پەروەردەکردنی منداڵان بە لێبووردن. . رەزا شوان

18. 01. 08

منداڵە چاوگەش و شیرین و خۆشەویستەکانمان، نەوەی ئەمـڕۆن و هیـوای داهاتووی کـورد و کوردسـتانن. . بە نرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن. . گۆشکردن و پەروەردەکردنیان بە دروستی و ئاراستەکردنیان بە راستی ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی ئەستۆی خیزان و قوتابخانە و کۆمەڵگا و هەموو هیواخوازێکی داهاتوویەکی باشتر و شیاوتر و گەشترە بۆ کورد و کوردستان. . پێویستە لە منداڵییەوە بە بەها پیرۆزەکان و پرەنسیپە بەرزە نیشتمانییەکان و مرۆڤایەتییەکان پەروەردەیان بکەین. . لە منداڵییەوە بە بنەما سەرەکییە ئەرێنییەکانی ژیان و سازان و پێکەوە هەڵکردن ئاشنایان بکەین. . بۆ ئەوەی ببن بە کەسایەتی بڕوابەخۆ و گەشبین و سەرکەوتوو. . ببن بە تاکی دروست و خێربەخش. . ببن بە کۆڵەکە و کاریتەی تەبایی و خۆشبەختی کۆمەڵگای کوردیمان. پێویستە وا پەروەردەیان بکەین، کە شانازی بە ناسنامەی کوردستانی بوونی خۆیانەوە بکەن و هەستی هاوبەستەبوونیان بۆ شارستانییەت و بۆ مرۆڤایەتی هەبێت. . هەر لە منداڵییەوە منداڵەکانمان بە رۆشنبیریی برایەتی و خۆشکایەتی و هاوڕێتی و کەسایەتی و قبووڵکردنی یەکتری و رێز و خۆشەویسی و یەکسانی و دادپەروەری و هـاومافی و رێزگرتن و خۆشەویستی کەسانی تر و کرانەوە بەڕووی کولتوور و کۆمەڵگاکانی تر و باشخوازی و ئاشتییخوازی و لێبووردن و بەخشین پەروەردەیان بکەین. . لە منداڵییەوە لە هەموو شێوەیەکی دەمارگیری و توندوتیژی و رەگەزپەرستی و تونـدڕەوی ئاینی و تایفی و خۆپەرستی و کەسنەویستی دووریان بخەینەوە. . ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی هەموومانە، کە بەم بەها و پرەنسیپ و رەوشتە جوانانە پەروەردەیان بکەین.
پەروەردەکردن و راهێنانی منداڵان بەو بەها و پرەنسیپانە، لە شەو و رۆژێک دا نایەنە دی، پێویستیان بە سنگفراوانی و دەروون گەورەیی و پشوودرێژی و خۆڕاگرتن هەیە. . پێویستیان بە پلان و بەرنامەڕێژی هەنگاو بە هەنگاو هەیە. . تا دڵنیابین کە ئەنجامەکان ئەرێنی دەبن و بە درێژی ژیانی منداڵان کاریگەری و رەنگدانەوەیەکی ئەرێنییان لەسەر ژیانی خۆیان و لەسەر کۆمەڵگای کوردیشمان دەبن.

یەکێک لەو بەها پیرۆزانەی ناومان بردن (لێـبووردن)ـە، کە هەموو ئاینە ئاسمانییەکان و تیۆرە پەروەردەییەکان، جەختیان لەسەر گرنگییەکانی بەهای لێبووردن و بەخشین کردۆتەوە، کە یەکێکە لە هەرە خەسڵەتە جوانەکان و پرەنسیپە بەرزەکانی مرۆڤ.

ئامانجی پەروەردەی نوێ لە ئەمڕۆدا، بە ئاراستەی بنیاتنانی رۆشنبیری ئاشتی و هەستپاکی و سۆز و رووحی مرۆڤایەتی و بەهـای لێبووردنە، دژایەتیکردنی هەموو شێوەکانی توندوتیژی و دەمارگیری و زاڵبوون و خۆسەپاندن و چەوسانەوەیە. . لە بنەڕەتیش دا، پەروەردە لەسەر بنەمای بەهای لێبووردن و ئاشتی و ئازادی مرۆڤ و لێبووردە هاتۆتە کایەوە. . بۆیە پێویستە سیاسەت و داڕشتنی پەیڕەو و پرۆگرامەکانی فێرکردن و خوێندن، لە هەموو قۆناغ و ئاستەکان دا، لە باخچەی منداڵانەوە تا دەگاتە خوێندکارانی زانکۆکان، هەموو هاوکاربن لە روندان و شیرینکردن و بەرجەستەکردنی پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و سازان و لەیەکگەیشتن و لێبووردن و خۆشەویستی و رێز و رێزگرتن لە را و بۆچوونی جیاواز. . پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی دروستی منداڵان هۆکاری پێکەوەژیان و گونجان و سازانە، نەک هۆکاری ململانێ و بەربەرەکانی.
(هيلین کیللەر) دەڵێ:"باشـترین دەرئەنجـام لە پـەروەردەدا لێــبووردنە"
لێبووردن زمانێکی نەرم و شیرینە، چەمکێکە واتای بەخشین لە کاتی توانا و هێزدا دەگەیەنێت. . پێویستە لە منداڵيیەوە منداڵەکانمان فێری ئەم زمان و چەمکە بکەین. . لێبووردن دروشمێک نییە بوترێ یا بەرزبکرێتەوە، بەڵکو لێبووردن دۆخێکی دەروونی و رەوشتی و کۆمەڵایەتییە، کە لە ویژدانی منداڵان دا دەڕوێت. . لێبووردنیش لە خودەوە دەستپێدەکات، ئینجا لە کەسانی تر.

گەر بە منداڵی خۆماندا بچینەوە، ئەو یادەوەرییانەمان دێتەوە یاد و بەرچاومان، کە زۆر جار لەگەڵ خوشک و بـرا و هاوڕێکانمان دا، ناکۆکی دەکەوتە نێوانمان. . تووڕە و زیـز دەبووین، بەڵام لە دڵمان ناگرت و زۆری ناخایاند، بە ئەوپەڕی دڵپاکی و هەستپاکییەوە دەستمان لە ملی یەکتری دەکرد و داوای لێبووردن و بەخشینمان لە یەکتری دەکرد و ئاشت دەبووینەوە و لاپەڕەیەکی نوێی دڵپاکی و بێتاوانیمان هەڵدەدایەوە. . بـەڵام کە گەورە بووین و گـرفت و کێشەکانمان زیادیان کرد، توانای لێبووردن و بەخشینمان کەمتربوونەوە. . دەرفەت بە بەرانبەرەکانمان نادەین بە کە خۆیان دا بچنەوە.
ئێمە هەموومان پێویستیمان بە یەکتری هەیە. . با دڵپـاکی و بێـتاوانی و لێبووردن و بەخشینی منداڵیمان بگەڕێنینەوە. . بە دڵێکی گەورە و بێ رق و کینە لەگەڵ هاوڕێ و دراوسێ و کەسوکار و کەسانی تردا، بە نەرمی و رێزەوە گفتوگۆ و رەفتار بکەین.
با لە ناخی دڵمانەوە، دروشمی ژیانمان، ئاشتی و لێبووردن و تەبایی و سازان بێت. . با هەردەم دەستپێشخەربین لە لێبووردن و بەخشین، ئەمەش مایەی ویژدان ئاسوودەییە.

لێبووردن ئەوەیە کە تۆ لە خراپە و هەڵەی کەسانی تر ببووریت و بیان بەخشیت، بیر لە لۆژیکی وەڵامدانەوەی خراپە بە خراپە، یان تۆڵە بە تۆڵە نەکەیتەوە. . تۆڵەسەندنەوە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و توندوتیژییەکی زیاتر و کارەساتی خراپتری لێدەکەوێتەوە.

هەندێ کەس بە هەڵە لە لێبووردن گەیشتوون، پێیان وایە کە لێبووردن و بەخشین لە لاوازی و بێتواناییە. . کەسانی لێبووردە توانای رووبەڕووبوونەوە و تۆڵەسەندنەوەیان نییە. . ئەمەش بۆچوونێكی هەڵەیە، بۆ ئەوەی واتێنەگەن کە کەسانی لێبووردە لاوازن و بەزیون و توانای بەرپەچدانەوەیان نییە. . پێویستە ئەوە بزانن کە یەکێک لە بنەماکانی لێبووردن ئەوەیە کە لێبووردن لە خەسڵەتە جـوان و ئەرێنـییەکانی مـرۆڤە. کەسانی لێبووردە دەروون گەورە و سنگ فراوان و ژیـر و دووربینن، لە توانـا و بەهـێزی دا دەبوورن و دەبەخشن. . لە راستیش دا، لێبووردن باشترین تۆڵەسەندنەوەیە. . ئەو دڵەی کە پڕبێت لە سـۆز و لێبووردن و بەخشـین و رێـز و ئاشتیخوازی و سازان و گونجـان، دڵێکە پڕ لە ئاسوودەیی و خۆشەویستییە، دڵێکە کە جێی رق و کینە و تونـدوتیژی و دەمارگیری و چەوسانەوە و تۆڵسەندنەوە و خراپەخـوازیی لێنابێتەوە. لە راستیش دا
لێبووردن و بەخشین گەورەتین تۆڵەسەندنەوەیە.
(مەهاتما گاندي) دەڵێ:" لاواز ناتوانێت ببوورێت، لێبووردن لە خەسڵەتی بەهێزەکانە" (جەواهـیر لال نەهرۆ) ش دەڵێت:" تەنیا دەروون گەورەکان دەزانن لێببوورن چـۆنە"

زۆر لە لێکۆڵینەوە دەروونییەکان و رەوشتییەکان و پزیشکییەکان لە زۆر لە زانکۆکانی جیهان دا، لەوانەش لە زانکۆی (کۆلۆمبـیا) ی ئینگلتەرا، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە، کە لێبووردن و بەخشین گەلێ سوودی تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ژیانییان بە کەسی لێبووردە بەخشیوە. . ئەوەشیان بۆ ساغ بۆتەوە کە ئەو ئارامی و ئاشتییەی لە ئەنجامی لێبووردن و بەخشین دا دێنەدی، بەرگریی لەش خۆشتردەکەن، ئەم راستییەش ئەو رووگەشییەیە کە بە دەموچاوی لێبووردەوە دەردەکەوێت.

ئەوەش دەزانین کە لێبووردن و بەخشین بەهـا و پرەنسیپێکی رەمەکی بۆماوە نییە، کە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان مابێتەوە، بەڵکو لێبووردن وەرگرتن و فێربوونە.

شارەزایانی ئەم بوارە، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە رۆشنبیری لێبووردن و بەخشین لە خێزانەوە دەست پێدەکات، خێزان رۆڵێکی گەورەی هەیە لە روواندنی ئەم پرەنسیپە مۆڤایەتییە لە هۆش و دەروونی منداڵان دا، گەر پەیوەندییەکانی نێوان دایک و باوک و خوشک و براکان، ئەرێنی بن و لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێز و نەرم و نیانی و ئەرکەکـان و مافەکـان و بەرپرسێتی بنیاتنرابن، نەک لەسەر بنەمای توندوتیژی و بێڕێزی و ناکۆکی و ناتەبایی و رق و کینە و خۆپەرستی و خۆسەپاندن و چەوسانەوە بنیاتنرابن. . ئەو ماڵەی کە لێبووردن و بەخشین باڵی بەسەردا نەکێشابێت. . هۆکارێکە بۆ بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و کەش و هەوایەکی دیکتاتۆری و نائارامی و بێڕێزی و یەکتری قبووڵنەکردن و رەتکردنەوەی را و بۆچوونی جیاواز و نەسازان و نەگونجان.
دیکتاتۆریەتیش لە خێزان دا بێت، یا لە دەسەڵاتی حوکمڕانی وڵات دا بێت. هۆکارێکە بۆ زمان زبـری و توندوتیژی و نەسازان و بێبڕوای و پێکەوەهەڵنەکردن و ناسەقامگیری. هەر ئەم کەشە نالەبارەش، هەستی رق و کینە و توندوتیژی خۆشتر دەکات.

زۆر بە کورتی و بە چڕی، چەند خاڵێکی گرنگ دەخەینە بەرچاوی دایکـان و باوکـان، بەو مەبەستی کە سوودیان لێوەربگرن، بۆ روواندنی بەهـای لێبووردن و بەخشین لە هۆش و لە دەروونی جگەرگۆشەکانیان دا. . زۆر گرنگە هەر لە منداڵییەوە بەم بەها و پرەنسیپە ئەرێنییانە منداڵەکانتان پەروەردە بکەن و رایان بهێن:
١ـ پیویستە دایکان و باوکان ببن بە پێشەنگ و بە نموونە، بۆ منداڵەکانیان، ئەگەر ئەوان لە یەکتری ببووردەن و ببەخشن، زمان نەرم و سازاو و گونجاوبن، بە دڵنیاییەوە منداڵەکانیشیان چاویان لێدەکەن، لەوانەوە فیری بەهـای لێبووردن و بەخشین دەبن.

٢ـ پێویستە منداڵەکانتان بەم بەها و پرەنسیپانە پەروەردەبکەن و لایان شیرین بکەن: لێبووردن و بەخشین، دەستپێشخەری لە لێبووردن، خۆشەویستی، رێزگرتن، سازان و گونجان، قبوڵکردنی یەکتری، پێکەوە ژیـان، رێزگـرتن لە کەسانی تر و لە را و لە بۆچوونی جیاوازیان، زمـان نەرمی و شیرینی، راستگۆیی، یەکسانی، دادپەروەری، ئازادیخوازی، ئاشتیخوازی، دڵسۆزی، نیشتمان پەروەری، هاوڕێتی، مرۆڤایەتی، چاکەخـوازی، دەستپاکی، ئەمکـداری، پێشکەوتنخوازی، داهێنانخوازی، . . هاد.

٣ـ منداڵان زۆر حەز لە چیرۆک دەکەن، ئەم حەزەیان بقۆزنەوە، ئەو چیرۆکانەیان بۆ بگـێڕنەوە و بخـوێننەوە، کە مەبەستی لێبووردن و بەخشینیان لەخۆگـرتوون.

٤ـ ئافەرین و ستایشی ئەو منداڵەتان بکەن، کە دەستپێشکەربێت لە لێبووردن و لە بەخشین دا، لەو هەڵانەی کە خوشک و براکانی یا هاوڕێکانی یا کەسانی تر دەرهەق بە ئەم کردیان یا بیکەن، وەکو هەڵویستێکی ئەرێنی بەرز بنرخێنن تا درێژەی پێبدات. . گەر خەڵاتیان بکەن، دەبێتە هاندەرێکی بەهێز تا زیاتر درێژە بەم رەوشتە جوانەیان بدەن.  

٥ـ کە کێشە و ناکۆکییەک لە نێوان منداڵەکانتان یا لەگەڵ هاوڕێکانیان رووبدات. . ئێوەی دایکان و باوکان، خێرا خۆتان تێهەڵمەقورتێنن. . بواریان بدەن و بـزانن کە چۆن خۆیان ئەو کێشانە چارەسەر دەکەن و لە یەکتری دەبوورن و دەبەخشن و ئاشت دەبنەوە.

٦ـ کە منداڵێکتان لەگەڵ خوشک و برایەکی یا هاوڕێیەکی کێشەیان دەبێت و تووڕەدەبن و یەکتری بە خەتابار دەزانن. . یەکسەر و گەرماوگەرم زۆر لە منداڵەکەتان مەکەن و ناچاری مەکەن کە بە نابەدڵی بچێت داوای لێبووردن لەو کەسە بکات، چونکە هێشتا لەسەر تووڕەیی و رقـە، با ساردبێتەوە، ئینجا بە نەرمی و بە هێمنی و بە شێوازێکی گونجاو قەناعەتی پێبکەن و پەشیمانی بکەونەوە و هـانی بدەن کە دەستپێشخەری لە لێبووردن و بەخشین دا بکات، بچێت داوای لێبووردن لە هاوڕێکەی بکات و ئاشت ببنەوە. . ئافـەرین و ستایش هەردووکـیان بکەن و. . ئەوەشیان پێ بڵێ کە منداڵی لێبووردە لە لای هەمـوو کەسێ خۆشەویست و رێـزدارە.

٧ـ وریابن هیچ جیاوازییەک لە نێوان منداڵەکانتان دا مەکەن. . لەگەڵ منداڵانی ترديش دا بەراوردیـان مەکەن. . ئەگینا دەبێتە هۆکارێک بۆ رق و کینە تونـدوتیژی و ئـیرەیی.

٨ـ بێگومان قوتابخـانەش رۆڵێکی گرنگی هـەیە، لە چەسپاندنی بەهـای لێبووردن و بەخشین و لە شیرین کردنی پرەنسیپە بەرزەکان دا، هاوکاریتان لەگەڵ قوتابخانەدا بۆ هێنانەدی ئەم مەبەست و ئامانجانە زۆر پێویستە.

٩ـ کۆمەڵگـاش رۆڵی خـۆی هەیە، لە بنیاتنانی رۆشنبیری لێبووردن و قبووڵکردنی یەکتری تاکەکان دا. گەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئاشتی و رێـز و خۆشەویستی و هاوکاری و هاوچارەنووسازی وماف و ئەرکەکان بنیات نرابێت.

١٠ـ گەر منداڵێکتان لە یەکێکیان بووری و بەخشی، بە منداڵێکی ئازا و ژیر و لێبووردە ناوی بەرن. . بەڵام ئەگەر بەو چاوەوە لێیبڕوانن، کە گـێل و گەمـژە و ترسنۆکە، یا بە نەفس نزم و سووک ناوی بەرن، ئەم بۆچوونە هەڵەیەتان دەبێتە هاندەر و هۆکارێک بۆ ئەوەی کە لە جاری داهاتوودا، دووقات تۆڵە بکاتەوە و ئامادە نەبێت لە کەس ببوورێت.

ئاشکرایە کە لەم سەردەمەدا، رێژەیەکی زۆری منـداڵان و گەورەکـان، بوونەیە قوربانی توندوتـیژی و دەمارگـیری و جیـاوازی و دڵـڕەقی و رەگەزپـەرستی و چەوسـانەوە و شەڕ و ئاژاوە و نادادپەروەری و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵەیەتییەکان و تێکچوونی شیرازەی خێزانی و زاڵبوونی هەژموونی زمان زبری و ناسەقامگیری. . بۆیە ئەمـڕۆدا لە هەموو سەردەمێ زیـاتر پێویستیمان بە رۆشـنبیری لێـبووردن و بەخشـین و زمـان نەرمی و سنگ فراوانی و یەکتری قبووڵکردن و پێکەوەژیان و تەبایی و سازان هەیە.

نەرویـج: ٢٠١٨

 

بگەڕێوە بۆ سەرەوە