ناساندنی کتێب : کورد لە نامەکانی میس بێڵ دا ... و. لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵح تۆفیق

بڵاوکراوەی، ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمیل رۆژبەیانی  هەڵۆ بەرزنجەیی

                     ١١/٣/٢٠١٧   بەرلین

چاپی یەکەم ٢٠١٦، ٢٩٢ لاپەڕە

کاتێ هێزە ئیمپریالیستەکانی ئینگلیز و فەرەنسا، هەست بە داڕزانی دەوڵەتی عوسمانی دەکەن، بیر لە دابەشکردنی میراتەکەی دەکەنەوە، هەر زوو پێش کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی لەنێوان خۆیاندا رێکەوتننامەیەک مۆر دەکەن لە ١٦/٥/١٩١٦، کە بە سایکس پیکۆ ناسراوە. ساتەوەختێ سوڵتانی عوسمانی دەرک بە مەترسی هاتنی هێزی ئینگلیزی و فەرەنسی دەکات، فەتوایەک جیهاد بۆ حەڵاڵکردنی کوشتنی ئەم هێزە بێگانەیە دەردەکات. ئینگلیزەکانیش بۆ رووبەرووبوونەی ئەم دۆخە بیر لەوە دەکەنەوە جوڵەیەک بخەنەوە ناو عەرەب و هەوڵ دەدەن جارێکی تریش ڕەوایەتی دەسەڵاتی ئیسلامی بگەڕیننەوە بۆ لای عەرەب، وەک خاوەنی ڕاستەقینەی ئیسلام. ئەوە بوو لە رێگای ناردنی تۆماس ئیدوارد لۆڕانسەوە، کە بە " لۆڕانسی عەرەب" ناوبانگی دەرکردووە، هەوڵی دۆزینەوەی کەسایەتییەک دەدەن کە ڕەوایەتی مەزهەبی هەبێت. ئیسلام بگێڕنەوە بۆ دەستی خاوەنەکەی ئەوە بوو شەریف حوسەینی مەککەیان دەسنیشان کرد، وەک نەوەیەکی پیرۆزی محەمەدی پەیامبەری ئیسلامی عەرەبی و بزواندیان بۆ بانگاشەکردن و رووبەرووبوونەوەی خەلافەتی عوسمانی لەژێر ناوی ڕاپەڕینی عروبەدا. ئینگلیز گفتی بەم حوسەینە دا، کە پاش کۆتایی شەڕ یەکێتی عەرەب مسۆگەر بکات و ئازادیان بکات. ئەوە بوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ٣٠/١٠/١٩١٨ دا،  داڕما و چەند دەوڵەتێک وەک قارچک هەڵتۆقین.

دەوڵەتی عەرەبی عێراقی، لە ریزی کۆمەڵێ دەوڵەتی دیکەی عەرەبی و ناعەرەبیدا، لە دوای داڕمانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانییەوە، لەسەر دەستی ئیمپریالیزمی جیهانخۆری ئینگلیزیدا قوتکرایەوە. ئەم دەوڵەتە بەچکەی بێژووی ئینگلیزە و بەرهەمی خەباتی نەتەوایەتی بزاڤی رزگاریخوازی عەرەب نییە و هەر لەگەڵ دروستکردنیدا، کۆمەڵێ بەرنامە و پلانی دوور و نزیکی بەرژەوەندییە تاکتیکی و ستراتیژییەکانی ئینگلیزی تێوە ئاڵێندرا. زەقترین تاوان و هەڵەیەکی ئەم دروستکردنە، بریتی بوو لەوەی کوردستان، وەک نیشتمانی کورد دابەشکراو و بەشێکی بەزۆر بەم دەوڵەتە ناشەرعییەوە لکێندرا و میللەتی کورد خرایە ژێر چەپۆکی عەرەبی سوننەی عێراقەوە.

نەخشەی رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ ١٩١٦، وێنەی یەکەم ١٩١٦، دووەم ئێستا.

ـ ڕەنگی زەردی تۆخ دەسەڵاتدارێتی فەرەنسییەکان. ـ زەردی خەتخەت کاریگەرێتی فەرەنسییەکان. ـ پرتەقاڵی دەسەڵاتدارتی ئینگلیز. ـ سووری خەتخەت لەژێر کارگەرێتی ئینلیزدا. ـ سوور لەژێر دەسەڵاتی هاوبەشدا.

ئەو پرسیارەی یەخەی مێژووی کورد دەگرێ و تا ئێستا وەڵامێکی پێویستی نەدراوەتەوە، ئەوەیە: بۆ کورد لە میراتی گۆڕانکارییەکانی کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی، بێبەش کرا و ئەو چارەنووسە پڕ لە کوێرەوەرییەی بەسەردا دابڕا، کە هەموو دەیبینین و دەیزانین؟. بۆ قەدەری کورد وابوو، بکەوێتە بەردەم پرۆسەی داگیرکاریی و دابەشکاریی و بندەستی، لە کاتێکدا لە گەلێ ڕووی سیاسی و مێژوویی و کولتوورییەوە بنەمای ئەوەی تێدا بوو بێتە خاوەن دەوڵەت؟.

ئەم بەرهەمەی بەردەستمان، گەر ئەو سەرچاوە دروستەش نەبێت، بۆ چنکەوتنی وەڵامی پرسیارەکەمان شیاو بێت، لێ تێگەیشتنێکمان پێ دەبەخشێ، تا لە گۆشەنیگایەکی ترەوە لە ڕەهەندی ئەو باسە بگەین.

ئەم کتێبە بریتییە لە چەند نامەیەکی تایبەتی، کاربەدەستێکی باڵا و خاون کاریگەرێتی و قسەڕۆیشتووی ئینگلیز، لە میانەی پێوەندیی و ئاڵوگۆڕی هەواڵدا لەتەک باوک و دایکیدا کردوویەتی. بەڵام پرسی کورد ئەگەر ناوەڕۆکی زۆری نامەکان نەبێت، وا بەشێکی سەرەکی باسی نامەکان پێکدێنێ. هەڵبەت بایەخەکەش لەوەدا نییە، دۆزی کورد لە پەراوێزیی بیرەوەریی و حیکایەتێکدا، یاخود بەسەرهاتێکی مێژووییدا هاتبێت، بەڵکو لەوەدایە، ئەو نامانە لە لایەن کەسێکەوە نوسراوە، رۆڵێکی زۆر هەستیار و سەرەکی هەبوو، لە دروستکردنی ئەو دەوڵەتە زۆڵەکەی ناوی نرا عێراق.

 بە واتایەکی دیکە مس بێڵ، دەکرێ بە مامان و ئەندازیاری سەرەکی دامەزراندنی عێراق، دابنرێت. ئاخر ئەو نەخشەی دامەزراندنەکە و بڕیاری جێبەجێکردن و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و راوێژکار و داکۆکیکاری سەرسەختی دەوڵەتی عێراق بووە. ئەوتا خۆی لەم ڕووەوە دەنووسێ:" ئەوە هەمووی ڕاست نییە کە من بڕیار لەسەر تەواوی چارەنووسی عێراق دەدەم، بەڵام ئەوەیان ڕاستە کە من تا سەر ئێسقان لەگەڵ دروستکردنی حکومەتێکی عەرەبیدام و مەسەلەیەکی زۆر ناسک و هەستیارە هێندە جێی متمانەیان بم"ل ٨٧.

هەر ئەم لایەنەیە، وای کردووە سەنگی تایبەتی بدات بەو نامانە. جا با بزانین چ پەند و وانەیەکی بۆ کورد تێدایە و بۆ ئایندە چی لێوە فێردەبین؟.

مس بێڵ شارەزایی باشی لە باری سیاسی و جوگرافی و مێژوو و زمانی ناوچەکەدا هەبووە. بۆ خۆی وەک گەڕیدەیەک سەردانی ناوچەکەی ـ ئێران، سوریا، فەلەستین، دەوڵەتی عوسمانی ساڵی ١٩٠٧ و میسۆپۆتامیای ساڵی ١٩٠٩ـ کردووە و لەماوەی ١٢ ساڵدا ٦ جار سەردانی سعودییەی کردووە.

کاتێ ئینگلیز دەگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شەوق و خۆشییەوە وەک کەسێکی ئاسایی بە فەرمی داوا لە دەسەڵاتی ئینگلیزی دەکات، کارێکی لە دەستگاکانیدا لە رۆژهەڵات بداتێ. سەرەتا داواکەی ڕەت دەکەنەوە و پاشان دایدەمەزرێنن و دەیکەنە "سکرتێری رۆژهەڵات". وەک ئەندامێکی چالاکی دەزگای هەواڵگری بەریتانی دەکەوێتە کارکردن. لە ماوەیەکی کورتدا توانا و لێهاتوویی خۆی دەسەلمێنێ و بیروڕاکانی، لە لایەن حکومەتی لەندەوە، بە هەند وەردەگیرێ و لە زۆر بواردا قسە لە قسەیدا ناکرێ و دوا بڕیار، لای ئەو دەبێت.

هەر بۆیە لە لایەن چەرچڵەوە لەتەک لۆرانس دا، بۆ بەشداری کۆنگرەی قاهیرە، بانگهێشت دەکرێ و بیروڕاکانی بە گرنگییەوە وەردەگیرێت.

بێڵ، بە توانای خۆی تۆڕێکی بەرفراوان لە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتی و هۆز و عەشیرەت و سیاسییەکانی عەرەبدا دادەمەزرێنێ. کاتێ دەزانێ لە عێراقی عەرەبیدا پیاوێک نییە، کەڵکی پادشایی بۆ عێراق تێدا بێت، ـ دوای ٤ ساڵ، لە دامەزراندنی عێراق، لە نامەیەکدا دەنووسێ " بەڵام من تا ڕادەیەک دڵنیام لەوەی کە وەختێکی زۆری دەوێ پیاوی تەواو لەم وڵاتەدا پەیدا بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی یاسا و نیزام". ل ٥٠ . لەگەڵ لۆرانسدا پێداگری زۆر لەسەر دانانی مەلیک فەیسەل، بە مەلیکی عێراق دەکات و دواجار، بیروڕاکانی سەردەگرێ و فەیسەڵ دەبێتە مەلیک لە بەغدا. دواتریش ئەڵقەی سەرەکی گرێدانی بەغدا و لەندەن دەبێت و بە پەڕۆشەوە، هەوڵی چەسپاندنی کۆڵەگە لەق و چرووکەکانی دەوڵەتی عێڕاقی دەدات و لە زۆر بواردا لە عەرەبێکی ناسیۆنالیست، زێتر داکۆکی لە عروبە دەکات. نموونەیەکی دیکەی خەمخۆری ئەم خانمە بۆ عێراق، ئەوەیە گەلێ جاران مەلیک فەیسەڵ، بێزار دەبێت و دەیەوێ واز لە هەموو شت بهێنێ، بێڵ دڵنەوایی دەکات و هانی دەدات، بەردەوام بێت لەسەر کارەکانی و گفتی هاوکاری خۆیی و لەندەنی دەداتێ.

لەسەردەستی میس بێڵ دا، ناسنامەی نوێ، بۆ عێراق و عێراقییەکان دروست دەکرێ و هی عوسمانلی لابرێت، مۆزەخانە دادەمەزرێ و کتێبخانە دەکرێتەوە و بەشیکی زۆری سنوری عێراق لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا نەخشە دەکێشرێ. مەلیک دروست دەکات و هەڵبژاردن دێنێتە پێشەوە و وەزیر دیاری دەکات و لە پرسە سەرەکییەکاندا راوێژکاری مەلیکیش دەکات. کەواتە دەوڵەتی عێراق بووکەشووشەی دەستی خۆی بووە، یاخود کۆرپەی خۆی بووە، هەروەک خۆی لە یەکێ لە نامەکانیدا" بۆ دنیایی پییان بڵێن کە ئەوپەڕی ئاواتی ئێمە دوو منداڵەکەمان بووە، عێراق و کوردستان، کە چۆن دەبێ بە ئاشتی و دۆستایەتی پێکەوە بژین"ل ١٤٠ ئاماژەی پێداوە. لە ڕاستی ئەو لە باوژنێکی دڵڕەق و لە خوانەترس، بەرامبەر بە منداڵی دووەمی کوردستان نەگریستر بووە.

سنووری خۆشەویستی، ئەم خانمە بۆ عروبە، هەر لە چوارچێوەی عێراقدا نەبووە، بەڵکو گەلێ جاران فەرەنسیییەکانی بەر ڕێژنەی ڕەخنە داوە و هەردەم بە نەفرەتی کردوون، چونکە سیاسەتێکی نەرمونیانیان لە سوریا، بەرامبەر بە عەرەب پێڕەو نەکردووە. سەبارەت بە عەرەب دەنووسێ" ئەوان کەرامەتیان لە ئێستای داگیرکاریی جیهاندا سووکایەتی پێکراوە بە مانا سیاسییەکەی" ل ١٥٦ . بۆ ئەوەی لە ماهیەتی ڕاستەقینەی ئەم خانمە عەرەبدۆستە بگەین، کە لەتەک لۆڕانسدی عەرەبدا، گەورەتین خزمەتیان بە عروبە کردووە. هەربۆیەشە لای عەرەب تا ئێستا گەورەتری ڕێز و پێگەی خۆشەویستی هەیە. لە شوێنێکی دیکە ناخی خۆی لە دەربڕینی ئاواتێدا، وەک پەیام ڕادەگەیەنێ و دەڵێ:" من بە هیوام پێش ئەوەی بمرم فەیسەڵ لە سنووری ئێرانەوە تا دەریای ناوەڕست حوکم بکات". ل ٨٣ . پەیڕەووپرۆگرامی پارتی بەعسی عێراقیش هەر هەمان خەونی هەبوو.

ئیدی مەتەڵێکی هەڵنەهاتوو، لێرەدا ئەوەیە: ئایا هەروەک هەواڵگرێ فەرمانی پێکراوە، هێندە خەمخۆر و دڵسۆزی عەرەب و بەرژەوەندییەکانیان بێت، یاخود حەز و خۆشەویستی و ئارەزووی خۆیشی لەم خاڵەدا رۆڵی بینیوە؟. یاخود عەرەب تونیویەتی کاریگەرێتی لەسەر ئەم خانمە بە شیوەیەک لە شێوەکان دروست بکات؟!. ئێمە دواتر لە سێبەری نامەکانی و دەربڕینی بیروڕاکانیدا، نموونەگەلێک دێنینەوە لەسەر سەلماندنی ئەم ڕاستییانە.

ئەم خانمە، شارەزا و ئاگاداری کێشەی کورد بووە، گەلێ لە کەسایەتییەکانی کورد، "مستەفا پاشای یاموڵکی، حەمدی پاشای بابان، عەدلەخانمی جاف و نە‌قشبەندییەکانی هەورامان و . . . هتد دیوە و ناوچەکانی کوردستان ـ شارباژێڕ و شارەزوور و هەورامان و سلێمانی ـ گەڕاوە و بە گەرمی پێشوازییان لێ کردووە و خزمەت کراوە و تەواو هاوکاری بوون. لە ل ٤١ دا دەنووسێ" من کوردستانم خۆویست بە وڵات و خەڵکەکەیەوە". لەگەلێ شوێندا باس لە جوانی دڵفڕێنی دیمەنی سروشتی جوانی کوردستان دەکات. " گەشتەکەم حەوت کاتژمێری سواریی برد بۆ شیوەکەڵ کە نیو سەعات لە سنووری ئێرانەوە دوور بوو. من هەرگیز وڵاتی وا جوان و دڵفڕێنم بە چاو نەدیوە" ل١٢٠

لە روویەیەکی دیکەشەوە باری کۆمەڵایەتی پێگەی ئافرەتی لە کۆمەڵگای کوردیدا لە نزیکەوە دیوە و پیی ئاشنا بووە. " ئافرەتی کورد سەرپۆشیان بەسەرەوە نییە و تێکەڵی پیاوان دەبن و خانمی گەورەی ماڵن چەشنی ئەم خانمە و بۆ کوێیان دەوێ دەڕۆن". ل١٣٣ .

ئا لێرەدا لەوە دەگەین کەوا ئافرەتی عەرەب، وەک کورد ئازاد و کراوە نەبوون و سەرپۆش بەسەر بوو. بۆیەکا ئەم ستایشەی ئافرەتی کورد بەم جۆرە دەکات. کەواتە ئەمەش خاڵێکی تری ئەرێنییە بۆ کورد، کەوا خاوەنی کۆمەڵگەیەکی شارستانیتر و کراوەتر بووە، ئامادە بووە، لەگەڵ دنیای مۆدێرندا بە ئاسانی بگونجێ، کەچی ئینگلیز بە هانایەوە نەهاتووە و بۆتە دۆست و فریادڕەسی دواکەوتوو و جاهیلەکان.

لەمەش زیاتر ئەم خانمە، زۆر باش ئاگاداری پەرۆشی خەڵکی کوردستان بووە، بۆ هاتنی ئینگلیز رزگارکردنیان لەژێر دەسەڵاتی تورکی عوسمانلی و بەڕیوەبردنی کوردستان" لە کوردستان هەژار و دەوڵەمەند هەموویان بە پەرۆشن بۆ ئیمە و ئاواتەخوازن وڵاتەکەیان بەڕێوە ببەین". ل ٤٣

کەواتە میس بێڵ و حاکمی ئینگلیز، لەم هەست و سۆزەی کورد ئاگاداریش بوون، ئینجا بە جددی لە خەمی کێشەکەیدا نەبوون و لە ڕووی سیاسییەوە پشتیوانی دۆزەکەیان نەکردووە و بیروڕای خراپیان بە دەسەڵاتدارانی ئینگلیزی لە هنستان و ئینگلستان گەیاندووە و کوردیان ناچارکردووە، ملکەچی بڕیارەکانی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی بێت. لە هەموو سەیروسەمەرەتر ئەوەیە، ئەم خانمە هەرکەسێ باسوخواستی داخوازییەکانی گەلی کوردی لە دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراقدا لەتەکدا کرد بێت، ڕک و قینی لێی هەڵساوە و دژی وەستاوەتەوە و بوغزاندوویەتی و دێوزمانە باسیان دەکات.

 تەنانەت مێجەر نۆئیلی ناسراو بە دۆستی کوردیش، کە خۆی ئینگلیز بووە، بەر شاڵاوی ئەم تورەیی و نەفرەتەی میس بێڵ لەسەر داکۆکی لە کورد کەوتووە. جا پرسیار ئەوەیە، سەرچاوەی ئەم رک و قین لێبوونە چییە؟

سەردەمانێ ئینگلیز بە هەموو توانایەوە، بەربەرەکانی داخوازییەکانی کورد و بزووتنەوەکانی شێخ مەحمود لەو سەردەمەدا دەکات، شێخ دادگایی دەکەن و ڕەوانە هیندستانی دەکەن. ئەم خانمە بیر لەوە دەکاتەوە، شێخ تەهای شەمزینی، کوردی باکوور، بهێنێ و حوکمداری سلێمانی و رەواندزی بداتە دەست. گوایە شێخ تەها گوێ لەمستی ئەوان بووە. لە ل ١١٥ دا دەنووسێ" سلێمانیی سەربەخۆ ـ من تەنانەت ناڵێم کوردستان ـ". واتە بە هۆشیارییەوە جوڵاوەتەوە زانیویەتی چی دەکات و چ دەڵێت.

کاتێ شەریف پاشای بابان، ساڵی ١٩١٩ دەیەوێ دەنگی کورد بگەیەنێتە کۆنگرەی ئاشتی پاریس، میس بێڵ ئەمە بە فیتی فەرەنسییەکان دەزانێ و ناوزڕاوی دەکات.

لە زۆر لە نامەکانیدا زەمی کورد دەکات و پێی وایە یەکگرتوو نین لە پراکتیدا. بەس هیچ نموونەیەکی ناشیرینی عەرەبمان بۆ ناهێنێتەوە. گەر کورد کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەندی جارێک، دوو ئەفسەری ئینگلیزی کوشتوە، خۆ عەرەب لە شۆڕشی بیستدا، لە بۆنەی دیکەشدا بە دەیان ئەفسەر و سەربازی ئینگلیزیان کوشتووە. کەچی چ ئاماژەیەک بەوە نادات و بە دڕندە باسیان ناکات.

هاوکات هەرکاتێ ناوی شێخ مەحمود دێنێ نازناوێکی ناشیرینی، وەک جەردە و یاخی لێ دەنێ و هەمان نازناویش بۆ سمکۆی شوکاک، وەک سەرکردەیەکی نەتەوەخواز بەکار دێنێ، لەبەرئەوەی ئەمانە داکۆکییان لە ویست و داوای کورد کردووە، ملکەچی پلان و فەرمانەکانی ئەوان نەبوون. چونکە هەر لە نێوەڕۆکی پەیمانی سایکس پیکۆدا دەردەکەوێ، هەگبەکەیان بۆ کورد هیچی تێدا نییە. جگە لە داگیرکاریی و دابەشکاریی و بندەستی.

میس بێڵ زمانی عەرەبی و فارسی و باش زانیوە و کەمە کەمە بە تورکیش قسەی کردووە، دیارە فەرەنسی و ئەڵمانیشی باش زانیوە و لە ئیتالیش وەک تورکی حاڵی بووە. کەچی ئەوەی جێی سەرنجە چ بایەخێکی بۆ زمانی کوردی و پرسی کوردی نەبوو!. تەنانەت وەک لایەنی فەرهەنگیش.

ئەم کتێبە بریتییە لە ٢٩٢ لاپەڕە و بە کورتە پێشەکییەکی ستران عەبدوڵاو پێشەکییەکی چڕ و پڕی وەرگێڕەوە، کە تژییە لە زانیاری ورد لەسەر میس بێڵ، کە نامە و تۆماری چالاکییە سیاسییەکانی لە ١٤ بەرگدا، لەتەک ٧ هەزار وێنەدا کۆکراوەتەوە و بڵاوکراوەتەوە. ١٦٠٠ نامەی بۆ باوکی و دایکی نووسیوە. ڕەنگە بە هەزاران ڕاپۆرتیشی بۆ دەزگای هەواڵگیریی و کۆمیسیۆنی باڵاو حکومەتی بەریتانی نوسیبێت. لەوانە ٦٣٣، نامەیان لە عێراقەوە نووسیویەتی و ناردوویەتی، لە نێوان ساڵانی ١٩١٦ ـ١٩٢٦، کە ساڵی مردنێتی و هەر لە بەغدا نێژاوە لەسەر وەسێتی خۆی.

بەرامبەر بە رۆلی گرنگ و هەستیاری خەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیای وەرگرتووە. ئەم خانمە جار هەبوو، لەماوەی هەفتەیەدا نامەی بۆ دایک و باوکی ناردووە. نامە هەیە ١٠ لاپەڕە درێژە. کاتێ نامەکان دەخوێنیتەوە، هەرگیز باوەڕ ناکەیت، ئەم خانمە بۆ وا بە وردی و بە دیقەتەوە ئەم هەموو بابەتەی بۆ کەسوکاری باس کردووە.

ئەوەی ماوەتەوە بیڵیین، مامۆستا محەمەدی وەرگێریش پسپۆری و دەستڕەنگین و لێهاتوویی خۆی، جارێکی تریش لەم بەرهەمدا نێسان داوە و هۆشیاری خۆی، لە ئامادەکردن و وەرگێران و نووسینی پەراوێزەکاندا نەخشاندووە. کاتێ ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە، وا هەست دەکەیت چیرۆک و بابەتێکی مێژوویی دەخوێنیتەوە. وەرگێڕ سەلیقەیەکی باشی تێدا خەرج کردووە.

جێی ئاماژە پێدانە، لە ئێستادا نێزیکی ١٠٠ ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەم نامانە و قوتکردنەوەی دەوڵەتی زۆڵەکی ئێراقدا تێدەپەڕێ. هەڵبژاردن و خۆماندووکردنی وەرگێر بەم بابەتەوە، نیشانەی پەرۆشێکی گەورەیە، بۆ رۆشنکردنەوەی پاشخانی و مێژووی رابووردوومان. دیارە پێویستە کورد لە هەموو ڕەهەندەکانی کار لەسەر گرنگی ئەو چارەنووسە دڵتەزێنە بکات، کە ڕووبەڕووی بۆتەوە.

شایانی ئاماژە پێدانە، لە هەنووکەدا بارودۆخێکی هاوشێوە، لە ڕووبەری ئەو دەوڵەتەدا دەگوزەرێ، کە ئینگلیز وەک کولانەی دەستکردی خۆی بەردەوام داکۆکی لێ کردووە. زنجیرە شەڕەکانی کەنداو و سەرهەڵدانی داعش و شەڕی دژ بەم هێز و دەوڵەتە تیرۆریستە، بە ئاکامێکی وا گەیشتووە، سنوورەکانی عێراق بایەخیان نەماوە و ناوەندی بەهێزی سوننەگەرا، پووکاوەتەوە و کورد پێگە و سەنگێکی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە. بەواتایەکی دیکە، گەر سنوورە دەستکردەکانی دەوڵەتانی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران، بەرهەمی ڕاستەوخۆی دوای جەنگی جیهانی یەکەم بن ـ کە هەر واشەـ، وا ئیمڕۆ شەڕێکی دیکە هەڕەشە لەو سنوورانە دەکات، و ئەگەری هەڵوەشانەوەیان و گۆڕانکاری گەورەی نوێ لەبەردەمدایە.

ئەوەی جێی بایەخ و گرنگی بێت، بەشداری و ئامادەیی کورد خۆیەتی، بە سارێژکردنەوەی برینە قوڵەکانی جەستەیی و بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشتر، لە دوێنێ بۆ نەوەکانی ئایندە. هەڵبەت ئەمەش بارمتەی چەند فاکت و ڕاستییەکە، لە چوارچێوەی یەکێتییەکی نەتەوەیی و هەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمەی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد و چالاککردنی بواری دبلۆماسی و بەگەڕخستنی لۆبییەکی کارا، بۆ بەدەستهێنانی دۆستی زیاتر و کەمکردنەوەی ناحەزی وەک میس بێڵ و نیشاندانی روخسارێکی ئەرێنی لە دەسەڵاتداریتی، ڕاستەوڕاست کە دەکاتە دەستبەرداربوونی بەرژەوەندی کەسی حیزبی و ناوچەیی.

وێڕای دەستی لە برا و هاوڕێی زێدە ئازیزم، مامۆستا محەمەد، هیوادارم قەڵەمە بە بڕشتەکەی هەردەم نووک تیژ و لەکار دا بێت، بۆ خزمەتی کتێبخانەی کوردی.  

بگەڕێوە بۆ سەرەوە