We have 83 guests and no members online

ناپلیون له‌ گه‌رمه‌ی باسی خۆراگری و به‌رده‌وام بونی سه‌ربازه‌كانی له‌ شه‌ڕدا وته‌یه‌یكی مێژووی خسته‌ ناو ئه‌رشیفی مه‌شقی سه‌ربازی، كاتێك وتی" سه‌ربازه‌كانی به‌ سكه‌ خشێ ده‌ڕۆن" به‌واتای ئه‌گه‌ر سك به‌تاڵ بوو سه‌ربازه‌كانی ناتوانن به‌ ته‌واوه‌تی بجوڵێن و به‌سكه‌خشێ دزه‌ بكه‌نه‌ ناو هێزی دووژمن.

بیركاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌م رۆژانه‌دا كاتێك وتی "هێزی پێشمه‌رگه‌ خه‌باتی بۆ مردن كردووه‌، نه‌ك بۆ "تێری"، "تێری"مان ناوێت به‌ڵكو سیاسه‌تی راست و درووستی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردمان ده‌وێت. " ویستی ئه‌ویش وته‌یه‌كی مێژویی بخاته‌ ناو زانستی عه‌سكه‌ری.

جه‌نابی بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، خۆی یه‌كێك بووه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانی شۆِرش، ده‌زانێت ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ی شۆڕش له‌ قۆناغێكدا به‌سكی برسی ئه‌ركه‌ سه‌ربازییه‌كانی جێبه‌جێكردبێت، ئه‌و كات فه‌رمانده‌ی برسی و سه‌ركرده‌ی خۆنه‌ویستی زۆر له‌ ریزی ئه‌و هێزه‌دا بوون و سه‌ركردایه‌تی كردون، ئێستا پێشه‌وای وامان زۆر كه‌مه‌.

ئه‌و له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیش بۆ نه‌هێشتنی هه‌ژاری له‌ ریزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، رایگه‌یاند هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك چه‌كه‌كه‌ی بفرۆشێت "به‌ توندی لێپێچینه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و ده‌ریده‌كه‌ین". جه‌نابی بریكار ئه‌و كات ویستی له‌ رێگه‌ی دیسپلینی عه‌سكه‌رییه‌وه‌ سزای هه‌ژاری بدات!!

ئه‌و لێدوانه‌ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی هه‌وڵی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بوو كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ كه‌ له‌ بازاڕی چه‌كفرۆشتنی هه‌ولێره‌وه‌ رایانگه‌یاندبوو " به‌ هۆی بێ پاره‌یی" نیازیانه‌ چه‌ك و مه‌خزه‌ن و فیشه‌كه‌كانیان بفرۆشن.

له‌ وتارێكی پێشومدا له‌م گۆشه‌یه‌ تیشكیم خسته‌ سه‌ر راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی (رووداو) كه‌ ناوه‌ڕاستی مانگی كانونی دووهه‌مدا، بڵاوكرایه‌وه‌. راپۆرته‌كه‌ی رووداو ئه‌گه‌ر جه‌نابی بریكار یادی مابێت تایبه‌ت ببو به‌ راپۆرتی فه‌رمانگه‌ی چاودێری وه‌زراه‌تی پێشمه‌رگه‌.

راپۆرته‌كه‌، باسی له‌ كۆمه‌لێك مشه‌خۆرو مه‌خته‌لیس كردبوو كه‌ رۆژانه‌ له‌ بری پاراستنی خاك و هاوڵاتیانی كوردستان، سه‌رقاڵی ته‌خشان و به‌فیڕۆدانی پاره‌ی گشتین.

برگه‌ به‌ برگه‌ی باس زیًده‌ڕۆی له‌ خه‌رجكردنی بودجه‌، وه‌سڵی وه‌همی، گه‌نده‌ڵی و ئیختلاس له‌ پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆ نه‌سریه‌و ئازوقه‌و سوته‌مه‌نی، ئیختلاس له‌ پاره‌ی سه‌وزه‌و میوه‌، ده‌كات، تا ده‌گاته‌ ئاستی پێكهێنانی لیژنه‌ی وه‌همی بۆ مه‌سره‌فكردن، كارنه‌كردن به‌ وه‌سڵی كڕین، سه‌رباری نه‌بونی دیسپلینی سه‌ربازی، به‌كارهێنانی پاره‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ شتی نامه‌شروع.

 باس له‌ خه‌رجی پله‌ باڵاكانی وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان بۆ میوانداری و هاوكاری و به‌خشین و چاككردنی ئۆتۆمبێل، مه‌سره‌فی زیاد له‌ پێویست ده‌كات.

ده‌ڵێت:به‌رپرسی باڵا خۆیان له‌ ناوخۆیاندا وه‌سڵ چاپ ده‌كه‌ن و هه‌ر خۆیان پڕی ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ ناوبانگی پێشمه‌رگایه‌تی له‌كه‌دار ده‌كات. توێژێكی مشه‌خۆرو بخۆن و لێبده‌ن، پێشمه‌رگه‌ پاره‌ی نه‌بێت دوای ده‌وامی خۆی بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو ماڵ و مناڵی.

بۆ هه‌موو ئه‌مانه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌ی به‌دواداچونی دروستكرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی تا ئێستا رووناكیان نه‌بینیوه‌.

ئه‌م نوسینه‌ به‌رگری نییه‌، له‌ قسه‌كانی مالكی و ئه‌وانه‌ی وه‌ك شیرینی جه‌ژن په‌یامی شۆڤێنی مالكی به‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن دابه‌شده‌كه‌ن. به‌رگری نییه‌ له‌وانه‌ی به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانیان، قسه‌ی شۆڤێنیه‌ك ده‌گوازنه‌وه‌. ئه‌مه‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، به‌ڵكو وه‌بیرهێنانه‌وه‌، سودی هه‌بێت.

 

Go to top