ئاماری یوئێن بۆ ژماره‌ی قوربانیان له‌ عیراق له‌ مانگی شوبات ٢٠١٧

17. 03. 05

به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی) بڵاوی كردۆته‌وه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی كرده‌وه‌ توندوتیژی و تیرۆرستی و پێكدادانی چه‌كداری كه‌ له‌ مانگی شوبات ٢٠١٧دا روویانداوه‌، ٣٩٢ هاوڵاتی عیراقی كوژراون و ٦١٣ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی له‌ مانگی کانونی دووەم ٣٨٥ كه‌سه‌ (هیچیان پۆلیس نین) و برینداره‌ مه‌ده‌نیه‌كانیش ژماره‌یان ٦٠٩ كه‌سه‌ (هیچیان پۆلیس نین).

ئاماره‌كانی ئه‌م مانگه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن پارێزگای نەینەوا خوێناویترین پارێزگا بوو به‌ ٤٥١ قوربانی سڤیل (٢٠١ كوژراو و ٢٥٠ بریندار)، له‌ دوای ئه‌و پارێزگای بەغدا دێت به‌ ( ١٢٠ كوژراو و ٣٠٠ بریندار) دواتر پارێزگای سەڵاحەددین به‌ ( ٩ كوژراو و ١٣ بریندار) .

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست یونامی کەوتوون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای ئەنبارەوە، تێکڕای ژمارەی قوربانیان لەو پارێزگایە ٨٦ کەس بووە (٤٢ کوژراو و ٤٤ بریندار)، ئەو ژمارەیەش خراوەتە سەر کۆی گشتی قوربانیان تا بەرواری ٢٨ی شوبات ٢٠١٧.

له‌م باره‌یه‌وه‌ نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (یان كۆبیش) نیگەرانی خۆی دەربارەی بەردەوامیی گیان لەدەستدان لە نێو قوربانییانی مەدەنی عیراقی دەربڕی. هەروەها ئیدانەی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشی کرد کە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو و ترسنۆکانە هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج بۆ ئەوەی پێشرەوییەکان لە هێڵی پێشەوە سست بکەن. بەڵام هەوڵە بێ ئەنجامەکانی داعش شکستیان هێناوە و نیانتوانیووە کار لە ویستی خەڵک و حکومەتی عیراقی بکەن بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆر.

نوێنه‌ری سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق هەروەها وتی:" هێزەکانی ئاسایش لە پێشرەوی بەردەوامدان لە شاری موسڵ و، سەرەڕای هەوڵە ترسنۆکەکانی تیرۆرستان، بەگوێرەی پلانی سەربازی پێشینە کە تەرکیز لەسەر پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی مەدەنی عیراقی دەکاتەوە لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا. حکومەت و هێزی ئاسایشی عیراقی کار بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەن و ئێمەش دووپاتمان کردۆتەوە کە دەبێ ئەوپەڕی هەوڵ و توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی. "

هەواڵی گشتی زیاتر

Prev Next
بگەڕێوە بۆ سەرەوە