای "مژ فیلم" بڵاوده‌كرێته‌وه‌ تا ئێستا له‌ كۆمه‌ڵێك فیستیڤاڵی گرینگ له‌ ئاستی جیهاندا نمایشكراوه‌ و چه‌ندین خه‌ڵاتیشی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا ڕۆژی 17ی تشرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2013 له‌ میانه‌ی هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌نده‌ن له‌ سینه‌ماكانی "هاكنی پیكچێرهاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆز" له‌ شاری له‌نده‌ن له‌ به‌ریتانیا نمایشكرا.

هه‌شته‌مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی له‌ له‌نده‌ن و چواره‌مین خولی پێشبڕكێی "یه‌ڵماز گۆنه‌ی بۆ كورته‌ فیلم" به‌ به‌شداری كۆمه‌ڵێك فیلمی سینه‌مایی، فیلمی دۆكیۆمێنته‌ری، ئه‌نیمه‌یشێن و كورته‌ فیلم به‌ ناوه‌رۆكی چیرۆكی و دۆكیۆمێنته‌ری له‌ سینه‌ماكارانی كورد و بیانی له‌ رۆژانی 15 تا 24ی تشرینی دووه‌م / نۆڤه‌مبه‌ری 2013 له‌ دوو سینه‌مای به‌ناوبانگی له‌نده‌ن "هاكنی پیكچێرهاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆز" له‌ شاری له‌نده‌نی پێته‌ختی وڵاتی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو.

Go to top