We have 80 guests and no members online

بەبۆنەی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانییەوە

وا جارێکیتر دەستی تیرۆر و تاوان و خیانەت گەیشتە قەڵەمێکی تری ئازاد و بنەماڵەیەکی هەژاری ئەنفالکراو، بنەماڵەیەک کەلەقووتی ڕۆژانەیان بەولاوە خاوەنی هیچی تر نەبوون، سیمای هەژاری و نەبوونی و پاشماوەکانی ئەنفال بەمانەوە دیاربوو، بنەماڵەکە بنەمالەی لاوێکی تازەپێگەیشتووی خوێنگەرم و ئازاو نەبەز، خاوەنی قەڵەمێکی بوێر و ئازاد کاوە گەرمیانی بوو کە لەپێناوی ئازادی و وشەی ئازادا، لە پێناوی ئاشکراکردنی گەندەڵی و دەست پیسی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیدا گیانی خۆی بەختکرد

تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچەوانی بکوژەکانیەوە و هەتا هەتایە لێیان نابیتەوە، بکوژەکان پێیان وابوو بە تیرۆرکردنی ئەم قەڵەمە ئازادە دەتوانن قەڵەمی ئازاد و بیری ئازاد و دەنگی ئازاد لە کوردستاندا بێدەنگ بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە نەیانزانی کە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی دەیان کاوەی تر بەرهەم دێنێ و هەموو دنیا دەهاژێنێ و دەوروژێنێ لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، نەیانزانی کار دەگاتە ئەوەی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی و گەلێکی تر لەسەر ئەم تاوانە قێزەون و چەپەلە دێنە دەنگ و نارەزایی خۆیان دەردەبڕن و داوای ئاشکراکردنی بکوژەکان و ئامادەکردنیان بۆ بەردەمی دادگا دەکەن

لەگەڵ تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانیدا ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناڕەزایی خۆیان نیشاندا و دەستی بکوژەکەیان مەحکوم کردو کەوتنە تەسریحدان و درووستکردنی لیژنەو سیناریۆی جیا جیا بۆ ڕازیکردنی خەڵکەکە، بەڵام ڕۆژنامەنووسان و قەڵەمی ئازاد و خەڵکی بە ویژدان لەمەزیاتری دەوێت لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و قەبوڵیان نییە ئەوان ڕاست و دروستی مەسەلەکە لە میللەت بشارنەوە و یاری بە ئەقڵی خەڵکی کوردستان بکەن.

داوای خەڵک ئەوەیە ناوی کەسەکە ئاشکرا بکەن کە فەرمانی داوە بە بکوژەکە بۆئەوەی کاوە تیرۆر بکات لەگەڵ ڕوونکردنەوەی تەواو لەسەر هۆکاری تیرۆرکردنەکە، لەمە زیاتر رێگاچارەی تر لەبەردەمی یەکێتیدا نییە بۆئەوەی ڕزگاری ببێت لە فشاری جەماوەر و لەهەمانکاتدا بۆئەوەی ببێتە دەرس وپەند بۆ لایە سیاسیەکانی تر کە نەتوانن جارێکیتر چنگ بخەنە خوێنی هاوڵاتی بێتاوانی ئەم کوردستانەوە .

 تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی یەکێتی تووشێ قەیران و شکستی سیاسی کردوە و چەند هانگاوێکی بردۆتە دواوە و پەڵەی ڕەشی لەسەر سومعەی سیاسی ئەو داناوە، بەتایبەتی دەنگی ئازادو بڵندی خەڵکی کوردستان گەیشتۆتە ڕێکخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆنال لە ئەوروپا کە یەکێتی ئەندامە تیایدا و ئەوەندەی تر بارەکەی قورس کردووە لەسەر شانی ئەوان و یەکێتی هێناوەتە بەر دەمی دووریانێک : یان ئەوەتا وەکو جاری جاران پابەند بن بە ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان خۆیان و پارتییەوە و بێدەنگیی هەڵبژێرن سەبارەت بە شاردنەوەی تاوانەکان و خۆیان بدزنەوە لە دۆسیەکانی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و شێخ ستار و شەهیدانی 17ی شوبات و دواتریش شەهید کاوە گەرمیانی، یان ئەوەتا ئازایانە و بە زووترین کات ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن و کاری جدی بکەن لەسەر ئەو دۆسیانە و چی زووترە نهێنییەکان ئاشکرابکەن و تاوانباران ڕادەستی دادگا بکەن و بەڵێنیش بە میللەت بدەن کە جارێکی تر قەڵەمی ئازاد وبوێر تیرۆر نەکرێت لە کوردستاندا

ئەگەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێگای یەکەمیان هەڵبژێری و مل نەنێ بۆ ددان پێدانان بە ڕاستییەکاندا و ئاشکراکردنی بکوژەکان و هەموو ئەوانەی لەدوای ئەمەوەن و پشت بکاتە داخوازییەکانی خەڵی کوردستان، ئەمە ئەگەر هیچ نەگەیەنێ، ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوان فڕیان بەسەر مەسەلەی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤەوە نییە و لەمەودواش بەردەوام دەبن لە چەواشەکردنی خەڵکیی و چاندنی ترس و تۆقاندن لە دەروونی خەڵکیدا و بەم کارەیان دەیسەلمێنن کە خەبات و تێکۆشانی شاخیشیان کە زۆر شانازی پێوەدەکەن فشە خەبات بووە و کۆپییەکی کار و کردەوەکانی ئێستایان بووە

 

عارف کەریم /ستۆکهۆڵم

19/12/2013

 

Go to top