ئەردوگان پێی بەجەرگی خۆیدا نا و سەفەرە ناچاریەکەی بۆ یۆنان کرد! ... پشکۆ ئەمین

18. 01. 10

ئەم سەفەرەی ئەردۆگان بۆ یۆنان وەک کورد دەڵێت سەفەری ناچاریە، چونکە دەیەوێت لە رێگەی دوژمنێکی کۆنینەیەوە کە تا ئیستاش، کێشەی سنوری ئەرزی و ئاوی و ئاسمانیان هەیە، جگە لە کێشە هەرە گەورەکە، کە داگیرکردنی بەشێکی قوبرسە و دامەزراندنی حوکمەتێکی تورکی سەربەخۆی و دانانی بنکەی تورکیی تیدا لە ١٩٧٤وە تائەمرۆ!
پاشان کێشەی دینی و نەبونی دیموکراسیەت لە تورکیادا ئەم دوو ولاتە کە هەردوکیان ئەندامی ناتۆن لە یەک دورکەوتونەتەوە و وەک دوژمن سەیری یەک دەکەن! لە ١٩٥٤ دا تورکەکان بەهۆی دەنگۆی ئەوەی کە یونانیەک قومبەلەیەکی فریداوەتە ئەو شوینەی ئەتاتورکی تێدا لەدایکبوە کەوتنە پەلاماری یونانیەکانی ئەستەمبول، کۆمەڵێکی زۆریان لێکوشتین و سوتانی کەنیسە و ماڵ و بازاری یونانیەکان و پەلاماری ژن و کچی یۆنانی لێکەوتەوە لە دوایشدا دەرکەوت کە تورکێکی قوبرسی بەدەسیسەی میتی تورکی کارەکەی ئەنجامداوە!!
ئەردوگان لەم سەفەرە ناچاریەدا کەکەس بڕوا ناکات دێت و پەنا بۆ ئەم دوژمنەی خۆی کە یۆنانە دەبات!
دەیەوێت لە رێی یونانەوە کە خۆشی، ئەمڕۆ بە بارێکی زۆر سەختی داتەپیوی ئابوری و قەرزاریدا تێپەڕ دەبێت، کونێک بدۆزیتەوە و دۆستێک پەیدابکات.  
ماوەیەکە پەیوەندیەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەدا رۆژ بەرۆژ لە خراپ بوندایە و هیچ یەکێک لە وڵاتە دۆستەکانی بە دۆستی نەماونەتەوە! پەیوەندی تورکیا و وڵاتان رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپی دەروات، هیچ وڵاتیک نەماوە کە پەیوەندیە توند و تۆڵەکەی جارانی لەگەڵ تورکیادا مابێت! لەکاتێکدا کە تورکیا وڵاتیکی گرنگی ناوچەکەیە و خاوەنی دوهەم هێزی سەربازی ناتۆیە لەڕۆی ژمارەوە، ئەمریکا کە بە دۆستیکی زۆر زۆر نزیکی تورکیا دەژمێرا، ئەمڕۆ ئەو پەیوەندیە باشەی نیە لەگەڵیدا و لەنێوان تورکیای هاوپەیمان و کوردا لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمریکا کوردی هەڵبژارد و پڕچەکی کرد هەرچەندە تورکیا داوای لێکرد کە فتح اللە گولەنی تەسلیمکاتەوە و چەک نەدات بە یەکینەکانی پاراستنی گەل کە تورکیا بە بەشێک لە پیکەکەیان دەزانێت و بە تیرۆست و دوژمنی خۆی ناویان دەبات! بەلام ئەمریکا بەپێچەوانەوە هاوکاریەکان و پاڵپشتی بۆ کورد لە زیادبوندایە، تا ئێستا و گولنەیشی تەسلیم نەکرد! 
ئەڵمانیا دۆستێکی تری تورکیا بوو بەهەمان شێوە دژی تورکیایە و ژمارەیەک رۆژنامەنوس و ئەڵمان لە تورکیادا زیندانین، فەرنسا و هۆڵەندا و نەمسا بە هەمان شێوە لە کێشەدان لەگەڵ تورکیادا، هەموو ئەمانە وایان لە تورکیا کردوە چوەتە بەرەیەکەوە کە لە ناو بەرەکەشدا دژایەتی دەکرێت، ئەوانەی کە لەبەرەکەدان دژە کۆنەکانی تورکیان، وه بە دژی سەرەکی تورکیا بە ناوبانگین، ئیران دوژمنی سەرسەخت و کۆنینەی تورکیایە لەناوچەکەدا.  
روسیا بەهەمان شێوە دوژمنێکی کۆنی تورکیایە و دژایەتیەکی زۆر لەنێوانیاندا بوە، لەهەمان کاتدا روسیا هەر لە کۆنەوە دوژمن و دژێکی سەرەکی پەیمانی ناتۆیە، گەر نەڵێم ناتۆ لە بنەڕەتدا دژ بە روسیا دروستکرا، کە تورکیا تێیدا تا ئێستاش هەر ئەندامە!دەنگۆی هاتنە دەرەوەی تورکیا لە ناتۆ لەناو تورکیادا زۆر بەرزە و بەباشی دەزانن! تەنانەت پارتەکانی مەهەپە و جەهەپەش لە ناتۆ نارازین!
دەکرێت بڵێم چوونی تورکیا بۆ ئەم بەرەیەی ئێران و روسیاش دیسانەوە وەک ئەم سەفەرەی هەرلە ناچاریدایە و دەوری چڵە پوشەکە دەبینێت بۆی!!
لوت بەرزی ئەردوگان و سیاسەتە هەڵەکانی و دیکتاتۆریەتەکەی لەتورکیادا و سیاسەتی شۆڤێنیانەی دژ بەکورد لە باکوری کوردستاندا و هاوکاریکردنی گروپە ئیسلامیەکانی وەک داعش و قاعیدە و نەصرە، هۆی سەرکین بۆ دورکەوتنەوەی وڵاتان لێی، ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کێ ماوە لە دەوری، بۆیە ئەم سەفەرش، وەک کورد دەڵێت سەفەری ناچاریە! لەهەفتەی پێشودا لە کاتی مەسقیکی سەربازی ناتودا وێنەی ئەردوگان و ئەتاتورک کراوەتە نیشانە لەکاتێکدا کە ٤٠ سەربازی تورکی لە مەشقەکەدا بەشداربون، ئەمە باوەڕی ناتۆ بە ئەردوگان و تورکیا دەردەخات، لەویوەیە کە رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکیش، کە نزیکە لە ئەردوگان و دەسەڵاتەوە دەنوسێت و دەڵێت ناتۆ دوژمنی ئێمەیە، رۆژنامەی ستاریش دەڵێت ئەم دژایەتیەی تورکیا لەلایەن ناتۆوە بەهۆی ئەو پەیمانە سێ قوڵیەوە یە کە تورکیا و روسیا و ئێران هەیانە، گەرچی لەلایەن شتۆلتسین بیرگەوە کە سەرۆکی ناتۆوە داوای لێبوردن لە تورکیا کرا بەڵام تورکیا وەرینەگرت و دەڵێت ئەمە پلانی ناتۆیە و دانراوە لە ١٩١٨دا جێ بەجێبکرێت!!
پاش ٦٥ ساڵ ئەمەیەکەم جارە سەرۆکی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتە دراوسێیەی کە یونانە بکات، ساڵی ١٩٥٢ جەلال بەیاری سەرۆکیش سەردانی یونانی کرد هەر لەو ساڵەشدا هەردولایان چونە ناو پەیمانی ناتۆوە و بونە ئەندام لە ناتۆدا، ئەم دوو وڵاتە هاوپەیمانە لەوەتەی تورکیا هەیە، هەر لە شەڕدابوون. لەو سەردەمەوە کە عوسمانیەکان تورکیایان داگیرکرد.  
ئێستا نزیکەی ٢٠٠ساڵێک دەبێت کە یۆنان لەژێردەستیی تورک رزگاری بوە ! یۆنان خاوەن مێژوو و ئیمپراتوریەت و سەدان زانا و بلیمەت کە لەسەردەمێکدا توانی بەشێکی دنیا داگیر بکات، سەردەمانێک توشی ئەو نەهامەتی و داگیرکاری و کارەساتانە بوە، کە عوسمانی و تورک بەسەریان هێناون، هەرگیز لەبیریان ناچێت!
دەکرێت کە بپرسین، ئەردوگان ئەم سەفەرەی بۆ کرد؟ ئایا بۆ چاکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوانیانە؟ گەر بۆ نیاز پاکی و چاکردنی پەیوەندی دراوسێیانەیە دەبوا پێش هەنگاونان و سەفەر باسێکی لە یەک گرتنەوەی قوبرس بکردایە و هیوایەکی خۆشی بدایە بەو خەڵک و وڵاتەی کە بەهۆی هێرشە سەربازیە دڕندەیەکەی تورکیاوە لە سالی ١٩٧٤وە تا ئەمرۆ کراوەتە دوو بەش و بەشێکی بنکەی سەربازی تورکی لێدانراوە و گوێ بە داوای هیچ وڵاتێک و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش نادات کە خوازیارن و داوای یەک گرتنەوەی دەکەن!
ئەردوگان هەر لەسەرەتای سەفەرەکەیدا لەگەڵ تەلەفزێونێکی یۆنانیدا دوا و وتی پێویستە چارەسەرێک بۆ سنورە ئەرزی و ئاسمانیەکانمان بدۆزینەوە، کێشەی پەناهندە چارەسەربکەین، یۆنان پێویستە ئەو توندو تیژیانە راگرێت کە لە سەر موسوڵمانەکانی یۆنان هەیە.  
سەرۆک وەزیرانی یۆنان دەربارەی سنور وتی لای ئێمەوە گەڕانەوە بۆ پەیمانی لۆزان نیە و ئامادەیش نین هیچ قسەیەکی لەسەر بکەین، وە وتی هاتنی ئەردوغان دەبێت پردی پەیوەندی دروست کات نەک دیوار!! داوای لێکرد کە داواکانی ئەوروپا جێ بەجێ بکات تابتوانێت ببێتە ئەندام لەیەکیەتی ئەوروپادا.  
لەپاش کودەتاکەی تورکیاوە هەشت ئەفسەری تورکی بەفڕۆکەیەکی هەلیکۆپتەر خۆیان گەیاندە یۆنان و داوای پەناهیندەیان کرد، تورک بە هەڕەشە و گوڕەشەوە داوای رادەستکردنەوەیان کرد، یۆنانیش ئەم داوایەی رەفز کرد وتی لێرە یاسا هەیە، ئەوانە داوای پەناهندەییان کردوە و دادگا بڕیار لەسەریان دەدات و رێگەنادات بە تەسلیم کردنەوەیان بەتورکیا،
الیکس تسیبراس سەرۆک کۆماری یۆنان هەفتەیەک لەمەوپێش رایگەیاند ئەوان دڵخۆش نین بەهاتنی کودەتاچی بۆ یونان بەڵام ئەوان هاتون و داوی پەناهندەیان کردوە، هەر لە هەفتەی پێشودا یۆنان نۆ کەسی تورکیای گرت کە ئەندامی D H K P-C بوون کە تورکیا بەڕێکخراوێکی تیرۆرستی ناویان دەبات، یۆنان نەچوە ژێر فشاری تورکیاوە و هەڕەشە و گويەشە، کاری نەکرد بۆیە ئێستا ئەردوگان دەیەوێت بە هۆی دراوسێیەتی و ناسیاوی و ئەو پەیوەندیەی کە هەیەتی لەگەڵ سەرۆک وەزیران تسی براسدا هەنگاو بنێت بۆ بوژاندنەوەی ئابوریەکەی کە رۆژبەرۆژ لە داتەپیندایە، هەروەها وازبهێنن لە دژایەتی کردنی بۆ بوون بە ئەندام لەیەکیەتی ئەوروپادا.  

پشکۆ ئەمین

 

بگەڕێوە بۆ سەرەوە