We have 133 guests and no members online

ئەمڕۆ بەشێکی زۆری رۆشنبیران پرسیار لەبارەی شوناس و ئەو کێشە فەلسەفیە قووڵانە دەکەن، کە جێگەی بایەخە لای ئەوان، هەر بەهەمانشێوەش بنووسی شانۆگەری " کالیگۆلا"ش، هەمان پرسیار دەکات.

ئەلبێر کامۆ لە ساڵی 1931 لە " مەندوفی" سەر بە شاری قوستەنتینیەی جەزائیر لەدایکبووەو هەتا کۆتایی ژیانیشی داکۆکیکەرێکی سەرسەختی مەسەلەی رزگاربونی جەزائیر بوو، بەرگری لە عەدالەت و مرۆڤایەتی دەکرد، لەهەمانکاتیشدا داوای یەکسانی دەکرد لە نێوان هاوڵاتیانی رەسەنی ولاتی جەزائیر و کۆچبەرە فەرەنسییەکانی ئەو ولاتە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە مافی ژیان و ئازادییەوە هەبوو، هەرچەندە هزری زۆربەی جەزائیریەکان لەگەڵ هزری کامۆ زۆر جیاوازبوو، بەڵام ئەو پرسیارە کە زۆر گرینگە و لێرەدا بە بێ وەڵام ماوەتەوە ئەوەیە، ئاخۆ ئەلبێر وەکو جەزائیریەک قبوڵ دەکرێت یان نا؟

لە گەرمەی شەڕی نێوان جەزائیر و فەرەنسا لەسەر شوناسی ئەلبێر کامۆ، کە دوو ساڵ پێش سەربەخۆبونی جەزائیر کۆچی دواییکرد واتە لە ساڵی 1960 دا، ئەلبێر لەسەرو ئەوەی کە بەرەگەز فەرەنسی بوو، لێ ژیانی و کتێبەکانی هەردووکیان یەک ڕووی هەقیقەتێکن، یان دەتوانین بڵێین گوزارشت لە یەک سیمای حەقیقەتێک دەکەن، ژیانی ئەو، ژیان پاڵەوانەکانی ناو کتێبەکانی بوو، چونکە ناتوانین جیاوازی لە نێوان ئەلبێری ئینسان، کە هەموو ئازارەکانی سەردەمەکەی خستبوویە سەرشانی، کەبەوپەڕی ئازایەتی و شەرەفەوە ئەم ئازارەی هەڵگرتبوو، لەگەڵ پاڵەوانەکانی وەکو : ( سیزیف و کالییف و میرسۆ و ریۆ) جیاواز نەبوو، چونکە ئەوانیش لەهەمان ڕێگای ئەمانەت و عەدالەت گرتبوەبەرو هیچ بەلایانەوە گرینگ نەبوو، ئەو ئازارو ناخۆشیانەی کە دێنە بەر ڕێگایان.

ئەلبێر توانی خۆی لەو وەسەتە ڕزگاربکات کەلەو سەردەمەدا زاڵبوو، کە سەردەمی ملاملانێ توندەکان بوو، سەردەمێک بوو کە سیاسەت لە مۆڕاڵ و بەها کۆمەڵایەتییەکان جیاکرابوویەوە، لەو سەردەمەدا هەموو بەها پیرۆزەکان بەرەو مەرگ دەچوون، ئەو بەهایانەی کە پێشتر وەکو وەسیتێک وابوون لە نێوان خودا و مرۆڤدا، کە دەیتوانی ئارامی بۆ مرۆڤەکان بهێنێت.

 

 

دیارە بۆ تێگەیشتن لەو سەردەمە تەنها بەوە نابێت کە ئێمە بڵێین، بەهاکان بە تەواوەتی هەموو ماناکانی خۆیان لە دەستدابوو، بەڵکە ترسەکە زیاتر لەوەبوو کە هیچ ئیحتمالێک نەبوو بۆ ئەوەی جارێکی تر " بەها" کان دروستببنەوەو بەشێوەیەک لە شێوەکان بوونیان بەرجەستە بێتەوە، لەبەرئەوە گەورەترین کێشە کە ڕووبەڕوی کامۆ بوویەوە ئەوەبوو، دەیویست بەهای نوێ لەناو جیهانێکی دژ بەیەکدا دروستبکات، بەبێ ئەوەی ژیانی ئێستا بە باها تەقلیدیەکان ببەستێتەوە، کە مێژوو لەناویبردبوون.

 

بەلام لەبارەی دونیای ئەلبیر کامۆوە، ئەوە ئەو دونیایە بوو کە " میرسۆ" تێیدا لە رۆمانی نامۆ ژیاوە، هەر ئەو دونیایەیە کە دکتۆر " ڕیۆ"  تێیدا ژیا، چۆن بەرەنگاری ئەو تاعونە بوویەوە کە هێشتا سروشتەکەی رەمزێکی نادیارە، ئەو دونیایەی کەبە رەمزی بەردی تەندروستی و حاڵەتی گەمارۆدان گوزارشتی لێکرد، ئەو دونیایەیە کە هەموو تاکەکان فڕێدەداتە خوارەوە، هەروەک چۆن بەسەر سیزیف دا زاڵبوو، کە بەردی بێهودەیی بۆ سەر لوتکەی شاخەکە بەرزدەکردەوەو دیسانەوە فرێیدەدایەوە خوارەوە.

بە هەمان پلەی کە  هێمای دژبەیەکی یان وەکو کامۆ خۆی ناویلێناوە " نامۆ بوون"،  کامۆ قەناعەتی بە فشارێک یان تەسلیبوون نەبوو، چونکە ئێمە لە فکری ئەودا دەریایەکی گەورە و زیندانێکی ترسناکیش دەبینین، کە ئەم دوانە رەمزێکی بنەرەتی فکر و ئەدەبی ئەو بوون .

لەبەرئەوە ئەو هەموو کێشەکانی سەردەمەکەی لەناخیدا هەڵگرتبوو، کە دەیتوانی لەڕێگای حەماسە عاتیفییە ئاراستەکراوەکەیی و حسە ئەخلاقییە جوامێرەکەی بەرەنگاری بێتەوە. ئەو دژی هەموو کارێک دەوەستایەوە کە ببێتەهۆی ئازاربەخشین بە مرۆڤ، لەهەمانکاتیشدا لەناو ناخی خەڵکیدا چرای مانای یەکسانی و دادپەروەری و ئەمانەتی دادەگیرساندن، ئەو کاری بۆ ئەوە دەکرد کە جارێکی تر سیاسەت بگەرێنێتەوە بۆ ناو حەرەمی ئەخلاق، ئەو لە ڕیزی کەسە ئەخلاقییە فەرەنسییە گەورەکان بوو، کەلە سەدەی هەژدەو نۆزدەدا ژیابوون، ئەو وەکو سارتەر وەسفیکردبوو،  سەر بە نەوەی شاتوبریانە و حەکیمترین و ئازاترینیانە.

ئەلبێر ژیانێکی زۆر ناخۆش ژیاوە، لە ژیانیدا کۆمەڵێک پیشەی کردووە، وە ناچاریش بوو کە لە شارەوانی " تیزی وزو" دەست لە کارەکەی بکشێنێتەوە، پاش ئەوەی ڕاپۆرتێکی نووسی کە تێیدا باسی ڕەوشی ژیانی خەڵكی دەڤەرەکەی کردبوو، کە چۆن لە هەژاری و برسێتی و دواکەوتوویدا دەژین، چونکە بەیانیەکیان بە چاوی خۆی بینی، کە چۆن منداڵە جەزائیرییەکان شەڕ لەگەڵ سەگەکان دەکەن، لەسەر ئەو پاشەڕۆیە خۆراکەی ، کە فەرەنسییە بۆرجوازیە کان فڕێیاندابوویە تەنکەی خۆڵەوە.

 

پاشان بۆی دەرکەوت کە چەندە جیاوازی لە جۆری ژیانی ئەوان و خەڵكی جەزائیریدا هەیە، هەربۆیە بەوپەڕی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، کەئەمە ئەوپەڕی شەرمەزارییە کە ئێمە وامانکردووە جەزائیرییەکان لەگەڵ هەژاری و نەداریدا بژین، وە گەورەترین بەدڕەوشتیشە گەر بێت و بڵێین جەزائیری هەمان هەستی بۆ شمەکەکانی ژیانی کەسێکی ئوروپی نییە.

پاشان ئەم دەنگە لەناو گوێچکەکاندا جێگەیەکی بۆ خۆی دۆزیەوەو ڕێگادرا بە خەڵكی تاوەکو کتێبەکانی ئەم پیاوە باشە بخوێننەوە کە داوای " یەکسانی و دادپەروەری دەکات لە نێوان عەرەب و فەرەنسییەکان "، وە دژی ئەوە بوو کە جەزائیرییەکان لەسەر ئەو خێرو سەدەقەیە بژین کە فەرەنسییەکان پێیان دەدەن، هەروەها دژی ئەو ستەمکارییە بوو کەلە وڵاتێکەوە دەردەچوو کە خۆی وا نمایشدەکات کە دژی زوڵم و ستەمکارییە لە جیهان.

کامۆ ئەم ڕاپۆرتەی بە زنجیرەیەک لە رۆژنامەیەکی فەرەنسی بڵاوکردەوە، کەلە جەزائیر دەردەچو ناوی " ئالجیری پوبلیکان" بوو، ئەم رۆژنامەیە پێکەوە لەگەڵ باسکال بیا لە ساڵی ١٩٣٨ دامەزاراند،  بەوپەڕی جوامێرییەوە دژی سیاسەتی رەسمی فەرەنسی لە جەزائیر دەوەستایەوە، لەهەمانکاتیشدا داوای یەکسانی لە نێوان کۆچبەرە فەرەنسیەکان و جەزائیریەکان دەکرد.

 دیارە کامۆ چ لەم ڕاپۆرتە و چ لە ووتارەکانی تریشدا، تەنها بە شێوەیەکی بەزەیی پێداهاتنەوە نەبوو بەو کەسانەی کە لە وڵاتەکەی خۆیاندا زوڵمیان لێدەکرێت، بەڵكە شێوەیەکی تەواو جیاوازبوو، هەروەها تەنها  شتێک نەبوو کە خەڵکانێک کەرامەتی مرۆڤێکی تر لەناو دەبەن و بە شێوەیەکی نا مرۆڤانە و سووکەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام کۆچبەرە فەرەنسیەکان کە دەماغیان توندڕەوی بەسەریدا زاڵبوو، نەیانتوانی لە پەیامەکەی کامۆ تێبگەن، هەروەها نەشیانتوانی چاویان ئەو هەڵانە ببینێت، کە لە وەحشیەت و خۆپەرستیانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەبەرئەوە داوای دورخستنەوەیان کرد لە وڵاتی جەزائیر، سەرۆکەکانی گوتیان، ئەو ڕاپۆرتە بەشێوەیەکی ئیداری نەنووسراوە، هەربۆیە حاکمی گشتی جەزائیر فەرمانی دەرکردنی لە جەزائیر بۆ دەرکرد و بە زۆرەملێ بۆ فەرەنسا دوریانخستەوە.

بەمشێویە کامۆ بەرەو پاریسی پێتەختی فەرەنسا بەڕێکەوت، ئەو نامەیەکی باسکاڵی هاوڕێی پێ بوو کەبۆ رۆژنامەی " پاری سواخ" ی ناردبوو، بۆ ئەوەی کارێكی بۆ بدۆزنەوە، بەمشێوەیە لەوێ وەکو هەواڵسازێک دامەزار، ئەمەش لە ساڵی 1940 دا، لەوکاتەی کە جەنگێکی گەورە باڵی بەسەر تەواوی ئوروپادا کێشابوو، هێرش و پەلاماری ئەڵمانی هەموو ناوچەکانی گرتبوویەوە وپاشانیش ئەڵمانەکان فەرەنساشیان داگیرکرد.

 

پاشان ڕۆژنامەکە بۆ شوێنێکی تر گواسترایەوە، رۆژنامەی " پاری سواخ" برایە " کلیمۆ فیرۆن" کە دەکەوێتە هەرێمی " ئۆفیرن"، کامۆش جانتاکەی خۆی پێچایەوەو لەگەڵیان چوو، هەروەها دەستنوسی یەکەمین ڕۆمانیشی بەناوی " نامۆ" لەگەڵ خۆیدا برد، کە ئەو پێشتر بەنیازبوو لە پاریس چاپی بکات.

پاشتر کامۆ وازیشی لەم ڕۆژنامەیە هێنا، چونکە ئامادەنەبوو بچێتە بەرەی حکومەتی " فیشی" زەلیل و ڕیسواوە، لەبەرئەوەی ئامادەنەبوو کار لەگەڵ حکومەتێک بکات کەلەناخیدا ڕقی لێدەبوویەوە، بەمشێوەیە ڕۆژنامەی " پاری سواخ" ی بەجێهێشت و چووە شاری " لیۆن" بۆ ئەوەی شوێنێک و بژێوی ژیانی پەیدا بکات، لەم شارەش ماوەی سێ مانگ مایەوە، پاشان گەڕایەوە بۆ جەزائیر، بۆ ئەوەی لەگەڵ بنەماڵەکەی بژی، کە ئەوکاتە لە شاری "وەهران" بوون، ئەم شارەش بە بێ پارەیی و بێکاری و قەدەرێکی ناخۆش پێشوازی لێکرد . پاش ماوەیەک جارێکی تر سەفەریکردەوە بۆ پاریس، تەنها پشتی بە تواناکانی خۆی بەست و چاوەڕوانی سەرکەوتنێکی ئەدەبی دەکرد، کە نیشانەکانی ئەم سەرکەوتنەی لێوە نزیک دەبوویەوە.

رۆمانی " نامۆ" تەوابوو، هەروەها شانۆگەری " کالیگۆلا" لەساڵی 1938 ەوە خۆی بەسەریدا سەپاندبوو، وە لاپەڕەکانی ئەفسانەی " سیزیف" رۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبوون، لەهەمانکاتیشدا داگیرکردنی ئەڵمانی لەفەرەنسا درێژتر دەبێت و ماوەی چوار ساڵی خایاند، کامۆش بەرەنگاری ئەم داگیرکردنە دەبوویەوەو بە شێوەیەکی نهێنی و عەلەنی دژی دەوەستایەوە، ئەو بەشێوەیەکی پاکوبێگەردی و تێڕوانینی هێمن و ووشەی جوامێرانەوە بەرەنگاری ئەم داگیرکەرە دەوەستایەوە.

پاش ماوەیەک خاوەنی دەزگەی چاپ و پەخشی " گالیمار" ناردی بە دوای کامۆ دا، پێشتر کامۆ رۆمانی " نامۆ" ی دابوو پێیان، لێرە کاری هەڵەچنی و خوێندنەوەی کتێبەکانیان پێ دا. دیارە کامۆ بوو بە ئەندامی بەرەی ڕزگاریخوازی فەرەنسی نهێنی لە پاریس، ئەو بوو بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی " کۆمبا"، کە مانای " خەبات" دەگەیەنێت، دروشمی ئەم ڕۆژنامەیەش " لە بەرەنگاربوونەوەوە بۆ شۆرش" بوو، کامۆش هەموو سەروتارەکانی دەنووسی و فەرەنسییەکانیش هەموو بەیانییەک بەوپەڕی خۆشیەوە چاوەڕوانی وتارەکانی کامۆ دەبوون، کە فەرەنسیەکانی هان دەدا دژی زوڵم و ستەمکاری بوەستنەوە.

ئەو داوای لێدەکردن کە کار بۆ دادپەروەری بکەن،  هەمیشە ئەوەی کە زاڵدەبێت بەسەر ناخی مرۆڤدا،  داوای مەرگی سەتمکارانی دەکات، بەڵام مەزنی مرۆڤ لەوەدا نییە، بەڵکە لەوەدایە، کە خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزی وابێت کە بەسەر قەدەری بەشەریدا زاڵبێت، گەر قەدەری مرۆیی زاڵم بێت، ئەوا هیچ وەسیلەیەکی تر لەبەردەمیدا نییە بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵبێت، تەنها ئەوە نەبێت، کەلە ناخی خۆیدا کەسێکی دادپەروەر بێت.

بەڵام ئەو وڵاتەی کە سیمای قوربانییەکی پیرۆزی بە خۆی بەخشیبوو، پاشتر دەستی بۆ چەقۆ برد، ئەو مەزڵومەی کە بۆ ماوەی چوار ساڵ ستەمکاری توندی بەخۆوە بینی، یەکسەر پاش ئەو چوارساڵە،  لە جەزائیر و مەدەقەشقەر قامچیی جەلادێکی بەدەستەوە گرت و کەوتە تۆڵەسەندنەوە لەو کەسانەی کە بە تۆمەتی هاوریکاریکردن لەگەڵ دوژمندا تۆمەتبارکرابوون .

دیسانەوە گیانی درۆزنی و ئێرەیی و ملاملانێ لەسەر دەسەڵات لە نێوان پارتە سیاسیەکاندا، زاڵبوو بەسەر ئاسمانی پاریسدا، زاڵبوون بەسەر دوژمنی دەرەکیدا زۆر ئاسانتربوو، لەسەرکەوتن بەسەر ئەو دوژمنەی کەلەناخی مرۆڤەکاندا هەبوو، ئەمەش پێویستی بە جوامێری و خوێن و دڵنەوایی زیاتر دەبوو، ئەو لە کتێب و ووتار و لێدوان و قسەکانیدا بەرگری لە کەرامەتی رۆحی دەکرد، هەوڵیدەدا لەناخی مرۆڤەکاندا مانای دادپەروەری دروستبکات، لەهەمانکاتیشدا بەوپەڕی ئازایەتییەوە داوای نوێکردنەوەی فکری سیاسی و لێکتێگەیشتن و جوامێری دەکرد.

بەڵام کامۆ بەرەنگاری ئەو توفانە دەبوویەوە کەلەخۆی گەورەتربوو، پاش ماوەیەک ڕۆژنامەی " کۆمبا" ڕاگیرا، کەبۆ ماوەی سێ ساڵی پرشنگدار لەژێر سەرۆکایەتی ئەودا بەردەوام بوو، ئەو هیچ خیانەتی لەو مەسەلانە نەکرد کە خۆی باوەڕی پێیانبوو، پاشان وازی لە کاری ڕۆژنامەوانی هێنا و، هەرچەندە ئەو بە بەردەوامی لەهەموو بۆنەیەکدا بەرگری لە بۆچونەکانی دەکرد و تەداخولی لە کێشە هەنووکەیەکان دەکرد، کە لە کۆمەڵێک وتاردا دەریدەبرێن و پاشتر لە کتێبێکدا بەناوی " کێشە هەنووکیەکان" بڵاوکردەوە، هەموو ئەم وتارانەش لە خاڵێکی جەوهەریدا خۆیان دەگرتەوە کە ئەویش " ئەمانەت" بوو. کامۆ وازی لە هیچ کێشەیەک نەهێنا کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئازاردانی مرۆڤ لەم سەردەمەدا، بەبێ ئەوەی سیاسەت لە ئەخلاق جیابکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەی کە ئێستا کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەمان لەبەردەستدایە کە شەرعیەت بەوە دەدا کە ئەلبێر کامۆ ناسنامەیەکی جەزائیری هەبووە، بەڵام ئێمە دەڵێین، لەگەڵ ئەوەی کەئەو بە ڕەگەز فەرەنسی بوو،  لە جەزائیر لەدایکبوو، بەڵام ئەو هەمیشە بەرگری لە عەدالەت و مرۆڤدۆستی دەکردەوە بەتایبەتی لە جەزائیری نیشتمانی، ئەو شوێنەی کەلێی لەدایک بوو گەنجێتی خۆی تێدا بەسەربرد، هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە کامۆ لەڕووی ناسنامەوەو جەزائیری بووە.

 

*شاعیرێکی جەزائیریەوە

سەرچاوە: ڕۆژنامەی المدی

 

Go to top