We have 125 guests and no members online

ده‌رکه‌وت ئه‌م جاره‌ش وه‌ک جارانی پێشوو یه‌کێتی ئاوڕله ‌قه‌یران‌وکێشه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی نه‌داته‌وه‌و به‌راوردێك له‌سه‌رپرسی شکست ودابه‌زینی کێرڤی جه‌ماوه‌رنه‌کات، لەوە دەچێ وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ڕێی کاره‌کته‌ره‌ هه‌ماکاره‌کانیه‌وه‌ بچێته‌وه‌ به‌رده‌م جه‌ماوه‌رو به‌ده‌نگی به‌رز بڵێ ده‌یبه‌ینه‌وه‌. . !

ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتن له‌سه‌ر سه‌روه‌ری ومێژووی گیانبازی بینابکرێت:ئه‌وا (یه‌کێتی وشکست)هه‌رگیزله‌ڕسته‌یه‌کدا جێیان نابێته‌وه‌! به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕابردوو پێ یانگوتین که‌ ده‌نگده‌ر ئاوڕله‌ رابردوو ‌ناداته‌وه، که‌کێ ده‌رهێنه‌رو ئه‌کته‌ری به‌رهه‌م هێنی شۆڕشی نوێ‌و ڕاپه‌ڕینه‌کان بووه‌ .

یه‌کێتی به‌ کردار بیرله‌وه‌ناکاته‌وه‌ که‌چه‌ند ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕیندا تێپه‌ڕیوه‌و چه‌ند نه‌وه‌ پێگه‌یشتوون، وه‌ نه‌یتوانیوه‌‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌کان به‌باشی له‌نێوانیاندا دابه‌ش بکات !

شکسته‌کانی یه‌کێتی قۆناغ به‌قۆناغ له‌خه‌یاڵدانی هیچ که‌سدا نه‌بوون، ئه‌وه‌ی زیاتر جێگای نیگه‌رانییه‌، بێباکی وخه‌مساردی ئه‌و سه‌رکردایه‌تی‌یەیە‌ کە ئامادە نییە که‌مترین ئۆباڵی شکسته‌کان به‌ئه‌ستۆبگرێت. . ! هه‌رچه‌نده له‌دوای شکستی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ڕابردوو ووتیان شکسته‌که‌ به‌ئه‌ستۆده‌گرین ؟ به‌ڵام تائێستاش ڕوون نیه‌، به‌ئه‌ستۆگرتنی شکست لای ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ چ مانایه‌ك ده‌گه‌یەنێ!

هێزێك له‌ په‌نجا کورسی یه‌وه‌ په‌یژه‌ به‌په‌یژه‌ دابه‌زێته‌‌خوارێ‌؛چۆن ڕاناچڵه‌کێ و جێگۆڕکێ‌و گۆڕان به‌ یاریزانه‌کانی ناکات، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ هه‌ر ئه‌م ستافه خۆیانن‌و‌ بوار به‌ هیچ که‌سێک ناده‌ن‌و به‌رده‌وامیش شکست له‌دوای شکست تۆمار ده‌که‌ن!

یه‌کێتی گه‌ر ده‌نگی که‌سوکاری شه‌هیدان‌و زیندانیانی سیاسی‌و تێکۆشه‌ره‌کانی خه‌باتی ژێرزه‌مینی‌و که‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌رو ئه‌ودێهاتانه بهێنێت که‌ له‌ سه‌رخستنی شۆڕشی نوێ له‌گه‌ڵدابوونه؛‌ ئه‌وا حیزبه‌که‌ی مام جه‌لال هه‌ر له‌ڕێزی پێشه‌وه‌دا ده‌بێت .

یه‌کێتی له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتیش ڕه‌نگدانه‌وه‌و په‌تای گوێنه‌گرتنی گرتۆته‌وه‌و کردویانه‌ته‌ پیشه‌، لە کاتێکدا ئێستا له‌به‌رده‌م هه‌ستیارترین وگرنگترین هه‌ڵبژاردنداین و ڕه‌وه‌ندی کوردیش ده‌توانێت بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌نگ بدات، که‌چی سه‌دان کادری ئه‌و حیزبه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی که‌ فڕێدراونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی گۆڕه‌پانه‌که‌، خۆیان ڕێك ده‌خه‌ن‌و ئاماده‌سازی ده‌که‌ن بۆ سه‌رخستنی لستی حیزبه‌که‌یان، که‌چی له‌بری ئه‌وەی مه‌کته‌بی سیاسی ومه‌کته‌بی ڕێکخستن ده‌رگای گفتوگۆیان به‌ڕوودابکه‌نه‌وه‌ وتێبینی وسه‌رنجه‌کانیان به‌هه‌ند وه‌ربگرن و سوپاس و ده‌ست خۆشیان لێ بکه‌ن که‌ وێڕای پەراوێزخستنیان ده‌ستبه‌رداری حیزبه‌کانیان نابن، له ‌که‌ناڵی سێبه‌ری یه‌کێتییه‌وه‌ ئه‌ندامیکی سه‌رکردایه‌تی دێته ‌سه‌رخه‌ت‌و ده‌ڵێ: ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ شکست خواردوه‌ و ده‌ستیان له‌پشته‌. . !

له‌کاتێکدا ئه‌وبراده‌ره‌ی سه‌رکردایه‌تی وهه‌موو هه‌ڤاڵانی یه‌کیتیش ئه‌وڕاستییه‌ ده‌زانن که‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ریه‌کێتی داگرتووه‌ له‌ده‌ره‌وه‌، نه‌یانتوانیوه‌ چه‌ترێك بۆ هه‌موو یه‌کێتیه‌کان دروست بکه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ یه‌کێتیان تووشی لێکترازان‌و په‌رشوبڵاوییه‌کی ئەو‌تۆ کردوه‌ که‌به‌م سیاسه‌ته‌ خواروخێچه‌و به‌و ده‌موچاوانه‌ یه‌کێتی نه‌ك نایباته‌وه‌ به‌ڵکو پاشەکشەی زیاتر دەکات. . !

ئه‌رێ له‌کام قۆناغ‌و سه‌رده‌مدا له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه‌ له‌خۆگرتن وله‌سه‌رگوتنی ڕاستیه‌کان، له‌سه‌ر پڕۆژه‌و پێشنیارکردن بۆ چاککردنی حیزب ناسنامه‌ی یه‌کێتی بوون له‌ئه‌ندام وکادر سه‌ندراوه‌ته‌وه. . ‌؟! ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوتوومانه‌ ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ گوزارشت له‌هه‌موو یه‌کێتیه‌کان ناکات؛به‌ڵکو هی باڵێك وته‌که‌تولێکی ناو حیزبه‌وئه‌وه‌ی سوژده‌یان بۆ نه‌بات قبوڵی ناکه‌ن، وه‌گوتوومانه‌ به‌زه‌ییتان به‌یه‌کێتی دا بێته‌وه‌، وه‌ڵامی داواکاریه‌کان بده‌نه‌وه‌ وسه‌رکرده ‌هه‌مه‌کاره‌کانیش خۆیان بە دوور بگرن له‌چوونه‌ ناوخه‌ڵك‌و میدیاکان، وه‌ك ئه‌وه‌ی کوفرمان کردبێت پێمان ده‌ڵێن ده‌ستیان له‌پشته‌!

به‌ڵێ ده‌ستمان له‌پشته‌ ده‌ستی چه‌پکه‌گوڵه‌که‌ی مام جه‌لال، که‌هه‌میشه‌ ده‌یگوت (یه‌کێتی ماڵی هه‌مووانه‌) ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئیحساس بکه‌ین و له‌ ناوماڵی خۆماندا غه‌ریب نه‌بین‌و یه‌کێتی هی هه‌موو تێکۆشه‌ره‌کانی بێت، نه‌ك هی گروپێك وتاقمێك، ئه‌گه‌ر دوای شکسته‌کانی ساڵی ڕابردوو کار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌کیتی بکرایه‌، ئه‌رك‌و به‌رپرسیاره‌تیه‌کان به‌شێوه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌شبکرایه‌وکار به‌ مه‌بده‌ئی پاداشت‌وسزا بکرایه، ‌ده‌رگای گفتوگۆ بۆ هه‌ڤاڵان واڵابکرایه‌و به‌شێك لەو ‌سه‌رکردانه‌ی ڕابردوو سه‌رکه‌وتوونه‌بوون له‌کاروباریان پێیان بڵێن بڕۆن ماوه‌یه‌ك پشوو بده‌ن نه‌ك به‌رپرسیاره‌تی زیاتریان بدرێتی، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌زعی یه‌کێتی باشترده‌بوو!

ئه‌وانه‌ی لێره‌وله‌وێ قسه‌ فڕێ ده‌ده‌ن گوایه‌ بێلایه‌نن، وا خۆیان نمایش ده‌که‌ن‌و ده‌ڵێن کێشه‌کانی ناو یه‌کێتی له‌سه‌رپاره‌و پله‌و پۆسته‌ وکێشه‌کان هیچ بنەمایەکی فکرییان نیە، به‌ڕوونی دیاره‌ ئاو له‌ ئاشی کام باڵ‌ ده‌که‌ن‌و شینه‌که‌شیان بۆچی یه‌!ئه‌گینا زۆر به‌ڕوونی جیاوازییه‌کان دیارن سه‌باره‌ت به‌ئیداره‌دانی (حیزب وحکومه‌ت، په‌یوه‌ندیه‌کانی ناوخۆ، کوردستانیه‌کان، پێكهاته‌و داڕشتنه‌وه‌ی حیزب، ئه‌رك ومه‌هامی ده‌زگا ئه‌منیه‌کان‌و هتد. . . )، پڕۆژه‌یه‌ك دەیانەوێ بارودۆخی ئێستا بەردەوام بێت‌و وەک هەمیشە سیاسەتی پینەو پەڕۆ درێژەی پێ بدرێ‌و به‌هه‌مان ڕیتم وهه‌مان فه‌ریق درێژه‌به‌وسیاسه‌ته‌ بدرێت .

پڕۆژهه‌که‌ی تریش چاکسازی ونوێبوونه‌وه‌ی حیزب وگواستنه‌وه‌ی یه‌کێتی بۆ قۆناغی ئێستاوداهاتوو، وه‌کردنه‌وه‌ی ده‌رگا به‌سه‌ر تواناو که‌فائه‌تی تازه‌داو خۆنه‌دزینه‌وه‌ له‌کۆنگره‌یەکی شه‌رعی که‌ کادر به‌ته‌واوی ئیرادەی خۆیەوە ده‌نگ بدات .

هه‌ندێکیش ده‌ستیان به‌سه‌رماڵ‌وموڵکی حیزبداگرتووه‌و ده‌ڵێن (هل من مزید) زیاتریان ده‌وێ. . ! هه‌ندێکیش موڵک‌وماڵی بەردەستیان ڕاده‌ستی حیزب ده‌که‌نه‌وه؛‌ که‌چی هێشتا ده‌وترێت ململانێکه‌ له‌سه‌ر پۆست وپاره‌یه‌ !              

به‌وئومێده‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنەدا‌ یه‌کێتی سه‌رکه‌وتووبیت‌و دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانیش کۆنگره‌یه‌کی شه‌رعی ببه‌ستێ وچاکسازییەکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ده‌ست پێ بکات کە له‌ گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ئەمڕۆی خه‌باتدا بگونجێ.

Go to top