We have 57 guests and no members online

ئه‌گه‌ر من باسی پارتی بكه‌م مانای ئه‌وه‌ نییه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ شه‌ریف و بی كه‌م و كوڕین، به‌لكو به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ پارتی حزبێكی ناسیۆنالیستی كوردی ئۆمێد به‌خشی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و ناكرێت له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌ به‌راوردی بكه‌ین.ئه‌گه‌رچی زوومی هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌، بگره‌ وڵاتانی دیكه‌ی جیران به‌ تایبه‌تی و جیهان به‌ گشتی، چاویان له‌ سه‌ر پارتییه‌.ئه‌وه‌ی نه‌یاره‌ هه‌وڵی لاواز كردن و ناشرین كردنی پارتی ده‌دات و ئه‌وه‌ی تۆزێكیش دوَستی كورده‌، هه‌میشه‌ پرس به‌ پارتی ده‌كات وه‌كو لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری به‌ پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك.ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌، ئه‌و رێگه‌ چه‌وته‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی كادر و ده‌سه‌ڵاتداران پارتی گرتوویانه‌ته‌ به‌ر، كه‌ زۆر دووره‌ له‌ رێبازی دامه‌زرێنه‌ر و كارێزمای نه‌ته‌وه‌ی كورد، ئه‌ویش بارزانی نه‌مره‌.ده‌سترۆیشتووانی ناو پارتی به‌ ناوی رێبازی ئه‌و زاته‌ پیرۆزه‌وه‌، خراپترین كار ده‌كه‌ن و ئه‌و رێبازه‌ و ئه‌و ناوه‌ پیرۆزه‌یان قۆستوَته‌وه‌ بۆ خۆ ده‌وله‌مه‌ند كردن و خۆ ده‌رخستن و خۆ جیا كردنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵك و دڵڕه‌ش كردنی ئه‌و دڵه‌ پاك و بێگه‌ردانه‌ی دڵیان به‌و رێبازه‌ روشنه‌ و ێۆفی ئه‌و رێبازه‌ن.

ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی پارتی راست ده‌كه‌ن و خۆیان به‌ جێگره‌وه‌ و خه‌لیفه‌ی ئه‌و ده‌زانن، ئه‌و له‌ رۆژه‌ رۆناكه‌دا بۆ تاكه‌ وه‌سیه‌ت و رێچگه‌ی ژیانی ساده‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌ گه‌وره‌یه‌ جێبه‌جی ناكه‌ن؟! ئه‌و هه‌موو پرۆژه‌ سه‌قه‌ت و خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵك و بۆشایی دروست كردن له‌ نێوان هاووڵاتی و ده‌سه‌لات چییه‌؟! ئه‌و هه‌موو ده‌نگه‌ نارازییه‌ چییه‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان روو له‌ زیاد بوونه‌؟ّ!

پێموایه‌ پێویسته‌ پارتی خۆی رێكبخاته‌وه‌ و بۆ دواوه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی دروست بۆ ئاینده‌ بگرێته‌ به‌ر، تاكو له‌و هه‌موو كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ رزگاری ببێت.له‌و چه‌ند خاڵه‌دا زیاتر سه‌رنجتان راده‌كێشم بۆ ئه‌وه‌ی پارتی بتوانی كار له‌ سه‌ر بكات و ده‌نگه‌ نارازییه‌كان بگه‌رێنێته‌وه‌ و كار له‌ سه‌ر نه‌وه‌ی ئاینده‌ بكات.

1_پێویسته‌ پارتی كار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ بۆچی له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان و كاتێك كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی دێته‌ شار و شارۆچكه‌یه‌ك، به‌ قه‌لاب نامه‌ كۆ ده‌كرێنه‌وه‌؟! ئه‌ی لق و ناوچه‌كانی پاتی بۆ چین؟! ئه‌ی بۆ وه‌لامی نامه‌كان نادرێته‌وه‌؟ ئه‌و هه‌موو نامانه‌ و گازنده‌ و داواكاری خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ كه‌ لق و ناوچه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان له‌ ناو خه‌ڵك ببیننه‌وه‌ و كاروباره‌كانیان جێبه‌جی بكه‌ن و نه‌بوونه‌ته‌ جێی متمانه‌ی خه‌ڵك.

2_ پێویسته‌ ئه‌بدێییتێكی رێك له‌ سه‌ر كادرانی بكات و كار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ بۆچی ناتوانن روڵی خۆیان ببینن له‌ ناو خه‌ڵك؟ زۆرێك له‌ كادرانی پارتی ناتوانن وه‌لامی پرسیار و پێشنیارێكی خه‌ڵكێكی ساده‌ بده‌نه‌وه‌، زۆر جار له‌ دیوه‌خانه‌ و كۆبوونه‌وه‌كانی ناو ماڵان، ئه‌وه‌نده‌ی كادری پارتی هه‌ولی كه‌مكردن و ناشیرین كردنی رۆڵی پارتی ده‌دات، نیو ئه‌وه‌نده‌ خه‌ڵكانی دیكه‌ زه‌می پارتی ناكه‌ن.واته‌ كادری پارتی ئاستی رۆشنبیری و و سیاسی نزمه‌ و باشتر وایه‌ 2 كادری به‌ توانا و رۆڵگێڕ هه‌بن نه‌ك 20 كادر كه‌ ناتوانن موناقشه‌یه‌كی سیاسی و روشبیری بكه‌ن و نه‌توانن وه‌لامی پرسیار و گازنده‌كانی خه‌ڵك بده‌نه‌وه‌.

3_ نادادپه‌روه‌ریه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ ناو دام و ده‌زگاكانی میری و حزبی، له‌ زۆرێك له‌ دام و ده‌زگاكاندا، به‌رێوه‌به‌ر نه‌ك هه‌ر كورسی بۆ چه‌ندین ساڵ داگیر كردووه‌، بگره‌ به‌ ده‌یان خزم و كه‌سی نزیك له‌ خۆی چ به‌ گرێبه‌ست و چ به‌ ره‌سمی دایمه‌زراندووه‌ و به‌ ده‌یان ده‌رچووی كۆلێژیش له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان وێلی بێكاری بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی دام و ده‌زگاكاندا، به‌رێوه‌به‌ر جیاوازیه‌كی زۆر له‌ نێوان خزم و كه‌سی خۆی له‌ گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌دا ده‌كات و به‌ ده‌یان نموونه‌ی زیندۆ له‌ لای منه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌.ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی بێزار بوونی كه‌سانی شایسته‌ كه‌ پشت گوی خراون.

4_ چه‌ندین قوتابی ده‌ناسم كه‌ فه‌رمانبه‌رن و له‌ كۆلیژه‌كانیش ده‌خوێنن، یان هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ قوناغی كۆلێژیش، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌كرا ده‌رچووه‌كان دابمه‌زرێنن و ئه‌وانه‌ش با به‌ ئیسراحه‌ت درێژه‌ به‌ خوێندنی خۆیان بده‌ن.ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ كه‌ خه‌ڵكێكی دلسۆز له‌ پارتی دوور بكه‌وێته‌وه‌ و به‌ دوای ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیكه‌دا بگه‌رێت.بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م كاره‌ رێگه‌ پێنه‌دراوه‌ و چه‌ندین نموونه‌ به‌ به‌لگه‌وه‌ له‌ لای منه‌.

5_ ئه‌گه‌ر پارتی كار له‌ سه‌ر پرۆژه‌ پڕ كه‌م و كۆڕیه‌كان بكات و لایه‌نی به‌رپرس له‌ سه‌ر كاره‌ گه‌نده‌لیه‌كان بداته‌ دادگا، ئه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر هه‌م واز له‌ بیری گه‌نده‌لی دێنێت و هه‌میش متمانه‌ به‌ پارتی ده‌كه‌ن و ده‌گه‌رێنه‌وه‌.من حه‌ز ده‌كه‌م به‌رپرسانی سۆران ته‌نها یه‌ك پرۆژه‌ پیشانی خه‌ڵك بده‌ن كه‌ بَی كه‌م و كۆڕی زه‌ق نه‌بێت.منیش به‌ ده‌یان پرۆژه‌ و بگره‌ كه‌م و كۆڕی هه‌ر هه‌موو پرۆژه‌كان به‌ وێنه‌وه‌ پیشانیان ده‌ده‌م.ئه‌مه‌ش وه‌كو رۆژی رۆناك بۆ خه‌ڵك دیاره‌ و خه‌ڵك له‌و پاره‌ به‌ هه‌ده‌ردانه‌ بێزار بووه‌.

6_ خه‌ڵك واده‌زانی كه‌ ده‌ستی به‌رپرسانی بالای پارتی و هه‌ندێك لایه‌نی هه‌ستیاری ناو پارتی، له‌ ناو پرۆژه‌كاندا هه‌یه‌، بۆیه‌ كه‌س ناتوانی پێچینه‌وه‌ و به‌ دواداچون بۆ كه‌م و كۆڕی پرۆژه‌كان بكات و كه‌س ده‌سه‌ڵاتی نییه‌، با لێره‌دا بۆ خه‌ڵك روون بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م بیروبۆچوونه‌ی خه‌ڵك تا چه‌ند راسته‌؟ یان ئه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێكن به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن؟

7_ با پارتی له‌ سۆران دوادا چون بۆ ئه‌و هه‌موو شه‌قامه‌ بی ناو نیشان و ئه‌و هه‌موو شه‌قامه‌ پڕ كه‌ند و قورتانه‌ بكات و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هه‌موو زه‌ویه‌ موساتحه‌ و زه‌ویه‌ زه‌وتكراوانه‌ بكات كه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانی ده‌سترۆیشتوو به‌ ته‌جاوز زه‌وت كراون و كرێچی و هه‌ژارێكیش نه‌توانی دوو ژوور له‌ سه‌ پارچه‌ زه‌ویه‌ك، كه‌ له‌ خۆدی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی كڕیوه‌ دروست بكات.

8_ لیكۆلینه‌وه‌یه‌كی زانستی بكات بۆ ئه‌وه‌ی چۆن بتوانی متمانه‌ی خه‌ڵك زیاتر به‌ ده‌ست بێنێت و ئه‌و چه‌واشه‌كاریانه‌ی خه‌ڵكانێك خۆڵ ده‌كه‌نه‌ چاوی خه‌ڵكی ساده‌، بۆ خه‌ڵك روون بكه‌نه‌وه‌ و خۆیان له‌ هاوڵاتی نزیك بكه‌ن.

له‌ سیاسه‌تدا راو كردنی عه‌قل و عاتیفه‌ هه‌یه‌، به‌لام كونی تۆڕی پارتی زۆر گه‌وره‌ن بۆ راوكردن له‌و ده‌ریاچه‌یه‌ بچووكه‌دا، پارتی به‌و تۆڕه‌ ته‌نها ده‌توانی زه‌به‌لاحه‌كان راو بكات، كه‌ ئه‌وانیش جێگه‌ی متمانه‌ نین و هه‌ر كاتێك جووله‌یه‌ك بكه‌ن، ده‌توانن خۆیان له‌و تۆڕه‌ رزگار بكه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ كونی تۆرَه‌كه‌ی بچووك بكاته‌وه‌ و گه‌وره‌ و بچووك راو بكات.

Go to top